رادیۆی دهنگ
له راپۆرتێكى قوڵ و ورددا، یهكهى چاودێریی حكومهتى خۆجێی گهرمیان، پرسی بونى تاوانى له گهرمیان خستوهته بهر باس و ئامار و جۆره بهربڵاوهكانى تاوان و پاڵنهر و هۆكار و لێكهوتهكانى شیيكردوهتهوه.
رادیۆی دهنگ به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED، پرۆژهیهك سهبارهت به برهودان به رۆژنامهوانى مافهكانى مرۆڤ و ژنان و چاودێریی حكومهتى خۆجێی ئهنجام دهدات. لهو چوارچێوهیهشدا ههر سێ مانگ جارێك راپۆرتێكى قوڵ و بنكۆڵكاریی لهبارهى پرسێكى پهیوهست به مامهڵهى حكومهتى خۆجێی گهرمیان لهبارهى پرس و بابهتهكان، ئاماده دهكات.
راپۆرتهكهش لهرێگهى یهكهى چاودێریی حكومهتى خۆجێی گهرمیانى سهر به رادیۆكهوه ئاماده دهكرێت، كه یهكهیهكى تایبهتى رادیۆكهیه و له ساڵی 2017ـهوه بهمهبهستى ههڵسهنگاندن و چاودێریی حكومهتى خۆجێی ناوچهكه، دروستیكردوه.
له دوهمین راپۆرتى وهرزی نوێی پرۆژهكهدا، تیشكخراوهته سهر پرسی تاوانه یاساییهكان له گهرمیان، تیایدا به وردیی لهسهر ئهم پرسه وهستاوه، هاوكات مامهڵهى حكومهتى لهبارهیهوه رونكردوهتهوه.
بۆ خوێندنهوهى راپۆرتهكهش بهشێوازی PDF، كلیك لهم فایلهى لایخوارهوه بكه:
لهخوارهوه دهقی راپۆرتهكه دهخوێننهوه.
راپۆرتێک لەبارەی: تاوان لە گەرمیان، رێژە و جۆر و هۆکار
بەشی یەکەم: ئامارەکانی تاوان لە گەرمیان
1. بەراوردی ئاماری تاوانەکانی تۆمارکراو لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە ساڵانی 2023، 2024 و 2025

2. ئاماری سزادراوان لە بەشی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوانی گەرمیان

3. ئاماری ساڵی 2025 لە بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان

4. ئاماری نوسینگەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە گەرمیان

بەشی دوەم: نەخشەی تاوان لە گەرمیان؛ جۆرە بڵاوەکانی تاوان
1. تاوانی کوشتن
یەکێک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی تاوان لە گەرمیان، کوشتنە بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە، بەجۆرێک کە بەشێکی زۆری کوشتنەکانی ساڵی ڕابردو لە ئەنجامی کێشەی زەویوزار بوە لە گوندەکانی سنوری گەرمیان و هۆکاری ئەمەش بۆ کۆنیی یاساکانی تایبەت بە زەویوزار دەگەڕێنرێتەوە.
دادوەر د. ئاوات حاجی، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکوک/ گەرمیان، جیاکاری دەکات لە نێوان کوشتن لە ناو شار و دەرەوەی شار و ئاماژە بەوە دەکات کە یاساکانی رێکخستنی زەویوزار لە عێراقدا کە مێژوەکەیان بۆ دوای ساڵی 1958 دەگەڕێتەوە، هێندە ئاڵۆزن وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو وان، ئەمە کێشەی زۆری بۆ جوتیاران دروستکردوە.
جەختیش دەکاتەوە کە سەرجەم ئامارەکانی تاوان بەراورد بە ساڵی ڕابردو کەمی کردوە، تەنها حاڵەتی کوشتن نەبێت کە بەهۆی دو کێشەی کۆمەڵایەتییەوە لە گوندەکانی سنورەکە کەمێک زیادی کردوە، دەشڵێت لە ناو شارەکاندا کوشتنی پلان بۆداڕێژراو یان باندی تاوانکاریمان نییە، بەڵکو زۆربەی کوشتنەکان ئانی و کتوپڕن و لە ئەنجامی دەمەقاڵێی سادە ڕودەدەن.
هاوکات سەربەرز عومەر، لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان، ئاشکرای دەکات کە زۆربەی کوشتنەکانی ساڵی ڕابردو ئاراستەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبوە و پەیوەندییان بە کێشەی زەویوزار یان ناکۆکیی نێوان دو گوندەوە هەبوە، کە لای خەڵک و میدیا وەک "کێشەی کۆمەڵایەتی" پێناسە دەکرێن، بەڵام پۆلێنکردنی وردی یاسایی لە ناو دادگاکان و پەراوەکانی لێکۆڵینەوەدا دیاری دەکرێت.
2. تاوانی مادەی هۆشبەر
"ئەگەرچی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان هێشتا نەبوەتە دیاردە، بەڵام مەترسییەکانی رو لە زیادبونن. بەهۆی دراوسێیەتیمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، بوینەتە رێڕەوێکی تێپەڕبون، بەڵام جێگەی داخە بەشێک لە گەنجانی ئێمەش بونەتە قوربانی و گیرۆدەی دەبن؛ ئەم دۆخەش پێویستی بە بەدواداچونی ورد و لێکۆڵینەوە و چارەسەری بەپەلە هەیە". دادوەر ئاوات حاجی، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوک/ گەرمیان، وای وت.
هاوکات شیلان جەواد، پارێزەر، دەڵێت: "کەیسی مادەی هۆشبەر بەتایبەتی لەناو گەنجان و مێردمناڵاندا زۆرە، چونکە گەرمیان ناوچەیەکی سنورییە و کۆنترۆڵی تەواو لەسەر دەروازەکان نییە، رۆژانە دەبینین لە ئاسایش خەڵک گیراوە کە حەپ و مادەی هۆشبەری پێبوە".
لەبارەی ئەوەی تا چەند تاوانە قورسەکان پەیوەندییان بە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانەوە هەیە؟ سۆران محەمەد، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی تاوان لهگهرمیان، دەڵێت: بەڵێ پەیوەندی هەیە، بەڵام ڕێژەکەی کەمە و نەبوەتە دیاردە.
وتیشی: لە لێکۆڵینەوەکانماندا تێبینیمان کردوە کە بەشێکی کەمی تاوانە قورسەکانی وەک کوشتن، بریندارکردن، خنکاندن و تاوانە سێکسییەکان، لەژێر کاریگەریی مادە هۆشبەرەکان و کحولییەکاندا ئەنجام دراون، ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوشدا چەند تاوانێکی کوشتن بەو هۆکارە تۆمارکراون، بەڵام رێژەکە هێشتا زۆر کەمە و لەو ئاستەدا نییە وەک دیاردە بناسێنرێت.
دۆسییەکانی مادەی هۆشبەر لەلایەن ئاسایشەوە لێکۆڵینەوەی تێدادەکرێت و ئامارێکی دۆسییەکانمان لە گەرمیان دەستنەکەوت.
