دەنگ نێت
وەزارەتی دارایی ھاوشان لەگەڵ گەڕاندنەوەی بۆ سەر کار، سزای ئاگادارکردنەوە بۆ بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ھەرێم- سلێمانی دەرکردوە.
بە گوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی کە وێنەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، وەزارەتەکە لە رێکەوتی ١٥ی ئەم مانگە چەند بڕیارێکی داوە پەیوەست بە دۆسیەی بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ھەرێم- سلێمانی.
لە خاڵی یەکەمی نوسراوەکەدا، سزای ئاگادارکردنەوە (الإنذار)ی بۆ عەبدولڕەحمان ساڵح رەشید، بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ھەرێم- سلێمانی دەرکردوە بەھۆی "پابەند نەبونی بە جێبەجێکردنی رێنمایە داراییەکان تایبەت بە دابەشکردنی مووچە".
لە خاڵی دواتردا فەرمانی گەڕانەوەی دەسەڵاتی خەرجی بۆ ناوبراو داوە کە پێش ماوەیەک دەست لەکارھەڵگرتنی بۆ کرابو و لیژنەیەکی لەسەر پێکھێنرا بو.
خاڵی سێیەم تایبەتە بە دروستکردنی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی بەڕێوبەرێک لە فەرمانگەی چاودێری و پشکنینی دارایی سلێمانی و ئەندامێتی فەرمانگەی گەنجینەی ١ و ٢ی سلێمانی، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە کردن لە خەرج و داھاتی سنوری سلێمانی.
خاڵی دواتریش پێویستی کردوە لەسەر بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ھەرێم- سلێمانی، بەمەبەستی "کارکردن لەماوەی ٣ مانگ دا بۆ رێکخستنەوەو چارەسەرکردنی دۆخی سیولە بەشێوەیەکی گشتی و بەتایبەتی چۆنیەتی دابەشکردنی داھاتی نەختینەیی ناوخۆ و ئاستەنگەکانی بەردەم دابەشکردنی موچە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین".
دوێنێ یەکشەمە، بەڕێوبەری بانکی ناوەندی ھەرێم- سلێمانی، دوای زیاتر لە مانگێک لە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی خەرج لێی، دەسەڵاتەکانی بۆ گەڕێنرایەوە و ھاتەوە سەرکار.

- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵلەگەرمیان سزای لە سێدارەدان بۆ باوکێک دەرچو کە کچەکەی خۆی کوشتوە
-
-
هەواڵزۆرینەی فەرمانگەکانی گەرمیان هێڵی تەلەفۆنیان نییە
-
-
بەرنامەتا چەند ئەنجامدەرانی تاوان دژ بە رۆژنامەنوسان لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت؟
-
-
بەرنامەژنانی خاوەنکار و ئاستەنگیەکانی بەردەمیان
-
-
بەرنامەیاسا چۆن رێگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان دەكات؟
-
زۆرترین بینراوەکان