
رادیۆی ده‌نگ
له‌نوێترین راپۆرتی دا یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، تیشكیخستوهته سه‌ر كێشه‌ى خوله‌كانى به‌هێزكردنى خوێندكاران له گه‌رمیان و راده‌ى چاودێرییكردنیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه.
كلیك له‌م فایله‌ى خواره‌وه بكه بۆ خوێندنه‌وه‌ى راپۆرته‌كه به‌شێوازی PDF
رادیۆی ده‌نگ له چوراچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كیدا بۆ بره‌ودان به رۆژنامه‌وانی مافه‌كانى مرۆڤ و ژنان و چاودێریی كردنى حكومه‌ت به پاڵپشتی سنده‌قی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، مانگانه له رێگه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێى گه‌رمیانه‌وه، راپۆرتێكى قوڵ و بنكۆڵكاریی بڵاوده‌كاته‌وه.
له‌مچوارچێوه‌یه‌شدا راپۆرتى ئه‌م مانگه‌ى ته‌رخانكردوه به خوله‌كانى به‌هێزكردنى خوێندكاران و ئه‌و كێشه و كه‌موكورتییانه‌ى هه‌یه‌تى و هه‌روه‌ها باسكردنیش له رۆڵی حكومه‌ت له چاودێرییكردنى دا.
له‌خواره‌وه راپۆرته‌كه به تێكست ده‌خوێننه‌وه:
راپۆرتێک لەبارەی کێشەکانی خولەکانی بەهێزکردنى خوێندكاران و چاودێریی حکومەت لەسەریان
پێشه‌كى:
خوێندكارانى پۆلی 12ـى ئاماده‌یی، به‌مه‌به‌ستی به‌هێزكردنى تواناى خۆیان، رو له ناوه‌ند و په‌یمانگا ئه‌هلییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش له حاڵه‌ته‌وه بوه به دیارده.
لە سنوری ئیدارەی گەرمیاندا 18 ناوه‌ند و پەیمانگای ئەهلی هەیە لەم ژەمارەیەش ئەوەی زیاتر خویندکاران رویان لێدەکەن ئەو پەیمانگایانەن کە تایبەتن بە کردنەوەی خول بۆ 12ـى ئامادەیی.
ئەم پەیمانگایانە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی کارکردن وەردەگرن، رێکارەکانی لە بەشی پەروەردەی ناحکومی لە بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیانەوە دەستپێدەکات پاشان بە وەرگرتنی رەزامەند لە هەریەکە لە فەرمانگەکانی (دەستەبەری کۆمەڵایەتی، باج و دەرامەت، تەندروستی، شارەوانییەکان، بەرگری شارستانی و بەڵگە و تاوان).
مەرجی پێدانی مۆڵەت خاوەنی پەیمانگا نابێت بەهیچ شێوەیەک فەرمانبەر بێت لە هیچ دامودەزگایەکی حکومی.
له‌م راپۆرته‌دا له‌سه‌ر كێشه‌كانى ئه‌م ناوه‌ند و په‌یمانگانه ده‌وه‌ستین و باس له كه‌موكورتییه‌كانیان ده‌كه‌ین و هاوكات پرسی چاودێریی حكومه‌تیش بۆ ئه‌م ناوه‌ند و په‌یمانگانه ده‌خه‌ینه به‌رباس.
بەشی یەکەم: كێشه‌ى په‌یمانگا و خوله‌كانى به‌هێزكردن
1. قەرەباڵه‌غی پۆل
پەیمانگاکان رێژەیەکی دیاریکراویان نیە بۆ وەرگرتنی خوێندکار لە پۆلەکانی خوێندندا، خوێندکارانی بەشداربوی خولەکان رەخنە لە زۆری ژمارەی خوێندکار لە پۆلەکانی خوێندن دا دەگرن، وەکو خۆیان دەڵێن ئەمە وایکردوە فێنککەرەوەکان کاریگەرییان نەبێت لە فێنککردنەوەی پۆلدا.
رێبین قارەمان، خوێندکارێکی بەشداربوی خولی پەیمانگاکانە، دەڵێت: زیاتر لە 55 خوێندکار لە ژورێکی 4 بە 6 دایە ئەمە ژمارەیەکی زۆرە بۆ پۆلێک بەهۆی نزیکی خویندکار لە یەکترەوە وایکردوە "توشی جۆرێک لە هەڵمژینی هەناسەی دەوروبەرت ببیتەوە".
دەشڵێت: بونی ژمارەیەکی زۆر خوێندکار لە پۆلدا و لە گەرمای هاویندا وایکردوە پۆلەکە فێنک نەبێت سەرەڕای بونی سێ موبەریدە و پانکەیەک هێشتا هەست بەگەرما دەکەیت.
هاوکات تانیا هاوکار، خویندکار، کە چوار خولی لە دو پەیمانگاکردوەتەوە، دەڵێت: پۆلەکان لەڕوی بونی ئامێری فێننکەرەوەوە تاڕادەیەک باشن بەڵام ژمارەیەکی دیاریکراویان نیە بۆ پۆلەکانی خوێندن کە لەو رێژەیە زیاتر نەبێت، " تاخوێندکار هەبێت ژمارەکە زیاتر دەکەن".
دەشڵێت: لە یەکێک لە خولەکانمدا بە هۆی نەبونی شوێن و زۆربونی خوێندکار لە پۆلەکەدا کە 45 بۆ 50 خوێندكاری تیایە، هەندێک خوێندکار لە رێڕەوی هاتو چۆکەدا دانیشتون.
سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی باس لەوە دەکات زۆری ژمارەی خوێندکار لە خولەکانی پەیمانگاکاندا زۆر ناداد پەروەرانەیە.
"خول هەیە 60 تا 80 خوێندکار لە پۆلێکدان ئەم ژمارە زۆرە لە پۆلدا وادەکات خوێندکار پارەکەی بەفیرۆ بروات و سودمەند نەبێت لەو خولەی کردویەتیەوە". هەژار فەقێ سلێمان، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، وای وت.
دیاری کامه‌ران، خوێندکارێکی بەشداربوی خولە، پشتڕاستی قسەی ئەو سەرپەرشتیارە دەکاتەوە ودەڵێت: قەرەباڵه‌غی پۆل وایکردوە زۆرجار شوێنێکی گونجاوت بەدڵی خۆت دەستنەکەوێت بەباشی سود لەوانەکە وەربگریت.
خاوەنی پەیمانگاکان زۆری ژمارەی خوێندکار لە هەندێک لە خولەکاندا دەگەڕێننەوە بۆ خوێندکاران خۆیان کە داواکارییان لەسەر دەوامی بەیانیانە.
