راپۆرتێک لەبارەی کێشە خزمەتگوزارییه‌كانی گوندەکانی گەرمیان
11:55PM - 2025-04-25 , بینین : 939
 
رادیۆی ده‌نگ
 
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، راپۆرتى ئه‌مجاره‌ى ته‌رخانكردوه‌ به‌ تیشكخستنه‌سه‌ر دیارترین ئه‌و كێشه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ى كه‌ له‌ گونده‌كانى گه‌رمیاندا هه‌ن.
 
كلیك له‌م فایله‌ى خواره‌وه‌ بكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه‌ به‌شێوازی PDF
 
 

فایلی پیدی ئێف

 

رادیۆی ده‌نگ له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كدا بۆ بره‌ودان به‌ رۆژنامه‌وانى و مافه‌كانى مرۆڤ و چاودێریی حكومه‌ت به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، مانگانه‌ له‌ رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیانـى سه‌ر به‌ رادیۆكه‌وه‌، راپۆرتێكى ورد و قوڵ له‌بوارى كێشه‌ جیاوازه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ حكومه‌ته‌وه‌ له‌ گه‌رمیان به‌رهه‌مده‌هێنێت. بۆ ئه‌م مانگه‌ش راپۆرته‌كه‌ى ته‌رخانكردوه‌ به‌ كێشه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ گونده‌كانى سنوره‌كه‌دا.
 
راپۆرته‌كه‌ به‌وردیی له‌سه‌ر 12 له‌ دیارترین كێشه‌كانى گونده‌كانى گه‌رمیان وه‌ستاوه‌، له‌سه‌ر زارى دانیشتوان و ئه‌نجومه‌نى گونده‌كان و هه‌روه‌ها به‌رپرسانى حكومییه‌وه‌، هه‌مو لایه‌نه‌كانى كێشه‌كانی خستوه‌ته‌ڕو.
 
له‌ به‌شى دوه‌مى راپۆرته‌كه‌شدا، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام خراونه‌ته‌ڕو كه‌ له‌میانه‌ى به‌دواداچونه‌كاندا كه‌ له‌ به‌شى یه‌كه‌مدا باسكراون، گه‌ڵاڵه‌ كراون. هاوكات چه‌ند راسپارده‌یه‌كیش بۆ بره‌ودان به‌ خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان له‌ گونده‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى خزمه‌تگوزاریی گونده‌كان پێشنیازكراون.
 
له‌خواره‌وه‌ ده‌قی راپۆرته‌كه‌ به‌شێوه‌ى تێكست ده‌خوێننه‌وه‌.
 
 
 
پێشه‌كى:
لە سنوری ئیدارەی گەرمیاندا 435 گوند هەیە، ئەم گوندانە دابەش بون بەسەر 9 ناحییەدا، لەڕوی خزمەتگوزارییە سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانه‌وه‌، بەشێکی زۆری گوندەکان کێشەیان هەیە، به‌ڵكو نەبونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان گرفتی بۆ ژیانیان دروستکردوە.
له‌ خواره‌وه‌ به‌ خاڵ ئاماژه‌ به‌ دیارترین كێشه‌كان ده‌كه‌ین.
 
بەشی یەکەم: کێشە خزمەتگوزارییه‌كانی گوندەکانی گەرمیان
 
1. ئاو
سه‌رچاوه‌ى ئاوی گونده‌كان چوار دانه‌یه‌، یه‌كه‌میان كه‌ سه‌ره‌كی ترینیانه‌ بیره‌، دوه‌میان روبار و چه‌مه‌كانه‌، سێیه‌میان راكێشانى ئاوه‌ له‌ گوندی تره‌وه‌ و سێیه‌میشیان گه‌یاندنى ئاوه‌ به‌ تانكه‌ر.
نەوزاد حه‌مید، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی دەوروبەری گەرمیان دەڵێت: ژمارەیەکی کەم گوندمان هەیە کە تائێستا کێشەی ئاوی مابێت، ئەویش بەهۆی نەبونی هیچ سەرچاوەیەکی ئاو لە وشوێنانە نەمانتوانیوە چارەسەری بکەین و ژمارەکەشیان لەوانەیە 15 گوند بێت و ژمارەی دانیشتوانیان زۆر نییە.
نەبونی ئاو و شیاونەبونی ئاوی خواردنەوە لە گوندەکاندا، کێشەی ژماره‌یه‌كى زۆر لە گوندنشینانە، ئەم گرفتەش بوەتە هۆی ئەوەی هەندێک لە گوندنشینان گوندەکانیان بەجێ بهێڵن.
كێشه‌یه‌كه‌ش خۆی له‌ نه‌بونى ئاو، كه‌می ئاو، تاڵی و سوێریی ئاو و نه‌بون و خراپی ته‌ئسیسی ئاودا ده‌بینێته‌وه‌.
وەهاب ئەحمه‌د، هاوڵاتی لە گوندی سەرقزڵـى سەر بە ناحییەی قۆرەتو، دەڵێت: ئەو ئاوانەی لە نزیک گوندەکەمان هەیە تاڵە، بەهیچ شێوەیەک بە کەڵکی خواردنەوە نایەن، کێشەی ئاو بوەتە هۆکاری کەمبونی دانیشتوان و چۆڵ بونی گوندەکە کە ئێستا 7 ماڵین.
هەروەک تەها رەشید، ئەنجومەنی گوندەکە، دەڵێت: لە دروستبونی ئەم گوندەوە تائێستا کێشەی ئاوی هەیە، ئاوی خواردنەوەمان نییە، لە گوندەکانی چوارکڵاو و مه‌حمود قەجەره‌وه‌ بە تەنکەر ئاومان بۆ دەهێنن.
له‌به‌رامبه‌ردا، سەردار محه‌مه‌د، بەڕێوبەری ناحییەی قۆرەتو، دەڵێت: ئاوی خواردنەوە کێشەی سەرەکی گوندی سەرقزڵە، بیر لە سنوری ئەو گوندە سەرکەوتو نابێت، ئەمەش بە هۆکاری کۆمپانیاکانی نەوتەوە ئاوەکەیان شیاو نییە بۆ خواردنەوە.
دەشڵێت: کەشف بۆ نزیکترین خاڵی بیر لەو گوندەوە کراوە کە گوندی چوارکڵاوە، بۆ ئه‌وه‌ى بیریان بۆ لێبدرێت بە بۆڕی بۆ ناو گوندەکە رابکێشرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەم پرۆژەیە جێبەجێ نەکراوە.
لایخۆشیه‌وه‌ نەوزاد حه‌مید، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی دەوروبەری گەرمیان دەڵێت: ئەو گوندانەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیان نییە یان ئاوەکەیان نەشیاوە بۆ خواردنەوە، لە رێگەی تەنکەرەوە ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکەین. 
دەشڵێت: هەندێک گوند هەیە بەهۆی ئەوەی ئاوی زۆر دورە بیری قوڵی لێ هەڵناکەندرێت و ئاوەکەی نەشیاوە، ئەم گوندانە لەرێگەی تەنکەرەوە ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکەین تا بتوانین پرۆژەیەکی گونجاویان بۆ بکەین.
ده‌شڵێت: ئەو گوندانەشی كه‌ بەهۆی وشکەساڵییەوە سەرچاوەی ئاوەکەیان وشک دەکات، ئێمە ئەبێت چارەسەری تازەیان بۆ بدۆزینەوە یان بەهەڵکەندنی بیربێت یان لەرێگەی راکێشانی تۆڕی ئاو بێت لە گوندێکی نزیکی خۆیەوە.
"سەرچاوەی ئاوی گوندەکەمان کە روباری قۆرەتوە تەلبەند کراوە به‌ ته‌لبه‌ندى سنور، مامەڵەی یاسایمان کرد بۆ ئەوەی دەرگامان بۆ بکەنەوە، پاش چەند مانگێک لە کردنه‌وەی، دەرگایان لێ داخستین، بەو هۆیەوە گوندەکە و ئاژەڵەکانمان بێ ئاون". حەیدەر رەحیم، ئەنجومەنی گوندی مەجید سالارـى سەربە ناحییەی قۆرەتو، وای وت.
وتیشی: ئاوی خواردنەوەمان لە حەوش کوڕو بۆ دێت کە ئەویش لە هەفتەیەکدا دو بەرمیلمان بۆ دێت.
لە بەرامبەردا سەردار محه‌مه‌د، بەڕێوبەری ناحییەی قۆرەتو، دەڵێت: تەلبەندکردنی ئەو ئاوەی دێت بۆ گوندی مەجید سالار لەلایەن پاسەوانی سنورەوە بە بڕیاری حکومەتی عێراق بوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێک لەگەڵ پاسەوانی سنور دانیشتوین و بەمەیدانی سەردانمان کردون، چەند دەرگایەکیان بۆ کراوەتەوە، ئەو ئاوەش بۆ ئاودێرییە نەک خواردنەوە.
دەشڵێت: رودانی ئەم حاڵەتە هەندێکجار دەگەڕێتەوە بۆ گۆرینی بەرپرسی پاسەوانی سنور کە رەنگە زانیاری نەبێت ئەوە روبدات، بەڵام هەرکاتێک ئەو دەرگایانە داخرابێت گوندەکە سەردانمانیان کردوە ئێمەش پاسەوانی سنورمان لێ ئاگەدار کردوەتەوە و هاوکارمان بون.
"پرۆژەی ئاوی گوندەکەمان ساڵانێکی زۆرە کراوە، ئەو سەردەمە ژمارەی دانیشتوانی گوند زۆرکەم بوە، ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی ماڵ زیاد دەکات، ئێستا 185 ماڵین و ژمارەی دانیشتوانیشمان 710 کەسە، بۆری ئاوەکەمان دو ئینج و نیوە، پێداویستی ئاوی دانیشتوان گوند پرناکاتەوە، ئەگەر بکرێت بە چوار ئینج و نیو بەشی هەموماڵەکان دەکات". ئومێد حەمید، ئەنجومەنی گوندی هۆرێن سەربە ناحییەی مەیدان، وای وت.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: پرۆژەی ئاوەکەمان لە سەرتەکەوە بۆ دێت کە نزیکەی 2 کیلۆمەتر و نیو دورە، بۆ چارەسەر چەند جارێک سكاڵامان کردوە و دەرخستەی بۆکراوە، تائێستا نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە بەرامبەردا سەروەت محه‌مه‌د، بەڕێوبەری ناحییەی مەیدان، دەڵێت: گوندی هۆرێن یەکێکە لە گوندە گەورەکانی سنوری ناحییەکە لە روی زۆری ژمارەی دانیشتوانەوە، پشتگیری داواکاریەکەیانین و کارمان لەسەری کردوە و لەرێگەی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی دەوروبەری گەرمیانەوە نوسراومان کردوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی دارایی، چاوەڕوانی رەزامەندیین بۆئەوەی ئێمەش پرۆژەکەیان بۆ جێبەجێ بکەین.
یه‌كێكى تر له‌ كێشه‌كان، سوێری ئاوه‌كه‌یه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هەندێک لە گوندەکان سود لە ئاوی گوندەکانیان نابینن، ئەمەش ناچاری كردون بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پشت بە سەرچاوەی دیکە ببەستن.
ئەحمه‌د کەریم، ئەنجومەنی گوندی چەمی شۆر سەر بە ناحییەی شێخ تەویل، دەڵێت: ئاوی گوندەکەمان بە کەڵکی خواردنەوە نایەت بەهۆی سوێرییەوە، پشت بە ئاوی کانی دەبەستین بۆ خواردنەوە، لە حاڵەتی وشکبونی کانیەکەدا رو لە گوندەکانی دەوروبەرمان دەکەین بۆ هێنانی ئاوی خواردنەوە.
دەشڵێت: چارەسەری ئاوی خواردنەوەی گوندەکە کردنی کانیەکەیە بە بیر.
لەبەرامبەردا دانا ئەحمەد، بەڕێوبەری ناحییەی شێخ تەویل، دەڵێت: بۆ چارەسەری  گرفتی ئاوی گوندی چەمی شۆر لەسەردەمی بەڕێوبەرەکانی دیکە و منیشدا هەوڵدراوە و بەڕێوبەری ئاوی دەوروبەری گەرمیانیش بەدەم کێشەکانمانەوە هاتوە، بەڵام بە پرۆژەکردنی ئەو کانیەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیانە، تائێستا لە بەرنامەماندا نەبوە.
لایخۆشیه‌وه‌ نەوزاد حه‌مید، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی دەوروبەری گەرمیان ده‌رباره‌ى كێشه‌ى سوێری ئاوى گونده‌كان، وتى: ئەو گوندانەی ئاویان سوێرە، لەرێگەی گوندێکی تر یان سەرچاوەیەکی دیکەی ئاوەوە چارەسەری سوێری ئاوەکەیان دەکەین.  
"ئەو ئاوەی لە بیرەوە دەگاتە ماڵەکان هەموی ژەنگاوە، سەرەڕای بەکارهێنانی فلتەریش کاریگەری ژەنگەکە لەسەر ئاوەکە دەمێنێتەوە و گونجاو نییە بیخۆینەوە". رەفیق فەتاح، ئەنجومەنی گوندی فەتاح ئۆمەر سەر بە ناحییەی سەرقەڵا، وای وت.
وتیشی: ئەو تەئسیسەی بۆ ئاوی گوندکەکە کراوە هەموی ژەنگی هەڵهێناوە، ماوەی ساڵانێکی زۆرە کراوە، ئەمەش بوتە هۆی ئەوەی ئاوەی لەبیرەوە دەگاتە ماڵەکانمان  هەموی ژەنگاو بێت.
لە بەرامبەردا دلێر عه‌بدوڵڵا، بەڕێوبەری ناحییەی سەرقەڵا، دەڵێت: دانیشتوانی گوندەکە ئاگەداریان نەکردومەتەوە لە کێشەی ئاوی گوندەکەیان هەرچەندە بەم نزیکانە سەردانی سنورەکەیانم کردوە، پێویست بکات سەردانی بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاوی دەوروبەری گەرمیان وئاودێریش دەکەم.
 
