د.كەریم ئەحمەد عەزیز
پێوانەوهەڵسەنگاندن، زانستێكی ورد و گرنگی بواری ژیانە بەگشتی و بواری فێركاری و فێربونیشە بەتایبەت. پرۆسەی پەروەردە و فێركردن پێكەوە پانتاییەكی بەرفراوان دەگرێتەوە، هەر بۆیە پەروەردە لەڕوی واتاییەوە هەمو ئەو كردار و رەفتار و چالاكیانە دەگرێتەوە كە گەشە بەتاك دەدەن لەسەرجەم لایەنەكانی عەقڵی و ویژدانی و دەرون-جوڵەیی وكۆمەڵایەتی و ئاینی، ئەمە بەو مانایەیی كەسێتی تاك دروست دەكات، بەڵام دیارە ئەمە بە رۆژێك و مانگێك و تەنانەت ساڵێكیش دروست نابێت، بەڵكو ساڵانێكی دەوێت تاوەكو بخەمڵێت و قەد و لق و گەڵا و گوڵەكانی وەدەربكەوێت كە چۆن پەروەردە كراوە، ئەمە بەو مانایەدێت ئێمە ناتوانین بەقۆناغێكی خوێندن قوتابیەك دەربچێنین وەك ئەوەی ئامانجی پەروەردە بوە، بەڵكو بەرهەمی پەروەردە پرۆسەیەكی درێژخایەنە و پێگەیاندنی مرۆڤێكە لەسەرجەم لایەنە پێویستەكانی ئەو ژینگە و سەردەمەی تێدا دەژێت، ئەوەتا ئێستا نەوەی سەدەی بیست و نەوەی سەدی بیستویەك لەهەمو ڕەویەكەوە جیاواز زمانزانین ، ستایلی ژیان لەڕوی خواردن و جلوپۆشاك و حەز و ئارەزوەوە، گوێگرتن لەمۆسیقا و تەنانەت سروت و سەریمۆنیا ئاینیەكان، ئێمەی مامۆستا ودایەبابیش پێویستی مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەدا بكەین و قەبوڵی بكەین .
هەرچی پرۆسەی فێركاری و فێربون دو پرۆسەی سنوردارترن بەراورد بە پەروەردە، واتە لێرەدا یەكەمیان پەیوەندیان بە فێركار و مامۆستاوە هەیەو دوەمیان پەیوەندی بە قوتابی وخوێندكارەوە هەیە. ئەگەر بەكورتی یەكەمیان بناسێنین دەبێژین: بریتییە لە هەمو ئەو ڕێكارییانەی كە كاریگەرییان لەسەر تاك هەیە، واتە ناتوانین فێركردن قەتیس بكەین لەناوپۆل وقوتابخانە، بەڵكو هەندێك جار لەدەرەوەی پۆل و لەڕێگەی ئەزمونی ژیانەوە بەڕێوەدەچێت یان فێردەبێت، هەر بۆیە فێركردن سەرچاوەكانی جۆراوجۆرن.
بەڵام فێربون بەكورت و پوختی بریتییە لە گۆڕانكاری لەڕەفتاری قوتابی/خوێندكار، ئیدی بڕی ئەو گۆڕانكارییە چەندە بەهەڵسەنگاندن دەكرێت.
لێرەوە دەمەوێت بچمە سەر تەوەری باسەكەم و بڵێم ئایا هەمو فێربون یان فێرنەبونەكانی منداڵەكانمان پەیوەندیان بە مامۆستاوە هەیە، بەدڵنییایەوە نەخێر، بەڵكو بڕیارلێدراوی خوێندن و پرسیاری مامۆستا و كات و كەشی تاقیكردنەوە و پاڵنەر و ئارەزو و ئامادەباشی قوتابی/خوێندكارەكە پێكەوە ڕۆڵیان دەبێت لەسەر دەستهات.
