رادیۆی ده‌نگ
له‌هه‌نگاوێكى چاوه‌ڕواننه‌كراودا، رۆژى 19ـى ئایاری 2025، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم له ئه‌مریكا، ئه‌نجامدانى دو
گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ دو كۆمپانیای بوارى نه‌وتدا ئاشكرا كرد، ئەمەش بەمەبەستی وه‌به‌رهێنان كردن له سێ كێڵگه‌ى نه‌وتى سنوره‌كه، كه دانه‌یه‌كیان له ئیداره‌ى گه‌رمیان و ئه‌وانى دیكه‌شیان نزیكن له ناوچه‌كه‌وه.
دوێنێ دوشەمە (19ـی ئایاری 2025) لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، واژوکردنی دو گرێبەستی وزەی (نه‌وت و گاز) لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان راگەیاند به گوژمه‌ى سه‌روى 110 ملیار دۆلار. یەکەم گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای میران ئینێرجی واژۆ دەکرێت کە هاوپه‌یمانێتییه‌كى دروستكراوى نێوان هه‌ردو کۆمپانیای HKN و ئۆنیکسی ئەمریکییە، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ش تایبەتە بە کەرتی نەوت، ئامانجیش له‌م گرێبه‌سته پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی کێڵگەی گازی میران و تێکەڵکردنێتی بە تۆڕی غازی هەرێمی کوردستانه‌وه. هه‌رچی گرێبه‌ستى دوه‌میشه، لەگەڵ کۆمپانیای وێسترن زاگرۆسی ئەمریکی ئەنجام دەدرێت بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی کوردەمیر له گه‌رمیان و تۆپخانە له قادر كه‌ره‌م.
ناساندنى هه‌رسێ كێڵگه‌كه و یه‌ده‌گه‌كانیان
1. كێڵگه‌ى میران
به‌پێی راپۆرتێكى ماڵپه‌ڕی
دره‌و میدیا، كێڵگه‌ى نه‌وتى میران دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی و نزیک لە قەزای بازیانە، روبەره‌كه‌ی (11.15) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، دابەشکراوە بەسەر هه‌ردو کێڵگەی (رۆژهەڵات و رۆژئاوا).
ماڵپه‌ڕه‌كه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات یەدەگی کێڵگەکان زیاتر لە (57) ملیۆن بەرمیل غازی شل (کۆندێنسات) و (3.5) ترلیۆن پێی سێجا غازی سروشتییە، به‌ڵام وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانى هه‌رێم دوێنێ له
راگه‌یه‌نراوى واژوكردنى گرێبه‌سته‌كه‌دا ئاماژەی بەوەکردوه یه‌ده‌گی کێڵگەی میران بە زیاتر لە 8 تریلیۆن پێی سێجا غاز مەزەندە دەکرێت، بەهای بازاڕیشی بە نزیکەی 40 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ى ماڵپه‌ڕى دره‌و میدیا، كێڵگه‌ى میران بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە گازییەکانی عێراق دادەنرێت و داتا‌کان ئاماژە بە توانای کێڵگەکە دەکەن بۆ دابینکردنی گاز بۆ تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا بۆ ماوەی (50) ساڵ.
كێڵگه‌كه پێشتر له‌لایه‌ن كۆمپانیای گەنه‌ڵ ئینێرجی و میران بیناباوی لیمیتەده‌وه به‌ڕێوه‌برا و له ساڵی 2021 له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه لێیان وه‌رگیرایه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش هه‌ردو كۆمپانیاكه سكاڵایان دژ به حكومه‌تى هه‌رێم له دادگای ناوبژیوانیی لەندەن تۆمار كرد، سه‌ره‌تادا دادگا له ساڵی 2024 له به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردو كۆمپانیاكه بڕیاریدا، پاشان له ساڵی 2025 له به‌رژه‌وه‌ندى حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاری دا و هه‌ردو كۆمپانیاكه‌ى ناچار كرد به پێبژاردنى نزیكه‌ى 27 ملیۆن دۆلار بۆ حكومه‌تى هه‌رێم.
