
رادیۆی دهنگ- زریان محهمهد
دواى ساڵانێك له نهكردنهوهى بهشى نوێ، ئهمساڵ زانكۆی گهرمیان كردنهوهى ژمارهیهك بهشى زانستى جیاوازى راگهیاند كه بهشهكان له بوارى جۆراوجۆرن، بهڵام ئهم ههنگاوه بهدوای خۆیدا پرسیاری لهبارهى ئهوه دروستكرد كه تاچهند ئهم بهشانه پێویستن و تاچهندێك دهرچوان دهكهنه خاوهن پیشه و كاری داهاتوى خۆیان؟
بەشە نوێیەکانی زانکۆی گەرمیان بۆ ئەمساڵی خوێندن بریتین لە: زانستە گشتییەکان، خۆراک و خۆراکزانی، ژمێریاریی ئەلیکترۆنی، پەرەپێدان و پلاندانانی شار، سیستەمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی، ئەندازیاریی تەلارسازیی و گەشتوکاڵ.
ئایا ئهمهى كراوه ڕێگا دروستەکەیە؟
د. فەرهاد مامشەیی، مامۆستای زانکۆ، پهیوهست به كردنهوهى ئهو بهشانه، پرسیارێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت: "چۆن هەڵسەنگاندن بۆ کردنەوەی ئەم بەشانە کراوە؟"
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی بەشە نوێیەکانی زانکۆی گەرمیان پێشتر لە زانکۆکانی دیکەی هەرێمدا هەبون، بۆیه به نیگەرانییەوە دەڵێت: "بۆیه دەرئەنجامێکی گەش لەبەردەم دەرچوانی ئەم بەشەدا نابینرێت".
جەخت لەوەشدەکاتەوە کە ژمارەیەکی زۆر دەرچوی باشی زانکۆ هەن، کە دوای چوار ساڵ خوێندن و ماندوبونێکی زۆر، ناچارن کاری سادە و بێ پەیوەندی بە بوارەکەیانەوە بکەن، ههربۆیه ههمان پرسیار لهبارهى ئهم بهشانهشهوه دهكات "ئایا دەرچوانی ئەم بەشانە لە داهاتودا دەتوانن کار بدۆزنەوە؟"
مامشەیی پێیوایە ئەگەر کردنەوەی ئەم بەشانە نەبێتە هۆی دابینکردنی هەلی کاری راستەقینە، ئەوا تەنها "بەفیڕۆدانی کات" و لەوانەشە "بێکارکردنی" خوێندکاران بێت، تەنانەت ئەگەر داهاتێکیش بۆ زانکۆ هەبێت لەڕێگەی خوێندنی پاڕاڵێڵ و ماستەرەوە.
وەڵامی زانکۆ: هەنگاوەکانمان زانستی و چاوەڕوانکراون
لە بەرامبەر ئەم رەخنانەدا، د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، وەڵام دەداتەوە. ئەو رونیدەکاتەوە کە "کردنەوەی ئەم بەشانە بەشێکە لە پڕۆژەی داڕێژراوی سەرۆکایەتی زانکۆ بۆ فراوانکردنی بەشەکان بە شێوازێکی زانستییانه".
د. محەمەد ئاماژە بە کۆمەڵێک رێکار دەکات کە پێش کردنەوەی بەشەکان گیراونەتەبەر، لەوانە دیاریکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکان و پڕکردنەوەی فۆرمی تایبەتی دڵنیایی جۆری.
یەکێک لە مەرجە هەرە گرنگەکانی ئەم فۆرمانە ئەوەیە کە بەشە نوێیەکان تا چەند لەگەڵ سەردەمی نوێ و پێشکەوتنە زانستییەکان دەگونجێن و تا چەندیش دەرفەتی کار لە کەرتی گشتی و تایبەتدا دەڕەخسێنن.
