رادیۆی دهنگ- حهمزه سهردار
لە نێو دەنگی چەکوش، بڕینی ئاسن و ژاوەژاوی مەکینەکاندا، سیمایەکی نوێی گەنجانی گەرمیان دەردەکەوێت. لێرە لە ناوچەی پیشەسازیی كهلار، خەونەکان چیتر لەسەر مێزی فەرمانگەکان نانوسرێنەوە، بەڵکو بە رۆنی رەش و ئارەقی ناوچەوان دەنەخشێنرێن. ئەم ناوچەیە لە شوێنێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەوە گۆڕاوە بۆ پەناگە و هیوا بۆ نەوەیەک کە بێئومێد بون لە حكومهت و رویان کردوەتە بازو.
کۆچی بە کۆمەڵ بۆ کەرتی تایبەت
لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا، ناوچەی پیشەسازیی كهلار گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەخۆیەوە بینیوە. ئەو شوێنەی جاران تەنها بۆ پیاوە بەتەمەنەکان و وەستا دێرینەکان بو، ئێستا بوەتە مەکۆی گەنجان.
هۆکارەکە رونە؛ قەیرانی دارایی و وەستانی دامەزراندنی حکومی، دەرگاکانی کەرتی گشتیی داخستوە. لە بەرامبەردا پیشەسازییە بچوک و مامناوەندەکان (وەک ئاسنگەری و چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل)، جۆرێک لە سەقامگیریی کار و داهاتی باشتریان بۆ گەنجان فەراهەم کردوە، کە زۆرجار داهاتەکەیان لە موچەی فەرمانبەرێک زیاترە.
بڕوانامەیەک لە جنسێکی تر
زانا عومەر، گەنجێکی خاوەنکارە لە ناوچەکە، نموونەی ئەو نەوەیەیە کە قوتابخانەی جێهێشتوە بۆ ئەوەی كار بكات. ئەو بە رادیۆی دەنگ دەڵێت: "لە مناڵییەوە نەمتوانی خوێندن بە باشی بەڕێوەببەم، بۆیە رومکردە ئیشکردن".
زانا پێیوایە ئەم کارە خۆی لە خۆیدا بڕوانامەیە و دەڵێت: "وەک چۆن دەخوێنی بۆ بڕوانامە، فێربونی ئەم پیشەیەش هەمان بەهای هەیە و داهاتێکی باشتریش، بەڵام ئاسان نییە، بەردەوامبون و راهاتنی دەوێت".
بۆ زۆرێک لە گەنجان، فێربونی پراکتیکی لە پیشەسازیدا رێگەیەکی خێراترە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی دارایی و تەنانەت کردنەوەی دوکانی تایبەت بە خۆیان.
هاوسەنگییەک لە نێوان چەکوش و قەڵەمدا
لە ناو ئەو هەمو ئاڵنگارییەدا، هێشتا گەنجانێک هەن دەستبەرداری خەونی ئەکادیمی نەبون و هاوتەریب کاری سەختیش دەکەن.
ئاکار خالید، گەنجێکە کە لە کاری دەرهێنانی مس و چاککردنەوەی مەکینە گەورەکاندا کار دەکات؛ پیشەیەک کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە بنەماڵەکەیاندایە. ئاکار توانیویەتی هاوکێشە قورسەکە چارەسەر بکات، ئهو له یهك كاتدا ههم دهخوێنێت و ههم كاریش دهكات.
ئەو دەڵێت: "کارەکەم وردبینی دەوێت و لە هاویناندا زۆر سەخت و پڕ ئازارە، بەڵام ئاسودەم چونکە میراتی باوباپیرانمە و لەگەڵ خوێندنەکەشم گونجاندومە".
ئاکار دان بەوەدا دەنێت کە ئەم هاوسەنگییە بۆ هەموان ئاسان نییە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی وەک شاگرد کار دەکەن.
قوربانیدان بە خوێندن؛ زەنگێکی مەترسیدار
لەلایەکی دیکەوە، دیوی شاراوەی ئەم گۆڕانکارییە مەترسییەکە لەسەر پرۆسەی پەروەردە، زۆرێک لە خوێندکاران بەهۆی خولیای پارە پەیداکردن و بێئومێدی لە داهاتوی خوێندن، پۆلەکانیان جێدەهێڵن.
بەڕێز عەباس، شارەزای بواری پەروەردە، هۆشدار دەدات و بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: "تۆخکردنەوەی بیرکردنەوەی ماددی لای گەنجان وایکردوە خوێندن پشتگوێبخەن، ئەمەش لایەنی خراپی هەیە، چونکە زۆرجار لە بازاڕدا توشی ئیستیغلال و کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە.
بە بڕوای ئەو شارەزایە، هۆکاری سەرەکی ساردبونەوەی خوێندکاران دەگەڕێتەوە بۆ "دانەمەزراندن، فەرامۆشکردنی قوتابخانە حکومییەکان و بایکۆت"، کە دواجار باجەکەی بە پاشەکشەی ئاستی مەعریفی و پەروەردەیی کۆمەڵگە دەدرێت.
لهنێوان خوێندن و كاردا
(زانا) و (ئاکار) تەنها دو ناو نین، بەڵکو سیمبوڵی گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتین لە گەرمیاندا؛ گۆڕانکارییەک لە "چاوەڕوانییەوە" بۆ "جوڵە". بەڵام زەنگە مەترسیدارەکە نابێت فەرامۆش بکرێت: ئایا دەتوانین نەوەیەک پێبگەیەنین کە بە دەستێک چەکوش بوەشێنێت و بە دەستەکەی تر قەڵەم بگرێت؟ چونکە کۆمەڵگەیەک تەنها بە کرێکار، یان تەنها بە دەرچووی بێکار بەڕێوە ناچێت، هونەرەکە لە دۆزینەوەی ئەو هێڵەدایه کە (پیشە) و (پەروەردە) بەیەکەوە گرێدەدات، بهڵام پرسیار ئهوهیه: ئایا بهرپرسان پهی بهم دۆزینهوهیه دهبهن؟

- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵسەنتەری ئۆتیزمەکەی کەلار چاوەڕێی ئامادەکردنی بینایە
-
-
هەواڵتێکەڵبونی ئاوەڕۆ بە روباری سیروان بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ژەهراویی دەکات
-
-
هەواڵکارەبای گەرمیان بۆ نیوە کەمبوەتەوە
-
-
هەواڵروپێویکردنی زەوی فەرمانبەرانی کەلار دەستیپێکردوە، بەڵام سستە
-
-
هەواڵهاتوچۆی گەرمیان لەبارەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبیلە بێ سەرەتاکان رونکردنەوە دەدات
-
زۆرترین بینراوەکان