یەکێتیی پۆستێکی گۆڕان لە گەرمیان وەردەگرێتەوە
هەواڵ
07:14PM - 2026-11-08 , بینین : 154


رادیۆی دەنگ

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان کە پشکی بزوتنەوەی گۆڕانە، وەردەگرێتەوە و لە ئەمڕۆوە بەڕێوبەرێکی نوێ دەستبەکاربوە، ئەگەرچی هێشتا فەرمانی وەزاریی بۆ دەرنەچوە.

لە ئەمڕۆوە د. حارس محەمەد- بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار، لە شوێنی د. محەمەد ئازاد- بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان، دەستبەکاربو. ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردو د. محەمەد ئازاد، مۆڵەتی بۆ ماوەی مانگێک لە ئەرکەکەی وەرگرت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، ئەم مۆڵەتە، سەرەتایەکە بۆ دانانی د. حارس محەمەد بە بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان.

زانیارییەکان دەریدەخەن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ماوەی زیاتر لە دو مانگە، ناوی د. حارس محەمەدـی بۆ وەزارەتی تەندروستی بەرزکردوەتەوە بەمەبەستی جێگیرکردنی وەک بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانەکەی لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەرنەچوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە که د. محەمەد ئازاد، لەپشکی بزوتنەوەی گۆڕان نزیکەی ساڵ و نیوێکە پۆستەکەی وەرگرتوە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن که یەکێتیی لەسەر چەند پرسێک نیگەران بوە لە د. محەمەد ئازاد کە کاتی خۆی بە رەزامەندی ئەمان پۆستەکە بەو کاندیدەی بزوتنەوەی گۆڕان درابو، هەربۆیە ئێستا دەیەوێت ئەو پۆستە لە د. محەمەد ئازاد و بزوتنەوەی گۆڕانیش وەربگرێتەوە و کاندیدێکی خۆی کە د. حارس محەمەدـە، بکات بە بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان.

لەحکومەتی خۆجێیی گەرمیاندا، بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر ٨ پۆستی هەبو (جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، قایمقامیەتی قەزای کەلار، بەڕێوبەرە گشتییەکانی: چاودێریی کۆمەڵایەتی و کشتوکاڵ و تەندروستی، بەڕێوبەری دەروازەی پەروێزخان و دو بەڕێوبەری ناحییە).

↑