رادیۆی ده‌نگ- ماردین حسێن
لە قەزای رزگاریی سەر بە ئیدارەی گەرمیان و له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه زۆربه‌ى كاروكاسبییهكان سیمایه‌كى پیاوانه‌یان هه‌یه، "جوانە محەمەد رۆستەم" توانیویەتی رەنگێکی دیکە بە شاره‌كه بدات. ئەو هه‌ستاوه به كردنه‌وه‌ى نه‌مامگه‌یه‌ك، كه تیایدا گوڵ و نه‌مامی جۆراوجۆر ده‌فرۆشێت.
سەرەتایەکی پڕ لە خولیا
چیرۆکی جوانە دو ساڵ پێش ئێستا دەستیپێکرد. ئەو کە خولیایه‌كى یه‌كجارى زۆری بۆ گوڵ و نه‌مام هه‌بو و هەمیشە ماڵەکەی خۆی بە سەوزایی و گوڵ رازاندبوەوە، هەستیکرد کە کاتی ئەوە هاتوە ئەم خولیایە بکات بە بەشێک لە بژێوی ژیانی. وەکخۆی دەڵێت: "حەزێکی رۆحی و دەرونیم هەبو لەگەڵ گوڵ و گەڵا و سروشت، ئیتر وردە وردە بڕیارم دا بیکەم بە پڕۆژە".
تێپەڕاندنی کۆسپەکان
وه‌ك هه‌ر ژنێكى دیكه كه ده‌ستده‌داته بونیادنانى پرۆژه‌یه‌كى كار، رێگای جوانە بێ بەربەست نەبو. لە کۆمەڵگەیەکدا کە زۆربەی كاره‌كان و له‌نێویشیدا نه‌مامگه‌كان لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبرێن، ئەو روبەروی هەندێک سەرنجی نەرێنی بوەته‌وە. جوانە دەڵێت: "هەندێك خەڵک دەیانوت بۆ ئافرەت ناشرینە و عەیبە، بەڵام من گوێم پێنەدا و خێزانەکەشم پشتگیری‌یان کردم".
خاڵی سەرنجڕاکێشی کارەکەی جوانە ئەوەیە، کە بوەتە شوێنێکی متمانەپێکراو بۆ ژنانی ناوچەکە. ئەو باس لەوە دەکات کە زۆرێک لە ژنان دڵخۆشن به سه‌ردانیكردنى، بۆیە نەمامگەکەی وه‌ك فریادڕەسێکی لێهاتوه بۆ ئەو ئافرەتانەی دەیانەوێت بە ئازادیی و بێ شەرمکردن گوڵ و روەک بۆ ماڵەکانیان بکڕن.
کارێکی سەخت وەک پەروەردەکردنی مناڵ
بەڕێوەبردنی نەمامگە تەنها ئاودانێکی سادە نییە. جوانە کارەکەی خۆی دەشوبهێنێت بە پەروەردەکردنی مناڵێکی ساوا. دەڵێت: "یەک گوڵ شێوازی پەروەردەکردنی لەگەڵ بیست گوڵی تر جیاوازە.
جوانه نمونه‌ى ئهوهدههێنێتهوه كه هه‌ر گوڵ و نه‌مامێك تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، هه‌یانه هەفتەی جارێک ئاوی دەوێت، به‌ڵام هیتر هه‌یه رۆژانە ده‌بێت ئاو بدرێت.
ئاماژه به‌وه‌شده‌كات كه كاره‌كه‌ى سه‌خته و ماندوی ده‌كات، به‌ڵام سه‌رباری ماندوبون و نه‌مانى كاتێكى ئه‌وتۆی بۆ دەرچون و سەردان، خۆشەویستییەکەی بۆ سروشت وایلێدەکات بەردەوام بێت.
داهاتو و پەیامێک بۆ ژنان
نەمامگەکەی جوانە، وه‌كو سیمبولی ئیرادەی ژنێکی گەرمیانیی لە ناو دڵی گەرمیاندا ده‌بینرێت.
ئه‌و نایه‌وێت لەم ئاستەدا بوه‌ستێت، به‌ڵكو پلانی هەیە پەرە بە کارەکەی بدات و لە داهاتودا خۆی ببێتە بەرهەمهێنەری نەمام و گوڵەکان.
پەیامیشی بۆ هەمو ئەو ژنانەی دەیانەوێت ببنە خاوەن کاری خۆیان ئەوەیە: "ئیش‌کردن و هەوڵدان زۆر باشە، گرنگ ئەوەیە ئافرەت لەسەر پێی خۆی بوەستێت".
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵهاتنی گەشتیار دۆخی ئۆتێلەکانی کەلاری بوژاندوەتەوە
-
-
هەواڵبەڕێوبەرایەتی تەندروستی گەرمیان: پرۆسەی داخستنی دەرمانخانەکان بەردەوامی دەبێت
-
-
هەواڵلەبارەی دانانی ترافیک لایتی نوێوە هاتوچۆی گەرمیان رونکردنەوە دەدات
-
-
هەواڵبە ئۆنلاینکردنی دابەشکردنی بەشەناوخۆییەکان ناڕەزایەتی لە زانکۆی گەرمیان دروستدەکات
-
-
پرۆژەسەرۆکی زانکۆی گەرمیان: 12 بەشی نوێمان کردوەتەوە و کێشەی دانپێدانانیش سیاسییە
-
زۆرترین بینراوەکان