ئامانج محه‌مه‌د، خاوەنی پەیمانگای ژیر، دەڵێت: بەڕێژەی 80%ـى خوێندکارانی گەرمیان و کفری داواکارییان لەسەر دەوامی بەیانیانە، لەرێگەی کەسانی ناسیاوە داوامان لێدەکەن لەو کاتەدا وەریان بگرین قەرەباڵه‌غی پۆل بەو هۆیەوە دروست دەبێت، ناچارمان دەکەن لە بەیانیاندا وەریانبگرین.
دەشڵێت: بۆ ئەوەی خوێندکار بچێتە دەوامی ئێواران و قەرەباڵه‌غی دروست نەبێت لە بەیانیاندا، داشکانی 50%ـمان بۆ خولی ئێواران کردوە.
هاوکات ئاریان مه‌حمود، خاوەنی پەیمانگای وانۆ، دەڵێت: زۆری ژمارەی خویندکار لە پۆلدا دەگەڕێتەوە بۆ داخوازی خوێندکاران بە تایبەتی بەیانیان، ئەیانەوێت لەو کاتەدا خولەکانیان تەواوبکەن.
دەشڵێت: ئەو مامۆستایانەی ناوبانگیان هەیە لەناو خوێندکاراندا داواکاری زیاتریان لەسەرە، بەڵام بەپێی پێویست هەڵمانداوە لەڕوی فێنکی پۆلەوە فێنکەرەوەی تایبەت بەخۆیان هەبێت.
2. نرخی خولەکان
پەیمانگاکان ئازادن لە دیاریکردنی نرخی خولەکانیاندا، بەهۆی ئەوەی لەلایەن حکومەتەوە هیچ بڕە پارەیەکیان وەکو نرخێکی جێگیر بۆ دیاریی نەکراوە.
سامان عومەر، لێپرسراوى بەشی پەروەردەی ناحکومی لە بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان، دەڵێت: سەبارەت بە دیارییکردنی نرخ بۆ پەیمانگاکان لەلایەن حکومەت و وەزارەتی پەروەردەوە، هیچ بڕە پارەیەک دیاریی نەکراوە.
"پەیمانگاکان لە دانانی نرخدا تاڕادەیەک نزیکن لە یەکەوە، ئەکرێت پەیمانگایەک نرخەکانی کەمتر یان زیاتر بێت لە پەیمانگایەکی تر. سەرەڕای خراپی بار‌و دۆخی دارایی، پەیمانگا هەیە نرخەکانی بەرزکردوەتەوە، بەڵام ئێمە بە رەچاوکردنی باری دارایی خەڵک نرخەکانمان کەمکردوەتەوە". ئارام مستەفا، خاوەنی پەیمانگای باڵدار لە ناحیەی رزگاریی، وای وت.
وتیشی: پێویستە یاسایەک هەبێت بۆ دیاریکردنی نرخ بۆ پەیمانگاکان لە لایەن لایەنی پەیوەندیدار بەم بابەتەوە، بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵک و پەیمانگاش بێت.
هاوکات ئامانج محه‌مه‌د، خاوەنی پەیمانگای ژیر لە کەلار، دەڵێت: بە رێککەوتن لە گەل پەیمانگاکاندا نرخ دیاریی دەکەین، بەپێی رۆژ و شار نرخەکان گۆرانی بەسەردا دێت و لە وانەیەکەوە بۆ وانەیەکی دیکەش بەهەمان شێوە.
هەروەک بەختیار ئەحمهد، مامۆستای زیندەوەرزانی لە پەیمانگای وانۆ، دەڵێت: لە سەر بنەمای کات نرخ دیارییدەکەین، بابەتێکی وەک زیندەوەرزانی کاتێکی زۆری پێویستە کە نزیکەی 4 مانگ دەخایەنێت، ئەگەر نرخەکان دابەش بکەین بەسەر کاتی وانەوتنەوەدا زۆر نییە.
دەشڵێت: لەمافی خۆمان خۆشبوین لە پێناو هاوکارییکردنی خوێندکاراندا.
خوێندکاران بە پێی ئەو پەیمانگایانەی خولیان تیادا کردوەتەوە و ئەو نرخەی لێیان وەرگیراوە بۆچونی جیاوازیان هەیە.
دیلان حەسەن، به‌شداربوی یەکێک لە پەیمانگاکانی کەلارە، دەڵێت: بۆ هەردو وانەی ئینگلیزی 125 هەزار و بۆ وانەی بیرکاری 110 هەزار پارەم لێ وەرگیراوە، نرخەکان بە گونجاو دەزانم.
بەپێچەوانەی دیلان، خوێندکار شنیار رزگار، دەڵێت: نرخی خولەکان زیاتر کراوە ئەمساڵ ساڵی رابردو کەمتر بو، ئێستە کراوە بە 150 هەزار، ئەم بڕە پارەیەش زۆرە بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای خێزانەکان.
دەشڵێت: هاوڕێکانم دایک و باوکیان موچەخۆرن توانایان نیە ئەو بڕە پارەیە بدەن.
هاوکات مامۆستایەک کە نەیویست ناوی بهێنرێت، پشتڕاستی قسەی ئەو خوێندکارە دەکاتەوە و دەڵێت: ساڵی پار نرخی خولەکان 130 هەزار بو، ئەمساڵ پەیمانگاکان هەمویان رێککەوتن بیکەن بە 150 هەزار.
بەڕێز عەباس، مامۆستا و نوسه‌ر له بوارى په‌روه‌رده، دەڵێت: پەیمانگاکان چاودێریی نییە بەسەریانەوە، نابێت بەم رادەیە رێگەپێدروابن نرخ دیاریی بکەن و بەم شێوازەی کە هەیە پارە لە خوێندکار وەربگیرێت کە رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەچێت.
3. پەیمانگاکان لە سەر چ بنەمایەک مامۆستا وەردەگرن؟
وەرگرتنی مامۆستا بۆ خولی پەیمانگاکان لەسەر بنەمای ناوبانگیانە لە ناو خوێندکاراندا، بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی لە خوێندنگا ئامادەییە دیارەکانی شاردان.
ئارام مستەفا، خاوەنی پەیمانگای باڵدار لە ناحیەی رزگاریی، دەڵێت: ئەو مامۆستایانەی ناوبانگیان لەناو خوێندکاراندا هەیە، کاریگەرییەیان هەیە لە بازاڕی پەیمانگا ئەهلییەکاندا، ئەو مامۆستایەی ناوبانگێکی زۆری هەیە زۆرترین پارە بۆ خۆی دەبات و بەشدار دەبێت لە خولی پەیمانگاکاندا.
دەشڵێت: ناوبانگی مامۆستاکە کاریگەری هەیە وامان لێبکات ئەو مامۆستایە بهێنینە پەیمانگەکەمانەوە.
