کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە هەرێم لێی دەدرێت و لە عێراق گرێبەستی لەگەڵ دەکرێت
هەواڵ
01:26PM - 2025-07-15 , بینین : 169
 
رادیۆی دەنگ
 
چەند کاتژمێرێک لە دوای لێدانی کێڵگەی سەرسەنگ کە وەبەرهێنانی تێدا دەکات، کۆمپانیای HKNـی ئەمریکی گرێبەستێکی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقییەوە لەگەڵ دەکرێت بۆ وەبەرهێنانکردن لە کێڵگەی نەوتی حەمرین.
 
وەزارەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە 15ـی تەمووزی 2025) لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشێکی تیرۆرستی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک و هیچ زیانێكی گیانی نەبوە".
 
ئەگەرچی وەزارەتەکە باسی نەکردوە، بەڵام رۆژنامەی (الشرق الأوسط) بەپشتبەستن بە هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە: بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە وەستاوە.
 
کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ کە ئەم بەیانییە کراوەتە ئامانج، بەرهەمی رۆژانەی 60 هەزار بەرمیلە. کێڵگەکە لەلایەن کۆمپانیای HKNـی ئەمریکییەوە وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، بەشێوەیەک 62‎%‎ـی پشکەکانی هی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییەیە و 20‎%‎ـی هی حکومەتی هەرێمی کوردستان و 18‎%‎ـیشی هی کۆمپانیای شاماران پترۆلیۆمە.
 
بەچەند کاتژمێرێک دوای ئەو هێرشە بۆ سەر کێڵگەی سەرسەنگ، کۆمپانیا ئەمریکییەکە لە بەغداد گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی عێراقی واژۆ کرد.
 
بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە ئامادەبونی حەیان عەبدولغەنی- وەزیری نەوتی عێراقی و ستیڤن ڤاگن- هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە عێراق، گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرین لەگەڵ کۆمپانیای HKNـی ئەمریکیی واژۆ کراوە.
 
کێڵگە نەوتی حەمرین، دەکەوێتە پارێزگای سەڵاحەدینەوە و بەرهەمی رۆژانەی 20-25 هەزار بەرمیلە، وەزارەتی نەوت چاوی لەوەیە دوای ئەم گرێبەستە، بەرهەمی رۆژانەی بگەیەنێتە 60 هەزار بەرمیل و هاوکات بڕی 45-50 ملیۆن پێ دوجا گازیش بەدەستبێنێت بەمەبەستی بەکارهێنانی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
 
ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە، کە بەوتەی خۆی لە ساڵی 2007 دامەزراوە و کۆمپانیایەکی تایبەت و سەربەخۆی وزەیە، تا ئەمڕۆ تەنها لە هەرێمی کوردستاندا کاریکردوە، سەرەتا لە کێڵگەی سەرسەنگ و پاشان لە کێڵگەی ئەتروش، ئەمە دەبێتە یەکەم پرۆژەی ئەو لە دەرەوەی سنورەکانی هەرێمی کوردستان.
 
ئەم کۆمپانیایە یەکێک بو لەو کۆمپانیایانەی کە رۆژى 19ـى ئایاری 2025، بە ئامادەبونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم گرێبەستی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا واژۆکرد بەمەبەستی وەبەرهێنان کردن لە کێڵگە گازییەکانی: میران، کوردەمیر و تۆپخانە، کە گوژمەکەیان سەروی 110 ملیار دۆلارە و دەستبەجێ ناڕەزایەتی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە.
 
ئێستاش کە حکومەتی عێراقی گرێبەست لەگەڵ HKNـی ئەمریکییدا دەکات، دەستخراوەتە بینەقاقای پیشەسازیی نەوتی هەرێم، بەشێوەیەک لەلایەکەوە حکومەتی عێراقی رێگەی هەناردەکردنی لەرێگەی بۆڕی لێگرتوە و داوای رادەستکردنی هەمو بەرهەمەکەی دەکات، لەلایەکی تریشەوە ناوەناو بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و موشەک، هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەکان.
 
لەدوای هێرش و گرێبەستەکەی ئەمڕۆشەوە، بەشی عەرەبی ماڵپەڕی کەناڵی کوردستان 24 کە وەک دەوترێت هی مەسرور بارزانی- سەرۆکی حکومەتی هەرێمە، لە هەواڵێکیدا ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشی نوسی و دواتر سڕییەوە، کە تیایدا بە تۆنێک لە گلەیی و نائومێدییەوە دەڵێت: "گرێبەست بۆ ئەوان و درۆنیش بۆ ئێمە".