
رادیۆی دەنگ- زریان محەمەد
لێرەوە گوێبیستی راپۆرتەکە بن
لەگەڵ فراوانبونی جیهانی دیجیتاڵی و گۆڕانی پێداویستییەکانی بازاڕی کار، گەنجانی دەڤەری گەرمیان، هاوشانی گەنجانی تری کوردستان، بە پەرۆشییەکی بەرچاوەوە ڕویان لە فێربونی زمانە بیانییەکان کردوە. ئامانجی سەرەکیی گەنجان لەم هەوڵەدا، پەرەپێدانی تواناکانیان و بەدەستهێنانی هەلی کاری باشترە.
گەنجان ئەم خواستەیان بۆ فێربونی زمان، لە دو ڕێگەی سەرەکییەوە پیادە دەکەن: خولە ئۆنلاینەکان کە بەهۆی کەمکردنەوەی کات و خەرجییەوە بونەتە جێی سەرنج، لەگەڵ پۆلە روبەڕوەکان کە هێشتا گرنگی و تایبەتمەندیی خۆیان لەدەست نەداوە.
خولە ئۆنلاینەکان؛ گونجاوترین رێگە بۆ گەنجی سەردەم
لە ئێستادا، خولە ئۆنلاینەکان بونەتە دیاردەیەکی باو و خواستێکی زۆریان لەسەرە. گەنجان هۆکاری ئەم هەڵبژاردنەیان بۆ دو خاڵی سەرەکی دەگەڕێننەوە: گەڕانەوەی کات و کەمیی تێچو.
سەردەشت حەسەن، دەرچوی بەشی ئابوری و دانیشتوی ناحیەی رزگاریی، یەکێکە لەو گەنجانەی کە روی لەم جۆرە خولانە کردوە.
ئەو دەڵێت: "ئامانجم لە فێربونی زمان لەڕێگەی ئۆنلاینەوە، لەلایەک بۆ پەرەپێدانی لایەنی مەعریفی و پسپۆڕیی خۆمە، لەلایەکی دیکەشەوە خەرجییەکەی زۆر کەمترە بە بەراورد بە خولە روبەڕوەکان."
لەلایەکی ترەوە، بۆبیان حەمەساڵح، كە فێرخوازێکی تری خولە ئۆنلاینەکانە لە قەزای کەلار، دیدێکی جیاوازتری هەیە و باس لەوە دەکات کە فێربونی ئۆنلاین دەرفەتی زیاتری پێدەبەخشێت.
خولە ئۆنلاینەکان کاتێکی زۆرم بۆ دەگەڕێننەوە
بۆبیان دەڵێت: "نامەوێت تەنها بە یەک مەنهەجی دیاریکراوەوە پابەندبم. لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دەتوانم سود لە چەندین سەرچاوە و مامۆستای جیاواز وەربگرم، تا ئەو شێوازە بدۆزمەوە کە لەگەڵ تواناکانی مندا دەگونجێت."
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە "خولە ئۆنلاینەکان کاتێکی زۆرم بۆ دەگەڕێننەوە، چونکە هەر کاتێک بمەوێت و دەرفەتم هەبێت، دەتوانم بخوێنم."
پاڵنەری ئابوری و هەلی کار
جگە لە پەرەپێدانی تاکەکەسی، یەکێک لە بەهێزترین پاڵنەرەکانی پشت ئەم خواستە زۆرەی گەنجان، بەدەستهێنانی هەلی کاری باشترە.
سەردەشت حەسەن دان بەوەدا دەنێت کە "ئامانجێکی دارایی لە پشت فێربونی زمانەوە هەیە، چونکە زانینی زمانێکی تر دەرگای هەلی کاری زیاتر و باشترت بۆ دەکاتەوە."
خولە روبەڕوەکان هێشتا گرنگیی خۆیان ماوە
سەرەڕای ئەو پێشوازییە گەرمەی لە خولە ئۆنلاینەکان دەکرێت، خولە ڕوبەڕوەکانیش هێشتا بایەخ و ئامادەیی خۆیان لە گۆڕەپانەکەدا پاراستوە.
دونیا مەسعود، دەرچوی بەشی یاسا، نمونەیەکی زیندوی ئەو کەسانەیە کە سورن لەسەر بەشداریکردن لە خولە روبەڕوەکان. ئەو پێیوایە بۆ پسپۆڕییەکەی ئەو، فێربونی زمانی عەرەبی پێویستییەکی حەتمییە.
ئەم جۆرە خولانە زۆر گرنگن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی فێرخوازان
دەڵێت: "وەک دەرچویەکی یاسا، فێربونی زمانی عەرەبی یەکێکە لە گرنگترین کارەکان کە دەبێت هەوڵی بۆ بدەم، چونکە زۆربەی سەرچاوە یاساییەکانمان بەم زمانەن و کارلێکی راستەوخۆ لەگەڵ مامۆستا کاریگەریی زیاتری هەیە."
بە رای سەردەشت-یش "گرنگی و هێزی خولی روبەڕو هەر ماوە و خواستی لەسەرە، بەتایبەت بۆ هەندێک بواری دیاریکراو کە پێویستیان بە ئامادەبونی فیزیکی و کارلێکی راستەوخۆ هەیە."
راهێنەران چی دەڵێن؟
راهێنەرانی زمان لە دەڤەری گەرمیان، ئەو خواستە بەرچاوەی گەنجان بۆ فێربونی زمان پشتڕاست دەکەنەوە.
هەدیە رەفعەت، راهێنەری زمانی عەرەبی، ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەیەکی زۆری گەنجان بەشداری لە خولەکانیاندا دەکەن و دەڵێت: "ئەم جۆرە خولانە زۆر گرنگن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو فێرخوازانەی کە دەیانەوێت پەرە بە تواناکانیان بدەن".
باس لەوەشدەکات لە ئێستادا دو گروپی جیاوازی هەیە لە ئاستی سەرەتا و ناوەند، کە ئەمەش بەوتەی خۆی، نیشانەی خواست و پێویستیی گەنجانە بۆ فێربون.
لەڕێگەی شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانیانەوە بێت یان لەناو پۆلێکدا، گەنجانی ئەم دەڤەرە تەنها وشەی نوێ فێر نابن، بەڵکو پردێک دروست دەکەن؛ پردێک بەرەو کولتورە نوێیەکان، دەرفەتی کاری باشتر و داهاتویەک کە خۆیان نەخشەی بۆ دەکێشن.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵدواى بڕیارهكهى قایمقامیهت هێشتا فهرمانى پێكهێنانى هێڵی گواستنهوهی پرۆژه نوێیهكانى كهلار دهرنهچوه
-
-
هەواڵبەڕێوبەری یەکێک لە دێرینترین ئامادەییەکانی کەلار دەستلەکاردەکێشێتەوە
-
-
وتار"وانەیەک لەناو ئاگر و دوکەڵدا"... با ئەم وانەیەش لە هەڵەبجەیەکانەوە فێربین
-
-
هەواڵمامۆستایانى ناڕازیی: حكومهتى ههرێم موچهى به بارمته گرتوه و حكومهتى عێراقیش باجی حكومهتى ههرێم به فهرمانبهران دهدات
-
-
هەواڵ13 كارگهی چهو و لم له گهرمیان كراونهته كهساره
-
زۆرترین بینراوەکان