هاتوچۆی گەرمیان: کامێرای یەک خاڵی لەسەر رێگای کەلار- کفری زیاد کراوە
هەواڵ
12:32PM - 2026-11-05 , بینین : 618


رادیۆی دەنگ

بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان ئاشکرای دەکات کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی کەلار- کفری یەک خاڵیشی بۆ زیادکراوە، جەخت لەوەدەکاتەوە ئەگەر شۆفێران پابەندنەبن بەو خێراییەی بۆیان دیاریکراوە، ئەوا سەرپێچییان بۆ تۆمار دەکات.

سامان عەلی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: پێشتر ئەو کامێرایانەی کە دانراون لە رێگەی کەلار-کفری، خاڵ بۆ خاڵ بون؛ بەڵام ئێستا یەک خاڵییشیان بۆ زیاد کراوە لە یەکەم کامێرای هەردو ئاراستەکەدا.

دەشڵێت: شۆفێرێک لە یەکەم کامێرا کە رێگەکە بە (٨٠ کم) دیاریکراوە، ئەگەر ئەو بە خێرایی (٩٠ کم) بڕوات، ئەوە سەرپێچی بۆ تۆمار دەکات، چونکە کامیراکە هەم خاڵ بۆ خاڵە و هەمیش یەک خاڵە، واتە لە دەستپێکەوە سەرپێچی تۆمار دەکات.

هێمای بۆ ئەوەشکرد: بۆ نمونە کامێرای یەکەم بە کامێرای دوەم دەڵێت ئەم ئۆتۆمبێلە لە کاتژمێر ٩ لەلای من دەرچوە گریمان مەوادای نێوان هەردو کامێراکە ٣ خولەکە، ئەگەر شۆفێر بە ٢ خولەک بگاتە کامێرای دوەم بە لێخوڕینی (١٠٠ کم)، ئەوە سەرپێچی بۆ تۆمار دەکات.

جەختی لەوەشکردەوە: پێویستە شۆفێران ئاگاداربن لەو خێراییەی کە بۆیان دیاریکراوە لەو رێگەیەدا، ئەگەر پێوەی پابەندنەبن ئەوا سەرپێچییان بۆ تۆمار دەکرێت هەر لە یەکەم کامێراوە.

↑