3. تاوانى خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندى
لەگەڵ هەڵکشانی خێرای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا ، جۆرێکی نوێ لە مەترسی بەرۆکی هاوڵاتییانی گرتوە کە تێیدا مۆبایل و ئەکاونتەکان لە ئامرازی پەیوەندییەوە گۆڕاون بۆ ئامرازی هەڕەشە و سەرانەوەرگرتن. ئەم تاوانانە کە زۆربەی کات ژنان و ناوبانگی خێزانەکانیان دەکەنە ئامانج.
دادوەر ئاوات حاجی، سەبارەت بە برەوی ئەم جۆرە تاوانانە ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستادا زۆربەی پەیوەندییەکان و تەنانەت مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتنیش بونەتە ئەلیکترۆنی، بۆیە تەکنەلۆژیا رۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە ژیانی رۆژانەی خەڵکدا دەبینێت. ئەو دەڵێت: "ئەم پێشکەوتنە وەک چەکێکی دوسەرە وایە؛ چۆن قازانجی هەیە، بە هەمان شێوەش دەکرێت بۆ مەبەستی تاوانکاریی، قۆڵبڕین و هاککردن بەکاربهێنرێت، هەر ئەم بەکارهێنانە بەرفراوانەی ئامێرە ئەلیکترۆنییانەش وایكردووه مەترسییەکانی ئەم جۆرە تاوانانە لەناو کۆمەڵگەدا زیاتر پەرە بسێنن.
"زۆربەی ئەو تاوانانەی بە ناوی هاککردن بڵاودەبنەوە، لەڕاستیدا تەنها تەڵەیەکی سادەی فێڵکردنە بە ناوی (فیشینگ) کە تێیدا تاوانباران پەنا بۆ هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتییان دەبەن". زانا بەکر، لێپرسراوی نوسینگەی لێکۆڵینەوە لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لهگهرمیان، وای وت.
رونیدەکاتەوە کە تاوانباران بە بیانوی تیروپشک یان خەڵات، داوای کۆدی مۆبایل لە هاوڵاتییان دەکەن و لەڕێگەیەوە دەبنە خاوەنی ئەکاونتەکانیان.
ئەو دەڵێت: ئەم جۆرە تاوانانە زیاتر روبەڕوی ژنان و کەسانی بەتەمەن دەبنەوە، زۆربەی کێشە ئەلیکترۆنییەکانی ژنان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "سناپچات"ـەوە دەستپێدەکات و لەوێدا کەسانێک بەبێ ئاگاداریی کچان وێنە و ڤیدیۆ تایبەتییەکانیان لەرێگەی تۆمارکردنی شاشەوە دەردەکەن و دواتر وەک ئامرازێکی هەڕەشە بۆ وەرگرتنی پارە و یەکلاییکردنەوەی کێشە شەخسییەکان بەکاریدەهێنن.
وتیشی: له 90%ـی کەیسەکاندا تاوانبار و قوربانییەکە یەکتری دەناسن.
لێپرسراوی نوسینگەی لێکۆڵینەوە لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لهگهرمیان، ئاماژە بەوەشدەکات کە ئەوان لە نێوان کێشە کۆمەڵایەتییەکان و رێکارە یاساییەکاندا گیریان خواردوە، بۆیە زۆرجار هەوڵ دەدەن پێش ئەوەی کێشەکە بگاتە ئاستی سکاڵای فەرمی، بە ئاسانترین شێوە چارەسەری بکەن تا رێگری لە تێکچونی شیرازەی خێزانەکان بکەن.
ئەو تیشکدەخاتە سەر لایەنێکی تری ئاڵۆزیی لێکۆڵینەوەکان و دەڵێت: "زۆرجار سکاڵایەکی سادە دەبێتە سەرەداو بۆ ئاشکراکردنی چەندین تاوانی تر؛ هەندێکجار سکاڵاکارەکە خۆی تێوەگلاوە لە تاوانێکی دیکەدا کە لە ناو مۆبایلەکەیدا دەیدۆزینەوە، ئەو کاتە بەڵگەکان دەکەین بە پەڕاو و دەیخەینە بەردەست دادوەر."
شیلان جەواد، پارێزەر، نمونەی چیرۆکی کچێک دەگێڕێتەوە کە تەنها دوای ناردنی کۆدێک، هەمو وێنەکانی لە فەیسبوک بڵاوکراونەتەوە و بەو هۆیەوە تەڵاق دراوە.
لەڕوی ئاستەنگە تەکنیکییەکانەوە، زانا بەکر ئاشکرای دەکات کە نەبونی ئۆفیسی فەرمی کۆمپانیاکانی وەک (مێتا و سناپچات) لە عێراق، گەورەترین گرفتە، جگە لەوەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی هی ساڵی 2008ـە و کۆنە و باسی پێشکەوتنەکانی وەک زیرەکی دەستکرد ناکات.
سەبارەت بە قورسترین لێکەوتەکان و ئەو تاوانانەی لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی رودەدەن، سۆران محەمەد، بەرێوبەری بەڵگەکانی تاوان لە گەرمیان، جەخت دەکاتەوە کە پشکنینی ئامێرەکان بوەتە بەشێکی سەرەکی لە ئاشکراکردنی پاڵنەری تاوانەکان و تێبینیمان کردوە بەشی زۆری قوربانیان ژنانن کە بەهۆی فشاری کۆمەڵگەوە زۆرجار پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن، تەنانەت حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنی پیاوانیش بەهۆی ترس لە ئابڕوچون تۆمار کراوە.
وتیشی: ئەگەرچی ئەم حاڵەتانە بونیان هەیە، بەڵام ڕێژەیان کەمە و هێشتا نەبونەتە دیاردە.
4. تاوانی دزیی
تاوانی دزییی لە سنوری گەرمیان پێشەنگی هەمو تاوانەکانی دیکەی گرتوە و بەپێی ئامارە فەرمیەکان، بەرزترین رێژەی تۆمار کردوە.
ئەحمەد فەتاح، بەڕێوبەری بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان، تیشکدەخاتە سەر لایەنە مەیدانییەکە و دەڵێت: تەنها لەمساڵدا 278 حاڵەتی دزیی لە ناو شاری کەلاردا تۆمار کراوە، ئەو هۆکاری ئەم زیادبونە بۆ بێکاری دەگەڕێنێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک کەس دزیییان کردوەتە پیشەی سەرەکیی خۆیان.
دەشڵێت: بهتایبەت دزیینی ماتۆڕسکیل کە زۆرترین رێژەی تاوانەکانی دزیییه، هەروەها هەندێک تاوانی وەک دزیینی ئاڵتۆن بە شێوەی گروپ کەچەند کەسێک پێکەوە و بە پلانی پێشوەختە ئەنجامی دەدەن.
هاوکات، سۆران محەمەد، بەڕێوبەری بەڵگەکانی تاوان، باس لە شێوازی پلانداڕشتن بۆ ئەم دزیییانە دەکات و دەڵێت: "رێژەیەکی کەمی تاوانەکان بە پلان ئەنجام دەدرێن، بەڵام دزیینی ماتۆڕسکیل و نوسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو، لەو جۆرە تاوانانەن کە پێشوەختە بەرنامەیان بۆ دادەنرێت."