2. کارەبا
بڕی وزەی کارەبای گوندەکان دیاریکراو نییە، ئه‌مه‌ش به‌ وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاره‌بای گه‌رمیان.
حازم كه‌ریم، وتی: گوندەکان لەوەرزی هاویندا بەکارهێنانیان زیاتردەکات و له‌ وەرزی بەهار و پایزدا بەکارهێنانیان کەم دەکات، لە زستانیشدا ئەگەر هەر ساڵێک بارانە ساڵ بێت بیریان کەمتر کارپێدەکەن و لۆدیان کەمە، بارانەساڵیش نەبێت گشتی بە غەتاس و مەرەشە کاردەکات و لۆدیان زیاد دەکات، بۆیه‌ هیچ  ژمارەیەکی بڕى به‌كارهاتوى كاره‌با له‌ گونده‌كان به‌ جێگیری لای ئێمە نییه‌.
یه‌كێك له‌ كێشه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ كاره‌بای گونده‌كانه‌وه‌، نه‌بونى كاره‌بای نیشتمانییه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌.
پێشتر وته‌بێژی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كاره‌بای گه‌رمیان رایگه‌یاندبو 24 گوند ماون كه‌ كاره‌بایان بۆ رابكێشرێت، له‌و رێژه‌یه‌ 10 گوندیان ده‌ست به‌ پرۆژه‌ى راكێشانى كاره‌بایان كراوه‌ و ئه‌وانى دیكه‌ش هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ده‌ستپێده‌كه‌ن.
حازم كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاره‌بای گه‌رمیان، له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێت: داتامان نییە ئێستا چه‌ند گوند ماون كه‌ كاره‌بایان نییه‌، ئێمه‌ سەیری داواکاریی ئیداریی دەکەین، هەرچی داوایکردبێت ئەگەر تەواویش نەکرابێت لە ئیشی ئیداریاتە، بۆ نمونە رەزامەندی دارایمان بۆ وەرگرتوە دەبێت تەندەری بۆ بکرێت لە ئیدارەی گەرمیان و بدرێت بە به‌ڵێنده‌ر.
رونیشیكرده‌وه‌: پرۆژه‌ى هەندێک له‌ گونده‌كان لە رێکاری ئیداریی دان، بۆ نمونە دو گوندمان هەیە ستونمان بۆیان داناوە، به‌ڵام به‌وهۆیه‌ى پێشینه‌ "سلفە" بۆ مقاول خەرج نەکراوە، جارێ تەل و پێداویستیه‌كانى تری بۆ نەکڕیوە.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، خراپی کارەبای گوندەکان بەیەکێک لەو کێشە سەرەکییانە دادەنرێت کە دانیشتوانى گوندەکان لە پێشینەی گرفتی خزمەتگوزارییەکانی دادەنەن، هەروەک هاوڵاتیان باس لەوە دەکەن خراپی کارەبای هۆکارە بۆ کۆچی دانیشتوان.
ئازاد سەعید، ئەنجومەنی گوندی لفتی ئاغا سەربە ناحییەی زینانە، وتی: بەهۆی خراپی کارەبای گوندەکەمانەوە ئەو خێزانانەی توانای رۆشتنیان هەبوە گوندەکەیان بەجێهێشتوە خەڵکێکی زۆر رۆیشتوە، خراپی کارەبا نەک لە گوندەکەی ئێمە، بەڵکو نزیکەی 11 گوند بەهەمان شێوە کێشەی کارەبایان هەیە لە سنورەکەماندا. 
وتیشی: بەهۆی نزمی ڤۆڵتییەی کارەباوە نەک سودی لێ نابینین، بەڵکو زیانمان پێدەگەیەنێت، هەمو ئامێرە کارەباییەکانی خەڵکی گوندەکە دەسوتێت، خەڵکی گوند ئاگەدارم دەکەنەوە کە تەنانەت شەحنی موبایل کار پێناکات.
هەروەک شێرکۆ یاسین، ئەنجومەنی گوندی دوراجی سەربە ناحییەی زینانە، دەڵێت: کارەبای گوندەکەمان بەهۆی لاوازییه‌وه‌ ئامێرە کارەباییەکانمان کارپێناکات، دەبێت ڤۆڵتاج بکڕین، زۆر پێویستمان بە چاککردنی کارەبای گوندەکەیە.
دەشڵێت: بۆچارەسەری ئەم کێشەیە چەندینجار سەردانی ئیدارەی گەرمیانمان کردوە بەڵێنی هێنانی وێستگه‌یه‌كى كاره‌بامان پێدراوە بۆ ناحییەکە، بەڵام هەر بەڵێنەو بۆمان جێبه‌جێنەکراوە.
هاوکات وەهاب ئەحمه‌د، بەڕێوبەری ناحییەی زینانە (نەوجول) دەڵێت: لاوازیی کارەبای گوندەکانی سنوری ناحییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتی خۆی کارەبا لەسەر هێڵی 11 كه‌ى ڤی بوە، کە کارەبا گەیشتوە بەسنورەکە ئەو ژمارە زۆرە گوندەی ئێستا لەسەریەتی، لەسەری نەبوە، ئێستا بیر و محاویلەیەکی زۆری كاره‌با دانراوە هۆکارە بۆ کزی کارەباکە. 
دەشڵێت: بۆ چارەسەری گرفتی کارەبای سنورەکە داوای دانانی وێستگه‌یه‌كمان کردوە، رەزامەندی دراوە و پارەی بۆ تەرخانکراوە، دراوە بەکۆمپانیاش تەنها چاوەرێی جێبەجێکردنی دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد: "هیوادارم بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان و ئیدارەی گەرمیان ئەوانەی سەرپەرشتی پرۆژەکە دەکەن، خەمێکی بە پەلەی وێستگه‌ى کارەباکەمان بخۆن".
لە بەرامبەردا حازم که‌ریم، بەڕێوبەری گشتی کارەبای گەرمیان، دەڵێت: دانانی وێستگه‌ بۆ ناحییەی زینانە ئامادەیە، بەڵام خەتی 33 كه‌ى ڤی پێویستە، بڕیار وایە لە کۆتایی ئه‌م مانگه‌ (نیسانى 2025) دەستبکرێت بە راکێشانی هێڵی 33 کە لە ناحیه‌ى  سەرقەڵاوە رایبکێشین بۆ زینانە، وێستگه‌ مۆبایلەکەش ئامادەیە بۆ ئەوەی بیگوازینەوە و بخرێتە کار.
دەشڵێت: بەدانانی ئەم وێستگه‌یه‌ لە ناحییەی زینانە، کێشەی ڤۆڵتییەی کارەبای 70- 80%ـى گوندەکانی ئەو سنورە چارەسەر دەبێت.
ئه‌م كێشه‌ى نزمی ڤۆڵتیه‌ى كاره‌با، له‌ گونده‌كانى ناحیه‌ى كۆكسیشدا هه‌یه‌.
حازم که‌ریم، بەڕێوبەری گشتی کارەبای گەرمیان، له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێت: ناحیەی کۆكس وێستگه‌یه‌كى گەورەی كاره‌بای پێویستە، لە پلانی وەزارەتی  کارەبادایە بۆ ساڵی 2025 ئەگەر بودجە بڕواتە سەر سکە، وێستگه‌یه‌كى مۆبایلی گەورەتریان بۆ بکڕین، خۆی ئێستا 10 مێگا واتییه‌ ئه‌وكات ده‌بێت به‌ 45 مێگاواتى و ئەوكات کێشەی ڤۆڵتییەیان چارەسەر ده‌بێت.
"کێشەی چاككردنه‌وه‌ (سیانەی) کارەبای گوندەکەمان هەیە، ماوەی چەند ساڵێکە تۆڕی کارەباکەمان گرفتی لاوازیی کارەبا و محاویلەمان هەیە، کە وەرزی زستان و بارانبارین دەستپێدەکات، خەمی کارەبامانە لەکاتی باوباران و هەورەبروسکە دەبڕێت". محه‌مه‌د حەمەکه‌ریم، ئەنجومەنی گوندی زەماوەنگەی سەر بەقەزای کەلار، وای وت.
لە بەرامبەردا حازم که‌ریم، بەڕێوبەری گشتی کارەبای گەرمیان، دەڵێت: بۆ چارەسەری گرفتی کارەبای زەماوەنگە با سەردانی بەڕێوبەرایەتی کارەبای کەلار بکەن بۆ ئەوەی دەرخستەی بۆ بکرێت و بودجە بۆ جێبەجێکردنی دابین بکرێت.
بەشکێک لە گوندەکان كێشه‌ى کۆنی و خراپی کەرەستە و تەئسیسی کارەباکەیان هه‌یه‌ کە لە کۆندا بۆیانکراوە.
مه‌حمود ئەحمه‌د، ئەنجومەنی گوندی بۆیسانەی سەربەناحییەی شێخ تەویل، دەڵێت: ئەو کەرەستانەی کاتی خۆی بۆ  تەئسیسی کارەباکەمان بەکارهێنراوە کوالێتی خراپە، محاویلەی کارەباکە چەتاڵمانکردوە، باوبارانێک هەڵدەکات 24 سەعات کارەبامان نییە.
لە بەرامبەردا دانا ئەحمه‌د، بەڕێوبەری ناحییەی شێخ تەویل، دەڵێت: بە مەبەستی چارەسەرکردنی محاویلە و کەرەستەی کارەبای گوندی بۆیسانە، لە بودجەی پەرەپێدان ساڵی پار دەرخستەمان پێشکەشکردوە رەزامەندییەکەی لە گەڕانەوەدایە.
هاوکات حازم که‌ریم، بەڕێوبەری گشتی کارەبای گەرمیان، دەڵێت: سیانە لە کاتی با و هەورەبروسکەدا خەلە لی تێدەکەوێت، ئەم گرفتەش گرفتێک نییە چارەسەر نەکرێت، ئەو هێڵه‌ى بەسەر فنجانەدا دەڕوات لە وێستگه‌ى کارەبای مەیدانەوە دەردەچێت تادەگاتە کوردەمیرەکان بەنزیکەی 60- 70 کم تەلی لەسەرە هەورە بروسکەیەک لە عامودەکان دەدات ئەبێتە هۆی شکانی فنجانەکان، بەم هۆیەوە تا فنجانەکان نەگۆڕدرێت کارەبا دەرناچێت.
"کارەبای گوندەکەمان ستونى (عامود) بۆ دانەنراوە، کاتی خۆی خەڵکی گوند بە هه‌ڕه‌مه‌كى رایان کێشاوە بە هۆی نەبونی ستون و نزمی وایەرەکان بەر سەری مرۆڤ دەکەوێت، تائێستا ئەم تەئسیسە وەک خۆیەتی و هیچ بۆ نۆژەنکردوەنەوەی نەکراوە". عەبدولکەریم عه‌بدولڕەحمان، ئەنجومەنی گوندی کانی کرمانج سەر بە ناحییەی میدان، وای وت.
وتیشی: خراپی تەئسیسی کارەباکە  بوەتەهۆی  ئەوەی ئامێرە کارەباییەکانمان کارپێنەکات، دانیشتوانی گوندەکە خراپی کارەبای گوندەکەیان بەمن دەگەیەنن، منیش عەریزەم داوە بە به‌ڕێوبه‌رى ناحییە، پێیوتوین داواکەتان بەرزدەکەینەوە، بەڵام تائێستا هیچمان بۆ نەکراوە.
لە بەرامبەردا سەروەت محه‌مه‌د، بەڕێوبەری ناحییەی مەیدان، دەڵێت: پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی کارەبای 6 گوندی ناحییەی مەیدان هەمو رێکارەکارەکانی تەواوبوە، بۆ کۆمپانیاش دەرچوە و لیژنەش بۆ سەرپەرشتیکردنی پێکهێنراوە.
دەشڵێت: یەکێ لەو 6 گوندەی کارەبای بۆ نۆژەندەکرێتەوە گوندی کانی کرمانجە، بەجێ بەجێکردنی پرۆژەکە گرفتی ڤۆڵتییەی کارەبا و تەئسییسی کارەبای ناو گوندەکە چارەسەر دەبێت.
هاوکات حازم که‌ریم، بەڕێوبەری گشتی کارەبای گەرمیان، دەڵێت: لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان 6 گوند لە ناحییەی میدان سیانەی کارەبایان بۆ دەرچوە لیژنەش لە نێوان ئیدارەی گەرمیان و کارەبای گەرمیان بۆ جێبەجێکردنی دانراوە.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ زۆرێك له‌ گونده‌كانى گه‌رمیان، پێوه‌رى زیره‌كى كاره‌با دانه‌نراوه‌ هاوشێوه‌ى ناوه‌ندى قه‌زا و ناحیه‌كان.
حازم كه‌ریم له‌مباره‌یه‌وه‌ وتى: هەر شوێنێک تۆڕی مۆبایلی "زه‌ین"ـى نەبو، پێوه‌ره‌كه‌ى بۆ دانه‌نراوه‌، چونكه‌ پێوه‌ره‌كه‌ له‌ رێگه‌ى تۆڕى مۆبایلی زه‌ینه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌، بەڵام ئەوگوندانەی دەکەونه‌ نزیك یان سەر جادە گشتییه‌كان، بۆیان دانراوە.
له‌باره‌ى هۆکاری ئەوەی کە بۆچی پێوه‌ر بۆ هەموی دانەنراوە؟ به‌ڕێوبه‌رى گشتى كاره‌بای گه‌رمیان وتى: ئەو کۆمپانیایەی پرۆژەی پێوەری زیرەکی بۆ دەرچو ماوەى گرێبه‌سته‌کەی تەواوبوه‌، ئێستا لە چوارچێوه‌ى پرۆژەی روناکی دا بۆ هه‌مویان دادەنرێت.
 