"هەڵسەنگاندنێکی تەواو بۆ بەشەکان کراوە پێش ناردنیان بۆ وەزارەت، سەرەتا بڕیاردرا 10 بەشی نوێ بکرێنەوە و پڕۆپۆزەڵمان بۆ ئامادەکرد، وەزارەتیش رەزامەندی لەسەر 7 بەشیان دا بۆ ئەمساڵی خوێندن". د. محهمهد وای وت.
بازاڕی کار: خاڵی یەکتربڕینی نیگەرانی و هیواکان
پرسی گونجاندنی بەشەکان لەگەڵ بازاڕی کاردا، خاڵی یەکتربڕینی سەرەکی ئەم گفتوگۆیە پێکدەهێنێت.
د. فەرهاد مامشەیی جارێکی تر جەخت دەکاتەوە: "ئایا هەڵسەنگاندنەکە بۆ زیادکردنی کورسی خوێندن بوە یان بۆ دابینکردنی ئایندەی کاری دەرچوان؟"
ئەو پێیوایە کردنەوەی بەشەکانی وەک "سیاسەتی گشتی" لە دۆخی ئێستادا زوە، چونکە "دۆخی ئەکادیمی گونجاو نییە و لە بازاڕی کاردا رەنگدانەوەی نییە و دەرفەتەکانی سنوردارن."
بەڵام د. محەمەد ئیبراهیم خەلیل بیرکردنەوەیەکی جیاواز دهخاتهڕو و ئاماژه بهوهدهكات لە کاتی کردنەوەی بەشەکاندا، بازاڕی کار یەکێک بوە لە پێوەرە سەرەکییەکان.
جهختیشدهكاتهوه "تەنها بیر لەوە نەکراوەتەوە کە کورسی زیاتر تەرخان بکرێت، بەڵکو لە هەمو رویەکەوە لێی کۆڵراوەتەوە".
ئایندەی خوێندن: پێشنیار و پلانەکان
مامشەیی چەند پێشنیارێک دەخاتەڕو بۆ کردنەوەی بەشە نوێیەکان، بەو مەرجەی لەسەر بنەمای توانای مرۆیی، ئەکادیمی، مادی و ژێرخانی زانکۆ بێت و لە هەمان کاتدا بیر لە ئایندەی خوێندکار بکرێتەوە.
ئەو بەشەکانی وەک "دارایی و ژمێریاریی ئەلیکترۆنی"، "بەڕێوەبردنی سەرچاوە ژینگەیی و ئاوییەکان"، "ژیریی دەستکرد" و "سایبەر سکیوریتی" بە پێویست و گونجاو لهگهڵ سهردهمى ئێستادا دەزانێت.
لە بەرامبەردا، د. محەمەد خەلیل ئاشکرای دەکات کە زانکۆی گەرمیان پڕۆپۆزەڵی بۆ کردنەوەی بەشی "ژینگە" ناردوە، بەڵام رەزامەندی لەسەر نەدراوە. هەروەها پلانیان هەیە بۆ کردنەوەی بەشی "ژیریی دەستکرد" لە داهاتودا، بەڵام بەهۆی نەبونی ستافی پێویستەوە نەیانتوانیوە کاری لەسەر بکەن.
ئەو جەخت دەکاتەوە کە "پلانمان هەیە لە ساڵانی داهاتودا چەندین بەشی تر بکەینەوە کە لەگەڵ سەردەم بگونجێن و لە بازاڕی کاردا یەکبگرنەوە."
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵدوای ساڵێک هێشتا چاکسازیی رێگای گوندێکی گەرمیان تەواو نەکراوە
-
-
یەکەی هەڵبژاردنههڵبژاردن لهگهرمیان؛ پارتى زۆرترین كاندیدی ههیه و یهكێتیش چاوی له دهرچونى كاندیدهكانێتى
-
-
راپۆرتهۆڵهکانی کهلار پڕ بون له ژنانی وهرزشكار
-
-
هەواڵجارێکی تر بۆ داننان بە زانکۆی گەرمیان شاندێک دەچێتە بەغدا
-
-
هەواڵرەوتی هەڵوێست بارەگا لەکەلار دەکاتەوە
-
زۆرترین بینراوەکان