دوای ٨ مانگ هێشتا دیزانێکی نوێ بۆ کۆڕنیشەکەی کەلار دروستنەکراوە
هەواڵ
12:09PM - 2026-10-26 , بینین : 84


رادیۆی دەنگ

پاش داڕوخانی کۆڕنیشی کەلار، بڕیار بو دیزانێکی نوێی بۆ بکرێت بەمەبەستی تۆکمەکردنی، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە، رادیۆی دەنگیش وردەکاریی پرۆسەکە دەخاتەڕو.

نزیکەی ٨ مانگ تێپەڕدەبێت بەسەر داڕوخانی کۆرنیشی کەلار، بەڵام پێ دەنێینە وەرزی بارانبارینی نوێوە و تاوەکو ئێستا هەنگاوی چارەسەری بنەڕەتی بۆ دیزاینی کۆڕنیشەکە، نەنراوە.

لەدوای داڕوخانی کۆڕنیشەکە، لەنێو بۆردی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیاندا لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنرا بە سەرپەرشتی ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری تەواوی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەک (وەبەرهێنان، شارەوانی، ئاودێریی، نەخشەدانان، زانکۆی گەرمیان، زانکۆی پۆلێتەکنیکی گەرمیان و نەخشەدانان و نوێنەری ئەندازیاران)، ئەمەش بەمەبەستی دروستکردنی دیزانێکی نوێ بۆ کۆڕنیشەکە.

کاری سەرەکی لیژنەکە، دیزاینکردنی کۆرنیشەکە بو لە هەردو بەری روبارەکە لەگەڵ رێککردنەوەی رێڕەوی سیروان، بەڵام کارەکانی سەری نەگرت و وەستێنرا.

بەپێی زانیارییەکانی رادیۆی دەنگ، دوای چەند مانگێک لە دروستبونی لیژنەکە و بەهۆی ئەوەی نەیتوانی نوسینگەیەک هەڵبژێرێت بۆ ئەنجامدانی کاری دروستکردنی دیزانی کۆڕنیشەکە، کارەکانی وەستاند.

هەر بەپێی زانیارییەکان، دواتر کۆمپانیای جێبەجێکاری بڕگەی یەکەمی کۆڕنیشی کەلار، پێشنیاریکرد خۆی نوسینگەیەک هەڵبژێرێت بۆ دروستکردنی دیزاینەکە و خۆیشی تەواوی بەرپرسیارییەتی هەر ئەگەرێک هەڵبگرێت کە روبدات.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی بەرپرس کە بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ رادیۆی دەنگ کرد، لەئێستادا فەرمانگەکانی وەک (ئاودێریی، شارەوانی، وەبەرهێنان و نەخشەدانان) سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەن و لەچاوەڕوانی ئەوەن دیزانە نوێکە ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی چێکی بکەن و بڕیاری لەسەر بدەن.

رادیۆی دەنگ، لەمبارەیەوە پەیوەندی بە چەند بەرپرسێکی ئیدارەی گەرمیانەوە کرد، بەڵام بەیانوی جیاواز نەیانویست لێدوان بدەن.

↑