سێ دەمارە سەرەکییەکەی کشتوکاڵی گەرمیان مەترسیی وشکبونى هه‌یه‌
01:04PM - 2026-06-23 , بینین : 5


رادیۆی ده‌نگ- زریان محه‌مه‌د

سێ پرۆژەی گرنگی ئاودێریی كە بە بڕبڕەی پشتی كەرتی كشتوكاڵ لە دەڤەری گەرمیان دادەنرێن، لە ئێستادا لە دۆخێكی نالەباردان و مەترسییەكی گەورە لەسەر بەردەوامییان دروستبوە. ئەم پرۆژانە كە سەرچاوەی سەرەكیی ئاودانی سەدان دۆنم زەوی و باخی ناوچەكەن، بەهۆی كاریگەرییەكانی لافاوی ئەمساڵەوە زیانی زۆریان بەركەوتوە و بەشێكی زۆری ژێرخانەكەیان تێكشكاوە، ئەمەش وایكردوە كە پڕۆسەی گەیاندنی ئاو بە زەوییە كشتوكاڵییەكان بەتەواوی پەكی بكەوێت.

لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، سێ پرۆژەی هەرە گرنگ و سەرەكی بونیان هەیە كە بریتین لە پرۆژەكانی: (باڵەجۆ، سەلام و شێخ لەنگەر). سەرچاوەی سەرەكیی دابینكردنی ئاو بۆ هەر سێ پرۆژەكە روباری سیروانە.
جوتیارانی ناوچەكە كە بەسەر ئەم پرۆژانەدا دابەش بون، بۆ بەرهەمهێنانی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان له‌ كێڵگه‌ و باخه‌كاندا، تەنها چاویان لەو ئاوەیە كە لە رێگەی ئەم كەناڵانەوە دەگاتە دەستیان، بەڵام تێكچونی سەرچاوەكان و چاكنەكردنەوەیان تا ئێستا، كارەساتێكی ژینگەیی و ئابوریی لێ دەكەوێتەوە.

كازم ئیبراهیم، وەك جوتیارێكی خەمخۆر لە گەرمیان، باس لە قوڵیی كێشەكە دەكات و دەڵێت: "هەمو سەرچاوەی ئاوی ئێمە ئەو پرۆژە ئاودێرییانەن كە لە روباری سیروانەوە سەرچاوە دەگرن، ئێستا كە پرۆژەكان زیانیان بەركەوتوە، ئاو بە باخەكانمان ناگات".

وتیشی: ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ جوتیاران باخ و پرۆژەكانیان لەسەر ئەم هێڵانەیە و لە ئێستادا هەمو رەنجی ساڵانمان لەبەردەم مەترسیی وشكبونی یەكجارەكی دایە.

هاوكات، نەجم كەریم كە ئەویش جوتیارێكی تری ناوچەكەیە، ئاماژە بۆ لایەنێكی تری كێشەكە دەكات و دەڵێت: "بەشێك لە جوتیاران كە لەسەر ئەم پرۆژانە بوین، لافاو سەرچاوەی ئاوەكانی بردون و بەشێكی تریشمان كە بەر زۆنەكانى سه‌ر سیروان كەوتوین، بەتەواوی ئاومان لێ بڕاوە".

ناوبراو جەخت لەوە دەكاتەوە كە نەمانی ئاوی ئەم پرۆژانە زیانی دارایی گەورەی لێ كەتونەتەوە، چونكە بەكارهێنانی ئەم ئاوە بێ خەرجی بو، بەڵام ئەگەر پەنا بۆ لێدانی بیر بەرن، ئەوا خەرجییەكی یەكجار زۆریان دەكەوێتە سەر و چیتر بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان لە بازاڕدا سودی ئابورییان نابێت.

بەپێی ئامارە فەرمییەكان كە لە نوێنەری جوتیارانی گەرمیانەوە وەرگیراون، تەنها لە یەكێك لە سەرچاوەكاندا زیاتر لە ١٥٠ جوتیار بە شێوەیەكی راستەوخۆ پشت بە ئاوی روباری سیروان دەبەستن كە لە رێگەی ئەم پرۆژانەوە بۆیان دەڕوات.

ئەم جوتیارانە نیگەرانیی توندی خۆیان دەردەبڕن و دەڵێن حكومەت لە ئاست ئەم قەیرانەدا كەمتەرخەم بووە. وەك كازم ئاماژەی پێدەكات: "حكومەت تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ نەكردوین، هاوڕێكانمان سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكانیان كردوە، بەڵام تەنها بەڵێنمان پێ دەدەن و لەسەر ئەرزی واقیع هیچ نییە".

لە بەرامبەر ئەم هەمو هاوار و نیگەرانییانەی جوتیاراندا، بەڕێوەبەری به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاودێری گەرمیان، هەوڵ دەدات دڵنیایی بدات.

موئەیەد ئەحمەد، به‌ رادیۆی ده‌نگى وت: كارەكانی چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی پرۆژە ئاودێرییەكان دەستیپێكردوە و رێژەیەكی باشی كارەكانیش ئەنجام دراون. ئێمە بەڵێن دەدەین لە ئایندەیەكی نزیكدا پرۆژەكان بخەینەوە خزمەت جوتیاران.

سەرباری ئەم بەڵێنانە، ئێستا كێبڕكێیەكی توند لە نێوان "كات" و "وشكبون"ـدا هەیە. بۆ جوتیارانی گەرمیان، هەر رۆژێك دواكەوتن لە نۆژەنكردنەوەی ئەم پرۆژانە، تەنها بە واتای نەمانی ئاو نایەت، بەڵكو بە واتای لەناوچونی رەنجی چەندین ساڵە و وشكبونی ئەو دار و درەختانە دێت كە بژێوی ژیانی سەدان خێزانیان لەسەر بەندە.