بڕیاری کردنەوەی زانکۆی خانەقین دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
هەواڵ
01:19PM - 2026-09-27 , بینین : 67


رادیۆی دەنگ

رادیۆی دەنگ ناوەڕۆکی کۆنوسی کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڵاودەکاتەوە لەبارەی داننان بە زانکۆی گەرمیان، کە تیایدا ئاماژە بە کردنەوەی زانکۆی خانەقین دراوە و لەگەڵیدا دان بە زانکۆی گەرمیاندا دەنرێت، ئاماژە بەوەشکراوە رێککەوتنەکە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.

بەیانی ئەمڕۆ لە بارەگای لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق، کۆبونەوەیەک لەنێوان لیژنەکە و ژمارەیەک پەرلەمانتار و دو شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و هەرێم بەڕێوەچو، لەبارەی پرسی داننان بە زانکۆی گەرمیان.

بەگوێرەی کۆنوسی کۆبونەوەکە کەوێنەی دەست رادیۆی دەنگ کەوتوە، رێککەوتن کراوە لەسەر دامەزراندنی زانکۆیەک لە قەزای خانەقین بە ناوی (زانکۆی خانەقین)، بە مەرجێک سەرۆکی زانکۆکە لە خەڵکی دەستنیشانکراوی خانەقین بێت و راستەوخۆ سەر بە حکومەتی ناوەندیی (فیدراڵی) بێت.  

ئاماژە بەوەشکراوە زانکۆکە بەپێی یاسای وەزارەتی ژمارە ٤٠ـی ساڵی ١٩٨٨ و هەموارکراوەکانی دەبێت، هەروەها کارمەند و کادری ئێستای و میکانیزمەکانی وەرگرتنی قوتابیان بەپێی سیستم و رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵی دەبێت تا ئەو کاتەی هەمو رێکارەکانی دامەزراندنی تەواو دەبن.  

کۆبونەوەکە هەروەها بڕیاریداوە کە رێکارەکانی دامەزراندنی زانکۆکە خێرا ببن بۆ ئەوەی بۆ ئەمساڵ دەرچوانی پۆلی ١٢ـی هەرێم و دانیشتوانی پارێزگاکانی تری عێراق بتوانن تێیدا بخوێنن و فۆرمی وەرگرتنی خوێندکاران بەردەوام بێت.  

دەربارەی چارەنووسی دەرچوانی زانکۆی گەرمیان، بڕیار درا کە وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵی راستەوخۆ دانیپێدان بکات بە بڕوانامەی هەمو دەرچوانی پێشوی زانکۆی گەرمیان.

کۆنوسەکە لەکۆتاییدا ئاماژەی بە تێبینییەک داوە، بەوەی وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم داوایکردوە بۆ پەسەندکردنی کۆتایی، ئەم رێککەوتنە بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و دوای پەسەندکردنی لە کۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەنەکە، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

↑