3. تەندروستی
 لە کۆی 435 گوندی سنوری گونده‌كانى گەرمیان، 59 بنکەی تەندروستی هەیە، ئه‌وانیش هه‌ندێك چاره‌سه‌رى سه‌ره‌تایی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
د. سیروان محه‌مه‌د، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، رونیده‌كاته‌وه‌: بەپێی وەزیفەی بنکەی تەندروستی، کۆمەڵێک ئایتمی سەرەتایی چاره‌سه‌ر و ده‌رمان دەتوانین لەوێ دانەین وەک شروب و حەپ.
ئارام عاسی، لێپرسراوى بنکەی تەندروستی قەڵاته‌پزان، باسی له‌وه‌كرد ئه‌وان پشکنینیان نییە و تەنها بۆ نەخۆشییە سەرەتاییەکان دەرمانیان هەیە، "بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک فشاری خوێن و شەکرە ده‌رمانمان نییه‌، هه‌روه‌ها دورینەوەو تەقەڵمان نییە، ئەمە وەکو یاسایەک بۆمان دانراوە".
به‌ڕێوبه‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان جه‌ختى له‌م قسه‌یه‌ كرده‌وه‌ و وتى: بەنیسبەت دەرمانی دژەهەوکردن و دەرزی و دەرمانی فشاری خوێن و شەکرە و هاوشێوه‌كانیان، بەهیچ شێوەیەک ناتوانین لە بنکەی تەندروستی داینەین، چونكه‌ به‌ رێنمایی بۆمان دیارییكراوه‌.
به‌شێوه‌یه‌كى گشتى دانیشتوانى گوندەکان رەخنە لە راده‌ى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان دەگرن و دەڵێن لە ئاستی پێویستدا نییە.
محه‌مه‌د حه‌مەکه‌ریم، ئەنجومەنی گوندی زەماوەنگەـى سەر بە قەزای کەلار، دەڵێت: بنکەی تەندروستی گوندەکەمان لە دو یاریدەدەری پزیشکەوە کراوە بەیەک کەس، بنکەی تەندروستی بە یەک کەس بەرێوەناچێت و ناتوانێت پێداویستی دانیشتوانی گوندەکە پڕبکاتەوە.
لایخۆشیه‌وه‌، ئارام عاسی، لێپرسراوى بنکەی تەندروستی گوندى قەڵاته‌پزان، جه‌ختى له‌م قسه‌یه‌ كرده‌وه‌ و وتى: شتێکی ناچارییە ئەگینا قورسە بنکەیەک بە تەنیا کەسێک بەرێوەبببرێت، کە وەک لێپرسراو و دابینکردنی دەرمان و هێنان و بردنی دەرمان و دەوام کردن قورسی خۆی هەیە، ئەمە بە 2 بۆ 3 كه‌س دەکرێت.
لە بەرامبەردا د. سیروان محه‌مه‌د، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، دەڵێت: کەمکردنەوەی كارمه‌ندى بنکە تەندروستیەکانی گوندەکان بۆ یەک کارمەند دەگەڕێتەوە بۆ پەککەوتنی خزمەتگوزاری ناو نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نەخۆشخانەی گشتی کەلار و شەهید د. خالد گەرمیانی له‌ کفری.
دەشڵێت: ئەمەش بەهۆی دانەمەزراندنی کارمەند و راگرتنی کارمەندی خۆبەخشەوە کە تەنانەت ئەو 100 کەسەی بە گرێبەست بۆ ئیدارە سەربەخۆکان سۆران و زاخۆ دامەزراون، بۆ ئیدارەی گەرمیان دانەمەزراون، بۆیە ئەمساڵ ئەو بریارەماندا زۆربەی بنکەکانی گوندەکان 2 بۆ 3 کارمەندیان تیایە کراوە بەیەک کارمەند، ئەمەش بەسەر هەمویاندا جێبەجێدەکەین.
هەروەک مه‌حمود ئەحمه‌د، ئەنجومەنی گوندی بۆیسانەی سەربە ناحییەی شێخ تەویل  رەخنە لە بنکە تەندروستیەکانی ناحییەکەیان دەگرێت و دەڵێت: دو بنکەی تەندروستی لە سنوری ناحییەی شێخ تەویل هەیە "وەکو ئەوە وایە نەمانوێت"، ئەم بنکە تەندروستییە لە هەفتەیەکدا دو رۆژ کارمەندەکانی دەوام دەکەن ئەو دو رۆژەش لە کاتژمێر 11 دەڕۆنەوە.
دەشڵێت: بنکەی تەندروستی ناحییە پێوستە ئێشکگری تیادابێت بۆ ئەو گرفت و حاڵەتە تەندروستیە لەناکاوانەی رودەدەن و بەدەم چارەسەری خەڵکی گوندەکانەوە بێن.
لە بەرامبەردا دانا ئەحمه‌د، بەڕێوبەری ناحییەی شێخ تەویل، دەڵێت: بۆ ئەوەی بنکەی تەندروستی ناحییەکە بکرێت بە مەڵبەندی تەندروستی و دەوامی بەردەوامی تیادابێت، هەوڵدراوە و فەرمانیشی هەیە.
دەشڵێت: لەلایەن هاوڵاتیانەوە گلەیی لە دەوامی کارمەندانی بنکە تەندروستییەکان نەهاتوەتە لامان، بەپێی پێویست لە دەوامدابون، نەبونی ئێشکگر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بنکەکە نەبوە بە مەڵبەندی تەندروستی.
هاوکات د. سیروان محه‌مه‌د، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، دەڵێت: ئەرکی بەڕێوبەری ناحییەکانە بەدواداچون بۆ دەوامی کارمەندانی بنکە تەندوستیەکانی ناحییەکانیان بکەن، لە ئێستادا کە موچە لەکاتی خۆیدا دێت غیابیان بدەن لەکاتی نەهاتنە سەرکاردا.
دەشڵێت: یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی بنکە تەندروستیەکان دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی چاودێریکردنی بەڕێوبەری ناحییەکان بەسەر بنکە تەندروستیەکانی گوندەکاندا کە دەوامیان نەدەکرد.
لەبارەی نەبونی ئێشکگر لە بنکە تەندروستیەکانی گوندەکاندا، ئاماژەی بەوەکرد: لەناو هەیکەلی بنکەی تەندروستیدا ئەرکی بنکەی تەندروستی 24 کاتژمێریی نییە.
سەرەڕای گرفتی ئەو گوندانەی بنکەی تەندروستییان هەیە، گرفتەکە بۆ ئەو گوندانەی بنکەی تەندروستییان نیە زیاترە.
تەها رەشید، ئەنجومەنی گوندی سەرقزڵـى سەربە ناحییەی قۆرەتو، دەڵێت: گوندەکەمان بنکەی تەندروستی نیە، تەنانەت ئەو بنکە تەندروستیەی لە سنورەکەدا کە لە ناحییەی قۆرەتو هەیە، فریای خۆیان ناکەوێت سەرباری ئەوەش دورە لە گوندەکەمانەوە.
هەروەک عه‌لی عەزیز، ئەنجومەنی گوندی عەوڵاقوت سەربە ناحییەی سەرقەڵا، دەڵێت: 120 ماڵین بنکەی تەندروستیمان نییە، بونی بنکەی تەندروستی کارئاسانییە بۆ هاوڵاتیانی گوند لە کاتی دروستبونی گرفتێکی تەندروستی لە رێگەی بنکەی تەندروستییەوە چارەسەری کاتی بۆ بکرێت تا گەیشتنی بە شوێنی پێویست. 
لە بەرامبەردا، د. سیروان محه‌مه‌د، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، دەڵێت: کردنەوەی بنکەی تەندروستی لە هەمو گوندێک بە گونجاو نازانم بۆ پێداویستی ئەمڕۆ.
دەشڵێت: وەکو بەڕێوبەرایەتی گشتى تەندروستی گەرمیان، پرۆژەیەکی تەندروستیمان بۆ گوندەکان پێشکەش بە دەسەڵاتی سیاسی و وەزارەتی تەندروستی کردوە، چەند جارێک گفتوگۆی لەسەر کرا، بەڵام لەلایەن هەردو لایەنەکەوە رەتکرایەوە.
لەبارەی چیه‌تى ئەو پرۆژە تەندروستیەی بۆ گوندەکان هەیانە، دەڵێت: پێشنیاری لابردنی هەمو بنکە تەندروستیەکانی گوندەکانمان کردوە، لەبری ئەو بنکانە بۆ چەند گوندێکی نزیکە لەیەکەوە لەناوجەرگەی گوندێک مەڵبەندێکی تەندروستی بکەینەوە، ئەم مەڵبەندە تەندروستیە پزیشك و کارمەندی تیادا دەبێت بەشێوەی 24 کاتژمێریی نەک وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌ و ته‌نها بەیانیانه‌.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەروەها خزمەتگوزارییەکانی وەکو: فریاگوزاری سەرەتایی، ددان، کوتان، چاودێری ژنی دوگیان، ڤاکسین، چاودێری تەندروستی و ئەمبوڵانس لەخۆدەگرێت، بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە کێشەی خزمەتگوزاری تەندروستی گوندەکان چارەسەر دەبێت.
جەختیش لەوە دەکاتەوە: "ئێمە لەسەر ئەم پرۆژەیە سورین ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی و وەزارەتی تەندروستی قبوڵی بکات، ته‌نانه‌ت تێچویەکی کەمیشی پێویستە".
له‌به‌رامبه‌ر نیگه‌رانى و ره‌خنه‌ى دانیشتوانى گونده‌كان، به‌رپرسانى بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كانیش قسه‌ى خۆیان هه‌یه‌.
هێرش کەریم، لێپرسراوى بنكه‌ى تەندروستی گوندى نازێ، ده‌ڵێت: بنکە پێویستە کارەبای 24 کاتژمێریی بۆ دابین بکرێت، بەهۆی ئەوەی لە هاویندا کارەبای گوندەکان ٦له‌ 6ـى به‌یانییه‌وه‌ دەبڕێت تاوه‌كو 12ـى نیوه‌ڕۆ، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی هه‌یه‌ بۆسه‌ر ده‌رمان و چاره‌سه‌ره‌كانمان.
رونیكرده‌وه‌: هەمو دەرمانێک پلەی گه‌رمیی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئەوەی بەرگەی تێکنەچون بگرێت، زۆربەی دەرمانەکان لە پلەی 25 بۆ 30 پله‌ى سه‌دیی بچێته‌ سه‌ره‌وه‌، هیچ کۆمپانیایەک گرەنتی ناکات دەرمانەکەی تێکنەچێت.
 
