
رادیۆی ده‌نگ
له‌ماوه‌ى كه‌متر له مانگێكدا دو نوسینگه‌ى دراو له كه‌لار هه‌ڵشكان و مایه‌پوچبون، به‌وهۆیه‌وه پاره‌یه‌كى زۆری خۆیان و خه‌ڵكی و بازرگانانیشیان هاتوه‌ته سه‌ر و دۆخی بازاڕیشی هێنده‌ى تر ئاڵۆز كردوه.
له‌م راپۆرته‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین هۆكاره‌كانى ئه‌م حاڵه‌ته بزانین كه ماوه‌ماوه دوباره ده‌بنه‌وه.
نوسینگه‌كانى دراو چی ده‌كه‌ن؟
له‌كه‌لاردا ده‌یان نوسینگه‌ى دراو هه‌ن، ئه‌م نوسینگانه ئه‌گه‌رچی كارى سه‌ره‌كییان به ئاڵوگۆڕی دراوه‌كان ناسراوه، به‌ڵام كارى دیكه‌ش ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
كاره سه‌ره‌كییه‌كه‌یان وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا، گۆڕینه‌وه‌ى دراوه بیانییه‌كانه به دراوی عێراقی یان به‌پێچه‌وانه‌وه. كارێكى تری سه‌ره‌كیشیان بریتییه له حه‌واڵه‌كردنى پاره بۆ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى وڵات له‌به‌رامبه‌ر عموله‌یه‌كدا.
له‌پاڵ ئه‌م دو كاره سه‌ره‌كییه‌شدا، كارێكى تر‌ى نوسینگه‌كان بوه به وه‌رگرتن و هه‌ڵگرتنى پاره‌ى هاوڵاتیان.
بە سێ هۆکار هاوڵاتیان پارە لە نوسینگەکانی دراو دادەنێن
بانك یان نوسینگه؟
به‌شێوه‌یه‌كى گشتى و له هه‌مو وڵاتاندا، بانك كارى هه‌ڵگرتنى پاره بۆ هاوڵاتیان ده‌كات، به‌و راده‌یه‌ى له زۆرێك له‌وڵاتان رێگه‌پێنه‌دراوه هاوڵاتى پاره‌ى كاش له‌ماڵ دابنێت، به‌ڵكو ده‌بێت له بانكدا دایبنێت، كه ئه‌مه‌ش هه‌م بۆ جوڵه‌ى بازاڕ پێویست و گرنگه، هه‌م بۆ رێگرتنیش له پاره‌ى قاچاخ و سپیكردنه‌وه‌ى پاره.
به‌ڵام له عێراق و كوردستاندا، ئه‌گه‌رچی بانكی زۆر دروست بون، به‌ڵام كێشه‌ى سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه پرۆسه‌ى بانك و دانانى پاره له بانكدا، متمانه‌ى له‌نێو هاوڵاتیاندا نییه. مایه‌پوچبونى چه‌ند بانكێك و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى پاره‌ى هاوڵاتیان له بانكه‌كان، له‌و روداوانه‌ن كه پێشتر تۆماركراون و بون به هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى متمانه‌ى هاوڵاتییان به بانك لاواز بێت، ئه‌گه‌رچی خودی حكومه‌ت و بانكه‌كانیش كارێكیان نه‌كردوه بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتی متمانه‌ى بۆ بگه‌ڕێته‌وه و هانیان بدات پاره‌كانیان له بانكدا دابنێن.
له بۆشایی نه‌بونى بانك و سیسته‌مى بانكی كارا، هاوڵاتیان ئه‌و پاره كاشانه‌ى هه‌یانه، ده‌یخه‌نه نوسینگه‌كانى دراو. ئه‌م كاره‌ش به چه‌ند هۆكارێك ده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌وانه بۆ هه‌ڵگرتنى خودی پاره‌كه‌یه كه بونى پاره به‌تایبه‌تى به بڕی زۆر له ماڵان‌دا پارێزراو نییه، دوه‌میش: بۆ ئه‌وه‌یه هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ى پاره‌كه داده‌نێن بازرگان و خاوه‌نكارن و رۆژانه له‌و پاره‌یه‌ى دایانناوه لای نوسینگه‌كه پاره حه‌واڵه ده‌كه‌ن بۆ شار و كه‌سه‌كان، سێیه‌میشیان: به‌كارهێنانى ئه‌و پارانه‌یه بۆ كاسبی پێوه‌كردن.
