
رادیۆی ده‌نگ
كێشه‌ى نێوان دانیشتوانى پرۆژه‌ى نیشته‌جێبونى بان سیتی و كۆمپانیای جێبه‌جێكارى پرۆژه‌كه له كه‌لار به‌رده‌وامه، دانیشتوانه‌كه‌ى ده‌ڵێن كۆمپانیا پابه‌ند نییه به‌و ئه‌ركانه‌ى بۆی دیارییكراوه، كۆمپانیاكه‌ش ده‌ڵێت به‌ته‌واوى پابه‌نده، به‌ڕێوبه‌رى وه‌به‌رهێنانی گه‌رمیانیش داواى گه‌ڕانه‌وه بۆ گرێبه‌سته‌كان ده‌كات.
پرۆژه‌ى بان سیتی كه ده‌كه‌وێته ئه‌ودیو جاده‌ى پشتێنه‌یی كه‌لار، له دو به‌ش پێكدێت، به‌شى یه‌كه‌مى له كۆتاییه‌كانى ساڵی 2019ـه‌وه ده‌ست به‌كاره‌كانى كراوه و له 810 یه‌كه پێكدێت و ته‌واو كراوه. ئه‌م به‌شه هێشتا به ته‌واوى كاره‌كانى كۆتایی پێنه‌هاتوه و له‌لایه‌ن داموده‌زگا حكومییه‌كانی وه‌كو: شاره‌وانى، كاره‌با و ئاوه‌وه وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه، سه‌رباری ئه‌وه‌ش ماڵی تێچوه.
كێشه‌ى بنه‌ڕه‌تى پرۆژه‌كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه كۆمپانیای جێبه‌جێكار داواى قیست له به‌شداران ده‌كات، ئه‌وانیش ئاماده نین قیست بده‌ن به‌و پاساوه‌ى سه‌رجه‌م بڕگه‌كانى پرۆژه‌كه ته‌واو نه‌كراون، له‌م نێوه‌نده‌شدا پرۆژه‌كه و كێشه‌كانى، به مۆله‌قی ماونه‌ته‌وه.
"خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەی بان سیتی تەواو نەکراوە"
سۆران جاف، دانیشتوی پرۆژه‌ى بان سیتی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: هەمو خزمەتگوزارییەکەی ئەو کۆمپانیایه، دروستكردنى قوتابخانەیەک و باخچەیەکی ساوایانه، سیاجی پرۆژەکەی بەتەواوەتی نەکردوە، رێگاوبانەکەی تەواو نەکردوە، ئاوی قورس و سوک جیانەکراوەته‌وه، دایه‌نگە نەکراوە، یاریگا و هۆڵی وه‌رزشی نەکراوە، ئەبێت دو بازاڕ بێت و یەک بازاڕی کردوە.
وتیشی: زبڵ و خاشاکی ناوکۆڵانەکان به دەستخۆشییه‌وه لەلایه‌ن شارەوانییه‌وه پاك ده‌كرێته‌وه نه‌ك کارمەندی كۆمپانیا.
قسەکانی ئەم دانیشتوه، دانیشتویەکی دیکەی بان سیتی جەختی لێدەکاتەوە.
عەلی تاهیر، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: ئەوەی تەواو نەبوە قیری دوەمی ناو پرۆژەکەیە، هێڵکاری شەقامەکان و خێرایگر و هەندێک شتی تر‌ى نەکراوە، قوتابخانەی دوەم نەکراوە کە سەروی ملیۆنێک دۆلاری تێدەچێت، بنكه‌ى ئاگرکوژێنەوە نەکراوە، دایه‌نگا دروستنەکراوە، شوێنی یاری بۆ مناڵان لەنێو پارکەکان نەکراوە، پرۆژەی چاره‌سه‌رى ئاوی قورس نەکراوە.
باسی لەوەشکرد: واژومان کۆکردوەتەوە و پارێزەریش ئەگرین و سکاڵاش ئەکەین بۆ ئەوەی به‌ڵێننامه بە کۆمپانیاکە بکەین کە ئەم خزمەتگوزاریانەی ماوە تەواوی بکات، ئەگەر ئەم ئیشانە جێبەجێ نەکات، وابەستە دەبێت بە بڕی ئەو قەرەبوەی دادگا دیارییدەکات، بەو شێوازە دەتوانین قیستەکان بدەین.

كۆمپانیای ئاینده‌ى بامۆك: هه‌مو خزمه‌تگوزارییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین
له رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه كۆمپانیای ئاینده‌ى بامۆك، جێبه‌جێكارى پرۆژه‌ى بان سیتی بۆ رادیۆی ده‌نگى ناردوه، باس له‌وه‌ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وانه ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه جێبه‌جێ بكه‌ن: 2 قوتابخانەی 18 پۆلی، باخچەی ساوایان، بینای بازرگانی، یاریگای تارتان، دایه‌نگا، بنکەی ئاگرکوژێنەوە، سیاجی پرۆژەکە و بنکەی تەندروستی.
جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كه‌نه‌وه له‌ئێستادا ئه‌م بڕگانه ته‌واو نه‌كراون: قوتابخانه‌یه‌ك، دایه‌نگه، یاریگای تارتان، بنكه‌ى ئاگركوژێنه‌وه. ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه سیاجی پرۆژه‌كه 95%ـى كاره‌كانى ته‌واو بوه و بنكه‌ى ته‌ندروستى ته‌واو بوه و ته‌نها راده‌ستكردنى ماوه.
به‌وته‌ى خۆشیان ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ى ماون، به‌شێكیان له چوارچێوه‌ى فراوانكردنى پرۆژه‌كه‌دان و هه‌موشی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و به‌ڵێننامه‌یان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پڕكردوه‌ته‌وه و پابه‌ندن پێوه‌ى.
یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانى پرۆژه‌كه، كۆبونه‌وه‌ى ئاوه‌ڕۆكه‌یه‌تى له چاڵاوێكدا به ته‌نیشت پرۆژه‌كه‌وه، چونكه ئه‌و پرۆژه‌یه په‌یوه‌ست نه‌كراوه به تۆڕی ئاوه‌ڕۆی كه‌لاره‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت خۆی یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى ئاوی قورسی هه‌بێت و دواتر ئه‌و ئاوه پاش پاڵاوتن بۆ ئاودانى داره‌كانى ناو پرۆژه‌كه به‌كاربهێنێته‌وه.
به‌ڵام پرۆژه‌كه نه یه‌كه‌ى چاره‌سه‌رى داناوه، نه ئاوه‌ڕۆكه‌یشی په‌یوه‌ست كراوه به تۆڕی ئاوه‌ڕۆی كه‌لاره‌وه، هه‌ربۆیه له گۆماوێكدا له ته‌نیشت پرۆژه‌كه‌وه كۆكراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش بوه‌ته مایه‌ى دروستبونى بۆنێكى ناخۆش و به‌خشینی سیمایه‌كى ناشرین به پرۆژه‌كه و ناوچه‌كه‌ش.
له‌مباره‌یه‌وه كۆمپانیای ئاینده‌ى بامۆك، ده‌ڵێت: ئه‌و دۆسێیه لای شاره‌وانى كه‌لاره، ئه‌گه‌ر بڕیار ده‌ده‌ن یه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر دروست بكرێت دروستى ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ریش بڕیار ده‌ده‌ن په‌یوه‌ستی بكه‌ن به تۆڕی ئاوه‌ڕۆی كه‌لاره‌وه په‌یوه‌ستى ده‌كه‌ین.
لایخۆشیه‌وه هونه‌ر مه‌حمود، به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد کاتی خۆی ئه‌م پرۆژه‌یه بۆ وەبەرهێنەرێکی تر دەرچو، وەبەرهێنەرەکە فرۆشتی بە کۆمپانیای بامۆک، به‌وپێیه‌ی پرۆژەی وەبەرهێنان نابێت کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت، ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره، بڕیاریاندا كۆمپانیاكه قوتابخانه‌یه‌ك له قه‌زاى كه‌لار دروست بكات له شارى كه‌لار و وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان شوێنه‌كه‌ى دیاریی بكات.
باسی له‌وه‌شكرد ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ماون له‌وانه بنکەی ئاگرکوژێنەوە، به‌هۆی نه‌بونى زه‌ویه‌وه نه‌كراون و بڕیاره له فراوانبوندا دروست بكرێن.

ئایا پرۆژه‌كه 98%ـى كاره‌كانى ته‌واو بوه؟
پێشتر له نوسراوێكدا كه رادیۆی ده‌نگ بڵاویكرده‌وه، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌دابو كه 98%ـى كاره‌كانى پرۆژه‌كه ته‌واو كراوه، له‌كاتێكدا به‌وته‌ى دانیشتوانى پرۆژه‌كه، ئه‌م خه‌مڵاندنه راست نییه.
عه‌لی تاهیر، دانیشتوی پرۆژه‌ى بان سیتی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت 98%ـی پرۆژەکە تەواوبوە و دەبێت به‌شداران پابەندی قیستەکان بن، بەپێی پێوەری وەبەرهێنان بێت دەبێت ئێمە تاوەکو ئێستا دو قیستمان دابێت، چونکە نوسراوەکەی لەمانگی سێ (ئاداری 2025) دەرکردوە، بەڵام بەپێی پێوەری کۆمپانیا بێت دەڵێت ئێوە نزیک 16 قیست قەرزارن.
