چالاکوانێک هۆشداریی دەدات زیادبونی وازهێنانی کچانی گوندنشینی گەرمیان لە خوێندن
هەواڵ
07:16PM - 2026-11-24 , بینین : 18


رادیۆی دەنگ

چالاکوانێک ئاشکرای دەکات وازهێنانی کچان لە خوێندن لە گوندەکانی گەرمیاندا روی لە زیاد بون کردوە، ئەمەش بە کۆمەڵێک هۆکار گرێدەداتەوە، یەکێک لەوانە نەبونی قوتابخانەی پێویستە.

لەیلا ئەحمەد، چالاکوان و ئەندامی رێکخراوی ئەدوی لە گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: بەپێی داتاکانی ئەم چەند مانگەی ئەمساڵی خوێندن، وازهێنانی کچان لە خوێندن لە گوندەکان روی لە زیاد بون کردوە، بەجۆرێک قوتابخانەی وامان هەیە ٤ یان ٣ خوێندکار تیایدا وازیان لە خوێندن هێناوە.

دەشڵێت: لە ئێستادا داتاکانمان کۆنەکردوەتەوە، چونکە کۆتایی ساڵەکان داتا کۆدەکەینەوە و رایدەگەیەنین، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی وازهێنان لە هەردو رەگەز زیادیکردوە.

هێمای بۆ ئەوەشکرد: کۆمەڵێک هۆکار هەن بۆ ئەم بابەتە، نەبونی قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی پێویست کە وادەکات قوتابی و خوێندکارەکان بە ناچاریی رو لە گوند و ناحیە و قەزاکان بکەن، لەگەڵ خراپی دۆخی دارایی خێزانەکان، سەرباری بێ ئومێدبونی خوێندکاران لە پرۆسەی خوێندن و چەندین هۆکاری دیکە.

↑