4. رێگاوبان
بەشێکی زۆری گوندەکان گرفتی خراپی رێگاوبانەکانیان هەیە، ئەمەش کێشەی هاتوچۆی بۆ گوندنیشینان دروستکردوە و بەتایبەتیش لەوەرزی زستاندا زیاتر ئاستەنگی هاتوچۆیان بۆ دروستدەکات.
ئەحمه‌د کەریم، ئەنجومەنی گوندی چەمی شۆر سەربە ناحییەی شێخ تەویل، دەڵێت: لەوەرزی بارانباریندا بەهۆی هاتنی ئاو بۆ سەر رێگای گوندەکە رێگای هاتوچۆکردنمان دەبڕێت "ئەگەر کەسێکیشمان لێ بمرێت رێگامان نیە لەو ئاوە بپەڕینەوە ئەوبەر، بەهیچ شێوەیەک ناتوانین رێگاکە بەکاربهێنین". 
دەشڵێت: لەگوند نەبوم گەڕاومەتەوە بچمەوە بۆ ماڵەوە، كه‌چى رێگای گەڕانەوەم نەبوە، ناچار لە گوندێکی دیکە ماومەتەوە تا بەیانی، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ بۆ چاککردنی رێگاکە زیاتر لە 15 عەریزەمانداوە بە شارەوانی و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبان، به‌ڵام بۆمان چارەسەر نەکراوە.
هاوکات دانا ئەحمه‌د، بەڕێوبەری ناحییەی شێخ تەویل، دەڵێت: تەنها رێگای سەنتەری ناحییەکە قیرتاوە، رێگای گوندی چەمی شۆر و گوندەکانی دیکەی سەر بە ناحییەکە هەوراز و خاکییە، چەندینجار داوای چاککردنی رێگای چەمی شۆرمان کردوە کە رێگای هاتوچۆی چەند گوندێکی دیکەی لەسەرە.
دەشڵێت: ئامێرەکانی شارەوانی کاری تیاداکردوە، بەڵام هەر چارەسەرێکی کاتییە و گرفتی رێگاکە چارەسەر ناکات جگە لە قیرتاوکردن، بەردەوام دەبین لە داواکاری بۆ قیرتاوکردنی رێگای گوندەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد: پرۆژەی تێکەڵەڕێژمان بۆ کردون، لە بەرنامەدایە بۆ ئەوەی چارەسەری گرفتی هاتوچۆی گوندی چەمی شۆر و گوندەکانی دراوسێی بکەین.
لە بەرامبەردا عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانی گەرمیان، دەڵێت: سەرەڕای قەیرانی دارایی بەو بودجەیەی هەبو ساڵانە سەروی 10  پرۆژەمان بردوەتە بواری جێبەجێکردنەوە لە گوندەکان، بەشێوەیەک ئەگەر قیرتاویش نەکرێت رێگای هاتوچۆیان بۆ ئاسان بکرێت.
 بەربەستەکانی نێوان رێگای دو سایدیی کەلار- دەربەندیخان، یه‌كێكى تره‌ له‌ گرفته‌كانی هاتوچۆی گونده‌كان.
نەوزاد ئەحمه‌د، هاوڵاتی گوندی سەی مه‌حموـى سەر بە ناحییەی پێباز (باوەنور) دەڵێت: ئەو بەربەستە کۆنکرێتیانەی لە نێوان رێگای کەلار- دەربەندیخان دانراوە گرفتی هاتوچۆی بۆ دانیشتوانی ئەمبەر و ئەوبەری گوندەکە دروستکردوە.
هەروەک عه‌لی مستەفا، ئەنجومەنی گوندی سەی مه‌حمو، دەڵێت: بۆ ئەوەی لەمبەری گوندەکە بچینە ئەوبەری گوندەکە، دەبێت بچین لە باوەنورەوە بگەڕێنیەوە، داواکاریمان ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی ناحییەی پێباز و بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان کردوە بۆ ئه‌وه‌ى چارەسەری ئەو گرفتەمان بۆبکەن بە لابردنی چەند کۆنکریتێک.
هاوکات عەدنان عه‌لی، بەڕێوبەری ناحییەی پێباز(باوەنور) دەڵێت: ئێمە لەگەڵ داواکاری گوندی سەی مه‌حمو و گوندەکانی دیکەین، هاوڵاتیان دەبێت رێگایەکی دور ببڕن بۆ ئەوەی یوتێرن بکەن، چەندجارێکیش داواکاری خەڵکمان بەرزکردوەتەوە لەبەر ئەوەی لابردنی ئەو بەربەستانە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.
لەبەرامبەردا، عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانی گەرمیان، دەڵێت: لابردنی ئەو بەربەستە کۆنکرێتیانەی نێوان رێگای کەلار- دەربەندیخان داواکاریی زۆر لەسەرە لەلایەن ئەو گوندانەی لەسەر رێگاکەن، بەپێی ئەو دیزاینەی بۆ رێگاکە کراوە دیزاینێکی ستاندارد بەرزە، بۆیە بەکارهێنانی رێگاکە لەمبەرەوە بۆ ئەوبەر و گەڕانەوەی ئۆتۆمبێل، دەبێتە لەم روانەوە کەمترین هاتوچۆی لەسەر بێت.
دەشڵێت: لەرێگەی دروستکردنی سوڕانەوە و بەرزەپرد و نزمەپرد بە ئاوبارە دروستکرابێت یان بە پرد ئەمانە کراوە بەپێی ئەو دیزانەی کە هەبوە لەگەڵ ستافی بەڵێندەر و بەڕێوبەرایەتیمان هەوڵی بۆ دەدەین.
باسی لەوەشکرد: پێویستە بەهەمانشێوە لەلایەن بەشی ئەندازەی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیانەوە کاری کۆنترۆڵکردنی بۆ بکرێت بۆ کۆی رێگاکە نەک تەنها بۆ گوندێکی دیاریکراو.
"پردی سەر رێگای گوندەکەمان روخاوە، لەکاتی بارانبارین و لافاو ئاستەنگی هاتوچۆمان بۆ دروست ئەبێت، ئەگەر هاوڵاتییەکی گوندەکە روبەروی حاڵەتێکی کوتوپرببێتەوە بەهۆی خراپی رێگاکەوە ناچارە چاوەڕوانبێت رێگاکە وشک ببێتەوە". عه‌لی عه‌زیز، ئەنجومەنی گوندی عەوڵاقوتـى سەربەناحییەی سەرقەڵا، وای وت.
وتیشی: چەندینجار داوامان کردوە کێشەی رێگای هاتوچۆمان بۆ چارەسەربکرێت، بەڵام بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
لە بەرامبەردا دلێر عه‌بدوڵڵا، بەڕێوبەری ناحییەی سەرقەڵا، دەڵێت: بۆ چارەسەری رێگای گوندی عەوڵاقوت لەگەڵ بەرپرسی چاکسازی رێگاوبان و بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان لەسەر هێڵین، رێگایەکیان بۆ دەرچوە کە چەند کیلۆمەترێکە هاوڵاتیانی گوندەکە رەزامەندن لەسەر ئەو رێگایەی بۆیان دەرچوە.
خراپی رێگای گوندەکەیان وایکردوە ئەگەر بۆیان قیرتاویش نەکرێت رازین بەوەی ناوبەناو لەرێگەی ئامێرەکانی رێگاوبانەوە چاکسازی بۆ بکرێت.
مه‌جید مه‌حمود، دانیشتوی گوندی پوقەـى سەربە ناحییەی رزگاریی، دەڵێت: رێگاکەمان زۆر خراپە، وەکو چاکناکرێت  دو سێ مانگ جارێک گلێدەری لێبدرێت بۆ ئێمە باشە.
هەروەک سەردار مه‌جید، ئەنجومەنی گوندی شۆراوەـى سەر بە ناحییەی رزگاریی دەڵێت: رێگای گوندەکەمان کە رێگای دو گوندی دیکەی لەسەرە، رێگایەکی خاکییە و زۆرخراپە بۆ هاتوچۆکردن، هەوڵی زۆرمانداوە رێگاکەمان بۆ چاکبکرێت، بەڵێنیشمان پێدراوە، بەڵام هیچی بۆ نەکراوە.
لەبەرامبەردا، جەمال ساڵح، بەڕێوبەری ناحییەی رزگاریی دەڵێت: رێگای گوندی پوقە رێگایەکی خاکییە و لە وەرزی زستاندا تێکدەچێت، ساڵی پاریش ئامێرەکانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانی گەرمیانمان بۆنارد چاکسازییان بۆ رێگاکە ئەنجامدا.
دەشڵێت: هاوڵاتیانی ئەو گوندە سەردانمان بکەن هاوکارییان دەکەین بۆ چاککردنی رێگاکە.
"رەنگە 100 جار داوای چاککردنی رێگای گوندەکەمانم کردبێت، رێگای هاتوچۆمان رێگایەکی بەردەڵانییە و بوەتە هۆی خراپبونی ئۆتۆمبێلەکانیشمان، تائێستا حکومەت بەمەبەستی چاککردنی شۆفڵێکی نەداوە لە رێگاکە". تارق مه‌جید، ئەنجومەنی گوندی حەیدەرە سور سەربەناحییەی زینانە وای وت.
لەبەرامبەردا، عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانی گەرمیان، دەڵێت: بەپێی ئەو توانایەی هەمانە هەوڵی کارکردنمانداوە بۆ ئەو گوندانە.
 
