
رادیۆی دهنگ- هونهر ئهحمهد
لێرەوە گوێبیستی راپۆرتەکە بن
لە گەرمیاندا، لەنێو ژاوەژاوی ژیانی رۆژانەدا، دەنگێکی رەسەن و جیاواز دەبیسترێت؛ دەنگی ئامێری نەی، کە لە ژێر پەنجە و لێوی ئەندازیارێکی تەلارسازییەوە دێتەدەر.
محەمەد لوقمان نوری، ناسراو بە "محەمەد گەرمیانی"، تەنها ژەنیارێک نییە، بەڵکو داهێنەرێکە کە زانستی ئەندازیاری و رۆحی میوزیکی کوردی تێکەڵکردوە بۆ ئەوەی نەخشەی ئامێرە هەواییەکان لەسەر ئاستی کوردستان بگۆڕێت.
چیرۆکی ئەندازیار و نەی
محەمەد، کە پیشەی سەرەکیی ئەندازیاری تەلارسازییە، نزیکەی 15 ساڵە ژیانی خۆی بۆ ئامێری نەی تەرخان کردوە. ئەو دەڵێت: "هەرچەندە پیشەکەم ئەندازیارییە، بەڵام خولیای مناڵیم لەگەڵ جیهانی تەکنەلۆجیا و کۆمپیوتەردا بو، دواتر ئەم خولیایەم لەگەڵ میوزیکدا تێکەڵ کرد".
ئەم تێکەڵکردنە بوە هۆی ئەوەی محەمەد تەنها وەک ژەنیارێک نەمێنێتەوە، بەڵکو وەک توێژەر و داهێنەرێک سەیری ئامێرەکە بکات.
یەکێک لە یەکەمین داهێنانەکانی، زیادکردنی کونێکی نوێ بو بۆ ئامێری نەی. ئەو بە ئیلهام وەرگرتن لە چیرۆکی "زریاب" کە ژێی پێنجەمی بۆ ئامێری عود زیاد کرد، بڕیاری دا گۆڕانکارییەک لە ئامێری نەیدا بکات.
محەمەد بە پشتیوانی زانستی فیزیا و تیۆرییەکەی فیساگۆرس، کونێکی زیادەی بۆ نەی دروستکرد. ئەم کارە یارمەتیدەر بو بۆ ئەو ژەنیارانەی کە کێشەیان لەگەڵ دەنگە نزمەکان (جوابات)ی ئامێرەکەدا هەبو، بەمەش کارئاسانییەکی گەورەی بۆ کردن.
کورتکردنەوەی ئامێرەکە بۆ ئاسانکاری
کێشەیەکی تر کە روبەڕوی ژەنیاران دەبوەوە، درێژیی ئامێری نەی بو کە دەگەیشتە نزیکەی 90 سانتیمەتر. ئەم درێژییە وایدەکرد ژەندن بە دانیشتنەوە ئەستەم بێت. محەمەد بە بیرکردنەوەیەکی ئەندازیارانە، ئامێرەکەی نزیکەی 30 سانتیمەتر کورت کردەوە و کردی بە 58-60 سانتیمەتر. ئەم "نەیە سۆڵۆیە" نوێیە، وایکرد ژەنیاران بتوانن بە ئاسانی و بە دانیشتنەوە لەسەر کورسی بژەنن، کە پێشتر کارێکی ئەستەم بو.
لە داهێنانەوە بۆ دروستکردنى "نۆژەن" و "باژەن"
خولیای محەمەد هەر بە گۆڕانکارییەوە نەوەستا، بەڵکو پاڵی پێوە نا دو ئامێری تەواو نوێ دروست بکات. یەکەمیانی ناو نا "نۆژەن" و دوەمیان "باژەن".
