
دەنگ نێت
پاش دەستکردن بە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵی قوربانیانی ئەنفال، بەرپرسێکی عێراقی ئاماژە بەوە دەکات ئەگەری زۆرە قوربانییەکان خەڵکی کەلار بن.
زیا کەریم، بەڕێوبەری گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی راگەیاندوە: تیمێکی پسپۆڕ لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە (کانونی یەکەمی ٢٠٢٤) دەستی بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە ناوچەی "تل شێخییە" لە پارێزگای موسەنا لە باشوری عێراق کردوە.
وتیشی: دوای هەڵدانەوەی چینی یەکەمی خۆڵی سەر گۆڕەکە، روفاتی قوربانییەکان دەرکەوتن کە هەمویان ژن و مناڵن و جلی کوردیی بەهارەیان لەبەردایە.
ئاماژەی بەوەشکرد ژمارەیان هێشتا نەزانراوە، بەڵام سەروی سەد روفات دەبن و پێدەچێت خەڵکی قەزای کەلار بن.
لە پرۆسەی تاوانی ئەنفالدا خودی ناوەندی قەزای کەلار بەر پرۆسەکە نەکەوت، بەڵام گوندەکانی بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە ناحیەکانی رزگاریی و شێخ تەویلن، بە چڕی بەر پرۆسەکە کەوتن.
بەوتەی ئەو بەرپرسە عێراقییە، بەشێکی ئەو قوربانیانە پێش لەگۆڕنانیان لە نزیکەوە فیشەک نراوە بە سەریانەوە، بەشێکی دیکەشیان زیندەبەچاڵ کراون، چونکە شوێنی فیشەک بە جەستەیانەوە نییە.
لایخۆشییەوە ئەحمەد قوسەی، سەرۆکی تیمی گەڕان بەدوای گۆڕە بە کۆمەڵەکان، ئاماژەی بە قورسیی کارەکەیان کرد بەتایبەتی لە جیاکردنەوەی روفاتەکان لە یەکتری، بەوهۆیەی هەندێکیان دایکن و مناڵەکانیان لە ئامێزگرتوە و روفاتەکانیان تێکەڵی یەک بون.
هاوکات زرغام کامل، سەرۆکی تیمی نیشتیمانی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بە ئاژانسەکەی وتوە: گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵ لە نزیک زیندانی نوگرە سەلمان دۆزراوەتەوە، کە لە سەردەمی رژێمی پێشودا زیندانیانی سیاسی و قوربانیانی ئەنفالی تێدا زیندانیی کرابو.
بەپێی داتاکانی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی پرۆسەکانی ئەنفالدا، سەروی ١٨٢ هەزار هاوڵاتی شەهید کراون، هەروەک تائێستا ٢٨٩ گۆڕی بەکۆمەڵ لە دوای ساڵی ٢٠٠٦ـەوە هەڵدراونەتەوە، ئەمەش بەپێی داتاکانی دەستەی شەهیدانی عێراقی.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵرێژهیهكی مهترسیدار.. رۆژانه له كهلار 20 ههزار مهتر سێجا ئاو بهفیڕۆ دهدرێت
-
-
هەواڵدواى بڕیارهكهى قایمقامیهت هێشتا فهرمانى پێكهێنانى هێڵی گواستنهوهی پرۆژه نوێیهكانى كهلار دهرنهچوه
-
-
هەواڵبەڕێوبەری یەکێک لە دێرینترین ئامادەییەکانی کەلار دەستلەکاردەکێشێتەوە
-
-
وتار"وانەیەک لەناو ئاگر و دوکەڵدا"... با ئەم وانەیەش لە هەڵەبجەیەکانەوە فێربین
-
-
هەواڵمامۆستایانى ناڕازیی: حكومهتى ههرێم موچهى به بارمته گرتوه و حكومهتى عێراقیش باجی حكومهتى ههرێم به فهرمانبهران دهدات
-
زۆرترین بینراوەکان