داوای تەسلیم بونی ترامپ و بڕیاری سازش نەکردنی خامنەیی… روداوەکانی ئێران و ئیسرائیل لە 24 کاتژمێردا
هەواڵ
10:52AM - 2025-06-18 , بینین : 42
 
رادیۆی دەنگ
 
پوختەی پێشهاتەکانی شەڕی ئیسرائیل و ئێران (شەوی 17ـی حوزەیران و بەیانی 18ـی حوزەیرانی 2025)
 
یەکەم: هێرش و ئۆپەراسیۆنەکان
 
1. هێرشی ئیسرائیل
• ئیسرائیل بۆ شەشەمین رۆژی لەسەریەک هێرشی ئاسمانی دوبارەی بۆ سەر تاران و شوێنە سەربازییەکان دەستپێکرد و دامەزراوەکانی ئەتۆمی و سوپای پاسدارانی کردە ئامانج و زیاتر لە 50 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان کرد.
 
• سوپای ئیسرائیل دەڵێت شەوی رابردو هێرشیان کردوەتە سەر ناوەندەکانی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی ناوەکی "ئەتۆمی" و چەند شوێنێکی بەرهەمهێنانی چەکی ئێرانی.
 
2. وەڵامدانەوەی ئێران
 
• ئێران شەوی رابردو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە ناردنی نزیکەی 50 موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە. بە وتەی ئیسرائیل زۆربەی ئە موشەک و فڕۆکانە رێگرییان لێکرا و زیانەکانیان بە شێوەیەکی سەرەکی ماددی بون.
 
• دەوترێت ئێران لە هێرشەکەیدا موشەکی هایپەرسۆنیکی بەکارهێناوە (کە 5 هێندە خێراترە لە خێرایی دەنگ).
 
• میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف 35ـی ئیسرائیلیان لە باشوری تاران خستوەتە خوارەوە و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە ناوخۆی ئێرانەوە هەڵدرابوون، رێگرییان لێکراوە.
 
دوەم: قوربانییەکان
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ئێران تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لانیکەم 585 کەس کوژراون کە ژمارەیەک زانا و کارمەندی سەربازییان تێدایە و نزیکەی هەزار و 326 کەسیش بریندارن.
 
• راپۆرتە فەرمییەکانی ئێران ئاماژە بە کوژرانی 224 کەس و برینداربونی 1277 کەس دەکەن، لە کاتێکدا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە ژمارەیەکی زیاتر دەکەن.
 
• لەئیسرائیلیش بەگوێرەی میدیای ئەو وڵاتە، لە سەرەتای پەرەسەندنی سەربازییەوە تا ئێستا 24 حاڵەتی گیانلەدەستدان و زیاتر لە 300 بریندار تۆمارکراوە
.
• سەرچاوە رۆژئاواییەکانی وەک “رۆیتەرز” پشتڕاستی دەکەنەوە کە ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتوەتە 24 کەس و نزیکەی 592 کەسیش بریندارن. 
 
سێیەم: واقیعی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران
 
بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
 
1. نەتەنز: گورزی زۆر قورسی بەرکەوتوە، لەوانە وێرانکردنی دامەزراوەکانی سەر زەوی و زیانی بەشێک لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکان و لاوازبونی توانای کارکردن و خاوبونەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
 
2. ئیسفەهان: زیانێکی زۆری پێگەیشتوە، بەتایبەت لەڕوی گۆڕینی یۆرانیۆم و ئامادەبونی بۆ پرۆسەی پیتاندن.
 
3. فۆردۆ: زیانێکی سنوردار و بەشێکی زۆری دامەزراوەکانی لەوانەی لە ژێر زەویدایە پارێزراوە.
 
چوارەم: لایەنی سیاسی و دیپلۆماسی
 
1. سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ داوای "تەسلیمبونی بێ مەرج"ـی ئێرانی کرد و دانی بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمانی ئێراندا نا لەلایەن ئەوانەوە.
 
2. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کۆبونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا، بەڵام ناوەڕۆکەکەی بەفەرمی رانەگەیەنرا. بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان یەکێک لەو بژاردانەی باسکراوە هاتنە ناو شەڕەکە بوە بۆ زیانگەیاندن بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی.
 
3. چین هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کە ئێران بەجێبهێڵن و پێشبینی دەکات سنورەکان دابخرێن.
 
4. ئەوروپا نیگەرانی خۆی دەربڕی و داوای دانبەخۆداگرتن و رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات، هاوکات زۆربەی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی ئەوروپا چالاکییەکانیان لە ناوچەکەدا راگرتوە.
 
5. سەرۆکی فەرەنسا پێیوایە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی بۆ گۆڕینی رژێم لە ئێراندا هەڵەیە و دەبێتە هۆی دروستبونی ئاژاوە.
 
5. میدیای رۆژئاوایی باس لەوەدەکەن رێبەری باڵای ئێران 'خامنەیی' بەشێک لە دەسەڵاتەکانی رادەستی سوپا کردوە، لەلایەکی تریشەوە لە هەژمارەکەیدا لە تۆڕی ئێکس نوسیویەتی: "هەرگیز سازش بۆ سەهیۆنییەکان ناکەین".