
رادیۆی دهنگ
بیلال لە مناڵییەوە خولیایی وەزشکردن بوە، کە گەورەش بو، بوە یاریزان و دواتریش پاڵەوان، بەڵام وەکخۆی دەڵێت: هیچ گرنگییەکمان پێنەدرا، بۆ رێچکەم گۆڕی و دهستبهردارى وهرزش بوم.
خولیای وەرزشکردن لە مناڵییەوە لە ناخی زۆرێک لە گەنجاندا چەکەرە دەکات و بە هیوا و ئاواتی گەیشتن بە ئاستی پاڵەوانێتی و نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەیان، ساڵانێکی زۆر لە تەمەنیان لەنێو یاریگاکاندا بەسەر دەبەن. بەڵام ئەم خولیایە زۆرجار لە نیوەی رێگادا بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازەوە کۆتایی دێت.
قەیرانی دارایی، گەورەترین ئاستەنگ
قەیرانی دارایی وەک بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم گەشەسەندنی بواری وەرزشدا دەبینرێت و زۆربەی یاریزانان و رۆژنامەنوسان و تەنانەت لایەنە حکومییەکانیش، جەختی لێدەکەنەوە. ئەمەش وایکردووە بەشێک لە گەنجان نەتوانن وەرزش وەک سەرچاوەیەکی داهات ببینن و ناچاربن وازی لێ بهێنن.
بیلال عەبدوڵڵا، پاڵەوانێکی پێشوى یاری گۆڕەپان و مەیدان و حەوت ساڵ لەم بوارەدا کاری کردوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ سودێکی مادیی لە وەرزشکردن نەبینیوە.
دەڵێت: "هەموی تەنها حەز و خولیای مناڵیم بو، بەڵام کاتێک گەورە بوم و بومە پاڵەوان، هیچ گرنگییەکمان پێنەدرا، بۆیە رێچکەکەم گۆڕی و ئێستا سەرقاڵی خوێندنەوەم".
جگه له لایهنى دارایی، لایهنێكى دیكهى دڵساردكردنهوهى گهنجان له وهرزش، پرسی كۆمهڵایهتییه.
دڵستان محەمەد، کە ماوەی شەش ساڵە یاریزانی یاریی گۆڕەپان و مەیدانە، ئاماژە بەوە دەکات کە دو هۆکاری سەرەکی ساردیان کردوەتەوە: کۆمەڵایەتی و دەرونی.
ئەو رونی دەکاتەوە: "بەشێک لە یاریزانان بۆ پڕکردنەوەی باری مادیی دێنە نێو وەرزشەوە و بەشێکی دیکەش تەنها لەبەر حەز و خولیا، بەڵام کاتێک دەبینن داهاته مادییهكهی وەکپێویست نییە، ئەمە وادەکات گەنجان دوربکەونەوە".
کەمتەرخەمی حکومەت و ژێرخانی وەرزشی
جگە لە قەیرانی دارایی، کەمتەرخەمی حکومەت و لاوازیی ژێرخانی وەرزشی، وەک دو هۆکاری سەرەکیی دیکە بۆ پاشەکشەی وەرزشکاران ناودەبرێن.
دانا لەتیف، رۆژنامەنوسی وهرزشی، لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی دەنگ، پێیوایه حكومهت كهمتهرخهمه له پشتگیرییكردنى وهرزشكاران.
دەڵێت: "سستی و کەمتەرخەمی حکومەت هۆکاری سەرەکی دورکەوتنەوەی گەنجانە، چونكه یاریزان كه دەزانێت حکومەت پاڵپشتی وەرزش ناکات، بۆیە لە کۆتاییدا وازدەهێنێت".
لهبهرامبهریشدا، بهرپرسێكى دیكهى حكومیی، وایدهبینێت كه توانا و ژێرخانى یانهكان هۆكارێكى دیكهن بۆ پاشهكشهى یاریزانان.