5. قوتابخانە
له‌ گونده‌كانى گه‌رمیاندا 390 قوتابخانه‌ و 33 باخچه‌ى ساوایان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌س نییه‌ و كێشه‌ى جۆراوجۆر له‌ بوارى قوتابخانه‌ و په‌روه‌رده‌دا هه‌یه‌.
"ژمارەی قوتابیانی گوندەکەمان زۆرن و لە بینای قوتابخانەی گوندەکە جێگایان نابێتەوە، بۆ چارەسەری ئەم گرفتە دانیشتوانی گوند پارەمان کۆکردوە بۆ دروستکردنی دو ژور بۆ قوتابخانەکە لەسەر تێچوی خۆمان، بەڵام پەروەردە ئاگەداریان کردینەوە کە نەیکەین و بینای قوتابخانەمان بۆ دروستدەکەن". خەسرەو عه‌بدولکەریم، ئەنجومەنی گوندی شێخ لەنگەری خوارو سەربەناحییەی کۆکس، وای وت.
هاوکات ساڵح محه‌مه‌د، بەڕێوبەری ناحییەی کۆکس دەڵێت: بۆ چارەسەری کێشەی قوتابخانەی شێخ لەنگەری خوارو داوای دروستکردنی قوتابخانەمان کردوە، داومانە بە بەڕێوبەرایەتی پەروەردە کە کاری لەسەر بکەن.
لەبەرامبەردا عەدنان حسێن، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بەوەکالەت، دەڵێت: بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن لیژنەی بیناسازی و ئەندازیاریمان سەردانی قوتابخانی گوندەکە دەکەن بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا پێویستیان بە قوتابخانەیە یان  نۆژەنکردنەوەیه‌، قوتابخانه‌ى گوندى شێخ لەنگەر لەبەرنامەماندایە.
دەشڵێت: بودجەیەکمان لەبەردەستدایە لەرێگەیەوە هەوڵی  چارەسەری گرفتی قوتابخانەکەیان دەدەین.
كێشه‌ى بینا، له‌ زۆربه‌ى گونده‌كاندا هه‌یه‌، هه‌ر یه‌كه‌ى به‌ ئاستێك.
ساری بەهادین، بەرێوبەری قوتابخانه‌ى گوندى عەزیز قادر، وتى: بینای قوتابخانەکەمان زۆر خراپ و کۆنە، دیوارەکانی درزی بردوە و سەقفی پۆلێکمان کەوتوە، 4 پۆلمان بە کابینە دروستکراوە، کابینەکانیش کۆنن، لەوەرزی زستاندا دڵۆپە دەکه‌ن و ساردە و لە وەرزی هاویندا زۆر گەرمن.
له‌ گوندى پوقه‌، بەهۆکاری نەگونجاویی بینای قوتابخانەکەیانەوە، داوای داخستنی قوتابخانەکەیان کراوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە.
محه‌مه‌د عه‌لی، ئەنجومەنی گوندی پوقەـى سەربە ناحییەی رزگاریی، دەڵێت: بینای قوتابخانەی گوندەکەمان دیوارەکانی هەموی تەقیوە و شەقی بردوە، نەگونجاوە قوتابی تیایدا بخوێنێ، بۆیە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە داوای داخستنی قوتابخانەکە کراوە.
دەشڵێت: بۆئەوەی قوتابخانەکە دانەخرێت و مناڵەکانمان ناچارنەبن بۆخوێندن بچن بۆ شوێنی دیکە، لەسەر بەرپرسیاریەتی خۆمان مناڵەکانمان دەنێرینە قوتابخانە و بەرپرسیارێتی رودانی هەر شتێکمان لە ئەستۆی خۆمان گرتوە.
لە بەرامبەردا، جەمال ساڵح، بەڕێوبەری ناحییەی رزگاریی دەڵێت: دانیشتوانى گوندەکە سەردانمان دەکەن، بەڵام تائێستا کێشەی خراپی قوتابخانەکەیان پێ رانەگەیاندوم.
هاوکات عەدنان حسێن، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان، بەوەکالەت، لەبارەی چارەسەری کێشەی ئەو قوتابخانەیەوە، دەڵێت: لەلایەن بەڕێوبەری قوتابخانەی پوقەوە داوای دروستکردنی بینامان لێکراوە، بەڵام لەئێستادا کە کاتی دەوامە زەحمەتە، بەو بودجەیەی لەبەردەستماندایە چارەسەری گرفتی قوتابخانەکەیان دەکەین.
زۆرینه‌ى قوتابخانه‌ی گونده‌كان، كێشه‌ى كاره‌بایان هه‌یه‌.
نیهایەت سابیر، بەرێوبەری قوتابخانەی گوندی ساڵحه‌ "ناساڵح"، ده‌ڵێت: ئێستا کە وەرزی گەرمایە و پێویستە فێنککەرەوە کارپێبکەین، کارەبامان نییە، کارەباکەمان لەگەڵ کارەبای گوندەکە دایە، لەکاتی دەوامی ئێمەدا کارەبای گوند نییە، پێوستمان بەراکێشانی هێڵێکی تایبەتی کارەبایە کە جیاوزبێت لە کارەبای گوندەکە.
هاوكات، ساری بەهادین، بەرێوبەری قوتابخانه‌ى گوندى عەزیز قادر، ده‌ڵێت: قوتابخانەی گوندەکان بەهۆی نەبونی كارەباوە ئێستا کەوەرزی هاوینە، لە دۆخێکی خراپدان، کە دەگاتە وانه‌ی 4 و 5، مامۆستایان توانا و تاقەتی وانەوتنەوەیان نابێت بەهۆی نەبونی کارەبا و گەرماوە.
هاوكات به‌شێكى زۆری قوتابخانه‌كان كارگوزاریشیان نییه‌.
نیهایەت سابیر، بەرێوبەری قوتابخانەی گوندی ساڵحه‌ "ناساڵح"، وتى: قوتابخانەکەمان کارگوزاری نیە، پێویستی بە کارگوزارە، لەسەر ئەرکی خۆمان کەسێکمان بە کرێ گرتوە بۆ کاری کارگوزاریی.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، بەهۆی نەبونی ئەو رێژەیەی دیاریکراوە بۆ کردنەوەی قوتابخانە لەگوندێکدا، هەندێک گوند قوتابخانەیان نییە.
هەریەکە لە  ئەنجومەنی گوندەکانی (سەرقزڵ، مەلائۆمەر و شۆراوە( باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن لەگوندەکەیاندا قوتابخانە نییە.
ستار محه‌مه‌د، ئەنجومەنی گوندی مەلائۆمەر سەربە ناحییەی ئاوەسپی، دەڵێت: بەهۆی نەبونی قوتابخانە لە گوندەکەمان، مناڵەکانمان لەکەلار دەخوێنن، ئەوەی قوتابی هەبێت ناتوانێت لە گوند بژی یان مناڵەکانیان لە شارەو خۆیان لێرەن.
دەشڵێت: ئەگەر قوتابخانە هەبێت لە 80%ـی خەڵکی دەگەڕێنەوە گوندەکە.
لە بەرامبەردا عه‌زیز محه‌مه‌د، بەڕێوبەری ناحییەی ئاوەسپی، دەڵێت: گوندەکان قوتابخانە و مامۆستایان هەبوە، بەڵام لە ئەنجامی چۆڵکردنیان لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە لەماوەی 20 ساڵی رابردودا بە هۆکاری وشکەساڵی و حەزکردن بەژیان له‌ شار، حکومەت ناچار بوه‌ قوتابخانەکان دابخات.
هاوکات بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بەوەکالەت، عەدنان حسێن، دەڵێت: هەرشوێنێک ئەگەر 10 قوتابیشی هەبێت ئێمە ئامادەین قوتابخانەیان بۆ بکەینەوە، بەڵام بۆ 2 بۆ 3 قوتابی ناتوانین ستافێکی کارگێڕیی و مامۆستا دابنەین لە گوندێکدا.
لە گوندەکاندا قوتابخانەی ئامادەیی نییە  بەوهۆیەوە هەندێک لە خێزانەکان بەهۆی نەبونی توانای دابینکردنی تێچوی هاتوچۆوە، مناڵه‌کانیان لە خوێندن داببڕن.
مه‌حمود ئەحمه‌د، ئەنجومەنی گوندی بۆیسانەی سەر بە ناحییەی شێخ تەویل، دەڵێت: قوتابیانی گوند دوای تەواوکردنی ناوەندی بۆ خوێندنی دواناوەندی دەبێن بچن بۆ ئامادەیی ناحییەکە، مناڵی زۆرهەیە لە گوند بەهۆی نەبونی دواناوەندی لە خوێندن دادەبڕێن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەندێک خێزان توانای دابینکردنی تێچوی هاتوچۆی مناڵەکەیان نییە بینێرن بۆ ناوه‌ندى ناحیه‌ى شێخ تەویل.
دانا ئەحمه‌د، بەڕێوبەری ناحییەی شێخ تەویل، دەڵێت: گوندەکانی سنوری ناحییە داوای کردنەوەی قوتابخانەی دواناوەندییان کردوە، ئێمەش چەند جارێک دواکاریمان  بەرزکردوەتەوە بۆ پەروەردەی گەرمیان، تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە.
"خۆم یەکێکم لەو کەسانەی مناڵەکەم لە خوێندن دەرکردوە بەهۆی ئەوەی توانای ئەوەم نەبوە بیبەم بۆ شوێنێکی تر درێژە بە خوێندن بدات". سەردار مه‌جید، ئەنجومەنی گوندی شوراوە، وای وت.
لەبەرامبەردا عەدنان حسێن بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بە وەکالەت، دەڵێت: بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە نابێت لە گوندەکاندا قوتابخانەی دواناوەندی هەبێت، دەبێت دواناوەندی لەناو سەنتەری ناحییەکاندا هەبێت.
 
6. كێشه‌ى نه‌بونى هاوكاریی له‌ بوارى کشتوکاڵدا
هاوکاری نەکردنی جوتیارانی گوندەکان بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەرکی سەرشانی دانیشتوانى گونده‌كانى قورستر كردوه‌ كه‌ به‌ به‌شى زۆریان سه‌رقاڵی كارى كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارین، وەکخۆیان دەڵێن: نەبونی هاوکاری وایکردوە دەست لە کشتوکاڵکردن هەڵگرن.
عه‌لی مستەفا، ئەنجومەنی گوندی سەی مه‌حموـى سەر بە ناحییەی پێباز (باوەنور)، دەڵێت: ساڵانی رابردو فەلاحەتم دەکرد، بەهۆی زۆری تێچو و گرانی گەنم و په‌ینی کیمیاوی و جوت، هه‌روه‌ها نەبونی هاوکاریی لەلایەن حکومەتەوە، وازم لە کشتوکاڵکردن هێناوە.
هەروەک سۆران محه‌مه‌د، دانیشتوی گوندی زەماوەنگەـى سه‌ر به‌ كه‌لار، دەڵێت: ئەگەر حکومەت هاوکاریمان بکات کارئاسانییە بۆ ئێمە و وادەکات پەرە بە کاری کشتوکاڵیی بدەین لە گوندەکانمان، وەک جوتیارێک چەند تەنێک په‌ینی کیمیاویم کڕیوە تائێستا نەمتوانیوە پارەکەی بدەم.
دەشڵێت: ئێستا کە کاتی دروێنە نزیکە، ئومێدێکم بە بەرهەمەکە نییە بەهۆی بێ بارانییەوە، حکومەت هاوکاریت بکات خەمت کەمترە و دەتوانێت بیکاتە قەرز لەسەرت، ساڵێک کە بەرهەمی فەلاحی نەهاتە لە وەجبەی داهاتو قەرزەکەت لێوەرگرێتەوە.
لە بەرامبەردا، شادیە حسێن، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، دەڵێت: لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی دروستبونی قەیرانی داراییەوە وردەوردە هاوکاریکردنی جوتیاران روی لە کەمکردنەوە کرد، ساڵانە لەلایەن وەزارەتی دارایی بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ بری 64 ملیار دینار دەدرا بۆ هەمو هەرێم پاشان کرا بە 32 ملیار، ئەو بڕەش کەمکرایەوە بۆ 19 ملیار و دوای ئەوەش نەما.
دەشڵێت: لەدوای ساڵی 2018ـەوە بەتەواوی هیچ هاوکارییەکی جوتیارمان نەکردوە،  کە لە پێشوتردا هاوکارییەکان خۆی دەبینیەوە لە دابینکردنی کودی کیمیاوی، مەرەشە و قڕکەر، ئەم هاوکاریانە یارمەتیدەرێکی زۆرباش بو بۆ جوتیاران.
یه‌كێكى تر له‌و كێشانه‌ى په‌یوه‌ست به‌ بوارى كستوكاڵه‌وه‌ له‌ گونده‌كاندا كه‌م تا زۆر هه‌یه‌، كێشه‌ى موڵكداریی زه‌وی و سنورى زه‌ویی جوتباره‌كانه‌، كه‌ هه‌ندێكجار سه‌ر ده‌كێشێت بۆ شه‌ڕ و ئاژاوه‌.
شادیه‌ حسێن، له‌مباره‌یه‌وه‌ وتى: هەرکاتێک نرخی بەروبومی کشتوکاڵی لەبازاڕدا به‌رز بێت و بازاڕی به‌رهه‌مه‌كان باش بێت، کێشەی زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌كان زیاتر دەبێت.
له‌باره‌ى شێوازی مامەڵەی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئەم کێشەیەدا، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا: دەگەڕێتەوە سەر شایەت و ئەنجومەن و گرێبەسته‌کەی، ئه‌وه‌ى گرێبەستی هەبێت زیاتر گوێ لێگیراوه‌، ئەوەش بەکرداریی زەوییەکەی لە بەردەستدابێت زیاتر کار لەگەڵ ئەوەدا دەکەین.
باسی له‌وه‌شكرد ئه‌وان هه‌وڵی خۆیان ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ كێشه‌كانیش دواتر ده‌چێته‌ دادگا و رێڕه‌وی یاسا ده‌گرێت.
كێشه‌یه‌كى دیكه‌، زیاده‌ڕه‌ویی كردنه‌ سه‌ر دارستان و پاوانه‌كانه‌ له‌لایه‌ن گوندنشینانه‌ و به‌كارهێنانیانه‌ بۆ كشتوكاڵ و كێڵانى زه‌ویه‌كانه‌.
رەشید بەکر، بەرێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دارستان و پاوانی گەرمیان، ده‌ڵێت: حاڵەتە زۆرە، گەرمیانیش وەک ناوچەکانی دیکە بەر شاڵاوی دەستدرێژیکردنە سەر لەوەڕگاکان بوه‌تەوە، لەم بابەتەدا بەپێی یاسای ژمارە 3ـى ساڵی 2018 لە ئەستۆی یەکەی کارگێڕیی ناوچەکەدایە لیژنەیەک پێکدەهێنێت و خۆی سەرۆکایەتی دەکات ئێمه‌ش ئەندام دەبین تیایدا، بۆ ئەو مەبەستە تائێستا چەندین کەیسمان داوه‌ بە دادگا و چەندین کەسیش دادگایی کراوە.
باسی له‌وه‌شكرد: بەڵام هێشتا ناتوانرێت کۆنترۆڵی ته‌واوه‌تى ئه‌م دیارده‌یه‌ بكرێت، پێوستە ئەنجومەنی گوندەکان هەر زیادەڕۆییەک لە سنوری گوندەکەیان کرابێتە سەر زەوی پاوان، کارگێڕیی ناوچەکە ئیتر چ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ناحیە یان قایمقامیه‌ت بێت،  ئاگەدار بکه‌نه‌وه‌ و ئیدارەش هەڵدەستێت بەگرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
 