هاوکات عومەر ئەحهمد، خاوەنی پەیمانگای هامنۆ لەکەلار، دەڵێت: ئەوەی گرنگە بەلامانەوە توانا و لێهاتویی مامۆستایە لە وانەوتنەوەدا، ئەو مامۆستایەی ئەدای وانە وتنەوەی باش نەبێت وەرناگیرێت، شوێنەکە ئەهلیە و خوێندکار بۆ سودبینین پارەدەدات.
بە پێچەوانەی زۆرێک لە پەیمانگاکان کە لەسەر بنەمای ناوبانگ مامۆستا وەردەگرن، خاوەنی پەیمانگایەک دەڵێت: ئەو مامۆستایانەی کە ناوبانگیان هەیە نەمهێناونەتە پەیمانگاکەمەوە.
نەسروڵڵا هیدایەت، خاوەنی پەیمانگای بەهرە لە کفری، وتیشی: ئەزمونم لەگەڵ ئەو مامۆستایانە هەیە لەرێگەی پەیمانگاوە خوێندکاریان کۆکردوەتەوە لە شوێنەکەدا ژمارەی خوێندکاری خول کەمی کردوە بەهۆی ئەوەی خوێندکاری خولەکانیان بردوەتە ماڵەوە بۆ وانەی تایبەت.
باسی له‌وه‌شكرد: ئەو مامۆستایانەی دیاریم کردون لەپەیمانگاکەم خول بکەنەوە، مامۆستای دانەمەزراون، لەسەر چەند بنەمایەک هەڵمبژاردون بۆ وانەوتنەوە نەک ناوبانگ.
4. مەلزەمە
بەشێکی زۆر لەو مامۆستایانەی خولیان لە پەیمانگاکاندا هەیە خاوەنی مەلزەمەی تایبەت بەخۆیانن یاخود بەهاوبەشی لەگەڵ چەند مامۆستایەک مەلزەمەیەکیان دروستکردوە خوێندکاران دەبێت بە بەشدارییکردن لە خولەکاندا مەلزەمەش بکرن، دەڵێن: سەرەڕای پارەی خول، ئەمەش بارگرانییەکی دیکەیە.
شێنی رزگار، خوێندکار، دەڵێت: مامۆستاکان بازرگانییەکی زۆر بە مەلزەمەوە دەکەن بەسەر خوێندکارانی بەشداری خولەکانیان، هیچ مەعقولیەتی تیادانیە بیرکاری 8 بەندە هەر دو به‌ندی بە 6 هەزار دینار بکڕین، دوای تەواوکردنی هەر دو بەندێک دەبێت دوبەندی دیکە بکڕین".
دەشڵێت: بابه‌ته‌كه ئیجبارییە و دەبێت بیکڕین.
هاوکات محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، خوێندکارێکی دیکەیە، دەڵێت: مامۆستا پێمان دەڵێت با مەلزەمەتان پێ بێت ئێمەش ناچارین بیکڕین، چونکە مامۆستا لە وانەکەدا پشت بەوە دەبەستێت.
دەشڵێت: خوێندکارێکی هاوڕێم یەکەم رۆژی خول تەنها بۆ گوێگرتن رۆشتبوە خولەوە بۆئەوەی بزانێت مامۆستاکە باشە خولی لەلا وەربگرێت، بەڵام مامۆستای خولەکە پێی وتوە بڕۆ مەلزەمە بکڕە ئەوکات ئەتوانی بێتە پۆلەوە.
روئیا، خوێندکارێکی دیکەیە دەڵێت: بۆ 6 بەشی مەلزەمەی وانەیەک دەبێت 19 هەزار و نیوم بدەین، خۆم حەزم بە مەلزەمەیە.
بەپێی یەکێک لەو مەرجانەی بۆ پێدانی مۆڵەت لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ پێدانی مۆڵەت بە پەیمانگاکان دانراوە ئەوەیە کە نابێت "بەهیچ شێوەیەک مەلزەمە بەکاربێت".
سەرەڕای بەکارهێنانی مەلزەمە لە پەیمانگاکاندا لەناوەندە حکومییەکانیشدا بەکاردەهێنرێت، ئەمەش هەندێک لە خوێندکارانی روبەڕوی گرفت کردوەتەوە.
رێبین قارەمان، خوێندکار لە یەکێک لە ئامادەییەکانی کەلار، دەڵێت: یەکێک لەو مامۆستایانەی بە خولەکانی بەناوبانگە خوێندکارێک داوای شیکارکردنی پرسیارێکی لێکردبو بەهۆی ئەوەی کە مەلزەمەی ئەوه‌ی پێ نەبو هی مامۆستایەکی دیکەبوو ئامادە نەبو بۆی بکات، پێی وت ئەو پرسیارە لە مەلزەمەی منیشدایە هەیە بۆ هی منت نەکڕیوە.
دەشڵێت: "مامۆستا پێمانی وتوە نابێت مەلزەمەی مامۆستای تر بێنن، من لە سەر کتێب ناخوێنم لەسەر مەلزەمەکەی خۆم نەبێت ئەگەر مەلزەمەی منت پێ نەبێت غیابت دەدەم".
زیاتر لەوبارەیەوە وتی: ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هەفتانە پەرەیەکی بۆ دەنوسین و دەیوت بچن لە فڵان چاپخانە وەریگرن، ناچارمان دەکەن بە خەرجکردنی پارە جیاواز لەو کتێبەی کراوە بە مەنهەج.
م. نیگار رەشید، دەڵێت: ئەو مامۆستایانەی مەلزەمەیان هەیە لە ناوەندە حکومییەکاندا هانی خوێندکاران دەدەن و داویان لێدەکەن بڕۆن مەلزەمەی ئەو بکڕن.
دەشڵێت: بونی ژمارەیەکی زۆر مەلزەمە لە بازاڕدا خوێندکاری خستوه‌تە دۆخێکەوە مەلزەمەی چەند مامۆستایەکی بەردەست بێت و نەزانێت کامیان بخوێنێت.
جەختی لەوەشکردوە "دەبێت لە رێگای وەزارەتی پەروەردە و بونی یاسایەکی پەیوەست بەم بابەتە، ئەمە رابگیرێت".
ئەو مامۆستایانەی خاوەن مەلزەمەن پێویستی بەکارهێنانی مەلزەمە دەگەڕێننەوە بۆ ئاڵۆزی ئەو کتێبەی وەکو مەنهەج دیارییکراوە.
شێرکۆ عوسمان، مامۆستا لە پەیمانگای وانۆ، کە بەهاوبەشی چەند مامۆستایەک خاوەن مەلزەمەن، دەڵێت: بونی مەلزەمە هۆکاری ئاڵۆزیی و ناڕونی کتێبی مەنهەجە، پێویستی کردوە مەلزەمە دانەین، خوێندکاران دەڵێن لە هەنهەجەکە تێناگەین و لە مەلزەمەکەدا بەشێوازێک داڕشتنەوە بۆ بابەتەکان دەکەین تێگەشتنی لای خوێندکار ئاسانتربێت.