ئەوەی جێگەی هەڵوێستەیە لە سنوری پەروەردەی شاری كەلار ئامارەكانی وەرزی یەكەمی ئەمساڵی خوێندن (2025-2026) لەپێوەری ئاماری و زانستی پێوانە و هەڵسەنگاندندا ئاستێكی سست و لاوازە و پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زانستی هەیە، ئەكرێ مامۆستایەك بڵێت ئەم ڕەوشە ساڵانە لە وەرزی یەكەمدا ئەوهایە و لەوەرزی دوەم باشتر دەبێت، بەڵام لەڕاستیدا بابەت و وانەكان چ لە وەرزی یەكەم بێت یان دوەم هەر گرنگن و دەبێت لەئاستێكی نۆرماڵ و ئاساییدا خۆیان بنوێنن مەبەستمان لە ئاستی نۆرماڵ (Normal) و ئاسایی، واتە نمرەكانی قوتابی/خوێندكارەكان لەناوەڕاستی چەماوەكەدا خۆیان ببیننەوە، ئەمەش واتە زۆرینەی هەر زۆری قوتابی/خوێندكارەكان درەچوبن و ژمارەیەكی كەم بەهەردو دیوی هێڵی چەماوەكە دابەشبوبن بە نمرەی بەرز و كەوتن لەتاقیكردنەوە ئیدی هەر بابەتێك بێت، مەبەستمان ژمارەیەكی كەم نمرەی تەواو یان نزیك لەتەواویان هێنابێ (Positively Skewed) بۆلای ڕاستی چەماوەكە، ژمارەیەكی كەم دەرنەچوبن (Negatively Skewed) بۆلای چەپی چەماوەكە بڕوانە وێنەی خوارەوە.

لەسنوری پەروەردەی كەلار ڕێژەی دەرنەچون لەوەرزی یەكەم لەبازنەی سێیەمی بنەڕەتی و قۆناغی ئامادەیی زۆرە و هەڵوێستەی دەوێت، بە نمونە:
پۆلی دەیەمی وێژەیی / لەكۆی(657) خوێندكاری پۆلی دەیەمی وێژەیی تەنها (84) خوێندكار دەرچوە، واتە ڕێژەی 12.8% و لەوڕێژەیە (573) خوێندكار كەوتوە كە دەكاتە ڕێژەی 88% .
پۆلی دەیەمی زانستی / لەكۆی(3345) خوێندكاری پۆلی دەیەمی زانستی تەنها (963) خوێندكار دەرچوە، واتە ڕێژەی 28.8% و لەوڕێژەیە (2382) خوێندكار كەوتوە كە دەكاتە ڕێژەی 71،2% .
پۆلی یازدەمی زانستی / لەكۆی(2539) خوێندكاری پۆلی یازدەمی زانستی تەنها (1097) خوێندكار دەرچوە، واتە ڕێژەی 43.2% و لەوڕێژەیە (1442) خوێندكار كەوتوە كە دەكاتە ڕێژەی 56،8% .
پۆلی یازدەمی وێژەیی / لەكۆی(463) خوێندكاری پۆلی یازدەمی وێژەیی تەنها (116) خوێندكار دەرچوە، واتە ڕێژەی 25% و لەوڕێژەیە (347) خوێندكار كەوتوە كە دەكاتە ڕێژەی 75% .
پۆلی نۆیەم / لەكۆی(5169)قوتابی پۆلی نۆیەم تەنها (2037) قوتابی دەرچوە، واتە ڕێژەی 39.4% و لەوڕێژەیە (3132) قوتابی كەوتوە كە دەكاتە ڕێژەی 61،6% .
پۆلی هەشتەم / لەكۆی(5080)قوتابی پۆلی هەشتەم تەنها (1891) قوتابی دەرچوە، واتە ڕێژەی 37 % و لەوڕێژەیە (3189) قوتابی كەوتوە كە دەكاتە ڕێژەی 63% .
پۆلی حەوتەم / لەكۆی(5923)قوتابی پۆلی حەوتەم تەنها (2519) قوتابی دەرچوە، واتە ڕێژەی 42.5% و لەوڕێژەیە (3404) قوتابی كەوتوە كە دەكاتە ڕێژەی 57،5% .
ئەم چارتەی خوارەوە ڕێژەی كەوتوان پیشاندەدات بۆ هەر پۆلێك .
