هەرێم و بەغدا؛ چی رودەدات؟
وتار
07:45PM - 2026-11-24 , بینین : 37


دڵشاد ئەنوەر*

ئاراستەی گوتاری سیاسی هەرێم و بەغدا بەرامبەر یەک گۆڕا، دۆخەکە بۆنی کێشمەکێش و ئاڵۆزیی لێدێ، بەتایبەت کەشی بەغدا، یەکێتی و پارتی ناچار کرد بەو هەمو ناکۆکیەوە، بەیاننامەیەکی هاوبەش دەربکەن.

هەفتەی رابردو، لە گەرمەی ناکۆکی نێوان میلیشیاکان و زەیدی لەسەر جرف ئەلسەخر، بەوردی دۆخەکەم بەپێی قۆناغ بەندی بۆ دو قۆناغ دابەش کرد، قۆناغی یەکەم جرف ئەلسەخر و قۆناغی دوەم هەرێم، روداوەکانی گرێدراو بە هەرێم زوتر هاتنە پێشەوە وەکو ئەوەی چاوەڕوان دەکرا.

پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە چی رودەدات و پلانەکان لەبەغداوە کەی داڕێژراون؟ ئەوە دەخەمەڕو کە لە رۆژانی رابردودا کۆمەڵێک شتی تر رویانداوە، دۆخی ئێستا بێ پێشینە نییە. کاتێک زەیدی هێرشیکردە سەر جرف ئەلسەخر، واشنتۆن داوای لێکرد بەرامبەر بەهەرێم نەرمتر بێت، بەڵام دواتر تۆم باراک پەیوەندی بە کۆشکی سپییەوە دەکات و لەسەر لێپێچینەوەکانی زەیدی بەرامبەر بە هەرێم رازییان دەکات.

پاشان فالح فەیاز بە پەیامێکەوە دێتە هەرێم بۆ لای بارزانی، بەڵام بارزانی خواستەکانی بەغدا رەتدەکاتەوە، هەر لەوێدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان بارزانی و زەیدی بە ئامادەبونی فالح فەیاز رودەدات.

بارزانی داوا دەکات رەچاوی جیاوازی دۆخی هەرێم و واقیعی هەرێم بکرێت، بەڵام زەیدی ئەمە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات ئەو دەستور جێبەجێ دەکات، شتێک ناکات لەدەرەوەی دەستور، بۆیە پەیوەندییەکە بێ ئەنجام تەواو دەبێت.

زەیدی لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا باسی لەوەکردوە، ئەو بەنیاز نییە جارێکیتر ببێتەوە سەرۆکوەزیران و پێویستی بە موجامەلەی لایەنەکان نییە، هەروەک ئاماژەی بەوەشکردوە خۆی لەناو بازرگانییەوە هاتوە و وردەکاریی دۆخەکە ئاگادارە، بۆیە بەجدی کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندا و بەرنامەکانی دەکات بەبێ "خاتروختور".

داواکاریی حکومەتی عێراق گێڕانەوەی ئەو ناوچە و بیرە نەوتیانەیە کە تا پێش ٢٠٠٣ لەژێر دەستی حکومەتی عێراقدا بون، ئەمەش بیرە نەوتیەکانی سوفەیە، خورمەڵە و کۆرمۆریش دەگرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی داوای کۆنترۆڵکردنی دۆسیەی نەوت دەکات.

باج و گومرگ و سەرپەرشتیکردنی ئەم دۆسیانە، داواکارییەکی تری حکومەتی عێراقە، واتە عێراق هەمو ئەو دۆسیانەی دەوێت کە بەپێی دەستور دەبێت سەر بە ناوەند بێت. لە قۆناغی داهاتوشدا فشارەکان هێزی پێشمەرگەش دەگرێتەوە. 

بێگومان هەرێم و بە دیاریکراوی پارتی، بە خواستەکانی بەغدا رازیی نییە، بۆیە کێشمەکێش سەرهەڵدەدات، کێشمەکێشی بەکارهێنانی هێز بۆ بیرە نەوتییەکان یان بردنی دۆسیەکە بۆ دادگای فیدراڵی.

هەرچەندە زەیدی بەڵێنیداوە موچەی هەرێم بەدەر بکات لە ناکۆکی، بەڵام ئەگەر دۆخەکە ئاڵۆز بێت کۆمەڵێک بژاردە دێنە پێشەوە، بەکارهێنانی بودجە وەکو فشار، یان ناردنی پشکی ناوچەیەک و راگرتنی پشکی ناوچەیەکی تر. 

بۆیە ئێستا سەرەتای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییە، پێشبینیکردن بۆ ئەنجامەکەی کە دور نییە رێککەوتنیشی تێبکەوێت.

سەبارەت بەو پرسیارەی پلانەکان لەبەغداوە کەی داڕێژراون؟ ئەم پلانانە لە سەردەمی ریفراندۆمەوە و ئەوکاتەی ئەجێندای ئێرانی و تورکی دایان لەیەک، داڕيژراون؛ بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێو ماڵی شیعە و روداوگەلەکانی ساڵانی دوای ریفراندۆم، پلانەکان دواخران.

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ناو فەیسبوکی بەندە لەکاتی ریفراندۆمدا، ئاماژەم بە رودانی ئەو روداوانە کردوە کە ئێستا هاتونەتە پێش.

بەغدا فشار دەکات و باشترین کاتیشە بۆ فشار، کە هەرێم لاوازە، یەکێتی و پارتی ناکۆکن، حکومەت و پەرلەمانمان نییە، بۆیە لەئەگەری رێککەوتن و پێکهێنانی حکومەت، رەنگە باشتر بەرگەی فشارەکان بگرن، بەپێچەوانەوە بەغدا پەرت تریان دەکات و چی خواستیشی هەیە دەیسەپێنێت.

↑