بەرهەمە کوردەوارییەکان؛ لە پیشەیەکی کۆنەوە بۆ سەرچاوەیەکی بژێوی ژنان
12:33PM - 2025-08-23 , بینین : 64
 
رادیۆی ده‌نگ- زریان محه‌مه‌د
 
لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما، ژنانی گوندەکانى گه‌رمیان دەست بە کارێکی ساڵانەی خۆیان دەکەن؛ کارێک کە بۆنی شیر و ماست و دۆی لێ دێت و تامی ڕەسەنایەتی دەدات. ئەوان هاوین دەکەنە دەرفەتێک بۆ ئەوەی خۆراکی زستانێکی سارد و سەخت ئامادە بکەن. بەرهەمەکانی وەک کەشک، دۆینە و رۆنی کوردی، تەنها خواردن نین، بەڵکو چیرۆکی ماندوبون و ژیانی ئەو ژنانەن کە نەوە لە دوای نەوە ئەم پیشە کۆنەیان پاراستوە.
 
هەمو شتێک لە شیرەوە دەستپێدەکات. شیری مەڕ و بزن کە لە به‌هار و هاویندا به‌رده‌ست تره‌، دەکرێت بە ماستێکی خەست و پاشان لە مەشکەی کوردی یان کارەباییدا دەژەنرێت. ئەم پرۆسەیە كه‌ بەشێکە لە کەلەپوری ناوچەکە، دو بەرهەمی سەرەکی لێ دەکەوێتەوە: کەرە و دۆ. لێرەوە، چیرۆکی سێ خواردنی خۆشەویستی زستان دەست پێدەکات.
 
کەشک؛ تۆپەڵە سپییەکانی بەرەکەت
 
یەکێک لەو بەرهەمانەی کە سفرەی زستان بەبێ ئەو ناتەواوە، کەشکە؛ خواستێکی زۆری لەسەرە و تامێکی تایبەت دەبەخشێتە چێشتەکان.
 
زارا فەتاح، ژنێکی دانیشتووی گوندی سەیدەی سەر بە ناحیەی سه‌رقه‌ڵایه‌، لەکاتێکدا سەرقاڵی وشککردنەوەی کەشکەکانە لەبەر تیشکی خۆر، باس لە دروستکردنی دەکات و دەڵێت: "کەشک بەرهەمێکی تەواو کوردییە. ئەو دۆیەی لە ژەنینی ماست بەدەستمان دێت، دەیخەینە سەر ئاگر تا 'سەر' دێنێت و دەبێت بە 'شیریژ'. دواتر دەیخەینە ناو تورەکەیەکی قوماشی تایبەتەوە تا ئاوەکەی بەتەواوی دەچۆڕێت و وشک دەبێت. پاشان دەری دەهێنین، بە دەست تۆپەڵی دەکەین و لەبەر هەتاو دایدەنێین بۆ ئەوەی بۆ زستان هەڵیبگرین."
 
دۆینە؛ تێکەڵەی دانەوێڵە و دۆی ترش
 
بەرهەمێکی دیکەی دانەبڕاو لە زستان، دۆینەیە. ئەم خواردنە بەتایبەت لە رۆژە ساردەکاندا گەرمییەکی تایبەت دەبەخشێت و بە تێکەڵکردنی گەنم و دۆ دروست دەکرێت.
 
تارا حسێن، کە ساڵانە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی بەشێوەی دەستەجەمعی دۆینە دروست دەکەن، وردەکارییەکەی باس دەکات: "سەرەتا گەنمەکە دەکوڵێنین و دەیکەین بە ساوەر. پاشان لەگەڵ دۆ تێکەڵی دەکەین و بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەیخەینە ناو چاڵێکی تایبەتەوە لە زەویدا تا بەتەواوی تێکەڵ دەبن و تامی یەک دەگرن. دوای ئەو ماوەیە، دەری دەهێنین، لەبەر خۆر وشکی دەکەینەوە و بۆ زستان ئامادەی دەکەین."
 
ڕۆنی کوردی؛ زێڕی سه‌ر سفرەی کوردی
 
رۆنی کوردی، یان وەک هەندێک پێی دەڵێن "رۆنی خۆماڵی"، بەهادارترین و خواستلەسەرترین بەرهەمی ئەم وەرزەیە. ئەم رۆنە نەک تەنها لە زستاندا، بەڵکو بە درێژایی ساڵ بۆ چێشتلێنان و خواردن بەکاردێت.
 
پەخشان محەمەد، کە سەرقاڵی توانەوەی کەرەیە بۆ ئەوەی بیکات بە رۆن، دەڵێت: "رۆنی کوردی لەو کەرەیەوە دروست دەبێت کە لە ژەنینی ماست لە مەشکەدا بەدەستی دێنین. کەرەکە کۆدەکەینەوە و دواتر لەسەر ئاگرێکی هێواش دەیتاوێنینەوە. پاشان لە هیزەدا هەڵیدەگرین کە تام و بۆنێکی تایبەتی پێ دەبەخشێت و بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە."
 
عەتیە محەمەد، ژنێکی بەتەمەنی هەمان گوندە، بە پێکەنینەوە باسی گرنگیی رۆن دەکات و دەڵێت: "رۆنی کوردی تەنها بۆ زستان نییە، ئەمە بەرەکەتی ماڵە. هەر خواردنێک تامی ئەو رۆنەی تێدا بێت، تامی خۆشتر دەبێت."
 
لە پیشەیەکەوە بۆ سەرچاوەی بژێوی
 
جگە لەوەی ئەم کارە پاراستنی کەلەپوورێکی کۆنە، لەم ساڵانەی دواییدا بوەتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ ئەم خێزانانە.
 
بەرزبوونەوەی خواست لەسەر خواردنی خۆماڵی و سروشتی، وایکردوە ئەم بەرهەمانە بازاڕێکی باشیان هەبێت. لە ئێستادا: نرخی یەک کیلۆ کەشک بە نزیکەی ١٥ هەزار دینارە، هه‌روه‌ك نرخی یەک کیلۆ رۆنی کوردی دەگاتە ٢٥ هەزار دینار، کیلۆیه‌ك دۆینەش بە نزیکەیی نرخه‌كه‌ى به‌ 4 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
 
زارا فەتاح، ئاماژە بەوە دەکات کە فرۆشتنی ئەم بەرهەمانە لە وەرزی زستاندا یارمەتیدەرێکی باشی بژێوی ژیانیانە. وەک ژنانی دیکە باسی دەکەن، خواست لەسەر بەرهەمەکانیان ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت، چونکە خەڵک زیاتر بەدوای تامی رەسەن و خۆراکی تەندروستدا دەگەڕێن.
 
بەمشێوەیە ژنانی گەرمیان بە دەستە ماندوەکانیان، تامی هاوین لەناو هیزە و تورەکەکاندا بۆ زستان هەڵدەگرن و چیرۆکی مانەوە و خۆڕاگری و کارکردن دەنوسنەوە؛ چیرۆکێک کە بۆنی ره‌سه‌نایه‌تى و تامی زیندویه‌تى ده‌ده‌ن.