7. كێشه‌ى ئاژه‌ڵداریی
ئاژەڵداریی یەکێکە لەو پیشانەی گوندنیشینان وەکو سەرچاوەیەک بۆ بژێوی ژیانیان پشتی پێدەبەستن، به‌پێی ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێتێرنه‌رى گه‌رمیان، لە سنوره‌كه‌دا نزیکەی 600000 شەشسەد هەزار سەر ئاژەڵ هەیە به‌ هه‌مو جۆره‌كانییه‌وه‌.
ئاژەڵداران دەڵێن لەلایەن به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێتەرنەرییەوە هاوکاری ناکرێین لەو گرفتانەی روبەروی ئاژەڵەکانمان دەبێتەوە.
تەهارەشید، ئەنجومەنی گوندی سەرقزڵـى سەر بە ناحییەی قۆرەتو، دەڵێت: لەڕوی ئاژەڵداری و ئەو پێداویستیانەی پەیوەندیدارن بەو گرفتانەی روبەروی ئاژەڵەکانمان دەبێتەوە، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێتەرنەری هیچ هاوکارییەکیان نەکردوین.
هەروەک محه‌مه‌د حه‌مەکه‌ریم، ئەنجومەنی گوندی زەماوەنگە، دەڵێت: ئەو هاوکاریانەی لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ڤێتەرنەریەوە پێماندەدرێت، بەپێی پێویست نیە ساڵی جارێک ئەگەر كوتانێكمان بۆ بێت.
لەبەرامبەردا، د. ئاریان ئیبراهیم، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێتەرنەریی گەرمیان، دەڵێت: بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانیوە بەپێی پێویست هاوکاری ئاژەڵدارەکان بکەین، بەڵام بەشێوەیەک ئەگەر لە 50%ـیش بێت، توانیومانە هاوکاری بگەیەنینە گوندەکان.
دەشڵێت: ئەو برە دەرمانەی کە بۆمان دێت رێژەکەی زۆر کەمە، ئێمە داوای رێژەیەکی زۆر دەکەین، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە رێژەی داواکراو ناگاتە دەستمان.
ئاماژەی بەوەشکرد: بۆ ئەوەی هاوکارییەکانمان هەمو گوندەکان بگرێتەوە، هەڵمەتەکان دەکەین، ئەمەش بەشێوەیەک هەندێک گوند جۆرێک ڤاکسین دەگرێتەوە هەندێکی دیکە دژی نەخۆشی تەوەقیان بۆدەکەین بەشێکیشیان تاعونی مەڕ و بزنیان بۆ دەکەین.
"ڤێتەرنەری ساڵی جارێک ئەگەر بێن، بۆ دەرزی دانکە تێن، ئه‌گینا دەرمانی نەخۆشییەکانی دیکەی ئاژەڵ خۆمان دەیکڕین". سەردار مه‌جید، ئەنجومەنی شۆراوە، وا دەڵێت.
له‌به‌رامبه‌ریشدا بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڤێتەرنەریی گەرمیان دەڵێت: کێشەی ئێمە ئەوەیە کە بڕێك ڤاكسینمان بۆ دێت بەشی هەمو گوندەکان ناکات، ناچارین دابەشی بکەین بۆ ئەوەی هەمو گوندەکان سودمەندبن لە هەریەکە لەو جۆرە ڤاکسینانەی بۆمان دێت.
 
8. تۆڕى مۆبایل و ئینتەرنێت
لە ئێستادا هێڵی پەیوەندی مۆبایل و ئینتەرنێت یەکێکە لەو پێداویستیانەی نەک لە شارەکان، به‌ڵكو لەلایەن گوندنشینەکانیشه‌وه‌ پێویستییه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ له‌ گونده‌كاندا وه‌كپێویست نییه‌.
سه‌لام رەحیم، ئەنجومەنی گوندی دوانزە ئیمامـى سەر بە قەزای کفری، دەڵێت: بەگشتی شەبەکە و ئینتەرنێت لە هەمو شوێنێکی گوندەکەمان خراپە، بەهۆی نەبونی شەبەکەوە پەیوەندیمان پێوەدەکرێت دواتر نامەی ئاگەدارکەرەوەت بۆ دێت.
دەشڵێت: بۆ ئینتەرنێت سود لە هێڵی مۆبایلەکانمان وەردەگرین، ئەگەرچی ئەویش باش نیە و کێشەی خاویی هەیە.
هەروەک تەها رەشید، ئەنجومەنی گوندی سەرقزڵـى سەر بە ناحییەی قۆرەتو، دەڵێت: بەردەوام کێشەی نەبونی شەبەکەمان هەیە، ئەمەش لە هەندێک حاڵەتی زەرور کە پێویستمان بوە تەلەفۆنێک بکەین گرفتی بۆ دروستکردوین، لە هەندێک حاڵەتیشدا ئەگەر شەبەکە باش بێت کێشەی گەورەت بۆ چارەسەر دەکات.
لە بەرامبەردا، شەماڵ عومەر، بەڕێوبەری پۆستە و گەیاندنی گەرمیان، دەڵێت: پێویستە ئەو گوندانەی کێشەی شەبەکەی هێڵەکانیان هەیە هەر هێڵێک بێت، داواکاریمان بۆ بهێنن، ئێمە داواکەیان بۆ بەرزدەکەینەوە بۆ ئەو کۆمپانیایه‌ی دەیانەوێت.
دەشڵێت: پاش بەرزکردنەوەی داواکاریی، کۆمپانیای ناوبراو نوسراومان بۆ دەکات بۆ ئەوەی لیژنەی ئێمە لەگەڵیان بچنە سەردانی ئەو شوێنەی کێشەی شەبەکەی هەیە، پێویستیان بە زیادکردن یان دانانی بورج بێت بەپێی رێنماییەکانی حکومەت و وەزارەت کارەکانیان بۆ رایی دەکەین.
 
9. دۆخی ئه‌منی
لە دوای روداوه‌كانى 16ـى ئۆکتۆبەری 2017ـه‌ و خراپبونی دۆخی ئەمنی، هەندێک لە گوندەکانی سەر بە ناحییەی زینانە رویان لە چۆڵبون کردوە خەڵکی لەپێناو پاراستنی ژیانیان گوندەکەیان بەجێهێشتوە.
شێرکۆ یاسین، ئەنجومەنی گوندی دوراجی سەر بە ناحییە زینانە، دەڵێت: ژیانمان لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، لەڕوی ئەمنییەوە ژیانمان لە ناو ئاگر و ئاسندایە، 2 كیلۆمه‌تر لە داعشەوە دورین کە لەماڵ دێینە دەرەوە  ژیانمان پارێزراو نییە.
دەشڵێت: خراپی باری ئەمنی وایكردوه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ گوند بەجێبێڵن، 73 ماڵ بوین ئێستا بەوهۆیەوە 8 ماڵ ماوینەتەوە و گوند چوڵبوە، بەتایبەتیش ئەم کۆچکردنەی دانیشتوانی گوند دوای شەهیدکردنی کوڕەکەم لەلایەن چەکدارانی داعش، روی لە زیادبون کرد. 
هاوكات فەرمان عه‌بدوڵڵا، ئەنجومەنی گوندی قەڵاـى سەر بە ناحییەی زینانە، دەڵێت: گوندەکەمان کۆتا گوندە لە سنورەکەدا، تەنیشتمان چەکدارانی داعشە کە تەنها 10 دەقە درون لێمانەوە.
دەشڵێت: خراپی باری ئەمنی لە زۆر روەوه‌ کێشەی بۆ ژیانمان دروستکردوە، ناتوانین بە شەو بڕۆینە دەرەوە بۆ ئاودانی کشتوکاڵ، بە رۆژیش دوربکەوینەوە بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵات.
خراپی دۆخی ئەمنی بۆ شوانکارەکان قورسترە، ناتوانن بەیەک کەسەوە کاری شوانکارەیی بکەن.
هێمن رەشید، شوانکارێکی گوندی دوراجییە، دەڵێت: ئێمە کە کاری شوانکاریی دەکەین، بەهۆی خراپی باری ئەمنی ژیانمان لە مەترسیدایە، ناتوانین مەڕوماڵاتمان دوربخەینەوە، چونکە چەکدارانی داعش هەلیان بۆ رێککەوێت یان تەقەمان لێدەکەن یان شوان بە بارمتە دەبەن.
وتیشی: برایەکم لەلایەن داعشەوە برا بە بری 3 دەفتەر ئازادیان کرد، هەربۆیە شوانەکان بەهۆی ترس لەسەر ژیانیان، لە گوند دورناکەونەوە.
"ئەوانەی ئاژەڵدارن هەمویان دو کەسیان لەگەڵدایە بە چەکەوە دەچن بۆ شوانکاریی". فەرمان عه‌بدوڵڵا، ئەنجومەنی گوندی قەڵا سەربەناحییەی زینانە وای وت.
وتیشی: "شوانێک دەڕواتە خوارەوەی گوند، نەک خۆی، خێزانەکەشی لە رەزالەتدایە" پێویستمان بەوەیە لەروی ئەمنیەوە پارێزگاریمان لێ بکرێت.
ئاماژەش بەوە دەکات: ئاژەڵدارەکان دەستیان لە ئاژەڵداری هەڵگرتوە و گوندیان بەجێهێشتوە، ئەوەشی کە ماوەتەوە ئێستە کە وەرزی لەوەڕە شوانەکان ناتوانن ئاژەڵەکانیان دوربخەنەوە دەبێت دەستبکەن بە پێدانی ئالیک.
هاوکات وەهاب ئەحمه‌د، بەڕێوبەری ناحییەی زینانە، دەڵێت: هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش ئەمنیەتی سنورەکەیان پاراستوە، بەتایبەت گوندە نزیکەکان، هەروەها هێزەکانی کۆماندۆ و هاوپەیمانانیش بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنیان هەیە بۆ ئەو سنورە.
دەشڵێت: سنورەکە  سروشتێکی سەخت و عاسیە لەناو قوڵای دۆڵ و هەردەکاندا  جارجار هەندێک مەفره‌زه‌ى شاراوە داعشی تیایە، هاوڵاتیانی گوندەکانی ئەو سنورانە روبەروی گرفت دەبنەوە، باشتروایە بۆ پاراستنی ژیانیان جوتیار و ئاژەڵدارەکان رێنماییە ئەمنییەکان جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی توشی گرفت نەبنەوە.
 
10. كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاک
كۆنه‌كردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاك، یاخود فڕێدان و سوتاندنى، له‌و كێشانه‌ن كه‌ له‌ گونده‌كاندا بونیان هه‌یه‌.
ئەگەرچی بەشێک زۆر لە گوندەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان بەهۆی دوری و نەبونی جادەی قیر ئۆتۆمبێلەکانی کۆکردنەوەی خۆڵ وخاشاک  بۆ گوندەکانیان ناچێت، ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بۆ بەشکێک لەو گوندانەش ناچن کە پێشتر رۆشتون.
محه‌مه‌د حەمەکه‌ریم، ئەنجومەنی گوندی زەماوەنگەـى سەر بە قەزای کەلار، دەڵێت: ئۆتۆمبێلەکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک ساڵانی رابردو دەهاتن بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی گوندەکەمان، بەڵام ئێستا نایەن.
وتیشی: دانیشتوانى گونده‌كان، پاشماوەکانیان دەسوتێنن یان لە چەمەکان فرێیدەدەن، بەم رێگایەش هەرچەندە ژینگەکەمان بپارێزین ژینگە پیس دەکەین. 
"ئۆتۆمبێلەکانی کۆکردنەوەی ماوەی دوساڵە نایەن بۆ کۆکردەوەی پاشماوەکانی گوندەکە، بۆ ئەوەی ژینگەی ئاواییەکەمان پیس نەبێت، خەڵکی گوند لە چەم و دۆڵەکاندا پاشماوه‌كان فڕێدەدەن". سه‌لام رەحیم، ئەنجومەنی گوندی دوانزە ئیمامـى سەر بە قەزای کفری وای وت.
لە بارەی نەڕۆشتنی ئۆتۆمبێلەکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک بۆ ئەو گوندانەی کە پێشتر رۆشتون، بەرزان فایەق، سەرۆکی لیژنەی کۆکردنەوەی خۆڵ خاشاک لە بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان، دەڵێت: ئەو قەیرانە داراییەی کە لە رابردودا هەبوە، ئێستا خراپتر بوە، لە مانگی 11ـی ساڵی رابردوه‌وە کە کۆمپانیای نوێ دەستبەکاربوە، كه‌چى تائێستا (ناوه‌ڕاستى مانگى نیسانى 2025) پێشینەیان وەرنەگرتوە.
دەشڵێت: چارەسەری ئەم گرفتە پەیوەندیدارە بە باشبونی ئەو قەیرانە داراییەی کە هەیە.
هەندێک لە گوندەکان بەهۆی نەبونی رێگاوبان و جادەی قیر، ئۆتۆمبێلەکانی شارەوانی سەردانیان ناکەن.
ئیسماعیل سابر، ئەنجومەنی گوندی سەی حسێن سەربە ناحییەی سەرقەڵا، دەڵێت: بەهۆی ئەوەی گوندەکە رێگاکەی باش نییە، ئۆتۆمبێلەکانی كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاک بۆ گوندەکەمان نایەن، دانیشتوانی گوند لە رێگەی سوتان و فرێدان لە چەم و دۆڵەکان پاشماوەکانیان لەناو دەبەن، ئەم رێگایەش دەبێتە هۆی پیسبونی چەمەکان.
لە بەرامبەردا بەرزان فایەق، سەرۆکی لیژنەی کۆکردنه‌وەی خۆڵ و خاشاک لە بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان، دەڵێت: بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای کۆکردنه‌وەی خۆڵ و خاشاکدا کراوە، ئەو گوندانەی جادەی قیریان هەیە ئۆتۆمبێلیان بۆ دەچێت و ئەوانەشی رێگای گوندەکانیان قیر نییە بۆی ناڕوات.
 