هاوکات کامه‌ران حسێن، مامۆستا لە پەیمانگای رۆکان، دەڵێت: لە کتێبی مەنهەجدا شیکاری هەمو راهێنانەکان نەکراوە تەنها نمونەیەک کراوە 70 راهێنانت پێ دەدات بە نوسین لە پۆلدا تەواوناکرێت، بونی مەلزمە ئاسانکاری بۆ خوێندکاردەکات نمرەی باشتر بە دەست بهێنێت.
دەشڵێت: خراپی مەلزەمە لەوەدایە خوێندکار فرە مەلزەمەی بکات.
شارەزایانی پەروەردەش باس لەوە دەکەن چاپکردنی مەلزەمە رێگایەکی دیکەیە بۆ دەستکەوتنی پارەیەکی زیاتر کە خوێندکار ناچار بە کڕینی مەلزمە دەکرێت لەو پێناوە دایە.
بەڕێز عەباس، مامۆستا و نوسهرى بوارى پەروەردە، دەڵێت: خوێندکار هەیە بۆ ئەوەی پارەی کرینی مەلزەمە نەدات مەلزەمەی هاورێکەی هێناوە رۆشتوەتە خولەوە مامۆستا بۆ ئەو ساڵە رەنگی مەلزەمەکەی گۆڕیوە، دەزانێت هەندێک خوێندکار مەلزەمەی ساڵانی دیکەی هاورێکانیان وەردەگرن ئەو مامۆستایە بە خوێندکاری وتوە ئەو مەلزەمەیە جیاوازە و مەیهێنە.
دەشڵێت: ئەم رێگایە جۆرێکە لە پارەپەیداکردن بەزۆر لە خوێندکار، بە پارەیەکی کەم چاپی دەکەن و بە بڕە پارەیەکی زیاتر بە خوێندکاری دەفرۆشنەوە، ئەمەش ئیستغلالکردنی خوێندکارەو بوە بە دیاردەیەکی ناشرین.
هاوکات هەژار فەقێ سلێمان، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، دەڵێت: زۆربونی مەلزەمە، خوێندکاری لەروی دەرونییەوە توشی سەرلێشێوان کردوە، نازانێت مەلزەمەی کێ باشە و هی کێ بکڕێت.
دەشڵێت: پێویستە وەزارەتی پەروەردە و لایه‌نه پەیوەندیدارەکان بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان هەبێت بۆ ئەم بابەتە.
5. چاودێریی نەکردنی پەیمانگاکان
ئه‌وه‌ى له‌م پرۆسه‌یه‌دا مایه‌ى تێبینییه، لیژنه و به‌ش و تیمه‌كانى په‌روه‌رده‌ى گه‌رمیان سه‌ردانى په‌یمانگاكان ناكه‌ن و به‌دواداچون و لێپێچینه‌وه‌یان نییه.
ئارام مستەفا، خاوەنی پەیمانگای باڵدار لەناحیەی رزگاریی، دەڵێت: پەروەردە زۆر بەدەگمەن سەردان دەکات.
ده‌شڵێت: لە ناو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی کە زیاتر سەردانمان دەکەن، هەریەکە لە باج و دەرامەت و دەستەبەری کۆمەڵایەتییە، بەڵام ساڵانە کاتی تازەکردنەوەی مۆڵەت هەندێک لایەنی پەیوەندیدار سەردانمان دەکەن.
پەیمانگاکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان دوساڵ جارێک کاتی تازەکردنەوەی مۆڵەت لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتەوە سەردان دەکرێن ئەوەی بە دەگمەن سەردان دەکات لایەنی سەرەکییە کە پەروەردەیە.
"پێویستە لیژنەیەک دروستبکرێت لەهەریەکە لە قایمقامیەت، پەروەردە، ئیدارەی گەرمیان، دو هەفتە جارێک سەردانی ئەم پەیمانگایانە بکرێت و رێنماییان بۆ دابنرێت لە بارەی کاتی دەوام و نرخ و ژمارەی خوێندکار لە پۆلەکاندا". مامۆستایەک کە نەیویست ناوی بهێنرێت وای وت.
هاوکات نیگار رەشید، مامۆستا، دەڵێت: هیچ یەکێک لەو په‌یمانگانه بەرنامە و رێکخستنێکی باشی وایان نیە کە دانراون، یان چاودێرییەکی واکرابن چ لە رێگەی وەزارەت یان پەروەردەی ناوچەکە خۆیەوەبێت.
"پێویستە حکومەت کار بۆ رێکخستنەوە و چاودێریکردنی پەیمانگاکان بکات لە رێگەی دەرکردنی لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئاگەداربون لە دۆخی پۆلەکانی خوێندن بەر پرسیارانە مامەڵکردن لەگەڵ خوێندکاراندا". هەژار فەقێ سلێمان، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، وای وت.
6. بەکارهێنانی ناوەندەکانی حکومی بۆ ریکلامی خول
هەندێک لەو مامۆستایانەی لە پەیمانگاکاندا خولیان هەیە ناوەندە حکومییەکان بەکاردەهێنن بۆ ریکلامکردنی خولەکانیان بەمەبەستی بەشداریکردنی ژەمارەیەکی زیاتری خوێندکار لە خولەکانیاندا. خوێندکاران گەواهی ئەم راستییه دەدەن و هەندێکیانی روبەڕوی گرفت کردوەتەوە.
خوێندکاری یەکێک لە ئامادەییەکانی ناو شاری کەلار کە نەیویست ناوی بهێنرێت بە کاریگەری ئەو روداوەی روبەڕوی بوەتەوە، دەڵێت: لە پۆلی 11 بوم مامۆستایەک وانەوتنەوەی لە پۆلی 12ـه‌کانەوە گواستەوە بۆ پۆلی 11، ئامانجی لەمە بێ بازاڕی بو لە خولەکانیدا، دەستیکرد بە ریکلام کردن بۆ خولەکانی.
دەشڵێت: بە پرسیارکردن لە رێژەی نمرەکانمان دەستیپێکرد بۆ ئەوەی بزانێت کێ زیرەکە و کێ زیرەک نیە، داوای لێ‌کردین خول لەلای خۆی بکەینەوە و ناوەکان نوسرا، ناوی من و چەند هاورێیەکمی تیادا نەبو ناومان نەنوسی، بەشداری کردنی ئەو خوێندکارانەی بەلاوە گرنگ نەبو کە ئاستیان لاوازبو.
زیاتر لەو بارەیەوە وتی: رۆژێک دوای رۆشتنە دەرەوەی خوێندكاره‌كان، پێی وتم بۆچی لەلای ئەو خولم نەکردوەتەوە وتم کە لەلای مامۆستایەکی دیکە خولم کردوەتەوە، كه‌چى پێی وتم ئیتر ناتکەمە پۆلەوە لەو رۆژەوە بریارمدا ئیتر نەچمەوە ئەو خوێندنگایە.
