لەسەر هێرشکردنە سەر شاخی زمناکۆ قایمقامی دەربەندیخان رونکردنەوە دەدات
هەواڵ
02:09PM - 2026-03-09 , بینین : 101


رادیۆی دەنگ

دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ چەند جارێک هێرشکرایە سەر بورجەکانی پەیوەندی کردن لەسەر شاخی زمناکۆ لەسنوری دەربەندیخان، قایمقامی قەزاکە دەڵێت: زیانەکانی تەنها روکەشین.

لەبەیانی ئەمڕۆوە چەند جارێک هێرشکراوەتە سەر تاوەرەکانی پەیوەندییکردن لەسەر شاخی زمناکۆ لە سنوری قەزای دەربەندیخان.

چەند بورجێک لەسەر شاخی قەزاکەیە، کە سەر بە کۆمپانیاکانی 'ئاسیا و کۆڕەک و زەینن'

ئامانج محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، بەرادیۆی دەنگی راگەیاند: بەیانی ئەمڕۆ چەند جارێک هێرشی درۆنی کراوەتە سەر بورجەکانی پەیوەندی کردن لەسەر شاخی زمناکۆ، بەڵام زیانەکانی تەنها روکەشی بون.

وتیشی: بورجەکان بەپێوەن، بەڵام دیار نییە گرفتی پەخشی شەبەکەی هەیە یاخود نا.

دەشڵێت: جگە لە بورجەکان هیچ شتێک لە چواردەوری نەسوتاوە و زیانی بەرنەکەوتوە، بەڵام جارێک لەوەش تێنەگەشتوین ئێران چی دەوێت لە چەند بورجێکی سەر شاخی زمناکۆ؟

هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە، جگە لە کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا، بارەگای هێزەکانی پێشمەرگەش چەند جارێک کرایە ئامانج، سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن، بەشک لە هێرشە درۆنییەکان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئەنجام دەدرێن.