
رادیۆی دهنگ
پۆليسێكى دارستان باس لهوهدهكات له قەزای کەلار روبەڕوی روداوێکی ئەمنی مەترسیدار بوەتهوه، کاتێک دو چەکداری دەمامکدار هەوڵی رفاندنیان داوه، وتهبێژی دهزگاى ئاسایشیش دهڵێت: یهكێك له تۆمهتبارهكان دهستگیر كراوه.
وردەکاریی روداوەکە لە زمانی قوربانییەکەوە
سەڵاح مەجید، ئەو پۆلیسەی دارستان کە روبەڕوی روداوەکە بوەتەوە، چیرۆکی ئەو شەوە پڕ لەمەترسییە بۆ رادیۆی دهنگ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: کاتژمێر نزیکەی نۆ و نیوی شەو بو، لە مەزادەکەی کەلار لەناو ئۆتۆمبێلەکەمدا دانیشتبوم. لەناکاو ماتۆڕسکیلێک لە تەنیشت ئۆتۆمبێلەکەمەوە وەستا و کوژایەوە.
بە وتەی سەڵاح، دو کەسی دەمامکدار کە جلی سەربازیی رەشیان لەبەردابو، لە ماتۆڕەکە دابەزین. یەکێکیان بە ساتورێکەوە لە دەرگای شۆفێرەوە هێرشی کردە سەری و ئەوی دیکەشیان بە دەمانچەیەکەوە لە دیوەکەی ترەوە گەمارۆی دا.
سەڵاح دەڵێت: "پێیان وتم 'جوڵە مەکە، ئێمە 104ـین'. منیش وتم ئەگەر ئێوە پۆلیسن، بۆ بە ماتۆڕ هاتون و دەموچاوتان داپۆشیوە؟ من چیم کردوە؟" یەکێک لە هێرشکارەکان بە ساتورەکەوە هەڕەشەی لێکردوە و پێی وتوە: "ئەگەر جوڵە بکەیت یان هاوار بکەیت، دەبیت بە دو کەرتەوە."
هەڵاتن و داوای یارمەتی
ههر بهگێڕانهوهى سهڵاح، هێرشکهرەکان ویستویانە بە زۆر بیخەنە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی و بیڕفێنن، بەڵام ئەو رەتی کردوەتەوە و پێیوابوە ئەگەر لەگەڵیان بڕوات، دەیکوژن. "چەند جارێک پێم وتن ئۆتۆمبێلەکەم بەرن و وازم لێبێنن، بەڵام ئەوان سور بون لەسەر ئەوەی دەبێت خۆشم لەگەڵیان بێم."
لەو ساتەدا کە یەکێکیان هەوڵیداوە کەلەپچەی بکات، سەڵاح مەجید دەرفەتی وەرگرتوە و بەرەو ئەو خەڵکەی کە لە دوری 30 بۆ 40 مەتر دانیشتبون، رایکردوە و هاواری کردوە: "ئەمانە دز و پیاوکوژن، فریام بکەون!" هەرچەندە هێرشکارەکان هەڕەشەی تەقەکردنیان لێکردوە، بەڵام ئەو بەردەوام بوە لە راکردن.
راوەدونان و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە
سەڵاح بە پێی پەتی خۆی گەیاندوەتە ئەو بازگەیەی کە دەوامی لێدەکات له رێگاى سهید خهلیل و دەستبەجێ بەرپرسان و براکانی ئاگادار کردوەتەوە. دواتر بە هاوکاریی براکانی، شوێنپێی ئۆتۆمبێلە دزراوەکە و ماتۆڕسکیلەکە هەڵدەگرن و لە نزیک رێگای گۆبان، روبەڕویان دەبنەوە.
"من تفەنگەکەی خۆمم پێبو، چەند گولەیەکم بە ئاڕاستەی بەردەمیان تەقاند بۆ ئەوەی بوەستن، بەڵام سودی نەبو." دواتر هێزەکانی ئاسایش دەگەنە شوێنەکە و دوای ئەوەی تۆمەتبارێكیان تەقە لە هێزەکانی ئاسایش دەکات، دواجار لەناو ناحیەی رزگاری گەمارۆ دەدرێت و دەستگیر دەکرێت، بەڵام تۆمەتبارەکەی دیکە کە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە بوە، هەڵدێت.
لێدوانی فەرمی و بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان
لەلایەکی دیکەوە، سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دهزگاى ئاسایشی ههرێم، لهبارهى روداوهكهوه به رادیۆی دهنگى وت: پاش کەمتر لە کاتژمێرێک لە ئەنجامدانی تاوانەکە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان توانیان یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە فەرمانی دادوەر دەستگیر بکەن."
ناوبراو جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی سەرجەم وردەکارییەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتباری دوەم.
سەڵاح مەجید گومانی خۆی ناشارێتەوە و دەڵێت: "داواکارم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جددی کار لەسەر ئەم کەیسە بکەن، چونکە ئەمانە بۆ کوشتنی من هاتبون."
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵدواى بڕیارهكهى قایمقامیهت هێشتا فهرمانى پێكهێنانى هێڵی گواستنهوهی پرۆژه نوێیهكانى كهلار دهرنهچوه
-
-
هەواڵبەڕێوبەری یەکێک لە دێرینترین ئامادەییەکانی کەلار دەستلەکاردەکێشێتەوە
-
-
وتار"وانەیەک لەناو ئاگر و دوکەڵدا"... با ئەم وانەیەش لە هەڵەبجەیەکانەوە فێربین
-
-
هەواڵمامۆستایانى ناڕازیی: حكومهتى ههرێم موچهى به بارمته گرتوه و حكومهتى عێراقیش باجی حكومهتى ههرێم به فهرمانبهران دهدات
-
-
هەواڵ13 كارگهی چهو و لم له گهرمیان كراونهته كهساره
-
زۆرترین بینراوەکان