هاوکات نیگار رەشید، مامۆستا، دەڵێت: من شایەدحاڵی ئەوەم روبەڕوی ئەو خوێندکارە بوەتەوە کە مامۆستاکەی پێی وتوە خول لەلای من نەکەیتەوە تەواوی ساڵەکە ناتکەمە پۆلەوە.
دەشڵێت: داوام لێکرد کە سکاڵا بکات، وتی کە لەو خوێندنگایە نامێنمەوە دەچمە خوێندنگایەکی تر بۆچی سکاڵابکەم.
لەبەرامبەر ئەم کێشەیە ی روبەروی خوێندکاران دەبێتەوە لە ناوەندەکانی خوێندا لەلایەن مامۆستاکانی خاوەن خولەوە و ئەو گرفتانەی لەم راپۆرتەدا خراوەتەڕو، لێدوانی عەدنان حسێن، بەرێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بەوەکالەتمان پێویست بو، بەڵام ئامادە نەبو لێدوان بدات.
"مامۆستا هەبوە پێی وتوم ئەگەر 5 خوێندکار بێنی لەگەڵ خۆت بۆ خولەکانم بۆ خۆتی دەکەم بەبێ بەرامبەر، ئەگەر خوێندکاری زیاتریش بێنی پاداشتت دەکەم، بە هاورێکانی دیکەشم هەمان شتی وتوە". رێبین قارەمان، خوێندکاریی یەکێک لە ئامادەییەکانی کەلار، وای وت.
گۆڕینی شوێنی دەوام لە خوێندنگایەکەوە بۆ خوێندنگایەکی تر، بە مەبەستی بەشداریی زیاتر خوێندکار لە خولەکانیاندا یەکێکی دیکەیە لەو رێگایانەی لە لایەن هەندێک مامۆستای خولەکانەوە ئەنجام دەدرێت.
لەمبارەیەوە بەڕێز عەباس، مامۆستا و نوسه‌ر له بوارى پەروەردە، دەڵێت: لە بەرامبەر ئەم کارەی مامۆستای خول دەیکات ئەو پرسیارە روبەڕوی پەروەردە دەکاتەوە کە چۆن بە ئاسانی گواستنەوە بۆ ئەم مامۆستایانە دەکرێت هەمو ساڵێک، مامۆستایەکی تر بۆی ناکرێت لە بەر ئەوەی مامۆستای دیارە و خول دەکاتەوە بۆی دەکرێت.
هاوکات مامۆستایەک کە نەیویست ناوی بهێنرێت، دەڵێت: مامۆستای خول هەیە هەر ساڵێک لە خوێندنگایەکە، مامۆستاش هەیە داوای گواستنەوە دەکات بۆی ناکرێت، ئەمە رێگە خۆشکردنە بۆ هەندێک کەس کە داوای هەرچی بکات بۆی دەکرێت.
لە بەرامبەردا شێرکۆ عوسمان، مامۆستا لە ئامادەی شەهید ئارام، جه‌ختى له بونى ئه‌و حاڵه‌ته كرده‌وه و دەڵێت: گۆڕینی شوێنی دەوام بۆ ئەو مەبەستە هەیە و ئەم حاڵەتە بەدی ئەکەم، بەڵام وەک خۆم جگە لە ئەو ئامادەییەی ئێستا لەوێم لە هیچ ئامادەییەکی دیکە وانەم نەوتوەتەوە.
هەروەک مامۆستایەکی دیکەش جەخت لە بونی ئەم حاڵەتە دەکاتەوە "بە رێژەیەکی زۆر لەلای هەندێک مامۆستا بونی هەیە، کە دەڵێت دەڕۆمە خوێندنگایەکی ناودار بۆ ئەوەی خوێندکاری دەست کەوێت بۆ خولەکانی". عەدنان حسێن، مامۆستا، وای وت.
لەبەرامبەردا کامه‌ران حسێن، مامۆستا لە پەیمانگای رۆکان، وتی: سەرەڕای لایەنە خراپەکانی ئەم شوێنگۆرکێیە، خوێندکار هەیە سودی لە رۆشتنی ئەو مامۆستایە بۆ خوێندگاکەی بینوە، بەڵام لایەنە خراپەکەی لە باشەکەی زیاترە.
وتیشی: هیوادار پەروەردە ئیجرائات بەرامبەر ئەو کارە بکات و ئەم حاڵەتە نەهێڵێت، بە یەکجاری ئەو مامۆستایە بکرێت بە میلاک لەو خوێندنگایە و تەواو.
لە ئەنجامی گۆرینی دەوام لە خوێندنگایەکەوە بۆ خوێندگایەکی تر ئەوەی زیانی لەم نێوانەدا بەردەکەوێتە خوێندکارە ئەوەی سودمەند دەبێت مامۆستایە.
رێبین قارەمان خوێندکار، دەڵێت: مامۆستا لە پۆلی 10ـه‌وە خوێندکار ئەهێنێت تا 12 رایدەهێنێت چۆن بخوێنێت، بەڵام لە پۆلی 12 کە پێویستت پێیەتی لە خوێندگاکەت نامێنێت، ئەمەش کاریگەری خراپت لەسەر دروستدەکات و وادەکات هیچت بیر نامێنێت.
دەشڵێت: پێویستت بەکاتە تا لەگەڵ مامۆستایەکی دیکە رادێیتەوە، ئەچیتە خولەکەیەوە بۆ ئەوەی لەلای ئەو مامۆستایە بخوێنیت، بەڵام هەست بە جیاوازیی مامەڵەی دەکەیت، لە خوێندنگا زمانی شیرینە بۆ ئەوەی خوێندکار رابکێشێت، بەڵام دەبینی لە خول وانیە.
"بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان کەمتەرخەمە بەرامبەر ئەو مامۆستایانەی لە چەند خوێندنگایەک بە مەبەستی مەرامی خۆیان وانە دەڵێنەوە، مامۆستا هەیە لە ئامادەیی (...) 10 به‌شه وانه‌ى هەیە بە تەکلیف داوایکردوە بچێتە ئاماده‌یی ...) کە تەواوکەری لیستەکەی بکات و 8 به‌شه وانه وه‌ردەگرێت و دەبێتە 18 به‌شه وانه، لە ناحکومییەکیش دەوام دەکات لە رێگەی ئەم چەند قوتابخانەیەوە ئامانجی خۆی دەپێکێت کە هێنانی خوێندکاری زیاترە بۆ خولەکانی". مامۆستایەک کە نەیویست ناوی بهێنرێت، وای وت.