رونیكردهوه: تاوانباران چاودێریی ئەو کەسانە دەکەن کە لە نوسینگەکان پارە وەردەگرن یان مامەڵەیەکی داراییان هەیە و پارەکەیان لە ناو سەیارەکاندایە، پاشان لە دەرفەتێکی گونجاودا کارەکەی خۆیان ئەنجام دەدەن.
باسی لهوهشكرد گروپێک هەن کە دزیییان کردوە بە "پیشە" و بە پلان و بەرنامە لە ناوچە جیاوازەکاندا ئۆتۆمبێل و پارە دەدزن.
هەروەها ئاماژە بە جۆرێکی دیکەی دزیی دەکات کە لە ناوخۆی خێزانەکان و لەلایەن خزمە نزیکەکانەوە ئهنجام دهدرێت.
وتیشی: قەرەباڵهغی شار و تێکەڵبونی دانیشتوان لە ناوچە جیاوازەکانەوە، بوەتە هۆی کەمبونەوەی پابەندبون بە بەها و عورفە کۆمەڵایەتیەکان، ئەمەش زەمینەی بۆ زیادبونی تاوانەکان خۆشکردوە.
جەختیش لەوە دەکاتەوە: کە ئەگەرچی تاوانباران هەوڵی شاردنەوەی شوێنپەنجە و بەڵگەکان دەدەن، بەڵام توانراوە بەشێکی زۆری بکەرەکانیان بدۆزرێنەوە و تەنها رێژەیەکی زۆر کەمی تاوانەکان بە نادیاریی ماونەتەوە.
5. شەڕکردن؛ کاتێک دەمەقاڵێی سادە دەبێتە تاوانی کوشتن
شەرکردن و هەڵچونی کتوپڕی گەنجان، روخسارێکی مەترسیداری بە تاوانەکانی ناو شار لە گەرمیان بەخشیوە. ئامار و لێدوانی بەرپرسانی ئەمنی و دادوەری ئاماژە بەوە دەکەن کە چەقۆ شانبەشانی چەک بوەتە ئامرازی سەرەکیی کوشتن و تاوان، ئەمەش وایکردوە پۆلیس و ئاسایش پشکنینە مەیدانییەکانیان بۆ ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان توندتر بکەنەوە.
سۆران محەمەد، بەڕێوبەری بەڵگەکانی تاوان لە گەرمیان، ئاشکرای دەکات کە چەقۆ بوەتە ئامرازی سەرەکیی کوشتنی گەنجان لە ناو شاردا و دەڵێت: "جۆری ئەو ئامرازانەی لە تاوانەکاندا بەکاردێن بەپێی ناوچەکان دەگۆڕێن، بە جۆرێک لەناو شارەکاندا کوشتنەکان زیاتر لە ئەنجامی هەڵچونی کتوپڕی گەنجانە و زۆربەیان بە چەقۆ ئەنجام دەدرێن، ئێستا رێژەی بەکارهێنانی چەک و چەقۆ لە تاوانەکاندا لە یەکترەوە نزیکن."
ئەم مەترسییە لە لایەن پسپۆڕانی یاساییشەوە هەستی پێکراوە. نەشاد عومەر، پارێزەر، ئاماژە بە بەرزبونەوەی بەرچاوی رێژەی تاوانەکانی شەڕکردن دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی کە بەکارهێنانی چەقۆ لەناو گەنجانی کەلاردا زیادیکردوە.
جەختیشدەکاتەوە کە زۆرێک لەو تاوانە گەورانەی لێکەوتەی مەترسیداریان هەبوە، لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەقۆ و ئامرازە تیژەکانەوە بون.
لەلایەکی دیکەوە، د. ئاوات حاجی، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوک/ گەرمیان، تیشکدەخاتە سەر هۆکارەکان و دەڵێت: "ئەوەی لە ناو دادگاکاندا دەیبینین، زۆرجار کوشتنەکان لە ئەنجامی دەمەقاڵەیهکی سادە یان کێشەیەکی ناو یارییەکەوە رویداوە؛ بەداخەوە ئێستا خەڵک لەڕوی دەرونییەوە نائارامن، ئەمەش وایکردووە کێشەیەکی بچووک خێرا بگۆڕێت بۆ تاوانی کوشتن."
بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دۆخە، هێزە ئەمنییەکان رێکارەکانیان توندترکردوەتەوە. سەربەرز عومەر، لێپرسراوی راگەیاندنی بهڕێوبهرایهتى پۆلیسی گەرمیان، باس لەوە دەکات کە مەفرەزەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش، شەوانە لە ناو بازاڕ و کافتریاکاندا پشکنین بۆ دۆزینەوەی چەک و چەقۆ دەکەن.
وتیشی: پۆلیس بەپێی رێژەی تاوانەکان رێکارەکانی دەگۆڕێت، هەرکاتێک هەست بکەین تاوان رو لە زیادبونە یان حاڵەتێکی کتوپڕ بێتە پێشەوە، رێگەی توندتر دەگرینەبەر وەک دانانی بازگەی زیاتر و زیادکردنی مەفرەزەکان لە ناو شاردا.
سەبارەت بەوەی ئایا گەڕەکێک یان ناوچەیەک هەیە تاوانی تێدا زۆر بێت لەلای هێزەئەمنیەکان وەک خاڵی گەرم دەستنیشانکرابێت؟ سۆران محەمەد، بەڕێوبەری بەڵگەکانی تاوانى گهرمیان دەڵێت: بهحوكمی سروشتی کۆمەڵایەتی و چڕی دانیشتوان، جیاوازی لەنێوان گەڕەکەکان هەیە، هەندێک جۆری ئەخلاقیات لە هەندێک گەڕەک بوەتە کهلتور کە نەوەی دوای خۆیان لاسایی دەکەنەوە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان زۆربەی گەڕەکەکانیان کۆنترۆڵ کردوە.
لەبەرامبەردا، ئەحمەد فەتاح، بەڕێوبەری نەهێشتنی تاوان، دەڵێت: "ناوچەیەکی دیاریکراومان نییە وەکو خاڵی گەرم دەستنیشانمان کردبێت کە تاوانی زیاتری تێدا ڕوبدات، ناوچەکان وەکو یەک وان.
6. تاوانی فێڵ و قۆڵبڕین
لە ئێستادا پرسی فێڵ و قۆڵبڕین یەکێکە لەو تاوانانەی کە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت لە هەڵکشانی رێژەکەی دەکەنەوە و بە پرسێکی هەستیار هەژماری دەکەن کە پێویستی بە هەڵوەستەی جدییە.
دادوەر د. ئاوات حاجی، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوک/ گەرمیان، لەم بارەیەوە دەڵێت:" قۆڵبڕینی ئەلیکترۆنی و فێڵە داراییەکان لەو پرسە هەستیارانەیە کە بەدییدەکرێن، سەرەڕای ئەوەی هێشتا نەبونەتە دیاردەیەکی گشتگیر، بەڵام مەترسییەکانیان بەرچاوە".