ئه‌وه‌ى له‌كه‌لاردا هه‌یه، زۆرترینیان هۆكارى یه‌كه‌م و دوه‌من، كه‌مجار به‌هۆكارى سێیه‌م هاوڵاتى پاره له نوسینگه‌دا داده‌نێت. هاوکات ئەوەیشی کە شیاوی ئاماژەپێدانە کە لە زۆربەی بارەکاندا هاوڵاتیان خۆیان پارەکانیان دەبەن بۆ نوسینگەکان و لایان دایدەنێن، نەک بە پێچەوانەوە.
بۆچی نوسینگه‌كان مایه‌پوچ ده‌بن؟
به‌وته‌ى چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك كه بۆ رادیۆی ده‌نگ قسه‌یان كرد، نوسینگه‌كان له یه‌ك كاتدا پاره‌ى ده‌یان كه‌سیان له‌لایه. هه‌ندێكجار بازرگانى به‌م پاره‌یه‌وه ده‌كه‌ن یاخود روبه‌ڕوى حاڵه‌تى نه‌خوازراوى تر ده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌ش واده‌كات پاره‌كان بفه‌وتێن، له‌م نێوه‌نده‌شدا خاوه‌نى نوسینگه‌كان هه‌م خۆیان ده‌ستمایه و پاره‌كانیان ده‌فه‌وتێت، هه‌م به‌شێكیش یان گشت ئه‌و پارانه‌ى له‌لایان دانراوه ده‌فه‌وتێن، به‌مپێیه‌ش نوسینگه‌كه مایه‌پوچ ده‌بێت.
به‌وته‌ى ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى قسه‌یان بۆ رادیۆی ده‌نگ كرد، هه‌ندێكجار خاوه‌نانى نوسینگه‌كان پاره‌كانى خۆیان و ئه‌وانه‌ى لایانه، بازرگانى پێوه‌ده‌كه‌ن یاخود له بۆرسه‌دا مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ده‌كه‌ن و پشك ده‌كڕن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ى له‌كاتى شكانى ئه‌و بازرگانییه‌دا یان له‌كاتى دابه‌زینی پشكه‌كاندا زیان بكه‌ن و پاره‌كانیان تیابچێت.
حاڵه‌تێكى دیكه وه‌ك ئه‌و سه‌رچاوانه باسیان لێوه‌كرد، گیرخواردن "قفڵ بونى" پاره‌كانه، به‌و مانایه‌ى به‌شێك له خاوه‌نانى نوسینگه‌كان به‌شێكى زۆری پاره‌كانیان ده‌ده‌ن به موڵك و ماڵ، جارى وا هه‌یه به‌هۆی نه‌بونى بازاڕه‌وه ئه‌م موڵكانه پاره‌ى پێویست ناكه‌ن، هه‌ربۆیه كاتێك خاوه‌ن پاره‌كان رو له نوسینگه‌كان ده‌كه‌ن و داواى پاره‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه، خاوه‌ن نوسینگه‌كان پاره‌ى پێویستیان له‌به‌رده‌ستدا نییه و ئه‌مه‌ش دڵه‌ڕاوكێ دروست ده‌كات و واده‌كات كه‌سانى دیكه‌ش داواى پاره‌كانیان بكه‌ن، به‌مه‌ش پشێوی دروست ده‌بێت.
هه‌ندێكجار خاوه‌نانى نوسینگه‌كان پاره‌كانى خۆیان و ئه‌وانه‌ى لایانه، بازرگانى پێوه‌ده‌كه‌ن
حه‌واڵه‌ى "هه‌وایی"
یه‌كێكى تر له‌و هۆكارانه‌ى بۆ رودانى حاڵه‌ته‌كانى مایه‌پوچ بون و هه‌ڵشكانى نوسینگه‌كان باسیان لێوه‌ده‌كرێت، بونى دیارده‌یه‌كه كه ناوى "حه‌واڵه‌ى هه‌وایی"ـه.
ئه‌م دیارده‌یه‌ش به‌م دو نمونه گرمیانه‌ییه رونده‌كه‌ینه‌وه:
كه‌سێك كه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ نوسینگه‌یه‌كدا هه‌یه، له‌گه‌ڵیدا رێكده‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى بڕى 100 هه‌زار (10 ده‌فته‌ر) دۆلاری بۆ بشكێنێته‌وه به دینار، خاوه‌نى نوسینگه‌كه راده‌سپێرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر دۆلار دابه‌زی، به‌و پاره‌یه دۆلاری بۆ بكڕێت، به‌ڵام جارى وا هه‌یه له‌بری دابه‌زینی دۆلار، به‌رز ده‌بێته‌وه، ئه‌وكاته له‌بری ئه‌وه‌ى له‌و 10 ده‌فته‌ر دۆلاره قازانج بكات، زیان ده‌كات، زیانه‌كه‌ش ده‌بێته قه‌رز له‌سه‌رى و هه‌ندێكجار كه‌ڵه‌كه ده‌بێت و نایداته‌وه، به‌مه‌ش ده‌بێته زیان بۆ نوسینگه‌كه كه به‌شێكی زۆری سه‌رمایه‌كه‌ى له بنه‌ڕه‌ته‌وه هی خۆی نییه، به‌ڵكو هی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه پاره‌یان له‌لا داناوه.