لە بەرامبەردا سامان عومەر، بەرێوبەری بەشی پەروەردەی ناحکومی لە بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان، دەڵێت: مامۆستا دوای تەواوکردنی رێژەی یاسایی وانەکانی دەتوانێت دەوام بەجێ بهێڵێت بەرەزامەندی بەڕێوبەرەکەی .
7. کردنەوەى خول پێویستی یان چاولێکەری؟
روکردنە خولی پەیمانگاکان بۆ قۆناغی 12ـى ئامادەیی لەناو هەندێک لە خوێندکاراندا، لە بری پێویستی بە جۆرێک لە چاولێکەری دەبیندرێت.
عەدنان عومەر، مامۆستای کیمیا لە پەیمانگای ژیر، دەڵێت: بەرێژەی لە 10%ـی خوێندکاران وەکو چاولێکەری خول دەکەنەوە، بۆ هەندێک خوێندکاریش وەکو پێویستییەک بەشدار دەبێت.
دەشڵێت: دابەزینی ئاستی خوێندن لە ناوەندە حکومییەکاندا هۆکارە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ بێ موچەی و ئەو بێ سەروبەرییەی لە خوێندنگا حکومییەکاندا دەگوزەرێت کە جار هەبوە لەو خوێندنگایەی دەوام دەکەم بەتەنیا ماومەتەوە.
هاوکات بەختیار ئەحمهد، مامۆستا لە پەیمانگای وانۆ و ئامادەیی شەهید ئارام، دەڵێت: ئەو خوێندکارەی وەکو چاولێکەرییەک خول دەکاتەوە رەنگە سودمەندیش نەبێت، بەڵام لە ئێستادا خولکردنەوە وەکو پێویستی لێهاتوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی خوێندکار 7 وانەی هەیە لە چەند مانگی دەوامدا ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات.
دەشڵێت: خول یارمەتیدەری شکانی ترسی خوێندکارە لە بابەتەکە و ئامادەکارییەکە بۆ کاتی دەوام، ئەگەر هیچ فێر نەبێت 50% بابەتەکە تێدەگات، خوێندکارێکیش کە ئامانجی نمرەی بەرزنیە خولی پێویست نیە تەنها بە هەوڵدانی لەکاتی دەوام ئەتوانێت نمرەی 60 و 70 بێنێت.
لە بەرامبەردا نیگار رەشید، مامۆستا، دەڵێت: خوێندکار توشی سەرلێشێوان بوەتەوە بەڕادەیەک وادەزانێت ئەگەر خول نەکاتەوە ناتوانێت نمرە بهێنێت و بخوێنێت.
رێبین قارەمان، خوێندکار، دەڵێت: ئێستا کردنەوەی خول لە ناو خوێندکاراندا گەشتوەتە ئەو ئاستەی ئەگەر خول نەکەیتەوە بە دواکەوتو سەیر دەکرێیت لە لایەن خوێندکارانی دیکەوە.
8. کردنەوەی خول لە ناوەندەحکومییەکان لەبری پەیمانگا ئەهلییەکان
مامۆستایان و شارەزایانی پەروەردە بە گرنگی دەزانن کردنەوەی خول لە پەیمانگاکانەوە ببرێتە ناوەندەکانی خوێندن، ئەم هەنگاوە بە کاریگەر دەزانن لە کەمکردنەوەی ئەو بارگرانیەی کەوتوەتە ئەستۆی خوێندکار.
نیگار رەشید، مامۆستا، دەڵێت: بە پێویستی دەزانم شتێک نەمێنێت بەناوی پەیمانگای ئەهلی و مەلزەمە، کار لەسەر پەرەپێدان و بەهێزکردنی کەرتی حکومی بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو خوێندکارانەی ئاستیان لاوازە لە رێگەی قوتابخانەکانیان خولی هاوینەیان بۆ بکرێتەوە بۆ بەهێزکردنیان.
دەشڵێت: ئەمەش لەرێگەی خستنە سەری بڕە پارەیەک بۆ سەر موچەی مامۆستایان، ئەم هەنگاوە کاریگەری دەبێت لە کەمکردنەوەی ئەو بارگرانیەی کەوتوەتە ئەستۆی خوێندکار لە ئێستادا.
ئاماژەشی بەوە کرد: ئەم رێگاچارە هاوشێوەی ئەوە دەبێت کە لە قوتابخانە ناحکومییەکاندا هەیە خولی هاوینەیان هەیە بۆ وانە وتنەوە و بەهێزکردنی خوێندکار.
هاوکات بەڕێز عەباس، مامۆستا و نوسه‌ر له بوارى پەروەردە، دەڵێت: ساڵانی رابردو پەروەردە بریارێکی دەرکرد زۆرباش بو بۆ کردنەوەی خول لە قوتابخانەکان بۆ ئەو خوێندکارانەی دەکەوتنە خولی دوەم و خولیان بۆ دەکرایەوە بۆ بەرەو پێش بردنی ئاستیان.
دەشڵێت: ئەم هەنگاوە زۆر لۆژیكیانه تره و لەژێر چاودێریی پەروەردە و خوێندنگا خۆیەتی، هەروەها خوێندکار ئیستغلال ناکرێت و پارەی لێ وەرناگیرێت.
لە بەرامبەریشدا سامان عومەر، بەرێوبەری بەشی پەروەردەی ناحکومی دەڵێت: کردنەوەی خول لە ناوەنده حکومییەکاندا بە بنەڕەتی و ئامادەییەوە هاوکارێکی باشی خوێندکاران دەکات بەتایبەتی ئەو خوێندکارانەی کەم دەرامەتن سودمەند دەبن.
گرفتەکانی بەردەم ئەم رێگاچارەیە و ئەوەی رێگر دەبێت لە جێبەجێکردنی، به رای مامۆستایەک بۆ نەبونی مامۆستای ئاستبەرز لە وانەوتنەوەدا ده‌گه‌ڕێته‌وه.
عەدنان عومەر، مامۆستای کیمیا، لە ئامادەیی مستەفا رەشید و پەیمانگای ژیر، دەڵێت: نەبونی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستا گرفتی بەردەم ئەم رێگایەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەو مامۆستایانەی توانا و لێهاتوییەکی باشیان هەیە لە وانەوتنەوەدا و خوێندکار لێیان تێدەگات، ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەرناکات، مامۆستا هەیە خۆی ماندوناکات لە تێگەیاندنی خوێندکاردا.
دەشڵێت: نەبونی رێژەیەکی بەرچاو لە مامۆستای باش بۆ بەڕێوەبردن، وا دەکات نەتوانرێت لە ناوەندە حکومییەکاندا ئەو کارە بکرێت.
هاوکات عومەر ئەحمهد، خاوەنی پەیمانگای هامنۆ، دەڵێت: کردنەوەی خول لە ناوەنده حکومییەکان سەرکەوتونابێت بە هۆی ئەوەی مامۆستا رازی نابێت لە خوێندنگا خول بکاتەوە.
