
رادیۆی ده‌نگ- محه‌مه‌د مه‌حمود
لە خوارەوە بیسەری راپۆرتەکە بە
رۆژنامەنوسانی مێینە لە گەرمیان جەخت لەوە دەکەنەوە رۆژنامەوانی بۆ پیاوان چەندێک قورس بێت، بۆ ئه‌وان دو هێندە، به‌رپرسێكیش له لقی گەرمیانی سەندیکای رۆژنامەنوسان دەڵێت: ئافرەتان له بوارى رۆژنامه‌وانییدا هەنگاوی باشیان بڕیوە.
ئه‌مڕۆ 3ـى ئایار، رۆژى جیهانی ئازادیی رۆژنامه‌وانییه، روپێویی و راپۆرت و توێژینه‌وه‌ى رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌رده‌وام دۆخی ئازادیی رۆژنامه‌وانى له عێراق به هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه، به خراپ یان مه‌ترسیدار وه‌سف ده‌كات. باس له‌وه‌ده‌كه‌ن رۆژنامه‌نوسان له‌م ناوچه‌یه روبه‌ڕوى زۆر ئاله‌نگاریی و مه‌ترسی ده‌بنه‌وه.
ئه‌م ئاله‌نگارییانه له ناوچه‌ى گه‌رمیاندا و به نیسبه‌ت رۆژنامه‌نوسانى مێینه‌وه، زیاتره.
سومەیە ساڵح، سەرنوسەری سه‌كۆی ئه‌لیكترۆنى نەوژین، باس له‌وه‌ده‌كات ئاله‌نگارییه‌كان بۆ پیاوان چه‌ند قورس بن، بۆ ژنان دو هێنده "بابەتی ئازادیی رۆژنامەوانی بۆ پیاوان چەندێک قورسە، بۆ ژنان دو هێندە، ئه‌گه‌ر پیاوێک کار لەسەر بابەتێکی رۆژنامەوانی بكات په‌یوه‌ست به کەیسێکی گەندەڵی بێگومان ئاڵەنگاری توشدەبێت، بەڵام ئەگەر ژنێک بابەتەکە ئامادە بکات دوهێندە ئاڵەنگاری توش دەبێت".
به‌ڕای رۆژنامه‌نوسێكى دیكه، به‌وهۆیه‌ى پرسی رۆڵی ژن له كۆمه‌ڵگه‌دا له بنه‌ڕه‌ته‌وه كێشه‌ى هه‌یه، بۆیه ئه‌مه له رۆژنامه‌وانیشدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه.
له‌یلا ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری ماڵپه‌ڕى كه‌ركوكناو له گه‌رمیان، باس له‌وه‌ده‌كات به‌شێكى به‌رچاوى كۆمه‌ڵگه تائێستاش پێیوایه كارى رۆژنامه‌وانى بۆ ژنان نه‌گونجاوه، لەوبارەوە دەڵێت: ئازادی رۆژنامەوانی بۆ ژنان فەراهەم نەکراوە، جیاواز لەپیاوان باره‌كه بۆ ژنان قورسترە، چونکە تائێستاش ئه‌و عه‌قڵه‌یه‌ته زاڵه كه دەڵێن ئەم کارە بۆ ئافرەت نەگونجاوە.
به‌پێی ئامارێكى نوسینگه‌ى گه‌رمیانى سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانى كوردستان، له‌كۆی 53 رۆژنامه‌نوس كه ئه‌ندامێتیان تازە کردوەتەوە له‌لایان، 6 رۆژنامه‌نوسیان له ره‌گه‌زی مێن.
ئه‌گه‌رچی ژماره‌ى رۆژنامه‌نوسانى مێینه چ ئه‌وانه‌ى ئه‌ندامى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانن یاخود ئه‌وانه‌ى ئه‌ندامى سه‌ندیكا نین، كه‌من، به‌ڵام هه‌ست به به‌ره‌وپێشچون ده‌كرێت، چ له بون و ژماره‌یاندا، چ له ئاماده‌یی و رۆڵیاندا.
دلێر کەریم، ئه‌ندامى نوسینگه‌ى گەرمیانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، پێیوایه ژنان هه‌نگاوی باشیان بڕیوه، وتی: لە گەرمیان و کوردستان ئافرەتان هەنگاوێکی باشیان بڕیوە، لەگەرمیانیش ژمارەیەکی باش ئافرەت هەن ئەمەش هەنگاوێکی باشە.
لەیلا ئەحمەد، پەیامنێری ماڵپه‌ڕى کەرکوکناو لە گەرمیان، له‌گه‌ڵ دلێر كه‌ریمدا هاوڕایه له‌وه‌ى هاتنه پێشه‌وه‌ى ژنان له‌كارى رۆژنامه‌وانیدا زیاتر بوه، به‌ڵام پێشیوایه هێشتا جیاكاریی هه‌یه، لەوبارەوە وتی: لەچاو ساڵانی رابردودا هاتنە پێشەوەی ژنان زیادی کردوە و ئێستا ژنان زیاتر کاری رۆژنامەوانی دەکەن، بەڵام دەرفەتی یەکسان لەچەند رویەکەوە بۆ ژنان نییە و جیاوازی هەیە لەدەرفەتەکاندا به‌راورد به پیاوان.
