سەرۆکی شارەوانی کەلار: ئاوی چەمی سەیدخەلیلمان بەسەر ٢ رێڕەودا دابەشکردوە
هەواڵ
01:26PM - 2026-11-05 , بینین : 107


رادیۆی دەنگ

وەرزی باران بارینی پێشو چەند جارێک قەزای کەلار روبەڕوی لافاو بویەوە، لەبارەی ئەوەی ئەمساڵ ئامادەکارییەکان چۆنن، سەرۆکی شارەوانی کەلار رونکردنەوە دەدات و دەڵێت: کاری پێویستمان کردوە و ئاوی چەمی سەید خەلیلمان بەسەر دو رێڕەودا دابەشکردوە.

سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانی کەلار، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئەو چەمە وەرزییەی دێتە نێو شاری کەلار، بەتەواوەتی پاکمانکردوەتەوە، ئەو بەربەستانەشی کە پێشتر دروستکرابون، باشتر کراون و بەربەستی نوێشمان دروستکردوە.

وتیشی: لەمانگی ئابەوە ئاوی چەمی سەید خەلیل کە دێتە ناو کەلارەوە، کاری چاککردنەوەی بەربەستەکانمان کردوە، بۆ ئەوەی ئەگەر ئاو زۆر کۆبویەوە، شکان لەبەربەستەکان نەبێت و ئاو نەیەت بەسەر شارەکەدا.

دەشڵێت: ئەوەشی زۆر گرنگ بو قەنتەرەکان و رێڕەوەکانی باران لەدەرەوەی کەلار پاککراونەتەوە، بەڵام لەناو شاریشدا نەوەستاوین و مەنهۆڵ و ئاوەڕۆ سەرەکییەکانمان پاککردوەتەوە.

بەپێی وتەی سەرۆکی شارەوانی کەلار، پێشتر ئاو ئاوەی دەهاتە نێو کەلار، بە زۆری خرابویە سەر رێڕەوی "چەمی" گازینۆ، بەمهۆیەشەوە ئاستی رێڕەوەکە زیادی دەکرد و جاری وا هەبو ئاو لەسەر پردەکەوە سەرڕێژی کردوە.

بەڵام بەوتەی خۆی، ئێستا وایانکردوە ئاوی چەمەکە بەیەکسانی بە هەردو رێڕەوی گازینۆ و بەردەسوردا تێپەڕبێت و مەترسی دروستنەکات.

↑