دەشڵێت: "ئەو كه‌موكورتیانه‌ى له‌سه‌ره‌وه باسمکردوە، رەنگە زیاتر لە 3 ملیۆن دۆلاری تێبچێت، ئایا پرۆژەیەک سێ ملیۆن دۆلار کارکردنی مابێت دەکرێت بڵێین سەدا دوی ماوە؟"
له رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه كۆمپانیای ئاینده‌ى بامۆك، جێبه‌جێكاری پرۆژه‌ى بان سیتی تایبه‌ت به رادیۆی ده‌نگى ناردوه، باس له‌وه‌ده‌كات پرۆژه‌كه 98%ـى كاره‌كانى ته‌واو بوه و به‌پێی یاسا دواى په‌سه‌ندكردنى ئه‌م رێژه‌یه كۆمپانیا مافی خۆیه‌تی قیست لە بەشداربوان وەربگرێت.
لایخۆشیه‌وه به‌ڕێوبه‌رى گشتى وه‌به‌رهێنان پێداگره له‌وه‌ى پرۆژه‌كه 98%ـى ته‌واو بوه.
هونەر مەحمود، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: به‌هاى پرۆژەکە 60 ملیۆن دۆلارە، ئەگەر به بڕی 3 ملیۆن دۆلاریش ئیش‌کردنی تێدا مابێت، ئینجا ده‌كاته 98%.
به‌ڵام به‌پێی لێكدانه‌وه‌ى بیركارییانه، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه به‌هاكه‌ى 60 ملیۆن دۆلار بێت و به به‌های 3 ملیۆن دۆلار كارى مابێت وه‌ك ئه‌و دانیشتوه ده‌یڵێت، ئه‌وا رێژه‌ى ته‌واوبونى 95%ـه نه‌ك 98%.
بەپێی ژمارەکان بێت پرۆژەکە 95%ـى تەواو بوە نەک 98%
بەشداربوان: كۆمپانیا ئاو و کارەبامان لێدەبڕێت
دو دانیشتوى پرۆژه‌ى بان سیتی باس له‌وه‌ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن كۆمپانیای جێبه‌جێكارى پرۆژه‌كه‌وه پڕكردنه‌وه‌ى كارتى خزمه‌تگوزاریی ئاو و كاره‌با وه‌كو فشار به‌كاردێنن له دژیان.
عەلی تاهیر، دانیشتوی پرۆژەی بان سیتی، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کارتی ئاو و کارەبا پڕناکەنەوە، دەڵێن قیستتان لاماوە، له‌كاتێكدا ئاو و کارەبا پەیوەندی نییە بە دانی قیستەوە، ته‌نانه‌ت لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەگەڵ ئەوەن خزمەتگوزارییەکان پەیوەندیان بە پێدانی قیستەوە نییە و له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش نوسراو کراوە بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى وەبەرهێنان.
هاوکات سۆران جاف، بەشداربویەکی دیکەی پرۆژه‌كه، جەختی له بونى ئه‌و حاڵه‌ته كرده‌وه و وتى: "خەڵک هه‌یه بە دو ملیۆن و سێ ملیۆن دینار پارەی کارەبا و ئاو قەرزاری حکومەتە و حکومەت ئاو و کارەبای لێنەبڕیوە، بەڵام ئەم کۆمپانیا پارەی کارەبا و ئاوی کردوەتە چەکێک و هەر بەشداربویەک قیست نەدات کارەبای بۆ پڕناکاتەوە، خۆم لەدەوام بوم، هاوڕێیەکم نارد بۆ بۆ ئەوەی کارەبام بۆ پڕبکاتەوە کەچی پڕیان نەکردەوە".
دەشڵێت: روناکكەرەوەی "ئیناره" ناو پرۆژە سێ کاتژمێر کاری پێدەکەن لەکارەبای مۆلیدە و دواتر دەیکوژێننەوە، "خۆ من سجنی نیم سێ کاتژێر کاری پێبکەن و دواتر بیکوژێننەوە".
لەبەرامبەردا كۆمپانیاكه ئه‌م قسانه به "ده‌نگۆی ناڕاست" ده‌زانێت.
له‌و رونكردنه‌وه‌یه‌دا كه بۆ رادیۆی ده‌نگ ناردویانه، كۆمپانیای ئاینده‌ى بامۆك ده‌ڵێت: "سەبارەت بە دەنگۆ و هەواڵێکی ساختە بڵاودەکرێتەوە گوایە ئاو و کارەبا بۆ بەشداربوان پڕ ناکرێتەوە، ئێمە سەرجەم ئەو هەواڵانە بەدرۆدەخەینەوە، ئاو و کارەبا دەدرێتە سەرجەم بەشداربووانی خۆشەویستی پرۆژەکەمان".