دەشڵێت: بەداخەوە لە ئەنجامی مامەڵەکردن لەڕێگەی ئینتەرنێت یان نوسینگەکانى دراوە خەڵکێکی زۆر پارەیان دەخورێت، هۆکاری سەرەکیی ئەمەش پابەندنەبونی خۆیانە بە مەرج و رێکارە یاساییەکان؛ هەربۆیە ئەرکی لەپێشینەیە کە بەدواداچونی ورد بۆ ئەم پرسەکە بکرێت و چارەسەری گونجاویان بۆ دابنرێت.
هاوکات پارێزەر نەشاد عومەر، هۆشداریی دەدات و دەڵێت: فێڵی دارایی لە رادەبەدەر زیادیکردوە و شێوازێکی باند ئاسای وەرگرتوە، بۆیە هاوڵاتییان پێویستیان بە هۆشیاریی یاسایی هەیە و نابێت بەئاسانی متمانە بکەن.
دەشڵێت: بەداخەوە، بەشێک لە قوربانییانی ئەم تاوانانە کەسانی ناسراون و بەرپرس و خوێندەوارن، کە پارەکانیان خوراوە، بەڵام لە ترسی ناوزڕاندن و پێگەی کۆمەڵایەتییان ناوێرن تاوانەکە ئاشکرا بکەن و بێدەنگی هەڵدەبژێرن.
لەبەرامبەردا پارێزەر شیلان جەواد، سەبارەت بەجۆری ئەو فێڵانەی لەدادگاکانی گەرمیان زۆرن، دەڵێت: فێڵکردن بە شێوازی جیاواز زۆر بوە، بەڵام ئەوانەی زۆر زەقن، کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە لە پێشانگاکان؛ هەندێک کەس بە عەقدی پێشانگا ئۆتۆمبێل دەبەن و پارەکەی نادەن و کات بەکاردەهێنن بۆ دانەوەی و نایدەنەوە، ئەمەش دەچێتە خانەی فێڵکردنەوە.
رونیكردهوه: هەروەها مامەڵەی نوسینگەکانی دراو و مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان کە بەڵێنی قازانجی خەیاڵی دەدەن، لە ئێستادا رێژەیان روی لە زیادبون کردوە و ژمارەیەکی زۆر لەو کەیسانە لە دادگاکان تۆمارکراون.
بەشی سێیەم: هۆکارەکانی بون و بەربڵاویی تاوان
1. گۆڕانكاریی کۆمەڵایەتی
پسپۆران کۆکن لەسەر ئەوەی گۆڕانکارییە خێراکانی کۆمەڵگەی کوردی هۆکارێکی سەرەکی زیادبونی تاوانەکانە.
هاوار کەریم، پسپۆڕی کۆمەڵناسی، ئاماژە بەوە دەکات: کۆمەڵگەی کوردی لەم چەند ساڵەی رابردودا بەرەو کرانەوەیەکی ناڕێکخراو رۆیشتوە، پێی دەوترێت "کۆمەڵگەی راگوزەر"، واتە لە قۆناغی گواستنەوەدایە لە کۆمەڵگەی کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن، ئەمەش بە شەو و رۆژێک دروستنابێت و دەبێتە هۆی کاڵبونەوەی بەهاکان و دروستبونی ئازارێک کە لە کۆمەڵناسیدا پێی دەوترێت تاوان.
ئەو پسپۆرە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێمە دەمانەوێت لە بەها کۆنەکان رزگارمان بێت و دەست بە بەهای ترەوە بگرین کە هێشتا کۆمەڵگە ئامادە نییە بۆی، بۆیە زۆر کەس بەرگە ناگرێت و پەنا بۆ تاوان دەبات.
هاوکات یوسرا یوسف، توێژەری دەرونی، هاوڕایە لهگهڵ ئهم بۆچونه و دەڵێت: "لە کاتی گۆڕانکارییە خێراکاندا، وەک ئیمێل دۆرکایم دەڵێت، یاسا و نەریتە کۆنەکان هێزیان نامێنێت و تاک هەست بە ونبون دەکات، بۆیە پەنا بۆ رەفتاری لادەر دەبات و زۆرجاریش بێئاگایانە لاسایی ئەو مۆدێلە تاوانکارییانە دەکاتەوە کە لە سۆشیال میدیا دەیانبینێت".
دەشڵێت: چیتر تاوانەکان وەک دیاردەیەکی شۆککەرنامێننەوە، بەڵکو گۆڕاون بۆ هەواڵێکی سادهى رۆژانە، ئەم گۆڕانکارییەش وەک نیشانەیەکی مەترسیداری قوڵ بۆ سەر ئاسایشی دەرونی و کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت، چونکە کاتێک کۆمەڵگە بەرامبەر توندوتیژی هەستی نامێنێت، زەمینە بۆ دروستبونی تاوانی زیاتر خۆش دەبێت.
2. هۆکارە ئابورییەکان
قەیرانی ئابوریی و بێکاریی، وەک بزوێنەرێکی سەرەکی تاوان لە گەرمیان دەستنیشان دەکرێن.
هاوار کەریم پسپۆڕی کۆمەڵناسی، دەڵێت: "قەیرانی سیاسی قەیرانی ئابوری دروست دەکات، قەیرانی ئابوریش تاوان دروست دەکات، ئەمە گریمانە نییە، بەڵکو توێژینەوەکان جەختی لێدەکەنەوە".
هاوکات یوسرا یوسف، توێژەری دەرونی، دەڵێت: "پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان بێهیوایی گشتگیر و هەڵکشانی توندوتیژییـدا هەیە. لە هەرێمی کوردستان و گەرمیان، بەهۆی ناسەقامگیریی موچە و بازاڕی کار و تێچوی بەرزی ژیان، ئاستی بێهیوایی لەناو گەنجان زیادی کردوە، ئەمەش رێژەی شەڕەنگێزیی زیاد دەکات".
لەبەرامبەردا ئەحمەد فەتاح، بەڕێوبەری بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان، لەڕوی مەیدانیەوە پشتڕاستی ئهم خاڵه دەکاتەوە و دەڵێت: "زیادبونی تاوانی دزیی دەگەڕێتەوە بۆ بێکاریی، کە هەندێک کەس کردویانە بە پیشە".
هاوکات سۆران محەمەد، بەڕێوبەری بەشی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوان، ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لە دزیییەکان بەهۆی هەژاریی و خراپی باری ئابورییەوەیە و گەنجان داواکارییان زۆرە و داهاتیان نییە، لەبری کارکردن پەنا بۆ دزیییکردن ئەبەن، چونکە ناتوانن پێداویستەکانی ژیانیان دابین بکەن.
دەشڵێت: هۆکارەکانی پشت تاوانی دزیی جۆراوجۆرن؛ بەشێکیان پەیوەندییان بە لایەنی ئابوریی و بێکارییەوە هەیە، بەتایبەت لەناو گەنجاندا کە بەهۆی زۆریی پێداویستییەکانی ژیان و نەبونی داهات، پەنا بۆ دزیی دەبەن.
لایەنی پەروەردەی خێزانیش، وەک هۆکارێکی دیکە دەبینرێت کە تێیدا کەسەکە گوێ بە لێکەوتە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی کارەکەی نادات.
شیلان جەواد، پارێزەر، لهمبارهیهوه نمونەی زیندو دەهێنێتەوە و دەڵێت: کەیسی وامان هەیە کەسەکە یەکەمجارە دزیی دەکات و زۆر پێویست "محتاج" بوە، ههربۆیه دەستی بۆ دزیینی مۆبایل بردوە و پارەکەی بۆ بژێوی خێزانەکەی بەکارهێناوە.
