هەڵمەتێک بۆ داخستنی دەرمانخانەکانی کەلار دەستپێدەکات
هەواڵ
05:31PM - 2026-06-23 , بینین : 251


رادیۆی دەنگ


لیژنەیەکی هاوبەش لەکەلار دەستیکردوە بە هەڵمەتی داخستنی ئەو دەرمانخانانەی کە پزیشکی دەرمانساز بەڕێوەیان نابات، لەو چوارچێوەیەشدا نزیکەی ٢٥ دەرمانخانە داخراون.

بەپێی زانیارییەكانی رادیۆی دەنگ، لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشی و تەندروستی و ئەمنییەوە بە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، دەستكراوە بە داخستنی هەمو ئەو دەرمانخانانەی کەلار كە خاوەنەکانیان پزیشکی دەرمانساز نین. لەمچوارچێوەیەشدا نزیکەی ٢٥ دەرمانخانە داخراون.

هەربەپێی زانیارییەکان، ئەم هەڵمەتە نیگەرانی دروستکردوە، چونکە لەبەرامبەر نزیكەی ٥٠٠ دەرمانخانەی سنورەکە، تەنها ٣٨ پزیشکی دەرمانساز هەیە و ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، ئەوا زۆرینەی رەهای دەرمانخانەکان دەبێت دابخرێن.

رادیۆی دەنگ زانیویەتی ئەمڕۆ بەرپرسانی تەندروستی گەرمیان و سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و نوێنەرانی لیژنەکە، سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کردوە و کۆبونەوەیان لەوبارەوە کردوە، بەڵام نەگەیشتونەتە دەرەنجامێکی ئەوتۆ.