بەناز ئەحمەد بە "گوڵەمێخەک" جەنگ لەگەڵ مەحاڵدا ده‌كات
03:01PM - 2025-12-03 , بینین : 144
 
رادیۆی ده‌نگ- شرین ئه‌حمه‌د
 
لێرەوە گوێبیستی راپۆرتەکە بن
 
 
لە گەرمیانەوە كچێك بە جەستەیەکی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە، نەک تەنها خۆی، بەڵکو دەیان ژنی دیکەی ناوچەکەی لە دەوری هونەری دەستڕەنگینی کۆکردوەتەوە. بەناز ئەحمەد، ئەو ناوەی کە سەلماندی کێشە جەستەییەکان ناتوانن خەونە گەورەکان پەک بخەن، هەرچەندە گلەیی قوڵی لە "فەرامۆشکردنیان" لەلایەن حکومەتەوە هەیە.
 
 
لە گروپێکی بچوکەوە بۆ رێکخراوێک
 
چیرۆکەکە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە دەست پێدەکات، کاتێک (بەناز ئەحمەد) بڕیاری دا سنورەکانی بەردەمی تێکبشکێنێت. ئەو وەک خاوەن پێداویستییەکی تایبەت، نەیهێشت چوارچێوەی ماڵەوە دیلی بکات، بۆیە سەرەتا "گروپی کچانی دەستڕەنگینی گەرمیان"ـی دامەزراند. ئەم هەنگاوە تەنها سەرەتایەک بو بۆ خەونێکی گەورەتر، کە دواتر و لە ساڵی ٢٠٢١دا وەرچەرخا بۆ دامەزراندنی "رێکخراوی گوڵەمێخەک".
 
بەناز دەڵێت: خۆمان لە ژمارەیەک کچی دەستڕەنگین دەبینییەوە و هەمومان پێکەوە کارمان دەکرد، ئامانجم ئەوە بو لە هەمو شار و شارۆچکەکان ئەو کچانەی دەستڕەنگینن کۆبکەمەوە.
 
 
بەربەستەکان و ئیرادەی بەردەوامبون
 
بۆ بەناز، رێگاکە گوڵڕێژ نەبوە، وەکخۆی ئاماژەی پێدەدات، جوڵە و کارکردن بۆ ئەو وەک خاوەن پێداویستییەکی تایبەت "قورساییەکی زۆری هەبوە"، بەڵام ئەو وشەی "ناکرێت"ـی لە فەرهەنگی خۆیدا سڕیوەتەوە.
 
ئەو توانیویەتی تۆڕێک لە پەیوەندی دروست بکات لەنێوان کچانی دەستڕەنگین و تەنانەت خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی دیکەشدا، تاکو پێکەوە بەشداری لە کۆبونەوە و چالاکییەکاندا بکەن.
 
 
خێزان؛ تاکە پاڵپشت لە بیابانێکی بێ حکومەتدا
 
لە پشتی هەر هەنگاوێکی بەنازەوە، خێزانەکەی وەک چیایەک وەستاون. دایک، خوشک و براکانی بونەتە ئەو هێزەی کە وایکردوە بەناز بەردەوام بێت. بەڵام کاتێک دێتە سەر باسی پاڵپشتیی حکومی، ئاوازەکە دەگۆڕێت بۆ بێھیوایی.
 
بەناز بە نیگەرانییەوە دەڵێت: "حکومەت هیچ پاڵپشتییەکی نەکردوین، هەمو ئەوەی کراوە بە هەوڵی خۆم و پاڵپشتی خێزانەکەم بوە".
 
سەرباری ئەم پشتگوێخستنەش، بەناز نەک هەر نەوەستاوە، بەڵکو بوەتە سەرچاوەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکەی؛ لە کردنەوەی خولی کاری دەستی و درومانەوە بگرە تا دەگاتە کردنەوەی خولی شۆفێری بۆ ژنانی باوەنور و ناوچەکانی دیکە.
 
 
خەونی دامەزراندن و مافە فەرامۆشکراوەکان
 
بەناز دەرچوی پەیمانگایە، خاوەن بڕوانامەیە و خاوەن ئەزمونێکی بەڕێوەبردنە، بەڵام هێشتا بێکارە. ئەو وەک نوێنەری دەنگی کپکراوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هاوار دەکات کە "هیچ هەلێکیان بۆ نەڕەخسێنراوە".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، بەناز پەیامێکی رون ئاراستەی دەسەڵات دەکات و دەڵێت: "گرفتمان زۆرە، لە هیچ دامودەزگایەکدا دامەزراندن بۆ ئێمە نییە، داوامان تەنها ئەوەیە حکومەت ئاوڕمان لێ بداتەوە و هیچ نەبێت مافی دامەزراندنمان بۆ دابین بکات".