2. كێڵگه‌ى كورده‌میر
به‌پێی
راپۆرتێكى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان له رادیۆی ده‌نگ، كێڵگه‌ى كورده‌میر ده‌كه‌وێته نێوان سنورى ناحیه‌ى شێخ ته‌ویلى سه‌ر به كه‌لار و ناحیه‌ى سه‌نگاوى سه‌ر به چه‌مچه‌ماڵه‌وه. ئەم بلۆکە نەوتیە بەرهەمی گازی لە نەوتی رەش زیاترە، پێکهاتوە لە 6 بیرە نەوت. ئه‌م كێڵگه‌یه 541 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت یه‌ده‌گى هه‌یه، هه‌روه‌ك 2 تریلیۆن پێی سێ جا غازى سروشتى هه‌یه.
ئه‌م بلۆكه نه‌وتیه پێشتر له ژێر كۆنتڕۆڵى وێسترن زاگرۆسى كه‌نه‌دى بو كه دواتر به‌شێكى پشكه‌كانى فرۆشته‌وه به كۆمپانیاى تالیسمان، دواتریش هه‌ردو بیره نه‌وتى "كه‌ى 39 و 44"ـى فرۆشت به كۆمپانیای ریپسۆڵى ئیسپانى، كۆمپانیا ئیسپانیه‌كه‌ش بلۆكه‌كه‌ى فرۆشتوه‌ته‌وه به دایناسیتى پترلیۆم كه كۆمپانیایه‌كى ناوخۆیی بو، به‌ڵام وه‌زیرى پێشوى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم- ئاشتى هه‌ورامى، واژوى كۆتایى بۆ راده‌ستكردنى بلۆكه نه‌وتیه‌كه بۆ كۆمپانیا ناوخۆییه‌كه نه‌كرد، كه دواتر كۆمپانیاى دایناستى له دادگاى باڵاى به‌ریتانیا سكاڵاى له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم تۆمار كردوه و داواى ملیارێك و شه‌سه‌ت ملیۆن دۆلاری كرد وه‌كو قه‌ره‌بو، به‌ڵام دواتر دادگاكه ئاماده‌نه‌بو بڕیار له‌وباره‌یه‌وه بدات و بڕیاری دا به گه‌ڕانه‌وه‌ى دۆسیه‌كه بۆ دادگایه‌كى ناوخۆیی عێراق.
ئه‌م كێڵگه‌یه پێشتر به‌رهه‌مێكى كه‌می نه‌وتى تیا ده‌رده‌هێنرا، به‌ڵام له پاش بڕیاری دادگاى ناوبژیوانى پاریس و راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ئاداری 2023، كاره‌كانى راگیرا و كۆمپانیای وێسترن زاگرۆس كه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد، ستافه‌كه‌ى كۆكرده‌وه و كێڵگه‌كه داخرا.
3. كێڵگه‌ى تۆپخانه
کێڵگەکە دەکەوێتە باشوری ناحیه‌ى قادرکەرەمى سه‌ر به چه‌مچه‌ماڵ و و باكوری قەزای دوزخورماتو. به‌پێی وته‌ى وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانى هه‌رێم، کێڵگەی تۆپخانە نزیکەی 5 ترلیۆن پێی سێجا غازی تێدایە، لەگەڵ 9 ملیۆن بەرمیل نەوت، کە بەهاکەی له‌گه‌ڵ كێڵگه‌ى كورده‌میر به کۆی گشتی، بە نزیکەی 70 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.