دەشڵێت: هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە خوێندکار بۆ هەر وانەیەک مامۆستایەک و شوێنێکی جیاوازی هەڵبژاردوە، ئەم پەیمانگایانەی کە خول دەکەنەوە نزیکن لەیەکەوە زۆربەیان لە گەڕەکی فەرمانبەرانن، لەهەریەکەیان خولێکی کردوەتەوە، خوێندکار ناچێت بۆ هەر وانه‌یه‌ك لە قوتابخانه‌یه‌كه‌وه بچێت بۆ قوتابخانه‌یه‌كى تر و بۆی ناکرێت.
9. بێده‌نگیی به‌ڕێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان
به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى قسه‌ى ئه‌وان و ئاشنابون به‌و رێكارانه‌ى كه له مامه‌ڵه‌یاندا له‌گه‌ڵ په‌یمانگا ئه‌هلییه‌كان ده‌یگرنه‌به‌ر، هه‌روه‌ها خستنه‌ڕوى روئیای ئه‌وان بۆ ئه‌م كه‌رت و پرسه، یه‌كه‌كه‌مان په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنى به عەدنان حسێن، بەرێوبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان بە وەکالەتهوه کرد و دواتریش سه‌ردانی روبهڕویشی كرد، به‌ڵام ناوبراو نه ئامادەبو پێشوازیی له یه‌كه‌كه بكات و نه لێدوان بدات.
به‌شى دوه‌م: ده‌ره‌نجام و راسپارده‌كان
یه‌كه‌م: ده‌ره‌نجام
1. خوله‌كانى به‌هێزكردن بون به دیارده، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌م خوێندكارى ئاماده‌یی و به‌تایبه‌تى پۆلی 12 هه‌یه كه زیاتر له خولێك نه‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك په‌یوه‌سته به‌وه‌ى بهكاریگهریی خراپبونى دۆخی خوێندن و بایكۆت و قه‌یرانى دارایی، له‌لایه‌كی تریشه‌وه وه‌كو چاولێكه‌ریی لێهاتوه.
2. ئه‌وه‌ى وایكردوه ئه‌م بواره زۆر په‌ره‌بسێنێت، نه‌بونى هیچ روئیا و ستراتیژ و پلانێكى حكومییه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا، به‌شێوه‌یه‌ك حكومه‌ت و به‌تایبه‌تى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده، خۆی له‌م پرسه بێ‌ئاگا كردوه و ناچێت به‌لایه‌وه و ته‌نانه‌ت چاودێرییشی ناكات.
3. خوێندن له په‌یمانگاكانی بههێزكردندا، چه‌ندین كێشه و كه‌موكورتیی تێدایه، له‌وانه:
ا. قه‌ره‌باڵه‌غی: پۆله‌كانی خوله‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو قه‌ره‌باڵه‌غن (هه‌ندێكجار 60 بۆ 80 خوێندكار له پۆلێكدا)، كه ئه‌مه بوه‌ته هۆی نه‌بونی كه‌شێكی گونجاو بۆ فێربون، كاریگه‌ریی خراپی كردوه‌ته سه‌ر ئامێره فێنككه‌ره‌وه‌كان و ته‌نانه‌ت ته‌ندروستیی خوێندكاران.
ب. نه‌بونی چاودێری له‌سه‌ر نرخه‌كان: حكومه‌ت هیچ نرخێكی دیاریكراوی بۆ ئه‌م خولانه دانه‌ناوه، ئه‌مه‌ش وایكردوه په‌یمانگاكان به ئاره‌زوی خۆیان و هه‌ندێكجار به ڕێككه‌وتنی نێوانیان نرخه‌كان به‌رز بكه‌نه‌وه، كه بوه‌ته بارگرانییه‌كی قورس له‌سه‌ر خێزانی خوێندكاران.
ت. بازرگانیكردن به "مه‌لزه‌مه" و ناچاركردنی خوێندكار: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌كارهێنانی مه‌لزه‌مه به‌پێی رێنماییه‌كان قه‌ده‌غه‌یه، به‌ڵام بوه‌ته دیارده و سه‌رچاوه‌یه‌كی تری داهات بۆ مامۆستایان. خوێندكاران ناچار ده‌كرێن مه‌لزه‌مه بكڕن، ئه‌مه‌ش وه‌ك جۆرێك له "ئیستغلالكردن" و بارگرانیی دارایی زیاتر سه‌یری ده‌كرێت.
پ. نه‌بونی چاودێریی كاریگه‌ر له‌لایه‌ن په‌روه‌رده‌وه: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان كه‌مترین چاودێری و به‌دواداچونی بۆ په‌یمانگاكان هه‌یه. زۆربه‌ی چاودێرییه‌كان له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌كانی وه‌ك باج و ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش ته‌نها له كاتی نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تدا.
ج. به‌كارهێنانی قوتابخانه حكومییه‌كان بۆ مه‌رامی تایبه‌ت: هه‌ندێك مامۆستا پله و پۆستی خۆیان له قوتابخانه حكومییه‌كاندا بۆ ریكلامكردن و كۆكردنه‌وه‌ی خوێندكار بۆ خوله تایبه‌ته‌كانیان به‌كارده‌هێنن. ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار فشار له‌سه‌ر خوێندكاران دروست ده‌كه‌ن و شوێنی وانه‌وتنه‌وه‌یان ده‌گۆڕن بۆ ئه‌و قوتابخانانه‌ی كه خوێندكاری زیاتری لێوه ده‌ستده‌كه‌وێت.
ح. وه‌رگرتنی مامۆستا له‌سه‌ر بنه‌مای "ناوبانگ" نه‌ك لێهاتویی: زۆربه‌ی په‌یمانگاكان له‌سه‌ر بنه‌مای ناوبانگی مامۆستاكه له‌نێو خوێندكاران‌دا مامۆستا داده‌مه‌زرێنن، نه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بابه‌تییانه بۆ تواناكانیان. ئه‌مه‌ش وایكردوه بازاڕێكی ركابه‌ریی له‌سه‌ر مامۆستا به‌ناوبانگه‌كان دروست بێت.
4. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌روه‌رده‌ی گه‌رمیان ئاماده نه‌بوه هیچ لێدوانێك له‌سه‌ر ئه‌م كێشانه بدات، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌كه‌وه دژه به پرنسیپه‌كانى شه‌فافیه‌ت و مامه‌ڵه‌كردنى رون له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان و پێدانى زانیاریی به رۆژنامه‌نوسان، له‌لایه‌كى تریشه‌وه بهرپرسیارتریان ده‌كات له‌و كه‌موكورتییانه‌ى كه هه‌ن.
