بەهۆی پێنەدانی قیستەوە کارەبا لەژمارەیەک ماڵی پرۆژەی مامۆستایان دەبڕدرێت
هەواڵ
01:06PM - 2026-09-28 , بینین : 157


رادیۆی دەنگ

کارەبای ژمارەیەک ماڵ لە پرۆژەی نیشتەجێبونی مامۆستایان لەکەلار بڕاوە، ئیدارەی پرۆژەکەش هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەدانی قیست.

ژمارەیەک هاوڵاتی کە دانیشتوی پرۆژەی مامۆستایان لە کەلار، بە رادیۆی دەنگیان راگەیاند: کارەبایان لێبڕدراوە.

باسیان لەوەشکرد: کۆمپانیا هەستاوە بە بڕینی کارەباکەیان و بێبەشکردنیان لەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییە.

لەبەرامبەردا ئیدارەی پرۆژەی نیشتەجێبونی مامۆستایان، لە رونکردنەوەیەکدا کە بۆ رادیۆی دەنگ ناردویانە، دەڵێن: پچڕانی کارەبا پەیوەندی بە نەدانی قیستەوە هەیە، چونکە ئەمە رێککەوتنێکی پێشوترە لە نێوان ئێمە و بەشداربواندا.

بەپێی رونکردنەوەکەی کۆمپانیاکە، رێککەوتن لەنێوان ئەوان و بەشداربواندا کراوە و لە بەڕێوبەرایەتی وەبەرهێنان پەسەندکراوە.

بەوتەی خۆشیان: یەکێک لە خاڵەکانی پابەندبونی لایەنی دوەمە بە پێدانی قیست، ئەگەر قیستیان نەدا، ئەوا لایەنی یەکەم هەڵدەستێت بە بڕینی کارەبا و ئاو لێیان.

لایخۆشییەوە، بەشداربویەکی پرۆژەکە کە نەیویست ئاماژە بەناوی بکرێت، هەنگاوەکەی بە ناهەقی و زوڵم زانی کە کۆمپانیایەک هەستێت بەبێبەشکردنی ژمارەیەک ماڵ لە ئاو و کارەبا.

لەبەرامبەردا کۆمپانیاکە هەنگاوەکە بە مافی خۆی دەزانێت و دەڵێت: چەند جارێک ئاگاداری بەشداربو دەکەینەوە بۆ پێدانی قیستەکەی، ئەگەر هەر نەهات ئەوکات کارەبا و ئاوی دەبڕین.

پرۆژەی نیشتەجێبونی مامۆستایان لەکەلار، یەکێکە لەو پرۆژانەی کە بۆ چین و توێژەکانی سنورەکە دروستکراوە.

↑