وەبەرهێنانی گەرمیان: تەنها لە ٢ پرۆژەی نیشتەجێبوندا سیستەمی "غازی مەرکەزیی" جێبەجێ کراوە
هەواڵ
06:51PM - 2026-11-22 , بینین : 201


رادیۆی دەنگ

یەکێک لەو رێکارانەی لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان گیراوەتەبەر، بەکارهێنانی سیستەمی غازی مەرکەزییە بۆ ماڵان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی گەرمیانیش ئاشکرای دەکات کە ئەو سیستەمە لە هەندێک پرۆژە جێبەجێ کراوە.

هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی دەنگ رایگەیاند: لە پرۆژەکانی نەوژین ستی و لایڤ ستی، سیستەمی غازی مەرکەزیی جێبەجێ کراوە، ئەوەش بەمەبەستی راکێشانی زیاتری کڕیار و زیادکردنی ئۆفەری فرۆشتنیان.

ئاماژەی بەوەشکرد: لە بەرامبەردا ئەو سیستەمە لە پرۆژەکانی دیکە و بەتایبەتی پرۆژەکانی تایبەت بە چین و توێژەکان، جێبەجێ نەکراوە؛ چونکە تێچوەکەی زۆرە و ئەو بارگرانییە لە ئەستۆی بەشداربو دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان هێمای بۆ ئەوەشکرد کە سەرەڕای دابینکردنی سیستەمەکە لە هەندێک پرۆژە، بەڵام تێبینی دەکرێت هێشتا زۆربەی دانیشتوان پشت بە شێوازە کۆنەکە دەبەستن و بوتڵی غاز بەکاردەهێنن.

↑