3. چەک و چەکی بێ مۆڵەت
چهك و بهكارهێنانى و بڵاوى بونى چهك، لهو هۆكارانهن كه له زیادبونى تاوانهكاندا ئاماژهیان پێدهكرێت.
سەربەرز عومەر، لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان، ئاماژە بەوە دەکات گەرمیان سنورێکی فراوانی هەیە و خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی خوارو (ناوچە دابڕێنراوەکان) دەوام دەکەن و لێرە نیشتەجێن، کە دەستگەیشتن بە چەک لەوێ قورس نییە. هەروەها زۆرێک لە چەکە بێ مۆڵەتەکان پاشماوەی سەردەمی شەڕی داعش و ململانێکانن و خەڵک لای خۆیان هێشتویانەتەوە.
دەشڵێت: هەرچەندە بەپێی یاسا نوێیەکەی حکومەتی هەرێم رێکاری توند گیراوەتەبەر، بەڵام فراوانیی سنوری گەرمیان لەگەڵ ناوچەکانی خواروی عێراق، رێگرە لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی دۆخەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێزەکانمان چاودێرییەکی ورد دەکەن و لە کاتی هەر روداو و سەرپێچییەکدا چەکی بێ مۆڵەت ببینرێت، دەستبەجێ دەستی بەسەردا دەگیرێت و رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەڵگرەکەی دەگیرێتەبەر.
سەبارەت بە چەکی هێزە ئەمنییەکانیش، وتی: رێنماییمان دەرکردوە کە کارمەندان نابێت چەک ببەنەوە ماڵەوە و دەبێت لە جبەخانە دایبنێن، ئەمە تا رێژەی 85% جێبەجێ کراوە، بەڵام لە هەندێک بنکەی دورەدەست بەهۆی نزیکییان لە ناوچەی مەترسیی تیرۆرەوە، پاساوی یاسایی هەیە کە چەک ببەنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، فرۆشیارێکی چەک لە کەلار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، تیشکدەخاتە سەر بازاڕی چەک و دەڵێت: "لە ئێستادا نرخی کڵاشینکۆف لە بازاڕدا لە 500 هەزارەوە دەستپێدەکات".
ئەو فرۆشیارە جەخت دەکاتەوە کە چەک تەنها بە کەسانی خاوەن کار، ئاژەڵدار و خاوەن کۆمپانیا دەفرۆشن و دەڵێت: "ئەو چەکانەی تاوانی پێ دەکرێت لە شارهكانى دهرهوهى ههرێمهوه دەهێنرێن، چونکە گروپی ئۆنلاینی چەک لە بازاڕی رەشی ئەو ناوچانە هەیە کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکومەتدان.
دادوەر د. ئاوات حاجی، ئاماژە بەوە دەکات کە پلانێکی هاوبەش لەنێوان دادگا و هێزە ئەمنییەکاندا هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەک، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە لە دەرەوەی شارەکان بەهۆی پێویستیی جوتیاران بۆ خۆپاراستن و بارودۆخی ئەمنی، کارێکی ئەستەمە. ئەو پێیوایە کێشەکە تەنها لە بونی چەکدا نییە، بەڵکو دەبێت خەڵک وا پەروەردە بکرێن کە لە کاتی کێشەکاندا پەنا بۆ گفتوگۆ و دادگا ببەن نەک کوشتن.
هاوکات ئەحمەد فەتاح، بەڕێوبەری نەهێشتنی تاوانى گهرمیان، ئاشکرای دەکات کە ساڵی رابردو لە کۆی 11 حاڵەتی کوشتن، 4 حاڵەتیان بە چەکی بێمۆڵەت بوە.
لەمبارەیەوە دادوەر د. ئاوات حاجی، رونیدەکاتەوە کە تاوانەکان تەنها بە چەکی بێمۆڵەت ئەنجام نادرێن و دەڵێت: هەندێک لەو کەیسانەی دێنە بەردەممان، بەو چەکانە ئەنجام دراون کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە؛ زۆرجار تۆمەتبارەکە خۆی کارمەندی هێزە ئەمنییەکان یان پێشمەرگەیە، بەڵام کاتێک لە گوندەکەی خۆی کێشەیەکی لەسەر زەویوزار بۆ دروست دەبێت، هەمان ئەو چەکە بەکاردەهێنێت کە پێیەتی و دواتر پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە کە چەکەکە هی خۆیەتی و بە پارەی خۆی کڕیویەتی.
لهلایهكى دیكهوه، نەشاد عومەر، پارێزەر، رەخنەی توند له حزبه باڵادهستهكان دهگرێت و به هۆكارى بڵاویی دیاردهى بونى چهكیان دهزانێت. وتى: زۆرجار ئەو کەسانەی تەقە دەکەن، پشتگیریی سیاسییان هەیە، ئەمەش وایکردوە کە یاسا نەتوانێت بە تەواوی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات.
دەشڵێت: "حزبە دەسەڵاتدارەکان هۆکاری یەکەمن بۆ بونی چەک. ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت و تەقە دەکات، زۆرجار کەسێکی دەسەڵاتداری لەپشتە و لێپرسینەوەی لەگەڵ ناکرێت. ئەوانەی چەک دەبەنەوە ماڵەوە زۆربەیان پاسەوانی بەرپرسەکانن. وڵاتی ئێمە لە دۆخی جەنگدا نییە تا هاوڵاتی ئاسایی چەکی پێبێت".
هاوکات، د. ڕێبوار محەمەد، پسپۆڕی یاسایی و مامۆستاى زانكۆ، دهڵێت: بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا مۆڵەتی چەک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دراوە، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت خۆی لە خۆیدا تاوانە، بەڵام زۆرجار دادگاکان سزاکەی رادەگرن، ئەمەش وادەکات تاوان لە کۆمەڵگەدا زیاد بکات.
دادوەر د. ئاوات حاجی، جەخت لەگرنگی کۆنترۆڵکردنی چەک دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی جۆری تاوانە قورسەکان و دەڵێت: کۆنتڕۆڵکردنی چەک دەبێتە هۆی ئەوەی تاوانەکان سوکتر بن و لە کوشتنەوە بگۆڕێن بۆ شەڕکردن یان بریندارکردن، بۆیە پێویستە وەزارەتی ناوخۆ بە تەواوەتی تواناى خۆی لهمبارهیهوه بخاتهگهڕ.
ئاماژە بەوەشدەکات کە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و هاوسنوری لەگەڵ ئێران و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی، ڕەنگە بنبڕکردنی چەک بە رێژەی 100% ئەستەم بێت، بەڵام ئەگەر بتوانرێت 70 بۆ 80%ـی چەکی بێمۆڵەت کۆنترۆڵ بکرێت، دیاردەی تاوان لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.