11. نەبونی ناوەندی پشودانی گەنجان و ژنان و مناڵان
"لە گوندەکەمان هیچ ناوەندێک نیە بۆ گەنجان تیایدا پشو بدەن و کاتەکانیان تیادا بەسەربەرن، ئێمە بێ بەشین لە هەرشتێک کە سودی بۆ گەنج هەبێت و خزمەت بەگەنج بکات". هونەر سەردار، گەنجێکی دانیشتوی گوندی دوانزە ئیمامی سەر بە قەزای کفری، وای وت.
وتیشی: ژمارەی یاریزانمان زۆرە یاریگایەکی باشمان نیە، هیچ بۆ گەنجی گوندەکان نەکراوە وەک مەلەوانگە و یاریگا، مەعقول نیە هەمو شەوێک لێرەوە بچین بۆ کفری و رزگاریی بۆ یاریکردن، ساحەیەکی خۆڵمان هەیە بۆمان چیمەن بکرێت یان یاریگایه‌كى تارتانمان بۆ دروستبکرێت هەرباشە.
له‌به‌رامبه‌ردا، قەیس سەعدوڵڵا، بەڕێوبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى لاوانی گەرمیان، دەڵێت: گەنجانی گوندەکان هەقیانە شوێنی حەوانەوە و یاریگایان هەبێت، بەڵام ئەمە بودجەی دەوێت و لە توانای ئێمەدا نییە.
دەشڵێت: دروستکردنی یاریگایەکی تارتان 40 بۆ 50 هه‌زار (4 بۆ 5 دەفتەر دۆلار) تێچوەکەیەتی، ئه‌مه‌ش لە توانای ئێمەدا نییە، ئێمه‌ پێشینەیەکی 700 هەزاریمان هەیە ماوەی 5 مانگە بڕاوە.
دانیشتوانی گوندەکان ئەنجامدانی خول و چالاکی بۆ گەنجانی گوندەکانیان بە گرنگ دەزانن.
"هیچ شوێنێک نایەن بۆ گوندەکەمان  لە رێگەی کردنه‌وەی خولەوە سود بە گەنجان و مناڵان و ژنان بگەیەنێت، زۆرپێویستە ئەم جۆرە چالاکیانە بێنە گوندەکان". سه‌مین رەشید، ئەنجومەنی گوندی شێخ لەنگەری خوارو، وای وت.
سەردار مه‌جید، ئەنجومەنی گوندی شۆراوەـى سەر بە ناحییەی رزگاریی، دەڵێت: هیچ چالاکیەک بۆ گەنج و مناڵ روی لە گونده‌كه‌مان نەکردوە، هێنانی چالاکی و خول بۆ گەنجان پێویسته‌، بەڵام ئایا دەکرێت؟!
"گەنجانی گوندەکان پێویستیان بەو خولانەیە کە لەرێگەیەوە فێری پیشەیەک دەبن بیکەن بەسەرچاوەکی داهات، وەک خولی سەرتاشی کە دەتوانێت هەر لەناو گوندەکه‌دا دوکانێکی سەرتاشی بکاتەوە، گەنج  لە بێکاریی و دەستبەتاڵی دورخاتەوە". هونەر سەردار، دانیشتوی گوندی دوانزە ئیمام، وای وت.
لەبەرامبەردا عادل حسێن، بەڕێوبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان، دەڵێت: چالاکی رۆشنبیری و هونەریمان نەبوە لەگوندەکاندا، ئەنجامدانی چالاکی پێویستی بە خەرجییە و دەبێت بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت، ئەو چالاکیانەی ئێمە لەسنوری گەرمیاندا ئەنجامی دەدەین لەسەر پێشینەی خۆمانە.
دەشڵێت: ئەو چالاکیانەی لەناحییەکاندا ئەنجاممانداوە، ئەو هونەرمەند و رۆشنبیرانەی نیشتەجێی گوندەکانن، سودیان لێ بینیوە.
نه‌ك هه‌ر گه‌نجان، ئه‌وه‌ ژنانیشن له‌ هه‌ر چالاكییه‌كى پشوئامێز و فێركاریی بێبه‌شن.
له‌یلا ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى تیمی رێكخراوى ئه‌دوی كه‌ كار له‌گونده‌كان دا ده‌كه‌ن، وتى: لەروی بونی شوێنێک بۆژنان کاتی تیادا بەسەربەرن یان پیشەیەک فێربن لە ناو گوندەکاندا نییە، زۆرجار ئێمە کە کۆیان دەکەینەوە لە چالاکیەکانمان دەستخۆشیمان لێدەکەن بەهۆی ئێمەوە کۆبونەتەوە و یەکیان بینیوە.
جه‌ختیشیكرده‌وه‌: کچان و ژنانی ناو گوندەکان زۆر پێویستیان بە بینینی خولە کە فێری پیشەیەکیان بکات، ماوەی چەندین ساڵە کە خولی خەیاتیمان بۆ کردونەتەوە ئێستا بون بە خەیات، هەیانە خەیاتی بۆ گونده‌کەی خۆیان و گوندەکانی دەوربەریشیان دەکات، بەردەوام داوامان لێدەکەن ئەڵێن خۆتان بێت یان رێکخراو و حکومەت بەڵکو خولمان بۆ بکەنەوە.
له‌ گه‌نجان و ژنان بێناز تر، مناڵانن.
له‌یلا ئه‌حمه‌د، باسی له‌وه‌كرد هیچ پرۆژه‌یه‌ك نییه‌ بۆ مناڵانى لادێكان له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ پرۆژەی "یاری و شادی"یه‌ كه‌ رێكخراوه‌كه‌ى ئه‌وان ئه‌نجامى ده‌دات و رۆژانه‌ چەندین جۆر یاری بۆ مناڵانى ته‌مه‌ن 3 تا 15 ساڵ ده‌به‌نه‌ گونده‌كان و هه‌رجاره‌ى گوندێك به‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌ن لەگەڵ ئه‌وه‌شدا هۆشیاریان دەکەنەوە لە روی لایه‌نى ژینگە و کۆمەڵایەتی و دەرونییەوە.
وتیشی: ئەو چالاکیانەی بۆ مناڵانی گوند ئەنجامی دەدەین زۆریان پێخۆشە، کە مناڵانی گوندێک ئاگەدار دەکەینەوە سەردانیان دەکەین، زۆر بە پەرۆشن و پێمان دەڵێن شەو تا بەیانی له‌ خۆشیدا نەخەوتوین و چاوەرێمان کردون و پێش هاتنی ئێمە لە شوێنی دیاریکراودا ئاماده‌ ده‌بن.
 
12. كێشه‌ى نەبونی مامۆستای ئاینی
بەشێک لە گوندەکان سەرەڕای بونی مزگەوت، مامۆستای ئاینییان نییە، بەوهۆیەوە رۆژانی هەینی دەچنە گوندەکانی دەوروبەریان بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی.
ئەحمه‌د که‌ریم، ئەنجومەنی گوندی چەمی شۆرـى سەر بە ناحییەی شێخ تەویل، دەڵێت: مزگەوتمان هەیە، بەڵام مامۆستای ئاینیمان نییە، رۆژانی هەینی دەچین بۆ شێخ لەنگەر بۆ نوێژی هەینی.
هەروەک سەردار مه‌جید، ئەنجومەنی گوندی شۆراوە سەر بە ناحییەی رزگاریی، دەڵێت: بەهۆی نەبونی مامۆستای ئاینییەوە لە رەمەزاندا مامۆستامان لە ئێرانەوە دێت پێش نوێژیمان بۆ دەکات، دوای ئەو مانگە دەگەڕێتەوە، رۆژانی هەینیش بۆ مزگەوتی پوقە و زەرد دەڕۆین بۆ نوێژی هەینی.
لە بەرامبەردا، سه‌باح حه‌مەساڵح، بەڕێوبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان، دەڵێت: لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لەکۆی 260 مزگەوت 75 میلاکمان هەیە، 185 مزگەوتمان مامۆستای ئاینی نیە، لەناچاریدا بەهۆی ئەو بۆشاییه‌ى کە هەیە، 170 مامۆستاى خۆبەخش مزگەوتەکان بەڕێوەدەبەن.
دەشڵێت: ساڵانە مامۆستای ئاینیمان خانەنشین دەبێت و ماوەی چەندین ساڵە دامەزراندن نییە. 
ئاماژەی بەوەشکرد: مەرج نییە لە هەمو مزگەوتێکدا نوێژی هەینی ئەنجام بدرێت، تەنانەت لە کەلاریشدا هەندێک مزگەوت وتاری هەینی تیادا نییە لەبەر ئەوەی رەچاوی دوری و قەرەباڵه‌غی دەکەین، چەند گوندێک کە نزیکن لەیەکەوە لە یەک گوندا وتاری هەینی تیادا ئەنجام دەدرێت.
لەبارەی هێنانی مامۆستای ئاینیش له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ گوندەکان، بەڕێوبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان دەڵێت: ئێمە رەزامەندنین بە هێنانی مامۆستای ئاینی، دانیشتوانی گوندەکان هەرکاتێک بێنه‌ لامان هەوڵدەدەین مامۆستایان بۆ پەیدا بکەین هیچ نەبێت بۆ مانگی رەمەزان.
 
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
 
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. لە سنوری ئیدارەی گەرمیاندا 435 گوند هەیە كه‌ دابەشبون بەسەر 9 ناحییەدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك گوند كه‌ راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ قه‌زاكانن. ئه‌مانه‌ ژماره‌ى دانیشتوانیان جیاوازه‌، به‌زۆری ئه‌و گوندانه‌ قه‌ره‌باڵغترن كه‌ نزیكن له‌ ناوه‌ندى ناحیه‌ و قه‌زاكانه‌وه‌.
2. گوندنشینه‌كان زۆربه‌یان به‌ كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارییه‌وه‌ سه‌رقاڵن، جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ دانیشتوانه‌كه‌ى فه‌رمانبه‌رى مه‌ده‌نى و ئه‌منی و عه‌سكه‌رین.
3. گونده‌كانى گه‌رمیان به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، هه‌ر له‌ بوارى خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان، تاده‌گات به‌ بونى ناوه‌ندى پشودان. له‌م راپۆرته‌دا 12 كێشه‌ى بنه‌ڕه‌تیمان ده‌ستنیشان كردوه‌، كه‌ بریتین له‌:
ا. ئاو: خۆی له‌ نه‌بونى سه‌رچاوه‌ى ئاو، یان كه‌می سه‌رچاوه‌ى ئاو، یان نه‌شیاوی سه‌رچاوه‌ى ئاودا ده‌بینێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ نه‌بونى پرۆژه‌ له‌ نمونه‌ى (بیر و تۆڕى دابه‌شكردنى ئاو).
ب. كاره‌با: به‌شێكى كه‌م له‌ گونده‌كانى گه‌رمیان كاره‌بای نیشتمانییان پێنه‌گه‌یشتوه‌، به‌ڵام زۆرینه‌ى گونده‌كان كێشه‌ى لاوازیی ڤۆڵتییه‌ى كاره‌با و خراپی هێڵه‌كانى گواستنه‌وه‌ى كاره‌بایان هه‌یه‌.
ت. ته‌ندروستى: 13.5%ـى گونده‌كانى گه‌رمیان بنكه‌ى ته‌ندروستییان تێدایه‌، ئه‌م بنكانه‌ش ده‌وام و رۆڵ و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان سنوردارن و له‌جێی پێویستی و ره‌زامه‌ندی دانیشتوانى گونده‌كاندا نین.
پ. رێگاوبان: زۆرینه‌ى گونده‌كان كێشه‌ى رێگاوبانیان هه‌یه‌، چ به‌ نه‌بونى رێگاى قیرتاوكراو، یاخود به‌ رێگاى خۆڵیی كوتراو، ئه‌مه‌ سه‌رباری بڕینی رێگا له‌ وه‌رزی زستان و خراپبونى پردی سه‌ره‌كی هاتوچۆی هه‌ندێك له‌ گونده‌كان.
ح. په‌روه‌رده‌: له‌ گونده‌كانى گه‌رمیاندا 390 قوتابخانه‌ و 33 باخچه‌ى ساوایان هه‌ن، به‌ڵام ئه‌مانه‌ روبه‌ڕوى چه‌ندین كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌، له‌نمونه‌ى خراپی بینا، نه‌بونى كاره‌با، نه‌بونى پێداویستی و...هتد. هه‌روه‌ك نه‌بونى قوتابخانه‌ى ئاماده‌یی یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له‌ كێشه‌ زه‌قه‌كان.
خ. كشتوكاڵ و ئاژڵداریی: به‌كاریگه‌رىى وشكه‌ساڵیی، زۆرجار كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداریی سنوره‌كه‌ روبه‌ڕوى كێشه‌ و فه‌وتان و زیان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ى كه‌ حكومه‌ت هاوكارییه‌كانى تاڕاده‌ى وه‌ستان، بۆ گوندنشینان له‌و دو كه‌رته‌دا راگرتوه‌.
ج. كێشه‌ى تۆڕى مۆبایل و ئینته‌رنێت: كێشه‌یه‌كى زه‌قی گونده‌كان خراپی تۆڕى مۆبایل و ئینته‌رنێته‌، كه‌ ئه‌مه‌ش گرفتى زۆری بۆ دانیشتوانه‌كه‌ى دروستكردوه‌.
چ. كێشه‌ى ئه‌منی: هه‌ندێك له‌و گوندانه‌ى كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ى سنوریى به‌تایبه‌تى له‌ ناحیه‌كانى زینانه‌ و كۆكس، مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌منییان له‌سه‌ر، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ دانیشتوانه‌كه‌ى یان كۆچ بكه‌ن، یان له‌ نائارامییدا بمێننه‌وه‌.
د. كێشه‌ى خاشاك: خاشاكى گونده‌كان كۆناكرێته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى ناته‌ندروست له‌ناوده‌برێت، كه‌ ئه‌مه‌ش زیانی ژینگه‌یی زۆری هه‌یه‌.
ر. كێشه‌ى گه‌نجان و ژنان و مناڵان: نه‌ ناوه‌ندی تایبه‌ت به‌ پشودانى گه‌نجان و ژنان و مناڵان له‌ گونده‌كاندا هه‌یه‌، نه‌ حكومه‌ت هیچ چالاكییه‌ك له‌و بوارانه‌دا بۆ ئه‌و توێژانه‌ ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌مه‌ش واده‌كات بێبه‌ش بن له‌ زۆر به‌هره‌ كه‌ له‌ ناحیه‌ و شاره‌كاندا هه‌ن.
ز. كێشه‌ى نه‌بونى زانای ئاینی: زۆرینه‌ى گونده‌كان مزگه‌وتیان هه‌یه‌، به‌ڵام مامۆستای ئاینییان نییه‌، به‌مه‌ش زۆرجار مزگه‌وته‌كانیان به‌كارناهێنن بۆ سروته‌ ئاینییه‌كانیان و رو له‌ گونده‌كانى دیكه‌ ده‌كه‌ن.
 