تەڵعەت سەعدوڵڵا، بەڕێوبەری وەرزشی گەرمیان، لهوبارهوه ئاماژە بەوە دەکات کە ژێرخان و ئیمکانیاتی یانەکان هۆکارێکی دیکەی پاشەکشەی یاریزانانن، هەرچەندە پێی وایە یانەکان بەرپرسن لە یاریزانان و دەڵێت: "بگرە ئێمەش خەڵاتی پاڵەوانەکان دەکەین".
ئایا خودی گەنجان بێتاوانن؟
سەرەڕای هەمو ئەو هۆکارانەی پەیوەندییان بە دەرەوەی یاریزانەکەوە هەیە، بەشێک لە وەرزشکاران رەخنە لە خودی گەنجانیش دەگرن و پێیانوایە ئەوانیش لەم پاشەکشەیەدا بەشدارن.
بیلال، جهخت لهم بۆچونه دهكاتهوه و پێیوایە خودی گەنجیش هۆکارە، دەڵێت: "سستی و گرنگینەدان بە تەندروستیی خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستیان، هۆکارێکی دیکەیە".
دڵستانیش ئەم رایە پشتڕاست دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە "کێشەی پێشنەکەوتنی گەنجان پەیوەندی بە خۆشیانەوە هەیە، کە زۆرجار بیانوەکانیان بە لایەنی مادییەوە دەبەستنەوە".
وەرزش؛ بژێوی ژیان یان خولیا؟
یەکێک لە مشتومڕە گەرمەکان ئەوەیە کە ئایا وەرزش لە هەرێمی کوردستان بوەتە پیشە و سەرچاوەی بژێوی؟ لێرەدا رای جیاواز هەیە.
تەڵعەت سەعدوڵڵا، بەڕێوبەری وەرزشی گەرمیان، پێیوایە وەرزش بۆ هەندێک کەس بوەتە سەرچاوەی داهات و دەڵێت: "لای هەندێک یاریزان بوە بە سهرچاوهى بژێوی و لای هەندێکی دیکەش بوەتە هۆی ئاسانکارییەک بۆ ژیانیان".
بەڵام بیلال بهپشت بهستن به ئهزمونى شهخسی خۆی، بە پێچەوانەی ئەم رایەوەیه. دەڵێت: "من حەوت ساڵ یاریزان و پاڵەوان بوم، کەچی هیچ سودێکی ماددیم نەبینی".
دوركهوتنهوه و پاشهكشێ و وازهێنانی گەنجان لە وەرزش، کێشەیەکی ئاڵۆزە. وهك له راپۆرتهكهشماندا ئاماژهمان پێدا، چەندین هۆکاری لەپشتەوەیە. ههتا چارەسەرێکی گشتگیر بۆ ئەم کێشانەش نەدۆزرێتەوە، مەترسیی ئەوە هەیە یاریگاکان رۆژ لەدوای رۆژ لە گەنجە بەهرەمەندەکان خاڵیتر ببنەوە.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵدواى بڕیارهكهى قایمقامیهت هێشتا فهرمانى پێكهێنانى هێڵی گواستنهوهی پرۆژه نوێیهكانى كهلار دهرنهچوه
-
-
هەواڵبەڕێوبەری یەکێک لە دێرینترین ئامادەییەکانی کەلار دەستلەکاردەکێشێتەوە
-
-
وتار"وانەیەک لەناو ئاگر و دوکەڵدا"... با ئەم وانەیەش لە هەڵەبجەیەکانەوە فێربین
-
-
هەواڵمامۆستایانى ناڕازیی: حكومهتى ههرێم موچهى به بارمته گرتوه و حكومهتى عێراقیش باجی حكومهتى ههرێم به فهرمانبهران دهدات
-
-
هەواڵ13 كارگهی چهو و لم له گهرمیان كراونهته كهساره
-
زۆرترین بینراوەکان