بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆی گەرمیان دەیانەوێت بگوازنەوە سەر کۆلێجەکانی خانەقین
هەواڵ
07:54PM - 2026-09-28 , بینین : 132


رادیۆی دەنگ

دوای ئەوەی بڕیار درا کۆلێجەکانی خانەقینی زانکۆی گەرمیان بکرێتە زانکۆیەکی سەربەخۆ و پەیوەست بێت بە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە، بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆی گەرمیان دەیانەوێت راژەکانیان بگوازنەوە بۆ ئەو کۆلێجانە، زانکۆی گەرمیانیش دەڵێت: گواستنەوەمان راگرتوه.

دوێنێ هەردو وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم و عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبونەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوەی کۆلێجەکانی خانەقینی سەر بە زانکۆی گەرمیان بکرێت بە زانکۆیەکی سەربەخۆ لەسەر عێراق و دواتر دانپێدانان بە زانکۆی گەرمیاندا بکرێت.

بەپێی بەدواداچونێکی رادیۆی دەنگ، ژمارەیەک فەرمانبەر مامۆستا هەوڵی ئەوە دەدەن کە بگوازنەوە بۆ سەر ئەو کۆلێجانە بەبیانوی ئەوەی کە کرا بە زانکۆیەکی سەربەخۆ لەسەر عێراق، موچەکانیان دەگوازرێتەوە سەر حکومەتی بەغدا.

لەمبارەیەوە، دەشتی عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لەدوای رێککەوتنی هەردو وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم و عێراق، پرۆسەی گواستنەوەمان راگرتوە.

وتیشی: پرۆسەی گواستنەوە لەنێوان کۆلێجەکانی کەلار بۆ کۆلێجەکانی خانەقین و بە پێچەوانەشەوە، ئەنجام نادرێت بۆ هیچ فەرمانبەر و مامۆستایەک.

↑