4. دەستێوەردانی عەشایەری
لە واقیعی هەرێمی کوردستاندا، دەستێوەردانی حزبی و سوڵحی عەشایەری وەک شمشێرێکی دوسەر بەسەر دۆسیە یاساییەکانەوەن؛ لەلایەک دەبنە هۆی پەکخستنی دادپەروەریی و دەربازبونی تاوانباران لە سزادان، بەڵام لە هەمانکاتدا وەک ئامرازێکی ناچاریی بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن و گەورەبونی کێشەکان سەیر دەکرێن.
لەمبارەیەوە، پارێزەر نەشاد عومەر، ئاماژە بەوە دەکات کە دەستتێوەردانی عەشایەری و حزبی هەندێکجار رێگرە لەوەی تاوانبار سزای شایستەی خۆی وەربگرێت، بەڵام جەخت لەوەشدەکاتەوە کە سوڵحی عەشایەری لایەنی ئەرێنیشی هەیە، ئەویش بچوککردنەوەی کێشەکان و رێگریکردنە لە تۆڵەسەندنەوەی زنجیرەیی.
هاوکات د. ڕێبوار محەمەد، پسپۆڕی یاسا، تیشکدەخاتە سەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم رێککەوتنە کۆمەڵایەتییانە و دەڵێت: ئەم دۆخە وایکردوە زۆرێک لە تاوانەکانی مافی تایبەت وەک تەشهیر و لێدان دابخرێن و سزاکان ئامانجی یاسایی خۆیان نەپێکن.
لە بەرامبەر ئەم فشارە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەدا، دادوهر د. ئاوات حاجی، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەى كهركوك/ گهرمیان، جەخت لە سەربەخۆیی تەواوی بڕیارەکانی دادگا دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت کە هیچ جۆرە دەستتێوەردانێک قبوڵ ناکەن.
ئەو رەخنەی توند لەو کلتورە دەگرێت کە خاوەن کێشەکان کەسانی بەرپرس و دەستڕۆیشتو لەگەڵ خۆیان دەهێننە ناو دادگا و دەڵێت: ئێمە ئامادەین گوێ لە هەمو کەسێک بگرین کە کێشەی هەبێت، بەڵام بە مەرجێک خاوەن کێشەکە خۆی بێت نەک کەسی دیکە بهێنێت.
سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوە دوپاتیدەکاتەوە کە بۆ پاراستنی بێلایەنیی یاسا، زۆرجار دادگا رەتیکردوەتەوە گوێ لەو کەسانە بگرێت کە پەنایان بۆ کەسانی تر بردوە.
5. سزاکان و رۆڵیان لە کەمکردنەوەی تاوان
پرسی سزادانی تاوانباران لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا روبەڕوی کێشەیەکی گەورە بوەتەوە، کە بریتییە لە جیاوازی نێوان دەرچونی بڕیاری دادگاکان و جێبەجێکردنیان لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە.
پسۆرێکی یاسایی رەخنە لە جێبەجێنەکردنی سزاکان دەگرێت. د. رێبوار محەمەد، سەرۆکی بەشی یاسا لە زانکۆی گەرمیان، ئاماژە بەوە دەکات کە یاساكانى پهیوهست به سزادان گونجاون، بەڵام کێشەکە لە جێبەجێکردنیان دایە.
دەڵێت: هەمو سزادانێک دو ئامانجی سەرەکی هەیە، چاکسازی لە کەسەکە و چاوترساندنی خەڵکانی تر، بەڵام بۆ ئەو تاوانە گەورانەی دەچنە چوارچێوەی مادەی 406ـی یاسای سزادان، مەترسی تاوانکارییان هێندە بەرزە کە قابیلی چاکسازیی نین. هەرچەندە دادگاکان سزای شایستەی لەسێدارەدان دەردەکەن، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە سزاکە راگیراوە و ئەمەش وایکردوە سزاکە ئامانجی خۆی نەپێکێت.
دەشڵێت: ئەم سستییە لە جێبەجێکردنی سزاکاندا و بەتایبەت راگرتنی سزای لەسێدارەدان بە شێوەیەکی نایاسایی، وایکردوە تاوانی کوشتنی وەحشیگەریانە و بەکۆمەڵ لە حاڵەتەوە بەرەو دیاردەبون بڕوات. ئەو جۆرە تاوانبارانە شایەنی ئەوە نین بخرێنە چوارچێوەی چاکسازییەوە، بۆیە باشترین هەڵبژاردە جێبەجێکردنی سزاکەیە بەسەریاندا، تا ببێتە هۆی ئەوەی کەسانی تر جورئەتی ئەنجامدانی ئەو جۆرە تاوانانە نەکەن.
لە پاڵ ئەمەشدا، پرسی لێبوردنی گشتی وەک هۆکارێکی تری زیادبونی تاوان دەبینێت، چونکە بە وتەی د. رێبوار محهمهد، ئەمە جۆرێکە لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادوەر و وادەکات تاوانباران بەو باوەڕەوە تاوان بکەن کە دواجار لێبوردن دەیانگرێتەوە، ئەمەش وهكخۆی وتى: "هەوڵی پۆلیس و دادوەران بەهەدەر دەدات".
لە لایەکی ترەوە، دۆخی زیندانەکان خۆیان بونەتە گرفتێکی گەورە، بە جۆرێک کە لەبری چاکسازیی، بونەتە شوێنی فێربونی تاوانی نوێ. نەبونی پۆلێنکردنی زیندانییان بەپێی جۆری تاوانەکانیان، وایکردوە تاوانبارانی بچوک لەگەڵ کەسانی مەترسیدار تێکەڵ ببن.
دادوهر د. ئاوات حاجی، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەى كهركوك/ گهرمیان، ئاماژە بەوە دەکات کە جیاکردنەوەی زیندانییان پێویستی بە بودجەیەکی زۆرە، هەر بۆیە دادگاکان هەوڵ دەدەن سزای جێگرەوە وەک پێبژاردن یان هەڵپەساردنی سزا بەکاربهێنن تا رێگری لە تێکەڵبونی تاوانباری نوێ لەگەڵ بکوژان بکەن.
پارێزەر نەشاد عومەریش هۆشداری دەدات کە ئەم تێکەڵاوبونە ترسی زیندانی لای گەنجان شکاندوە و تەنانەت هەبونی "فایلی تاوان" لای هەندێکیان بوەتە جێگەی شانازیی، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە کە سزاکان کاریگەریی "تەمێکردنیان" لەدەستداوە.
6. نهبونی تاقیگە لە گەرمیان
سۆران محەمەد، بەڕێوبەری بەشی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوانى گەرمیان، بە نیگەرانییەوە باس لە کەمی پێداویستی دەکات: "پۆلیسی گەرمیان هێشتا نەگەیشتوەتە ئاستی پۆلیسی جیهانی لە روی تەکنەلۆژیاوە، لە گەرمیان تاقیگەی پشکنینی مۆبایل و DNAـمان نییە، دەبێت نمونهكان بنێرین بۆ سلێمانی یان هەولێر، ئەمەش کاتێکی زۆر دهبات".
وتیشی: پڕۆژەمان پێشکەشکرد وە بۆ کردنەوەی تاقیگە، چونکە گەرمیان ناوچەیەکی فراوانە، بەڵام تاقیگە پارەی زۆری دەوێت و هێشتا بۆمان نەکراوە.
