
رادیۆی دهنگ- حهمزه سهردار
ژمارەیەکی بەرچاو له گهنجانى گەرمیان، رویان لە جیهانی کارکردنی دیجیتاڵی کردوە. ئەم شێوازە نوێیەی کارکردن کە پشت بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و ئینتەرنێت دەبەستێت، دەرفەتێکی نوێی بۆ داهات و سەربەخۆیی دارایی رەخساندوە، هەرچەندە بێ مەترسیش نییە.
جۆرەکانی کارکردنی دیجیتاڵی و خواست لهسهریان
کارکردنی دیجیتاڵی چەند بوارێکی جیاواز لەخۆ دەگرێت، وەک پرۆگرامسازیی، دروستکردنی وێبسایت، شیکردنەوەی داتا و بازرگانی دیجیتاڵی. یەکێک لەو بوارانەی کە زۆرترین گەنجانی گەرمیان ڕویان تێکردوە، بازاڕی فۆرێکس (ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی) و دراوە کریپتۆکانە. گەنجان پێیانوایە دەتوانن لەم رێگەیەوە سەرمایەکانیان چەندین هێندە بکەن.
فۆرێکس: داهاتێکی بەرهەمدار یان مەترسیدار؟
بازاڕی فۆرێکس، کە گەورەترین بازاڕی جیهانە، وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ چەندین گەنج سەیر دەکرێت.
لاوان حەسەن، یەکێک لە گەنجانی گەرمیان و شارەزای ئەم بوارە، بۆ رادیۆی دەنگی باسی لەوەکرد، سودێکی زۆری وەرگرتوە و وەک سەرچاوەی داهاتێک پشتی پێدەبەستێت.
بەڵام لاوان هاوکات هۆشداری دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم بازاڕە پڕە لە مەترسی و ئەگەری لەدەستدانی سەرمایە زۆرە، بەتایبەت ئەگەر بە وریایی مامەڵە نەکرێت. بە بڕوای ئەو، تەنیا 30%ـی خەڵک دەتوانن قازانج بکەن، ئەویش بە زۆر وریاییەوە.
گەشەسەندنی کارکردنی دیجیتاڵی لە سەردەمی کۆرۆنادا
تەشەنەسەندنی کارکردنی دیجیتاڵی و ئۆنلاین بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەردەمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینە دەستیپێکرد.
بیابان نوری، پسپۆڕی ئابوریی، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: "قەتیس مانەوەی گەنجان لە ماڵەوە لەو سەردەمەدا، وایکرد بیرۆکەی کارکردنی دیجیتاڵی زیاتر لەبەردەمیاندا گەشە بکات."
ئەو پسپۆڕە ئابورییە ئاماژەی بەوەشدا کە ئێستا بەهۆی بونی ئینتەرنێتەوە، بازاڕی ئۆنلاین سنوردار نییە و "لە هەر شوێنێک بیت دەتوانیت کاری فرۆشتن و بازرگانی ئەنجام بدەیت."
کچان و سەربەخۆیی دارایی لەڕێگەی دیجیتاڵییەوە
لەلایەکی ترەوە، کچان بە شێوازێکی دیکە رویان لە کارکردنی دیجیتاڵی کردوە، بەتایبەت لە بواری فرۆشتنی بەرهەمە جوانکارییەکان یان کارە دەستییەکان لەڕێگەی پەیج و ئەکاونتی تایبەتەوە له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان.
میدیا محەمەد، یەکێک لەو کچانە، بە رادیۆی دەنگی وت: ئەم کارە بوەتە سەرچاوەی داهاتێکی سەربەخۆ بۆی و خۆشەویستییەکی زۆری بۆ کارەکەی هەیە.
بەڵام میدیا ئاستەنگەکانیشی خستەڕو، وەک کاریگەری نەرێنی لەسەر خوێندن و کەمبونی پشتیوانی خێزان بەهۆی بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتییەوە.
داهاتوی کارکردن دیجیتاڵییە
ئاماژە جیهانییەکان پێمان دەڵێن کە داهاتو هی کارکردنی دیجیتاڵییە. وادیاره گەنجانی گهرمیانیش دركیان بهوه كردوه، بهتایبهتى كه چیتر ناتوانن چاوەڕێی دامەزراندنی حکومەت بن، ههربۆیه خۆیان تێكهڵ به بوارى بازرگانى دیجیتاڵی كردوه، ئهگهرچی بهشدارییهكهش هێشتا لهسهرهتادایه.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵبەڕێوبەری ئاوی كەلار: لە هەوڵی دروستكردنی سێیەم پاڵاوگەی ئاوین
-
-
هەواڵکارگێڕێکی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی دەستلەکاردەکێشێتەوە
-
-
هەواڵتەنها 17 خوێندکار لە کۆلێژەکەی رزگاریی وەرگیراون
-
-
هەواڵدوای 2 مانگ هێشتا هێڵی پاسە ناوخۆییەکانی کەلار زیاد نەکراون
-
-
هەواڵباخهكانى گهرمیان توشى زیان بون و حکومەتیش تەنها رێنمایی باخەوانەکان دەکات
-
زۆرترین بینراوەکان