یاخود جارى وا هه‌یه كه‌سێك داواى حه‌واڵه‌كردنى بڕێك پاره ده‌كات بۆ شارێكى تر، دواتر كه‌سه‌كه ئه‌م پاره‌یه بۆ خۆی ده‌نێرێته‌وه و لای نوسینگه‌كه ده‌بێته قه‌رز له‌سه‌رى، به‌ڵام كه‌سه‌كه به هه‌ر هۆكارێك بێت ناتوانێت قه‌رزه‌كه بداته‌وه به نوسینگه‌كه، به‌مه‌ش نوسینگه‌كه زیان ده‌كات و پاره‌یه‌كى زۆری دێته سه‌ر كه وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا به‌شێكی زۆری سه‌رمایه‌كه‌ى له بنه‌ڕه‌ته‌وه هی خۆی نییه، به‌ڵكو هی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه پاره‌یان له‌لا داناوه، به‌مه‌ش ئه‌و كه‌سانه زیان ده‌كه‌ن.
حكومه‌ت ده‌سته‌وه‌ستانه
له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌وه‌ى قسه ناكات، حكومه‌ته، هۆكاره‌كه‌یشی دو خاڵه:
یه‌كه‌م: ئه‌م پرسانه پرسی شه‌خسیین، هه‌تا ئه‌و كه‌سانه‌ى كه زیانیان به‌ركه‌وتوه له دادگا سكاڵا تۆمار نه‌كه‌ن، داموده‌زگاكان و له‌نێویشیاندا حكومه‌ت، ناتوانن لێپێچینه‌وه بكه‌ن. زۆرجاریش كه‌سه زیانلێكه‌وتوه‌كان به‌هۆكارى كۆمه‌ڵایه‌تى یان نه‌بونى متمانه به دادگا یاخود به ئومێدی پێدانه‌وه‌ى پاره‌كانیان، سكاڵا تۆمار ناكه‌ن، به‌مه‌ش حكومه‌ت و دادگا ناتوانن هیچی بۆ بكه‌ن.
دوه‌م: ئه‌م كه‌رته هیچ یاسایه‌كى نوێ و پێشكه‌وتوى نییه كه رێكی بخات.
له‌م نێوه‌نده‌شدا كه هێشتا خه‌ڵكى متمانه‌ى به بانك نییه و هیچ هه‌نگاوێكى به‌دیلی خێراش له ئارادا نییه كه متمانه‌ى خه‌ڵكى به‌ده‌ستبێنێت، ئه‌وا حاڵه‌ته‌كانى مایه‌پوچبونى نوسینگه‌كان و زیانكردنى به‌رفراوانى هاوڵاتیان به‌رده‌وامه، به‌شێوه‌یه‌ك زیانه‌كان به ته‌نها به‌ر ئه‌و كه‌سانه ناكه‌وێت كه پاره‌یان خستوه‌ته نوسینگه‌كان، به‌ڵكو به‌ر بازاڕ به گشتى ده‌كه‌وێت و دۆخێكى شۆكهێنه‌ر و شلۆق له بازاڕدا دروست ده‌كات.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵئهو بڕه كاره‌با زیادهیەی ده‌درا به گه‌رمیان ئه‌مساڵ نادرێت
-
-
راپۆرتئێران چۆن توانی "قوبە ئاسنینەکەی ئیسرائیل" ببڕێت؟
-
-
هەواڵئهو هاوڵاتیانه‌ى كارتى نیشتیمانیان نییە ده‌توانن فۆرمی ئۆنلاینی خۆراک تۆمار بكه‌ن
-
-
هەواڵداوای تەسلیم بونی ترامپ و بڕیاری سازش نەکردنی خامنەیی… روداوەکانی ئێران و ئیسرائیل لە 24 کاتژمێردا
-
-
هەواڵناوى ئەو كهمدهرامهتانەی بڕیارە له گه‌رمیان شوقە وەربگرن یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه
-
زۆرترین بینراوەکان