وەبەرهێنانی گەرمیان لەبارەی دانانی یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ لە پرۆژەکان رونکردنەوە دەدات
هەواڵ
01:08PM - 2026-06-21 , بینین : 84


رادیۆی دەنگ

بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان لەبارەی یەکەی جارەسەری ئاوی ئاوەڕۆ دەڵێت: "ئێمە کار بە سایتپلان پەسەندکراو دەکەین".

هونەر مەحمود، بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لە سایت پلانی پەسەندکراو کۆمپانیا پابەندە بەوەی چی بێت جێبەجێی بکات، ئەگەر جێبەجێی نەکات لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.

وتیشی: ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار لارینەبونی لەسەر هەر خاڵێک دەربڕی، ئەو کات ئێمەش گرفتمان نیە و سایت پلان جێبەجێ دەکەین.

دەشڵێت: بۆ نمونە یەکەی چارسەری ئاوەڕۆ لە سایت پلانی هەر پرۆژەیەک بو و جێبەجێ نەکرا، ئەوا رێکاریی یاسایی بەرامبەر کۆمپانیاکە دەگیرێتەبەر.

قسەکانی بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان لەکاتێکدایە، بەشێک لەپرۆژەکانی نیشتەجێبون لە سنورەکە لە سایت پلانەکانیاندا شوێنی یەکەی چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆ دانراوە، بەڵام هەندێک لە پرۆژەکان تەواو بون و وێستگەکەی تێدانییە و لەبری ئەوە ئاوەڕۆیان بۆ دروستکراوە.

پێشتر رادیۆی دەنگ لە راپۆرتێکیدا  ئاماژەی بەوەدابو کە بۆچونێک دروستبوە بەوەی یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ بۆ پرۆژە نیشتەجيبونەکانی گەرمیان دانەنرێت، کە ئەمەش لێکەوتەی ژینگەیی هەیە.

دوای ئەم راپۆرتە، بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان رایگەیاند: هەر پرۆژەیەک یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ دانەنێت، مۆڵەتی ژینگەیی هەڵدەوەشێنرێتەوە.