هاوکات محەمەد ئەحمەد، لێکۆڵەری مافپەروەر لەبەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان، دەڵێت: ئێمە زۆر پشت بە راپۆرتی بەڵگەکانی تاوان دەبەستین بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکان، بەڵام نەبونی تاقیگە لە گەرمیان گرفتمان بۆ دروست دەکات.
"بەکارھێنانی بەڵگەی زانستی دەبێتە هۆی سڵەمینەوەی تاوانباران، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە کەیسە ئاساییەکانی هاوڵاتییاندا، سود لە تەکنیکی DNA وەرناگیرێت، هەرچەندە ئەم توانایە لە هەولێر هەیە، بەڵام بەهۆی تێچوی زۆر و نەبونی بڕیاری سیاسی بۆ بەکارهێنانی گشتی، تەنها بۆ کەیسی تایبەت بەکاردێت، ئەمەش وایکردوە ئەو زانستە نەبێتە فاکتەرێکی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی تاوان و ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی". چالاک محێدین، پسپۆری زانستی تاوانناسی و DNA، وای وت.
بەرپرسان و پسپۆڕانی تاوانناسی هۆشداری دەدەن کە دەستواردانی خەڵک لە شوێنی روداوەکان، رەوتی ئاشکراکردنی راستییەکان تێکدەدات، ئەمەش بۆ ناهۆشیاریی خەڵک دەگەڕێننەوە.
لەمبارەیەوە، سۆران محەمەد، بەرێوبەری بەشی بەڵگەکانی تاوانی گەرمیان دەڵێت: "یەکێک لەو گرفتانەی کە هەیە هاوڵاتیانن، بەداخەوە هۆشیاریی یاسایی هاوڵاتییان زۆر کەمە؛ زۆرجار پێش گەیشتنی پۆلیس، خەڵک دەستکاریی شوێنی تاوان دەکەن و بەڵگەکان تێکدەدەن. بۆ نمونە لە کەیسی خۆکوشتندا، دەستلێدانی چەکەکە لەلایەن کەسانی دەوروبەرەوە، پەنجەمۆری زۆر لەسەر چەکەکە دروستدەکات و پرۆسەی سەلماندنی راستییەکان بۆ ئێمە ئەستەم دەکات. لە کاتێکدا ئەگەر شوێنەکە دەستکاری نەکرێت، ئێمە دەتوانین بە وردی بەراوردی پەنجەمۆر و بەڵگەکانی دیکە بکەین و راستییەکە ئاشکرا بکەین".
وتیشی: سهرهڕای ئەو بەربەستانەش، تیمەکانی پۆلیس بەهۆی ئەزمونی زۆر و خولی پسپۆڕییەوە، شارەزایی تەواویان لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان هەیە و هەوڵدەدەن لەڕێگەی لێکۆڵینەوەی زانستی و تەکنیکییەوە ئەو بەربەستانە تێپەڕێنن.
هاوکات چالاک محێدین، پسپۆری تاوانناسی و DNA، ئەم دۆخە وەک گرفتێکی گەورەی لێکۆڵینەوە دەبینێت و دەڵێت: ئەوەی خەڵک بە ناوی یارمەتیدانەوە دەچنە شوێنی تاوان و بەڵگەکان لەناودەبەن، کێشەیەکی کلتوری و کۆمەڵایەتی قوڵە، ئەم دەستێوەردانانە رەوتی لێکۆڵینەوە بەرەو ئاراستەیەکی هەڵە دەبەن و تەنانەت ژیانی قوربانییەکەش دەخەنە مەترسییەوە.
دەشڵێت: هۆکاری سەرەکی ئەمەش نەبونی هۆشیاریی یاساییه لەلای هاووڵاتییان و کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە نەیانتوانیوه بە یاسا ئەم دیاردەیە قەدەغە بکەن و نە رێوشوێنی پێویست بۆ گەیشتنی خێرای تیمە پسپۆڕەکان بۆ شوێنی تاوان دابین بکەن.
بەشی چوارەم: دەرەنجام و راسپاردەکان
یەکەم: دەرەنجام
1. ئامارهكانى تاوان و ئاماژهكانى
بهشێوهیهكى گشتى تاوانه تۆماركراوهكان لهماوهى سێ ساڵدا (2023، 2024 و 2025)، ساڵ دواى ساڵ كهمتر بون وهكو ژماره، بهڵام له ئاستى ههر تاوانه و بهجیا، ههندێك جۆری تاوان ههیه بهپێچهوانهوه ژمارهیان زیادیكردوه.
2. نایهكانگیریی یاسایی لەگەڵ واقیعی سەردەم:
گەورەترین هۆکاری بەشێک لە تاوانە مەترسیدارەکان (وەک کوشتن و تاوانە ئەلیکترۆنییەکان) بۆ کۆنیی یاساکان دەگەڕێتەوە. یاساکانی زەویوزار (١٩٥٨) و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی (٢٠٠٨) لەگەڵ پەرەسەندنە خێراکانی ئێستا ناگونجێن و بڕیارەکانی دادگا بەرەو بنبەست دەبەن.
3. گرێدراویی راستەوخۆی ئابوری و ئاسایش:
تاوانی دزیی و فێڵکردن لە گەرمیان تەنها وەک لادان نابینرێت، بەڵکو رەنگدانەوەی راستەوخۆی بێکاری و قەیرانی داراییە. گۆڕانی "دزیی" بۆ "پیشە" لای هەندێک گروپ، نیشانەی تێکچونی بنەماکانی بژێوییە کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی خستوەتە مەترسییەوە.
4. کۆمەڵگەی راگوزەر و قەیرانی بەهاکان:
گەرمیان لە قۆناغی گواستنەوەیەکی خێرادایە لە کۆمەڵگەیەکی کلتورییەوە بۆ مۆدێرنە. ئەم کرانەوە ناڕێکخراوە بوەتە هۆی دروستبونی بۆشایی بەهایی؛ بە جۆرێک کە نە یاسا و نە نەریتە کۆنەکان ناتوانن رێگری لە هەڵچونە کتوپڕەکان و توندوتیژییەکانی ناو شار بکەن.
5. چەک وەک ئامرازی یەکلاکردنەوەی ململانێ:
بڵاویی چەکی بێمۆڵەت و نەبونی کۆنتڕۆڵی تەواو بەسەر بازاڕە رەشەکاندا، وایکردوە کێشە سادە و دەمەقاڵێکان بە خێرایی بگۆڕێن بۆ تاوانی کوشتن. پارێزبەندیی سیاسی و عەشایەریش کاریگەریی یاسای لە سزادانی هەڵگرانی چەکدا لاواز کردوە.
6. تەکنەلۆژیا؛ مەیدانێکی نوێ و بێبەرگری:
تاوانە ئەلیکترۆنییەکان (بەتایبەت دژی ژنان) بونەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر شیرازەی خێزان. نەبونی ئۆفیسی فەرمیی کۆمپانیا جیهانییەکان و لاوازیی هۆشیاریی تەکنیکی، وایکردوە هاوڵاتییان بە ئاسانی بکەونە تەڵەی "قۆڵبڕینی ئەلیکترۆنی" و "هەڕەشەی ناوزڕاندن".