نەخشەی کێڵگەی تۆپخانە "ژمارە 39"
كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان كێن؟
1. وێسترن زاگرۆس Western Zagros
وه‌ك له ناساندنه‌كه‌یدا له
ماڵپه‌ڕی "linkedin"ـدا هاتوه، وێسترن زاگرۆس، کۆمپانیایەکی تایبەتە بە وه‌به‌رهێنان له بواری نەوت. كۆمپانیاكه ته‌نها له هه‌رێمى كوردستاندا چالاكه و له ساڵی 2005ـه‌وه ده‌ستى به وه‌به‌رهێنان كردوه له بوارى نه‌وتدا له سنوره‌كه. كۆمپانیاكه‌ش له كه‌نه‌دا تۆماره و پێشتر وه‌كو كۆمپانیایه‌كى كه‌ندیی و ئێستاش وه‌كو كۆمپانیایه‌كى ئه‌مریكی ناوی دێت.
كۆمپانیاكه 2 كێڵگه‌ى نه‌وت و گازی لایه، یه‌كه‌میان كێڵگه‌ى گه‌رمیانه كه له‌لای هاوڵاتیان به كێڵگه‌ى "حه‌سیره" ناسراوه و 40%ـى پشكه‌كانى هه‌یه، دوه‌میشیان كێڵگه‌ى كورده‌میره كه پێشتر 40%ـى پشكه‌كانى هه‌بو و ئێستا دواى كشانه‌وه‌ى كۆمپانیای تالیسمان و ریسپۆڵ و داینا سیتی، نازانرێت چه‌ندی پشك له كێڵگه‌كه‌دا ماوه جگه له‌و 40%ـه و ده‌وترێت به‌شه‌كانى ئه‌وانى كڕیوه‌ته‌وه.
2. کۆمپانیای HKN Energy Ltd
وه‌ك له
ماڵپه‌ڕه‌كه‌یدا هاتوه، ئه‌م كۆمپانیایه‌ش ته‌نها له هه‌رێمى كوردستاندا كار ده‌كات. به‌وته‌ى خۆی، کۆمپانیای HKN لە ساڵی 2007 دامەزراوە و کۆمپانیایەکی تایبەت و سەربەخۆی وزەیە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی (PSC)ـی پێبەخشراوە بۆ بلۆکی سەرسەنگ. لە ساڵی 2024 کۆمپانیاكه پشکێکی لە بلۆکی ئەتروش بەدەستهێنا و ئێستا كۆمپانیاكه بەڕێوەبەری هەردو بلۆکەکەیە.
3. كۆمپانیای ئۆنیكس ONEX
وه‌ك له
مااڵپه‌ڕه‌كه‌یدا هاتوه، كۆمپانیای ئۆنێکس هۆڵدینگ، کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی هەمەچەشنە و كار له كه‌رته‌كانى وزه و ژێرخان و په‌ره‌پێدان ده‌كات لە ئه‌وروپا و ئه‌فریقیا و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌تیش له بواره‌كانی: خانوبەرە، وزەی نوێبوەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا، پاڵاوتنی نەوت، بازرگانی، کەشتیوانی و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندییەکان. بارەگا سەرەکی كۆمپانیاكه لە دوبەیە و نزیکەی 1500 كارمه‌ندى هه‌یه.
4. میران ئینێرجی
میران ئینێرجی کۆمپانیایەکی هاوبەشی نێوان هه‌ردو کۆمپانیای HKN Energy Ltd و ONEX Groupـە، ئه‌م كۆمپانیایه تازه‌پێكهێنراوه به تایبه‌تى بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی گازی میران بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئایا یه‌كێتى ئاگادارى پرۆسه‌كه‌یه؟
له هه‌نگاوێكدا كه هێنده‌ى تر شۆك و چاوه‌ڕواننه‌كراو بو، ئه‌و كێڵگانه‌ى دوێنێ گرێبه‌ستیان واژو كرا، هه‌مویان له‌و زۆنه‌ن كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى نیشتمانى دان. ئه‌مه‌ش دو ئه‌گه‌رى هێناوه‌ته ئاراوه:
یه‌كه‌م: گرێبه‌سته‌كان به‌بێ ئاگاداریی یه‌كێتى كرابن
له مه‌راسیمی واژوكردنى گرێبه‌سته‌كه‌دا له ژورى بازرگانى واشنتۆن له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا، خودی مه‌سرور بارزانى ئاماده بو، له‌گه‌ڵ وه‌زیری كاره‌با كه له پشكی پارتییه و وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانه به وه‌كاله‌ت، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كى تر له به‌رپرسانى حكومی سه‌ر به پارتى، لای یەکێتیش شۆڕش ئیسماعیل- وەزیری پێشمەرگە و ئامانج ره‌حیمی سكرتێری ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌شدار بون، ئه‌مه‌ش به‌وه لێكدرایه‌وه كه كاره‌كه پارتی كردویه‌تى به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ یەکێتی.
