رادیۆی دەنگ
لێرەوە گوێبیستی راپۆرتەکە بن
لە ناوەندە ئەدەبییەکاندا، گەنجێک لە گەرمیانەوە بوە بە ناوێکی دیار لە بواری شیعردا؛ ئەو بە یەکێک لە بەرهەمترین ئەو کەسانە دادەنرێت کە لە بواری شیعری هایکودا نوسیویانە.
سەردار حەمید خورشید، کە بە "سەردار نۆڕێ" ناسراوە، دەرچوی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی خانەقینە، ئێستا وەک مامۆستایەک لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کفری خزمەت دەکات.
رێگای داهێنانی سەردار لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە بە نوسینی شیعر دەستیپێکرد، تا لە ساڵی ٢٠١٤ـدا یەکەم دیوانی خۆی کە کۆی شیعر و قەسیدە و پۆستەرە شیعرەکانی بو، چاپ و بڵاوکردەوە.
وەرچەرخان بەرەو جیهانی هایکو
ساڵی ٢٠١٥ خاڵێکی گرنگ بو لە ژیانی ئەودا، کاتێک بە شێوەیەکی جێگیر تێکەڵی دنیای ئەفسوناویی هایکو بو، هەم لە رێگەی ئەزمونکردن و هەم لە رێگەی نوسینەوە.
چیرۆکەکە لێرەدا ناوەستێت، بەڵکو لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە کاتێک یانەی هایکوی کوردی لە لایەن د. ملکۆ ئەحمەدەوە دامەزرا، سەردار هەر لە سەرەتاوە وەک بەڕێوەبەری یانەکە هەڵبژێردرا.
ئەو ماوەی ١١ ساڵە رۆح و هزری خۆی تێکەڵی ئەم هونەرە ئەدەبییە کردوە.
هایکو؛ پرۆژەیەک بۆ ژیان
بەرهەمی ئەم عەشقە، لە ساڵی ٢٠١٩ـدا بە شێوەی یەکەم دیوانی هایکۆ بە ناوی (کەوتنەخوارەوەی مەراق) کەوتە بەر دیدەی خوێنەران. ئەم کتێبە نەک تەنها ٦٠٠ دەقی هایکوی لەخۆگرتبو، بەڵکو ١٠٠ لاپەڕەی تەرخان کردبو بۆ نوسین لەبارەی مێژوی هایکو و چۆنیەتی بڵاوبونەوەی بە جیهاندا.
دوای ئەوە، ئەزمونی سەردار درێژ دەبێتەوە و هایکو دەبێتە پرۆژەی ژیانی. لە پاییزی ٢٠٢٥ـدا، دوەمین دیوانی هایکوی بە ناوی (کرۆکی تیشک) بڵاوکردەوە کە گەنجینەیەکی گەورەترە و ١٢٧٠ دەقی تێدایە.
فەلسەفە و مێژوی هایکو
کاتێک باس لە هایکو دەکرێت، سەردار دیدێکی فەلسەفیی قوڵی هەیە. ئەو پێیوایە هایکو تاوەکو ئێستاش وەک دەقێکی مینیمال، لە کورتترین شیعرەکانی جیهانە.
هەرچەندە رەگ و رەچەڵەکی ئەم شیعرە دەگەڕێتەوە بۆ ژاپۆن، بەڵام خاوەنی زمانێکی گەردونییە. کاتێک هایکو بە جیهاندا بڵاوبوەوە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر شیعری ئینگلیزی و ئەوروپی دانا، بەتایبەت لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بزوتنەوەی (ئیمێجیزم) هەبو.
سەردار بڕوای وایە دواتر ئەم بزوتنەوەیە کاریگەریی گەورەی خستوەتە سەر شیعری جیهانی و بەتایبەت شیعری کوردی؛ هەربۆیە دەکرێت بڵێین ئەو وێنە شیعرییانەی لای 'گۆران'ـی شاعیر دروست بون، ناڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەریی هایکودان.
تابلۆیەک لە ناو زماندا
وەک هونەرمەندێکی شێوەکار، سەردار نۆڕێ بە ئەزمون گەیشتوەتە چڕبونەوە و قولبونەوەی زمان لە ناو وێنەدا. ئەو دەڵێت: "هایکو زۆر لەگەڵ کەسایەتی و زمان و ئەندێشەکانی من دەگونجێت. وەک شێوەکارێک، هایکو وەک تابلۆیەکی هونەری دەبینم کە لە ناو زماندا کار دەکات و پێویستە خوێنەریش وەک تابلۆیەک سەیری بکات".
پێشوازییەک لە دەرەوەی پێشبینییەکان
بڵاوبونەوەی دیوانە هایکوکانی، زۆر لەوە زیاتر رۆیشت کە خۆی وێنای کردبو.
لە شارەکانی کۆیە، هەولێر، سۆران و سلێمانی، خوێنەران پێشوازییەکی زۆر گەرمیان لێکرد. ئەمەش دڵی سەرداری خۆشکرد و وایلێکرد هەست بکات کە هایکو بەتەواوی جێگەی خۆی لە ناو دڵی خوێنەری کورددا کردوەتەوە.
لە کۆتاییدا، ئەم شاعیر و شێوەکارە بە ئومێدێکی گەورەوە بەرەو داهاتو دەڕوانێت و دەڵێت: "پرۆژەی ژیانی من لە هایکودا بەردەوام دەبێت، رەنگە ٢٠ ساڵ یان ٥٠ ساڵی تر بە تەواوی بزانرێت من چیم کردوە".

- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵلەسەر هێرشکردنە سەر شاخی زمناکۆ قایمقامی دەربەندیخان رونکردنەوە دەدات
-
-
هەواڵبەڕێوبەری دەروازەکە: جوڵەی بازرگانیی لە دەروازەی پەروێزخان ئاساییە
-
-
هەواڵبەتۆمەتی تەقەکردن لە پۆلیس دو کەس لەگەرمیان حوکم دران
-
-
هەواڵلە گەرمیان ئامادەکاریی دەکرێت بۆ هاتنی ئاوارە
-
-
هەواڵبەڕێوبەری ئاوی کەلار: گرفتی دابەشکردنی ئاومان چارەسەرکرد
-