لەسەر وەرگرتنی پارە لە بازگەیەک بەڕێوبەری ناحییەی زینانە قسەدەکات
هەواڵ
07:58PM - 2025-06-12 , بینین : 139
 
رادیۆی دەنگ
 
دوای ئەوەی رادیۆی دەنگ بڵاویکردەوە لە بازگەی زینانەی سەر بە هەرێم پارە لەو هاوڵاتیانە وەردەگیرێت کە بار دەبەنە خورماتو، بەڕێوبەری ناحیەی زینانە دەڵێت: ئەو کارە مۆڵەتی ئێمەی نییە و داواش لە هاوڵاتیان دەکەین سکاڵا تۆماربکەن.
 
پێرێ رادیۆی دەنگ لەسەر زاری هاوڵاتییەکەوە بڵاویکردەوە: لەبەرامبەر بردنی گەنمەکانیان بۆ سایلۆی خورماتو، لە بازگەی زینانەی سەر بە هەرێم، بۆ هەر یەک بارهەڵگر 850 هەزار دیناریان لێ وەرگیراوە.
 
لەبەرامبەردا، وەهاب ئەحمەد، بەڕێوبەری ناحییەی زینانە 'نەوجول'، بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: ئێمە وەکو حکومەت و ناحیە هیچ لیژنەیەکمان نییە مۆڵەتی دابێت باج و پارە وەربگرێت لە هاوڵاتیان، بەڵام باس لەوە دەکرێت گروپێک لەوێیە و بەناوی لایەنێکەوە باج وەردەگرن.
 
دەشڵێت: پارە لەو کەسانە ناسەنرێت کە خەڵکی داوێن یان ناوچەکەن، تەنها پێموایە پارە لەو کەسانە دەسەنرێت کە بازرگانی بە دانەوێڵەوە دەکەن و خەڵکی سنورەکە نین، لە هەردو بازگەی هەرێم و عێراقیش بڕێک پارەیان لێوەردەگیرێت.
 
بەوتەی بەڕێوبەری ناحیەی زینانە: "ئێمە لەگەڵ ئەوەنین پارە وەربگیرێت، چەند جارێک شۆفێر پەیوەندی پێوە کردوم کە داوای پارەی لێکراوە و پێموتون یەک دینار مەدەن و بەڕێکەون پۆلیسیشم ئاگادار کردوەتەوە کە رێگری لەخەڵک نەکرێت، هەرکەسێکیش کە دانیشتوە لە بازگەکە و داوای سەرانە دەکات، با رێگریت لێبکات و تەقەش بکات، ئەوکات روبەڕوی یاسای دەکەینەوە".
 
وتیشی: ساڵی پار لەسەر قسەی شۆفێرێک کە داوای پارەی لێکراوە، نوسراومان کردوە بۆ سەروی خۆمان، بەڵام خەڵکی بەپێی پێویست نەهاتوە سکاڵا تۆمار بکات بۆ ئەوەی ئەو خەڵکانە راپێچی دادگا بکەین کە پارە وەردەگرن.
 
باسی لەوەشکرد: پێشتر کۆمەڵێک لە شۆفێری بارهەڵگرەکان هاتونەتە لامان و نوسراوم بۆیان کرد، پێموتن لەدادگا سکاڵا لەوانە بکەن لە داوای باج و سەرانەتان لێدەکەن، بەڵام جگە لەوان هیچ کەسێکی تر بەفەرمی نەهاتوەتە لامان سکاڵا بکات.