ده‌شڵێن: تەنها کارەبای کەمتر بۆ ئەو بەشداربوانەی کە زۆر قەرزارن پڕکراوەتەوە، لە کاتێکدا ئێمە بەپێی کۆنوسی رادەستکردنی کلیلی یەکەکان لەنێوان کۆمپانیا و بەشداربوان کە سەرجەم بەشداربوان واژۆ و پەنجەمۆریان کردوە، تێیدا هاتوە کە دەتوانین ئیجرائات بکەین لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پابەندی پێدانى شایستە دارایەکانمان نین، بەڵام کۆمپانیا نەیکردوە و هاوکاری بەشداربوانی پڕۆژەکەی کردوە.
پێشتریش له (3ـى كانونى دوه‌مى 2024)، بەڕێوبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان به نوسراوێک کۆمپانیای ئایندەی بامۆکی لەوە ئاگادارکردوه‌ته‌وه کە "بە هیچ پاساوێک نابێت کارەبای پرۆژەکە لە بەشداربوان بکوژێنرێتەوە".

وه‌به‌رهێنانى گه‌رمیان: پێویسته هه‌ردو لا په‌یوه‌ست بن به گرێبه‌سته‌كه‌یانه‌وه
له‌باره‌ى كێشه‌ى نێوان به‌شدارانى پرۆژه‌كه و كۆمپانیاكه‌وه، به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنان داواى پابه‌ند بون به گرێبه‌ستى نێوانیانه‌وه ده‌كات.
هونەر مەحمود، بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: نوسراومان کردوە بۆ ئیدارەی گەرمیان و قایمقامیەتی کەلار کە ئەوەی لە ناوەڕۆکی گرێبەست و کۆتا ناوەڕۆکی ئەو لیژنەیەی کە نرخاندنی بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كان کردوە، خاڵ بەخاڵی جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەوەی لەگرێبەستەکەدا هاتوە و بەشداربوان واژویان کردوە ئەوە جێبەجێ دەکرێت و پێویستە هەردولا پابەندبن پێوەی.
وتیشی: لەحاڵەتێک هەر کێشەیەک کەوتە نێوان بەشداربو و کۆمپانیاوە ئەوا دادگاش بەپێی گرێبەستەکە مامه‌ڵه دەکات، بۆیە ئێمەش پابەندین بە ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستە.
دەشڵێت: هاوڵاتی کاتێک خانویەک دەکڕێت، ناوەڕۆکی گرێبەسته‌كه ناخوێنێتەوە و واژو دەکات، ئەوەش وادەکات پابەندبێت بەهەندێک خاڵی دیکەوە و دواتر بارگرانییەک دەبێت لەسەر خۆیان.

گرێ بوه‌ته گرێ كوێره؟
واپێده‌چێت هه‌ردو لایه‌نى كێشه‌كه (كۆمپانیا و هاوڵاتیان) پێ‌داگر بن له داوا و هه‌نگاوه‌كانیان، ئه‌مه‌ش وایكردوه كێشه‌كه به هه‌ڵواسراویی بمێنێته‌وه، له‌م نێوه‌نده‌شدا حكومه‌ت هیچ هه‌نگاوێكى كرداریی ئه‌وتۆی نه‌ناوه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى كێشه‌كان و زیاتر وه‌كو ته‌ماشاكه‌ر ده‌ركه‌وتوه. به‌مشێوه‌یه‌ش ئه‌و پرۆژه‌یه‌ى كه بڕیار بو ببێت به یه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه‌ى كه‌لاریان پێ ئاوه‌دان و فراوان ده‌كرێت، ئێستا هه‌ر رۆژه و له‌سه‌ر خاڵ و بڕگه‌یه‌كى، كێشه و ناڕه‌زایه‌تى دروست ده‌بێت!
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵئهو بڕه كاره‌با زیادهیەی ده‌درا به گه‌رمیان ئه‌مساڵ نادرێت
-
-
راپۆرتئێران چۆن توانی "قوبە ئاسنینەکەی ئیسرائیل" ببڕێت؟
-
-
هەواڵئهو هاوڵاتیانه‌ى كارتى نیشتیمانیان نییە ده‌توانن فۆرمی ئۆنلاینی خۆراک تۆمار بكه‌ن
-
-
هەواڵداوای تەسلیم بونی ترامپ و بڕیاری سازش نەکردنی خامنەیی… روداوەکانی ئێران و ئیسرائیل لە 24 کاتژمێردا
-
-
هەواڵناوى ئەو كهمدهرامهتانەی بڕیارە له گه‌رمیان شوقە وەربگرن یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه
-
زۆرترین بینراوەکان