دوه‌م: راسپارده‌كان
1. ده‌ركردنى یاسا و رێنمایی:
پێشنیاز ده‌كه‌ین وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده رێنماییه‌كى نوێ له باره‌ى خوله‌كانى به‌هێزكردن ده‌ربكات و ئه‌گه‌ر گونجاش له په‌رله‌مانه‌وه یاسای بۆ ده‌ربكرێت، به‌شێوه‌یه‌ك ره‌چاوى ئه‌و كێشانه بكات كه له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌یان پێكراوه و وابكات نه‌توانرێت مافی گشتى و خوێندكاران بخورێت.
2. كاراكردنه‌وه‌ی خولی به‌هێزكردن له قوتابخانه حكومییه‌كاندا:
دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ كردنه‌وه‌ی خولی هاوینه و به‌هێزكردن له‌ناو باڵه‌خانه‌ی قوتابخانه حكومییه‌كاندا، به‌تایبه‌ت بۆ قۆناغی 12ی ئاماده‌یی. ده‌توانرێت له‌م خولانه‌دا بڕێك پاره‌ی ره‌مزی و گونجاو له خوێندكاران وه‌ربگیرێت كه له توانای دارایی زۆربه‌ی خێزانه‌كاندا بێت. له‌به‌رامبه‌ردا پاداشتێكی شایسته به‌و مامۆستایانه‌ی كه له‌م خولانه‌دا وانه ده‌ڵێنه‌وه، دابین بكرێن.
سودی ئه‌م هه‌نگاوه له‌وه‌دایه كه بارگرانیی دارایی له‌سه‌ر شانی خوێندكاران كه‌م ده‌كاته‌وه، چاودێریكردنی ئاسانتر ده‌بێت و متمانه بۆ كه‌رتی خوێندنی گشتی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
3. رێكخستنه‌وه‌ی نرخی خوله‌كان:
پێویسته لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش (له په‌روه‌رده، قایمقامیه‌ت، و لایه‌نی ئابوری و...هتد) پێكبهێنرێت بۆ دیارییكردنى نرخ و نرخێكی دیاریكراو بۆ هه‌ر وانه‌یه‌ك دیاری بكات، به ره‌چاوكردنی بارودۆخی ئابوریی هاوڵاتیان و تێچوی په‌یمانگاكان.
4. دانانی ستاندارد بۆ پۆله‌كان و چاودێریكردنیان:
دیاریكردنی زۆرترین ژماره‌ی خوێندكار بۆ هه‌ر پۆلێك به‌پێی روبه‌ره‌كه‌ی (بۆ نمونه، نابێت له 25-30 خوێندكار زیاتر بێت).
پێویسته هه‌بونی كه‌شێكی فێركاریی گونجاو (فێنككه‌ره‌وه‌ی به‌توانا، گه‌رمكه‌ره‌وه، روناكی، شوێنی دانیشتنی ستاندارد) بكرێته مه‌رجی نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ت.
5. قه‌ده‌غه‌كردنی ته‌واوه‌تیی بازرگانیكردن به مه‌لزه‌مه:
ده‌ركردنی رێنماییه‌كی توند و یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی مه‌لزه‌مه‌ی تایبه‌ت له‌لایه‌ن مامۆستایانه‌وه و ناچاركردنی خوێندكاران به كڕینی. به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر په‌یمانگایه‌ك یان مامۆستایه‌ك سه‌رپێچی بكات، روبه‌ڕوی سزای دارایی یان هه‌ڵپه‌ساردنی مۆڵه‌ته‌كه‌ی ببێته‌وه.
6. كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌كانی چاودێری و به‌دواداچون:
پێكهێنانی لیژنه‌ی چاودێریی به‌رده‌وام (نه‌ك ته‌نها وه‌رزی) كه به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو سه‌ردانی په‌یمانگاكان بكات.
ئه‌م لیژنه‌یه ده‌بێت راپۆرتی ورد له‌سه‌ر پابه‌ندبونی په‌یمانگاكان به ڕێنماییه‌كان (ژماره‌ی خوێندكار، نرخ، پاكوخاوێنی، به‌كارنه‌هێنانی مه‌لزه‌مه) به‌رز بكاته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانى په‌روه‌رده و قایمقامیه‌ت و ئیداره‌ى ناحییه‌كان لێپێچینه‌وه بكه‌ن.
7. رێگریكردن له به‌كارهێنانی كه‌رتی گشتی بۆ مه‌رامی تایبه‌ت:
ده‌ركردنی گشتاندنێك كه به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ریكلامكردن بۆ خولی تایبه‌ت و په‌یمانگای ئه‌هلی له‌ناو قوتابخانه حكومییه‌كان قه‌ده‌غه بكات.
دانانی میكانیزمێكی رون بۆ گواستنه‌وه‌ی مامۆستایان كه ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای پێویستی و میلاك بێت، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستایه‌ك بتوانێت ساڵانه بچێته قوتابخانه‌یه‌كی تر بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خوێندكار.
هه‌ر مامۆستایه‌ك قوتابخانه بۆ بانگه‌شه و فشاری ده‌رونی له‌سه‌ر خوێندكاران به‌كاربهێنێت، رێكاری یاسایی و ئیداریی توندی به‌رامبه‌ر بگیرێته به‌ر.
8. هۆشیاركردنه‌وه‌ی خوێندكاران و خێزانه‌كان:
ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و خودی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌توانن رۆڵیان هه‌بێت له هۆشیاركردنه‌وه‌ی خێزانه‌كان كه خولی به‌هێزكردن ته‌نها چاره‌سه‌ر نییه و نابێت ببێته دیارده‌یه‌كی چاولێكه‌ری، به‌ڵكو پشت به‌ستن به توانای خودی خوێندكار و قوتابخانه‌كه‌ی بنه‌مای سه‌ره‌كیی سه‌ركه‌وتنه. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت لایه‌نى په‌روه‌رده ته‌نسیقی له‌گه‌ڵ ده‌زگا میدیاییه‌كاندا هه‌بێت.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵبهرپرسێك له شاره‌وانى كه‌لار: دروستكردنى یوتێرنهكانى جاده‌ى پشتێنه‌یی چاوه‌ڕێی كۆمپانیا ده‌كات
-
-
هەواڵلە چاودێریی بازرگانی گەرمیانه‌وه بۆ هاوڵاتیان: هه‌ر شوێنێك نرخی گران كرد ئاگادارمان بكه‌نه‌وه
-
-
هەواڵ3 کادیری بەرەی گەل لە گەرمیان دەستگیردەکرێن
-
-
هەواڵنرخی كرێی خان‌و لە گەرمیان بەردەوامە لە بەرزبونەوە
-
-
هەواڵشارهوانیهكانى گه‌میان: كه‌س داواكارى پێشكه‌ش ناكات بۆ پۆستى شاره‌وانى باوه‌نور
-
زۆرترین بینراوەکان