دوه‌م: گرێبه‌سته‌كان به ئاگاداریی یه‌كێتى كراون
رای زاڵ ئه‌وه‌یه كه گرێبه‌سته‌كان به ئاگاداریی یه‌كێتى كراون، ئه‌مه‌ش به‌وته‌ى چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك كه بۆ رادیۆی ده‌نگ قسه‌یان كرد، به پشت به‌ستن به‌م خاڵانه:
1. هیچ كات پارتى ناتوانێت به‌بێ ره‌زامه‌ندى یه‌كێتى وه‌به‌رهێنانێكى ئاوا گه‌وره و زه‌ق له ناوچه‌یه‌كى جه‌رگه‌ى ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى دا بكات.
2. ئاماده‌بونى شۆڕش ئیسماعیل و ئامانج ره‌حیم، سه‌لمێنه‌رى ئه‌وه‌یه كه كرده‌وه‌كه تاك لایه‌نانه نه‌بوه.
3. بێده‌نگیی یه‌كێتى له ئاستى فه‌رمیدا، كه هیچ راگه‌یه‌نراوێكى فه‌رم و نا فه‌رمی نه‌بوه، له‌كاتێكدا پێشتر هه‌ر شتێكى به دڵ نه‌بوبێت راگه‌یه‌نراو و قسه‌ى له‌سه‌ر هەبوە.
4. بێده‌نگی میدیاكانی یه‌كێتى له روداوه‌كه، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ناڵه‌كانى یه‌كێتى نیشتمانى "كوردسات نیوز و گه‌لی كوردستان" دوێنێ هیچ هه‌واڵێكیان له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كه نه‌كردوه، ئه‌مڕۆش ته‌نها یه‌ك هه‌واڵی له‌سه‌ر كراوه ئه‌ویش په‌یوه‌ست بو به به‌یاننامه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى نه‌وتی عێراق. له‌كاتێكدا پێشتر ئه‌گه‌ر یه‌كێتى ناڕازیی بوبێت، میدیاكانیان قسه‌یان ده‌بو.
5. قسه له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه كه بافڵ تاڵه‌بانى- سه‌رۆكى یه‌كێتى و مه‌سرور بارزانى- سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران (پارتی)، پێشتر رێكه‌وتنیان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه كردوه له‌چوارچێوه‌ى ریزێك رێكه‌وتنى دیكه كه په‌یوه‌سته به ره‌نگڕێژی ده‌سه‌ڵاتى نێوان ئه‌و دو حزبه بۆ ئاینده و له‌نێویشیاندا كابینه‌ى ده‌یه‌م. هاوكات له‌كاتى ئه‌نجامدانى رێكه‌وتنه‌كه‌ش هه‌ردوكیان له ئه‌مریكا بون، به‌ڵام نازانرێت یه‌كیان بینیوه یان نا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه گرێبه‌سته‌كان به‌پێی ئه‌و خه‌مڵاندنانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم و كۆمپانیا جێبه‌جێكاره‌كانى كردویانه، زۆر گه‌وره و ستراتیژین. به ته‌واوبونى ئه‌و كێڵگانه، ئاستى به‌رهه‌مى غازی هه‌رێم ده‌گاته راده‌ى خۆبژێوی و به‌ڵكو هه‌نارده‌كردنیشی چ بۆ ناوچه‌كانى تر‌ى عێراق و چ بۆ ده‌ره‌وه‌یشی، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ى پیشه‌سازیی به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با و پاشماوه نه‌وتییه‌كانیش زۆر گه‌وره و به‌هێز ده‌كه‌ن.
