بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان رەتیدەکاتەوە خێرایی رێگای کەلار- دەربەندیخان زیادبکرێت
هەواڵ
07:26PM - 2026-11-25 , بینین : 63


رادیۆی دەنگ


بەشێک لە شۆفێران گازندەی ئەوەدەکەن خێرای کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر رێگەی کەلار-دەربەندیخان کەمە و پێویستە زیاد بکرێت، بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیانیش دەڵێت: ناتوانرێت دەستکاریی خێرایی ئەو رێگەیە بکرێت.

چەند شۆفێرێک کە قسەیان بۆ رادیۆی دەنگ کردوە، داوای ئەوەیان کردوە سەقفی خێرایی لە رێگای کەلار- دەربەندیخان زیاد بکرێت کە ئێستا بە ١٠٠کم لە کاتژمێرێکدا دیارییکراوە.

پاساوی ئەوان ئەوەیە کە رێگاکە فراوان و گونجاوە بۆ زیادکردنی.

لەبەرامبەردا وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان، باسی لەوەکرد هەندێک لە شۆفێر بەتایبەتی ئەوانەی کاری شۆفێریی دەکەن، سکاڵایان هێنا و داواکارییان کرد خێرای ئەو رێگەیە دەستکاری بکرێت.

سامان عەلی، وتیشی: نەک ئۆتۆمبیلی تایبەت، بەڵکو هەندێک شۆفێری پاس داوای زیادکردنی سەقفی خێراییان کردوە کە بۆ ئەوان ٨٠ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.

باسی لەوەشکرد پەیوەندییان بە سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە خێرایی ئەو رێگەیەوە کردوە بۆ ئەوەی بزانن دەتوانرێت گۆرانکاریی بکرێت یان نا.

رونیکردەوە: پێیان راگەیاندنین بۆ هەر گۆڕانکارییەک کۆمەڵێک مەرج هەیە، یەکێک لەوانە ئەوەیە پانتایی ئەو رێگەیە پێویستە ئەوەندە بێت کە ٣ ئۆتۆمبێلی تێدا بڕوات، هاوکات هیچ یوتێرنێکی تێدا نەبێت و هەمو یوتێرنەکان بەرزە پردبێت.

جەختیشیکردەوە: بۆیە بەپێی ئەو رێنماییانە، خێرایی  رێگاکە وەکخۆی دەمێنێتەوە و زیاد ناکرێت.

↑