لیڤیار؛ 9 ساڵ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى ماركێتێكى گه‌وره‌ى كه‌لار
راپۆرت
01:50AM - 2026-06-21 , بینین : 4


رادیۆی ده‌نگ- هۆزان فه‌ریق

لە ناو جەنجاڵی بازاڕ و قەرەباڵغی شاری کەلاردا، دەنگێک هەیە تەنها دەنگی کڕین و فرۆشتن نییە، بەڵکو دەنگی ئیرادەی ئافرەتێکە کە توانیویەتی لە ماوەی نۆ ساڵدا، دیوارە نەریتییەکانی کار تێکبشکێنێت و ببێتە سیمایەکی دیاری بەڕێوەبردن لە ناوچەکەدا. لیڤیار جاسم، ئەو ناوەیە کە ئێستا لە پشت سەرکەوتنەکانی (مارکێتی هەنار 1)ـه‌وە وەستاوە.

لەنێوان زانست و کاردا

لیڤیار، تەمەنی 32 ساڵە و دەرچوی بەشی زانستی خۆراک و خۆراکپێدانی مرۆڤە. ئەو هەر لە سەرەتاوە رێگەیەکی جیاوازی بۆ خۆی هەڵبژارد؛ رێگەیەک کە تیایدا زانیارییە ئەکادیمییەکانی تێکەڵی دنیای بزنس بکات.
لیڤیار دەڵێت: "جیاوازی من لەگەڵ کەسانی تر لەوەدا بو کە وەک پسپۆڕێکی زانستی خۆراک، دەمزانی لەیبڵ و پێکهاتەی ئایتمەکان چی دەڵێن، ئەمەش وایکرد وەرچەرخانێکی گەورە لە کارەکەمدا دروست ببێت".
ئەم پسپۆڕییە بو بە کلیلی ئەوەی لیڤیار لە ناو تیمێکی 30 کەسیدا بدرەوشێتەوە و متمانەی تەواوی خاوەن کارەکە بەدەستبێنێت، تا ئەو رادەیەی ئێستا وەک بەڕێوەبەری گشتی مارکێتێک کار دەکات کە 12 کارمەندی لەژێر دەستدایە.

چواردە سەعات لەناو وردەکارییەکاندا

رۆژی کارکردنی لیڤیار تەنها چەند سەعاتێکی کەم نییە؛ ئەو رۆژانە نزیکەی ١٤ سەعات لەناو جیهانی مارکێتینگدایە. لە کڕینی کەلوپەل و دانوستان لەگەڵ کۆمپانیاکانەوە، تا دەگاتە حیساباتی وردی قازانج و زیان، چاوپێکەوتن لەگەڵ کارمەندی نوێ و تەنانەت داڕشتنی پلانی ریکلام بۆ مارکێتەکە.
ئەو بە زەردەخەنەیەکەوە باس لە قورسایی ئەرکەکەی دەکات: "وەک بەڕێوەبەرێک ئاسان نییە هەمو سوچ و پەنایەکی شوێنەکە لەژێر کۆنترۆڵتدا بێت، بەڵام حەز و خولیای من بۆ ئەم کارە وایکردوە کە ماندوبون نەناسم. من لەگەڵ ئەم بەرپرسیارییە گەورەیە گەورە بوم و راهاتوم."

تێپەڕاندنی دیدگا کۆنەکان

لە کۆمەڵگەیەکدا کە رەنگە هێشتا هەندێک کەس ئافرەت وەک "رۆبۆتێکی ماڵەوە" ببینن، لیڤیار وەک نمونەیەکی زیندو پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت.
ئەو دەڵێت: "خودا ئافرەتی بە ناسکی دروستکردوە، بەڵام توانایەکی بێسنوری پێبەخشیوە، من هاوکاری ئافرەتی خێزاندارم هەیە کە حەوت ساڵە لەگەڵمە، هەم ماڵ و مناڵی بە باشترین شێوە پەروەردە کردوە و هەم لە کارەکەشیدا سەرکەوتوە".
لیڤیار باس لەوە دەکات کە بوونی ئافرەت لە مارکێتەکاندا نەک تەنها گرنگە، بەڵکو پێویستییەکی کۆمەڵایەتییە؛ چونکە ژنان کاتێک دێنە مارکێت بۆ کڕینی پێداویستییە تایبەتەکانیان، لەگەڵ بەڕێوەبەر و کارمەندێکی ئافرەت هەست بە ئارامی و متمانەی زیاتر دەکەن.

پشتیوانی و رێز

ئەوەی لیڤیار لە کارەکەیدا بەردەوام دەکات، ئەو رێز و پێزانینەیە کە لە لایەن مامۆستایانی زانکۆ، کەسایەتییە دیارەکان و کڕیارەکانەوە دەیبینێت.
ئەو دەڵێت: "خێزانەکەم هەمیشە پاڵپشتم بون، هەروەها ئەو کۆمپانیایانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەم کاتێک دەبینن ئافرەتێک بەم وردکاری و لێهاتوییەوە ئیدارەی شوێنێکی وا گەورە دەدات، دەبنە هاندەرم".

سه‌ره‌تای چیرۆکێك

لیڤیار جاسم تەنها بەڕێوەبەری مارکێتێک نییە، بەڵکو پەیامێکە بۆ هەمو کچانی شارەکەی؛ پەیامی ئەوەی کە کات ڕێکخستن و ئیرادە، دەتوانێت ئافرەت بگەیەنێتە لوتکەی سەرکەوتن، بەبێ ئەوەی لایەنی ماڵەوە یان لایەنی کار پشتگوێ بخات.
ئەو ئێستا لە کەلارەوە، چیرۆکی سەرکەوتنێک دەنووسێتەوە کە بۆنی زانست و تامی ماندوبون و رەنگی ئیرادەی پێوەیە.