ئەوەی جێگەی سەرنجە، محەمەد بۆ دروستکردنی ئەم ئامێرانە سودی لە کەرەستە سەرەتاییەکانی وەک: قامیش، دار، پێستی ئاژەڵ و تەنانەت نایلۆنی تەنک وەرگرتوە. ئەمەش نیشانی دەدات کە پەیوەندییەکی قوڵی لەگەڵ سروشت و رۆحی رەسەنی ئامێرەکاندا هەیە.
میوزیک لە خوێندا: میراتێکی خێزانی
ئەم حەز و خولیایەی محەمەد رەگێکی قوڵی لە مێژوی خێزانەکەیدا هەیە. ئەو لە بنەماڵەیەکی هونەریدا گەورە بوە؛ باوکی، باپیری، مام و خاڵی، هەمویان ژەنیار بون. وەکخۆی دەڵێت: "دەتوانم بڵێم لە بنەماڵەکەماندا تەنها دو خوشکم ژەنیار نین، ئەگینا ئەوانی تر هەمو بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییان بە میوزیکەوە هەیە."
پاراستنی مەقامە لەبیرکراوەکان
جگە لە داهێنان، محەمەد ئەرکێکی تری گرتوەتە ئەستۆ: پاراستنی کەلەپور. لەڕێگەی مامۆستاکەیهوه "شوکر خەیات"، هەستی بە مەترسی لەناوچونی مەقامە رەسەنەکانی گەرمیان کردوە، بۆیە دەستیکرد بە تۆمارکردن و فێربونی ئەو مەقامانەی خەریک بو لەبیر دەکران.
ئەو دەڵێت: "هەمو ئەو شتانەی لە دەمی دەهاتنە دەر، هەڵم دەگرتنەوە تاوەکو نەفەوتێن". بەمشێوەیە مەقامەکانی وەک: "قەتار"، "ئەڵڵاوەیسی"، "خاوکەر" و "خورشیدی" لە لەناوچون پاراست.
پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ
ئێستا محەمەد گەرمیانی بوەتە چرایەک بۆ نەوەیەکی نوێی ژەنیاران، لە گەرمیان زیاتر لە 12 قوتابی هەیە و لەسەر ئاستی کوردستان نزیکەی 100 کەسی فێری ژەندن کردوە، زۆرجار لەڕێگەی کەناڵی یوتیوبەکەیەوە. ئەو خەونی ئەوەیە ناوەندێکی ئەکادیمی دابمەزرێنێت، بەڵام تائێستا بە شێوازی نافەرمی بەردەوامە لە گواستنەوەی زانست و ئەزمونی خۆی.
چیرۆکی محەمەد گەرمیانی، چیرۆکی تێکەڵبونی عەقڵی ئەندازیارێک و رۆحی هونەرمەندێکە؛ چیرۆکی مرۆڤێكه کە نایەوێت میوزیکی ناوچەکەی تەنها وەک یادگاری بمێنێتەوە، بەڵکو دەیەوێت بیخاتە سەر رێچکەیەکی نوێ و بۆ نەوەکانی داهاتوی بەجێ بێڵێت.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵدواى بڕیارهكهى قایمقامیهت هێشتا فهرمانى پێكهێنانى هێڵی گواستنهوهی پرۆژه نوێیهكانى كهلار دهرنهچوه
-
-
هەواڵبەڕێوبەری یەکێک لە دێرینترین ئامادەییەکانی کەلار دەستلەکاردەکێشێتەوە
-
-
وتار"وانەیەک لەناو ئاگر و دوکەڵدا"... با ئەم وانەیەش لە هەڵەبجەیەکانەوە فێربین
-
-
هەواڵمامۆستایانى ناڕازیی: حكومهتى ههرێم موچهى به بارمته گرتوه و حكومهتى عێراقیش باجی حكومهتى ههرێم به فهرمانبهران دهدات
-
-
هەواڵ13 كارگهی چهو و لم له گهرمیان كراونهته كهساره
-
زۆرترین بینراوەکان