بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان: "هەمو ئامادەکارییەکمان بۆ لافاو کردوە و ئەوەی دەمێنێتەوە لای خوایە"
هەواڵ
01:50PM - 2026-11-08 , بینین : 42


رادیۆی دەنگ

لەبارەی ئەوەی ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵی پار لافاو ناوچەکە دەگرێتەوە؟ بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەمو ئامادەکارییەک کراوە و دەشڵێت: "ئەوەی دەمێنێتەوە لای خوایە".

ئەرسەلان ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ وتی: چەند مانگێکە دەستمان بە ئامادەکاریی کردوە بۆ ئەم وەرزەی باران بارین لەسنوری شارەوانییەکانی بەڕێوبەرایەتیمان.

وتیشی: تەواوی چەمە وەرزییەکانمان پاککردوەتەوە و رێرەوەکانمان فراوان کردوە بۆ ئەوەی ئاو بەئاسانی بڕوات بەرێڕەوی خۆیدا.

دەشڵێت: شوێنێک کە مەترسی کۆبونەوەی ئاو یان دروستبونی لافاوی لێبکرێت، سەر رێگای کەلارـ رزگاریی نزیک بەرزە پردەکەیە، چونکە قەنتەرەکانی بچوکن و هاوکات بەشێک لە باخەکان هاتونەتە نێو رێڕەوی ئاوەوە.

بەپێی وتەی بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان: "زۆر بەباشی هەمو ئامادەکارییەکمان کردوە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، بەڵام ئیتر ئەوەی دەمێنێتەوە لای خوایە".

↑