لەڕوی پێوانەوهەڵسەنگاندنەوە ئەو نمرانەی وەرزی وەرزی یەكەم دابەشبونی ناسروشتی هەڵگرتوە ئەمەش بەگریمانە بۆ ئەم هۆكارانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:
- ئاستی قوتابی/ خوێندكاران بەگشتی لاواز بوە، بەهۆكاری لاوازببونی پاڵنەری خوێندن(ژینگەی قوتابخانە و خوێندنگە خاڵیبونی لەچێژوخۆشی و هاندان)، ئەگەر ئەمە هۆكاربو دەتوانرێت پێشنیار بكرێت قوتابخانە وخوێندنگەكان گرنگی زیاتر بە وانەكانی وەرزش و هونەر و چالاكیەكانی دەرەوەی پۆل بدەن).
- پەرتبونی ئاگایی قوتابی/ خوێندكاران بەهۆی بەكارهێنانی زیادلەپێویستی تەكنەلۆژیا.
- ئاستی گرانی پرسیار، ئەگەر ئەمە هۆكاربێت هاوكێشەی گرانی پرسیارمان هەیە بەلێكۆڵینەوە لەم هۆكارە دەتوانرێت پێشنیار بكرێت ئاستی پرسیارەكان جۆراوجۆربكرێت و هەمو ئاستە عەقڵیەكان پێوانە بكات.
- گریمانە دەكەین جۆری پرۆگرامەكانی ئێستای خوێندن لەبار وشیاونەبن بۆ ئەزبەركردن، لەبەر ئەوەی تەنها پرۆگرامی بابەت ڕێگەدەدات پرسیاری نوسینەكەی و لەسەر بنەمای چەندێتی زانیاری بهێنرێتەوە، لەكاتێكدا جۆرەكانیتری پرۆگرام پێویستیان بە جۆری جیاوازی هەڵسەنگاندن هەیە.
- ڕەنگە هۆكارێكیتر سیستمی E-Parwarda بێت بەوەی ڕێگە بەخودی مامۆستانەدات نمرەكانی وەكو 45 بەسەرەوە ئەگەر ببێتە گۆڕینی دۆخ دەربچێنێت.
لەهەر یەكێك لەو گریمانانەی لاوازی ئاستی دەستهات لەوەرزی یەكەم ئەوەمان بۆ ڕون دەبێتەوە كە پێویستە یەكەی سەرپەرشتیاری و دڵنیایی جۆری چالاكبكرێتەوە و سەرەپەرشتیارەكان كە لەئەدەبی پەروەردەیی پێیان دەگوترێت سەركردەی پەروەردەیی ڕۆڵیان بۆ بگێڕدرێتەوە، چونكە هەر یەكێك لەو مامۆستایانەی سەرپەرشتیاری پسپۆڕیین دەتوانن لێكۆڵینەوە وبەدواداچون بكەن و یارمەتیدەری مامۆستایانبن بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگیەكان، بەپێی ئەزمون و شارەزاییان.
لەكۆتاییدا دەمەوێت بڵێم ئیدی پێویستە نە لەقوتابخانە وخوێندنگە نە لە پەیمانگە و زانكۆ جەخت لەسەر دەستهاتی خوێندن بەمانا چەندێتییەكەی نەكرێتەوە و بگۆڕین بۆ گەشەپێدانی بیركردنەوە ئاست نزم و بەرزەكان و هەر قۆناغێك بەپێی گەشەی عەقڵی خۆی، ئەمەش لەئێستادا بەركارە و بوە بە گۆڕاوی پاشكۆی زۆرینەی توێینەوەكانی خوێندنی باڵا.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵسەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی کوردستان: پشتگیریی رۆژئاڤاین و درێغی لە هاوکارییکردنیان ناکەین
-
-
هەواڵناوهندى رێكخراوهكانى گهرمیانی یهكێتى ههڵدەوهشێتهوه
-
-
هەواڵبەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان: بێ بودجەیی هۆکاری سستی کارەکانی رێگای ساڵح ئاغایە
-
-
هەواڵ"بارانێکی بێ ئامار"؛ نیوەی ناوچەکانی گەرمیان ئامێری پێوانی بارانیان نییە
-
-
هەواڵئیمامی مزگەوتی دایک لە سلێمانی دەستبەسەرە
-
زۆرترین بینراوەکان