رۆژنامه‌نوسێكى دیكه‌ش پێیوایه ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ى بۆ ژنانى رۆژنامه‌نوس له سنوره‌كه‌دا فه‌راهه‌م كراوه، هه‌ندێكى به‌هۆی حیزبی بونه‌وه‌یه.
رۆژان رەمەزان، ئامادەکار و پێشکەشکار له رادیۆی یه‌كگرتو له گه‌رمیان، له‌وباره‌وه بۆ رادیۆی دەنگ وتی: کۆمەڵێک لە رۆژنامەنوسان ئازادیان بۆ فەراهەمکراوە بەحوکمی حیزبی بون، کۆمەڵێکیشیان پەیژەی سەرکەوتنیان بڕیوە و گەیشتونەتە ئەو ئازادییەی کە پێویستە رۆژنامەنوسی ژن هەیبێت.
بە پێی ئامارێکی ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان كه هی دو ساڵ پێشتره، لەکۆی (1065) رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی، ژنان تەنها خاوەن ئیمتیازی 63 دانه‌یانن، کە رێژه‌كه‌یان ده‌كاته کەمتر لە (6%).
رۆژان رەمەزان، ئامادەکار و پێشکەشکار له رادیۆی یه‌كگرتو له گه‌رمیان، پێیوایه دەرفەتی کارکردن یەکسان نییە لە دەزگاکان بۆ پۆستە باڵاکان، وەکخۆی وتی: "پۆسته باڵاكان زۆربه‌ی بەدەست پیاوەوەیە، ئیتر ژنان خۆیان نەچونەتە پێشەوە یان نەهێڵراوە بێنە پێشەوە".
له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا، سنورداریی ئازادیی رۆژنامه‌وانى و پێنه‌دانى زانیاریی و بونى گێچه‌ڵ و هه‌راسانكردن، دۆخه‌كه‌ى بۆ ژنانی رۆژنامه‌نوس قورس‌تر كردوه.
سومەیە ساڵح، سەرنوسەری سه‌كۆی ئه‌لیكترۆنى نەوژین، له‌وباره‌وه ده‌ڵێت: پێدانی زانیاری بە ژنانی رۆژنامەنوس قورسە، چونکە ئەگەر پیاوێک بڕواتە بەڕێوبەرایەتیەک و ئامارێک وەربگرێت، تەنها رێگه‌پێدانێکی پێویستە و ئاسانە بۆی، بەڵام ئەگەر ژنێک بڕوات بۆ جاری دوەم ئەبێت روی خۆش بێت و خۆی لێنزیک بکاتەوە بۆ ئەوەی زانیاری وەربگرێت.
رۆژان رەمەزان-یش پێیوایه چه‌ند هۆكارێك به‌سه‌ر یه‌كه‌وه، هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ى ژنان ئه‌و ئازادییه‌یان نه‌بێت له كارى رۆژنامه‌وانییدا، دەڵێت: "گرفت و ئاڵەنگارییەکانی بەردەم ژنان بریتین گێچەڵپێكردن لەلایەن هاوپیشەکانیان و هاوکارەکانیان، هەروەها ناوچەگەرێتی و بونی ماددە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان، كه ئه‌مانه هۆکارن بۆ نه‌بونى ئازادی رۆژنامه‌وانی بۆ ژنان و نه‌چونه پێشه‌وه‌ى ژنان له بواره‌كه‌دا".
به‌ڕای دلێر کەریم، ئه‌ندامى نوسینگه‌ى گەرمیانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، باشترین رێگا بۆ ژنان له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ئاسته‌نگه‌كان، ده‌نگهه‌ڵبڕین و سكاڵا تۆماركردنه. "نەک هەر لەگەرمیان لە هەمو شوێنەکان هەستدەکەین هەندێکجار گێچەڵ بە ئافرەتان دەکرێت و ئەو مەرجانەی بۆیان دادەنرێت قورسن، بەڵام بەداخەوە خۆیان بێدەنگ دەبن و سکاڵاکانیان ناهێننە لای سەندیکا بۆ ئەوەی ئێمە ببین بە درعێک بۆیان و مافەکانیان بۆ بگەڕێنینەوە"، دلێر وای وت.
له‌پاڵ بونى ئاله‌نگاریی زۆر بۆ رۆژنامه‌نوسان له هه‌رێمى كوردستان و گه‌رمیان و نه‌بونى فه‌زایه‌كى شیاوی ئازادیی، به‌ڵام هه‌موان وبه‌تایبه‌ت ژنانى رۆژنامه‌نوس، كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه نابێت بهێڵن ئاله‌نگارییه‌كان بیانوه‌ستێنن، ئه‌وان ده‌ڵێن: ئه‌وه ئاله‌نگارییه‌كانن ده‌بێت بوه‌ستێن!
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵفهرمانبهرانى گرێبه‌ست له گه‌رمیان لە وەرگرتنی زەوی بێبەش دەکرێن
-
-
هەواڵبەرپرسی مەڵبەندی گەرمیان لەکاتی دەوامدا سەردانی زانکۆ دەکات و دەڵێت: دەستوەردان قبوڵ ناکەین
-
-
هەواڵزانکۆی گەرمیان: هەر خوێندکارێک تا پێنجشەمە پارەی خوێندن نەهێنێت بەرپرسیار دەبێت
-
-
راپۆرتکوشتنی زەردەخەنەکەی 'حەی عومال'
-
-
هەواڵدوای 10 ساڵ بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان دەگۆڕدرێت
-
زۆرترین بینراوەکان