فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان: هەر پرۆژەیەک یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ دانەنێت مۆڵەتی ژینگەیی هەڵدەوەشێنرێتەوە
هەواڵ
08:58PM - 2026-06-18 , بینین : 46


رادیۆی دەنگ

لەبارەی دانەنانی یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبون لە سنورەکە، بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان دەڵێت: هەر پرۆژەیەک ئەو یەکەیە دروستنەکات مۆڵەتی ژینگەییەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوه.

د. دورەید سەلیم، بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، بۆ رادیۆی دەنگ وتی: هەمو پرۆژەیەکی نیشتەجێبون پێویستە یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەبێت، ئەمەش لەیاساکانماندا زۆر بە رونی و راشکاوی هاتوە، هەر پرۆژەیەک لە بەڕێوبەرایەتی وەبەرهێنانەوە کە ئاڕاستەی ئێمە دەکرێت و داوای مۆڵەتی ژینگەیی دەکات، یەکێک لە مەرجەکانمان بونی یەکەی چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆیە.

وتیشی: ئێمەش مەرج و رێنماییەکانمان لەناو مۆڵەتەکەدا دەنوسین کە پێویستە یەکەی چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆ دابنرێت، مەرجەکەش ئاڕاستەی وەبەرهێنانی گەرمیان دەکەین لە رێگای لیژنەکانیانەوە چاودێربن بەسەریانەوە و لەسایت پلانەکانیاندا جێگیری بکەن و لەواقیعدا جێبەجێی بکەن.

هۆشدارییشیدا لەوەی هەر پرۆژەیەکی نیشتەجێبون یەکەی چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆی نەبێت، مۆڵەتی ژینگەیی هەڵدەوەشێنرێتەوە و وەکخۆی وتی: "پێویستە داواکاری گشتیش لەسەر ئەم بابەتە بێتە سەر خەت".

قسەکانی بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان لەکاتێکدایە، دوێنێ رادیۆی دەنگ بابەتێکی رۆژنامەنوس 'محەمەد مەحمود'ـی بڵاوکردەوە کە تیایدا باسی لەوەکردبو کە بۆچونێک هەیە لەوەی پرۆژەکانی نیشتەجێبون لەگەرمیان یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ دروستنەکەن، لەکاتێکدا تێچوەکەی کەم و سودە ژینگەییەکانی زۆر دەبێت و نابێت پاشەکشەی لێبکرێت.