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. گونده‌كانى گه‌رمیان له‌ دۆخێكى سه‌ختی ژیاندان، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ زۆرینه‌یان رو له‌ چۆڵبون بكه‌ن، به‌هۆی نه‌بونى خزمه‌تگوزاریی پێویسته‌وه‌. جگه‌ له‌و گوندانه‌ى كه‌ نزیكن له‌ شه‌قامى سه‌ره‌كی یان سه‌نته‌رى ناحیه‌ و قه‌زاكان، ئه‌وانى دیكه‌ دوا ساته‌كانى خۆیان ده‌ژمێرن.
بۆ ئه‌مه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت به‌رنامه‌ و پلانی پێویست و خێرا دابنێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هانى حكومه‌تى هه‌رێم و ئیداره‌ى گه‌رمیان و هه‌ردو زانكۆی گه‌رمیان و پۆلیته‌كنیك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى كۆنفرانسێكى فراوان ببه‌ستن و له‌سه‌ر دانانى میكانیزمێك بۆ چۆنیه‌تى پاراستنى گونده‌كان و ده‌ربازكردنیان له‌م دۆخه‌، بگه‌نه‌ گه‌ڵاڵه‌یه‌ك. 
2. ئه‌و بنه‌مایانه‌ى واده‌كه‌ن مرۆڤ ژیانى گوند هه‌ڵبژێرێت، زۆر لاواز بون، خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌ گونده‌كاندا خراپن. بۆیه‌ هانى ئیداره‌ى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌ گشتى و داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌ده‌ین كه‌ بایه‌خى زیاتر به‌م لایه‌نه‌ بده‌ن و وابكه‌ن خزمه‌تگوزاریی گونده‌كان پشتگوێ نه‌خرێت.
3. كۆچكردنى دانیشتوانى گوند بۆ شار، بوه‌ به‌ دیارده‌یه‌كى به‌رچاو، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك مه‌ترسی ئابوری و دیموگرافی هه‌یه‌، له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ هێنده‌ى تر شاره‌كان قه‌ره‌باڵه‌غ و جه‌نجاڵ ده‌كات. بۆیه‌ گرنگه‌ هاوسه‌نگى نێوان شار و لادێكان بپارێزرێت و هه‌مو گرنگیپێدانه‌كان بۆ شاره‌كان نه‌بن به‌ ته‌نیا.
4. گۆڕانكاریی كه‌شوهه‌وا زۆر به‌ زه‌قی له‌ گونده‌كاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیان له‌ گوند دا داناوه‌، له‌نمونه‌ى دوباره‌بونه‌وه‌ى به‌رده‌وامى وشكه‌ساڵیی و كه‌مبونه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌كانى ئاو و له‌وه‌ڕگا و..هتد. بۆیه‌ گرنگه‌ حكومه‌ت لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى هه‌مه‌ لایه‌نه‌ى ئه‌م مه‌ترسییانه‌ بكات و هه‌وڵبدات چاره‌سه‌رى گونجاوى بۆ بدۆزێته‌وه‌، له‌نمونه‌ى دروستكردنى پۆند و به‌نداو بۆ گلدانه‌وه‌ى ئاو، یاخود گرتنه‌به‌رى رێكارى به‌دیل بۆ كشتوكاڵكردن و ئاژه‌ڵداریی.
5. ژینگه‌ى قوتابخانه‌ى گونده‌كان یه‌كجار نه‌گونجاون، زۆرینه‌یان بنه‌ما مرۆییه‌كانیان له‌ بونى بینای گونجاو و سه‌لامه‌ت و خاوێن و فێنك تێدا به‌رجه‌سته‌ نه‌كراوه‌. جگه‌ له‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بونى قوتابخانه‌ى ئاماده‌ییه‌وه‌ زۆرینه‌ى قوتابیان روبه‌ڕوى مه‌ترسی ده‌ركردنیان له‌ خوێندن ده‌بنه‌وه‌، به‌وهۆیه‌ى خێزانه‌كانیان تواناى ئه‌وه‌یان نییه‌ بیاننێرنه‌ قوتابخانه‌ى ناحیه‌ و قه‌زاكان. 
بۆیه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ین كه‌ چاو به‌م یاسایه‌یدا بخشێنێته‌وه‌ و له‌ گونده‌كانیش قۆناغی ئاماده‌یی به‌پێی پێویست بكاته‌وه‌ یاخود له‌نێوان چه‌ند گوندێكدا كه‌ نزیكی یه‌كترین، ئاماده‌ییه‌ك بكاته‌وه‌.
6. بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان تێبینی زۆر له‌سه‌ر كاركردنیان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت خودی به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستی گه‌رمیانیش له‌ ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كانیان رازیی نییه‌ و پێیوانییه‌ بتوانێت رۆڵێكى راسته‌وخۆ ببینێت بۆ خزمه‌تى هاوڵاتیان. له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ر خودی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ پرۆژه‌یه‌كى هه‌یه‌ بۆ كاراكردنى خزمه‌تگوزاریی له‌ گونده‌كان، به‌ڵام به‌وته‌ى خۆیان به‌هۆكارى ململانێی حزبییه‌وه‌ پشتگوێخراوه‌.
بۆیه‌ پێشنیاز ده‌كه‌ین بۆ ئیداره‌ى گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان، پێداچونه‌وه‌یه‌ك به‌م خزمه‌تگوزارییه‌ بكه‌ن و هه‌ڵسه‌نگاندنێكى گشتى بۆ ئاستى خزمه‌تگوزارییه‌كان بكه‌ن و له‌و پرۆژه‌یه‌ش بكۆڵنه‌وه‌ كه‌ ته‌ندروستى گه‌رمیان دایناوه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ بكرێت و ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت، یاخود به‌شێوه‌یه‌كى ئه‌زمونى بخرێته‌ ژێر تاقیكردنه‌وه‌وه‌ و له‌ ئه‌گه‌رى سه‌ركه‌وتنى دا به‌سه‌ر هه‌مو ناوچه‌كاندا بچه‌سپێنرێت.
جگه‌ له‌وه‌ش پێشنیاز ده‌كه‌ین كه‌ بره‌و به‌ نۆرینگه‌ى گه‌ڕۆك بدرێت بۆ گونده‌كان، كه‌ رۆژانه‌ ستافی پزیشكیی گونده‌كان به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌.
7. چه‌ند جارێك به‌ڕێوبه‌ره‌ حكومییه‌كان له‌م راپۆرته‌دا باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن دانیشتوانى گونده‌كانه‌وه‌ ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه‌ له‌ بونى كێشه‌ى گونده‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌رى نه‌بونى په‌یوه‌ندیه‌كى باشه‌ له‌نێوان هاوڵاتیان و به‌رپرسانى حكومی. بۆیه‌ پێشنیاز ده‌كه‌ین به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ و قایمقامى قه‌زاكان، مانگانه‌ به‌شێوه‌یه‌كى خولیی "ده‌وری" كۆبونه‌وه‌ به‌ ئه‌نجومه‌ن و ده‌سته‌یه‌ك له‌ دانیشتوانى گونده‌كان بكه‌ن و تیایدا باس له‌ كێشه‌كانیان و شێوازی چاره‌سه‌ركردنیان بكه‌ن.
8. زۆرینه‌ى كێشه‌ى كاره‌بای گونده‌كان به‌ دانانى وێستگه‌ى كاره‌با چاره‌سه‌ر ده‌بێت، گرنگه‌ حكومه‌ت ده‌ستوبرد بكات له‌ دانانى ئه‌م وێستگانه‌، بۆ ئه‌وه‌ى چیتر گونده‌كان به‌ده‌ست ئه‌م كێشه‌یه‌وه‌ نه‌ناڵێنن.
هه‌روه‌ها پێویسته‌ حكومه‌ت هانى هاوڵاتیان بدات به‌ به‌كارهێنانى شێوازی به‌دیل و دۆستى ژینگه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با، له‌نمونه‌ى سودبینین له‌ وزه‌ى خۆر بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاوكاریی دارایی و ده‌ستپێشخه‌ریی دیكه‌ى هه‌بێت.
9. دانانى خاڵی زیاتری پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌و ناوچانه‌ى كێشه‌ى ئه‌منییان هه‌یه‌، به‌ هه‌نگاوێكى پێویست داده‌نرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كان و دڵنیاییدان به‌ دانیشتوانى گونده‌كان.
10. پێویسته‌ حكومه‌ت كۆمپانیاكانى په‌یوه‌ندیی ناچار بكات به‌وه‌ى چاره‌سه‌رى خێرای تۆڕ و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان له‌ گونده‌كاندا بكه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت به‌ڕێوبه‌رایه‌تى پۆسته‌ و گه‌یاندنى گه‌رمیان رۆڵی هه‌بێت و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ راده‌ى ئه‌م كێشه‌یه‌ بكات و لێی بكۆڵێته‌وه‌، پاشان كۆمپانیاكان ئاگادار بكاته‌وه‌ و ناچار به‌ چاككردنى خزمه‌تگوزارییه‌كانیان بكات.
11. پێشنیاز بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى رێگاوبانى گه‌رمیان ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ رێگاى سه‌رجه‌م گونده‌كان بكات و پلانێك دانێت و به‌پشت به‌ستن پێی ساڵانه‌ به‌پێی توانا ده‌ست به‌ چاككردنه‌وه‌یان بكات.
12. نه‌بونى ناوه‌ندى چالاكی و هیچ پرۆژه‌یه‌كى چالاكیی بۆ توێژه‌كانى ژنان و مناڵان و گه‌نجان، لێكه‌وته‌ى ده‌رونی زۆری هه‌یه‌. هانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌ده‌ین كه‌ به‌ هاوكاریی رێكخراوه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كاربكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانى پرۆژه‌ و چالاكی له‌ گونده‌كان و كۆتاییهێنان به‌و شێوازه‌ى كاركردن كه‌ هه‌مو چالاكییه‌ك له‌ ناوه‌ندى قه‌زا و ناحییه‌كاندا كورت ده‌كاته‌وه‌.
13. پێویسته‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى ئه‌وقافی گه‌رمیان هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ مزگه‌وتى گونده‌كان بكات و به‌پێی ژماره‌ى دانیشتوان و شوێنى جوگرافیی، زانای ئاینی بۆ مزگه‌وته‌كان دیاریی بكات به‌تایبه‌تى بۆ ئه‌نجامدانى نوێژی هه‌ینی، به‌شێوه‌یه‌ك چه‌ند گوندێكى نزیك له‌ یه‌ك مزگه‌وتێكیان بۆ دیاریی بكات.
14. پرسی ژینگه‌ له‌ گونده‌كاندا زۆر پشتگوێخراوه‌، چ له‌ روى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ و خۆڵ و خاشاكه‌وه‌، چ له‌ روى رێژه‌ى سه‌وزایی و بونى دار و نه‌مامه‌وه‌. گرنگه‌ حكومه‌ت ئه‌م لایه‌نه‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگرێت و پشتگوێی نه‌خات، چونكه‌ دواجار ژینگه‌ى ناوچه‌كه‌ یه‌ك به‌شه‌ و پارچه‌ پارچه‌ ناكرێت.