7. بۆشایی تەکنیکی لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا:
سەرەڕای هەوڵەکان، پۆلیسی گەرمیان لە ڕوی تەکنەلۆژیاوە (وەک تاقیگەی DNA و پشکنینی دیجیتاڵی) لە دواوەیە. ئەم کورتهێنانە زانستییە وایکردوە پرۆسەی دۆزینەوەی تاوانباران کاتێکی زۆر بخایەنێت و هەندێکجاریش بەڵگەکان لەدەست بچن.
8. پەککەوتنی ئامانجی سزا و چاکسازی:
سیستەمی سزادان لە گەرمیان (و هەرێم بە گشتی) ئامانجە سەرەکییەکەی کە "تەمێکردن و چاکسازییە" نەپێکاوە. تێکەڵکردنی زیندانییان، جێبەجێنەکردنی سزای قورس و لێبوردنە گشتییەکان، ترسی لە دڵی تاوانباران شکاندوە و زیندانی لە شوێنی چاکسازییەوە گۆڕیوە بۆ شوێنی فێربونی تاوانی نوێ.
9. دەستێوەردانی کۆمەڵایەتی و سیاسی:
سوڵحی عەشایەری و دەستێوەردانی حزبی وەک ڕکابەرێکی بەهێزی دادگاکان دەردەکەون. هەرچەندە هەندێکجار رژانی خوێن دەوەستێنن، بەڵام لە درێژخایەندا دەبنە هۆی "کوشتنی دادپەروەری" و هاندانی تاوانباران بۆ دوبارەکردنەوەی تاوان، چونکە پشتئەستورن بە پشتیوانییە دەرەکییەکان.
دوهم: راسپاردهكان
1. پێویستە حکومەت و پەرلەمان پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی ئهو یاسایانه ئامادهبكهن كه كۆنن و پێویستیان به تازهكردنهوه ههیه، لهنمونهى یاسای زهویوزار و یاسای تاوانهكان و یاسای خراپ بهكارهێنانى ئامێرهكانى پهیوهندیی.
2. ناکرێت ناوچەیەکی وەک گەرمیان تاقیگەی مۆبایل و DNA نەبێت. بۆیه دەبێت بەپەلە بودجە بۆ کردنەوەی تاقیگەیەکی سەردەمیی دابین بکرێت تا پرۆسەی لێکۆڵینەوە خێرا بکرێت و تاوانباران نەتوانن لە سزا رزگاریان بێت.
3. بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، جگە لە جێبەجێکردنی یاسای چەک، پێویستە حکومەت "بانکی زانیاریی چەک" دروست بکات کە تێیدا شوێنپەنجەی هەمو ئەو چەکانە تۆمار بکرێت کە مۆڵەتیان هەیە، تا لە کاتی بەکارهێنانیاندا خێرا بدۆزرێنەوە.
4. بۆ کەمکردنەوەی تاوانهكان و بهتایبهتی دزییی و ههمو ئهو تاوانانهى رهههندى ئابورییان ههیه، پێویستە حکومەت پهرهبدات به كردنهوهى ناوەندی راهێنانی پیشەیی و قەرزی بچوک لە گەرمیان، بهتایبهتیش ئهو گەنجانە بکاتە ئامانج کە لەو گەڕەکانە دەژین کە رێژەی دزیی تێیاندا بەرزە.
5. حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کار بکات بۆ ناچارکردنی کۆمپانیاکانی وەک (مێتا و سناپچات) بۆ هەبونی نوێنەرایەتی یان هێڵی گەرمی خێرا بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسەکانی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی.
6. پێویستە زیندانەکان لە "شوێنی فێربونی تاوان"ـەوە بگۆڕدرێن بۆ "سەنتەری چاکسازیی". پێویستە تاوانبارانی دزیییە بچوکەکان یان خراپ بەکارهێنانی مۆبایل، لە بکوژان و باندە مەترسیدارەکان جیا بکرێنەوە.
7. وەک لە راپۆرتەکەدا هاتوە، راگرتنی سزا بەبێ جێگرەوەی توند، جورئەتی تاوانباری زیاد کردوە. دادگاکان دەبێت لەو کەیسانەدا سزای توند و بێ لێبوردنی گشتی جێبەجێ بکەن.
8. گرنگه دادگا و داواکاری گشتی بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدات "سوڵحی عەشایەری" ببێتە هۆی داخستنی مافی گشتی (الحق العام). هەر بەرپرسێک یان کەسایەتییەک فشاری هێنا بۆ دادگا، دەبێت وەک پەکخەری دادپەروەری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
9. گرنگه دادوەری تایبەتمەند لە بواری تەکنەلۆژیادا رابهێنرێن بۆ ئەوەی بڕیارەکان وردتر بن و گونجاو بن لەگەڵ سەردەمی "زیرەکی دەستکرد".
10. پێویسته حكومهت و دادگا پهیوهندییهكى بونیادنهرانه لهگهڵ كۆمهڵی مهدهنی دروستبكهن و پێكهوه ههڵمهتى هۆشیاری بهرفراوان لهچهند ئاستێكدا ئهنجام بدهن:
ا. هاندانى كهمكردنهوهى تاوان و هۆشیاركردنهوهیان لهوبارهوه.
ب. هۆشیارکردنەوەی خەڵک کە دەستکاری شوێنی تاوان نەکەن.
ت. هۆشیاركردنهوهى هاوڵاتیان به هاوكارییكردنى حكومهت لهكاتى بونى تاوان و ئاگاداركردنهوهیان، دهكرێت بۆ ئهم مهبهسته پهنا بۆ ئهپڵیكهیشنی تایبهتیش ببرێت كه ناسنامهى ههواڵدهرهكان بپارێزێت.
پ. هۆشیاركردنهوهى هاوڵاتیان لهبارهى خۆپاراستن لهوهى ببن به نێچیری تاوانه ئهلیكترۆنییهكان، بهتایبهتى بۆ ژنان و مێردمناڵان.
ج. پێکهێنانی ئەنجومەنێکی هاوبەش لە (دادوەر، پۆلیس، توێژەری کۆمەڵایەتی، كۆمهڵی مهدهنی و هاوڵاتیان) کە کار لەسەر ئەو کێشە کۆمەڵایەتییە قوڵانە بکەن کە هێشتا نەبونەتە تاوان، بۆ ئەوەی پێشوەختە رێگری لە خوێنڕشتن بکرێت.
- دوایین بابەتەکان
-
هەواڵپسپۆڕێکی ئاو: دەبێت کۆڕنیشەکەی کەلار دیزاینەکەی بگۆڕدرێت و ببرێتە دواوە
-
-
هەواڵکارکردن لە کۆڕنیشەکەی قەزای کفری وەستاوە
-
-
هەواڵبارانبارین دانانی کامیرای خاڵ بۆ خاڵی لەگەرمیان دواخست
-
-
هەواڵتەواوی پرۆژە ئاودێرییەکانی گەرمیان زیانیان بەرکەوتوە
-
-
هەواڵ"لەبارەی کارکردن و دەرۆزەکردنی مناڵان ئیدارەی گەرمیان و قایمقامیەتی کەلار وەڵامیان نەداوینەتەوە"
-