تابلۆی ژمارە کاتیی لە ئۆتۆمبیلی فەرمیی بەڕێوبەری ئەوقافی گەرمیان دەدرێت
هەواڵ
01:40PM - 2026-10-25 , بینین : 146


رادیۆی دەنگ

ئۆتۆمبیلی بەڕێوبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان، ئەگەرچی ئۆتۆمبیلی حکومیی فەرمییە و ژمارەکەی شینە، کەچی لێیکراوەتەوە و تابلۆیەکی ژمارە کاتیی پێوەکراوە، بەڕێوبەرەکەش دەڵێت: وەزارەتی ناوخۆ ئەو ژمارە کاتییەی پێداوین.

بەپێی بەدواداچونەکانی رادیۆی دەنگ، ئۆتۆمبیلی بەڕێوبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان کە لە جۆری تۆیۆتا پرادۆیە، کەچی تابلۆیەکی ژمارە کاتیی پارێزگای دهۆکی پێوە دەکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئۆتۆمبیلی ناوبراو ئۆتۆمبیلێکی حکومیی فەرمییە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو ئۆتۆمبیلە لە بنەڕەتدا ژمارەکەی شینە، بەڵام ئەو تابلۆ ژمارە کاتییەشی بۆ بەکاردێت.

لەبارەی هۆکاری ئەم کارەوە، م. سەباح محەمەد، بەڕێوبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئەو ژمارە کاتییە ساختە نییە، بەڵکو لە وەزارەتی ناوخۆوە دیارییکراوە و خۆیان پێشتر پێیان داوین.

وتیشی: "کاتێک کاری ناوچە جێناکۆکەکانی وەکو خانەقین یان دوزخورماتومان هەیە، بۆ ئەو رێگایانە (تابلۆکە) بەکاری دێنین".

بەڵام بەپێی ئەو وێنانەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، ئۆتۆمبیلەکە ئەمڕۆ لە گەراجی دیوانی بەڕێوبەرایەتی گشتی ئەوقافی گەرمیان لە کەلار، ژمارە کاتییەکەی پێوەبوە.

بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ، تابلۆی کاتیی بۆ ۹۰ رۆژ بەکاردەهێنرێت، ئەگەر لەماوەی ۹۰ رۆژدا تابلۆ بۆ ئۆتۆمبێلەکە نەکرێت، ئەوا هەر رۆژەی ۱۰ هەزار دینار غەرامەی دەچێتە سەر.

م. سەباح محەمەد، هەروەها وتی: داوای ژمارەیەکی دیکەی ئاساییم کردوە بۆ ئۆتۆمبێلەکەم، بەڵام دواکەوتوە و تاوەکو ئێستا پێماننەدراوە.

↑