گرێبه‌سته‌كان پارێزگای سلێمانى ده‌كاته ناوه‌ندێكى گرنگی وزه
له‌سه‌ر ئاستی جوگرافییش، گرێبه‌سته‌كان پارێزگای سلێمانى ده‌كاته ناوه‌ندێكى گرنگی وزه، به‌شێوه‌یه‌ك وزه‌ى گازى هه‌مو هه‌رێم به نزیكه‌یی ده‌كه‌وێته ئه‌م پارێزگایه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌شێت بۆ یه‌كێتى ببێته هێز و پاڵپشتییه‌كى گه‌وره، ئه‌مه سه‌رباری سودبینین یه‌كێتى له‌لایه‌نى مادییه‌وه له‌و پرۆژانه، به‌وپێیه‌ى وه‌ك له كێڵگه‌كانى تردا هه‌بوه، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن له كێڵگه‌كاندا، سه‌ر به یه‌كێتین یان نزیكن لێیه‌وه.
ره‌نگه هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش بێت كه یه‌كێتى رازیی كردبێت به گرێبه‌سته‌كه و بێده‌نگیی لێكردنى.
به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر گرێبسه‌ته‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌كێتی دان، بۆچی پارتى بوه به روكاری؟ ئایا قازانجی ئه‌و چییه؟
به‌پێی پێدراوه‌كان، به‌م هه‌نگاوه هه‌رێمى كوردستان ده‌بێته پێشه‌نگی دۆسیه‌ى گازی عێراق، دۆسێیه‌ك كه ده‌شێت له سود و قازانجه‌كانیدا ململانێی نه‌وتی عێراق بكات.
به‌وپێیه‌ى پارتى له حكومه‌تى هه‌رێمدا "لانیكه‌م له كابینه‌ى داهاتودا" هه‌ر باڵاده‌ست ده‌بێت، بونى دۆسێیه‌كى گه‌وره‌ى وه‌كو گاز له‌لای، سه‌نگێكى تری پێده‌دات.
كه‌رتى گازی هه‌رێم له‌و كه‌رتانه‌یه كه له ئاستى جیهان و هه‌رێمایه‌تیش چاوی زۆری له‌سه‌ره و ئومێدی زۆریشی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه به‌تایبه‌تى له‌لایه‌ن
ئه‌مریكاوه بۆ لاوازكردنى ئێران و كه‌رتى گازی ئه‌و وڵاته، هه‌ربۆیه به‌هێزبونى ئه‌م كه‌رته و بونى به كارتێكى به‌هێزی ده‌ستى هه‌رێمى كوردستان كه پارتى روكاره فیعلییه‌كه‌یه‌تى، ئه‌وی پێ به‌هێز ده‌بێت.
لێكه‌وته سیاسییه‌كانى گرێبه‌سته‌كه
ئه‌نجامدانى گرێبه‌سته‌كه له‌كاتێكدایه كه كه‌رتى نه‌وت و گازی هه‌رێمى كوردستان، روبه‌ڕوى ئاسته‌نگییه‌كى زۆر بوه‌ته‌وه، دواى ئه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم به كاریگه‌ریی بڕیاری دادگاى ناوبژیوانى پاریس له ئاداری 2023ـوە راگیرا، هاوكات تائێستا حكومه‌تى عێراق و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانى كاركه‌ر له هه‌رێم نه‌گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتن به‌مه‌به‌ستێكى دۆزینه‌وه‌ى ئالیه‌تێكى گونجاو بۆ ده‌ستكردنه‌وه به هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێم.
له‌م نێوه‌نده‌شدا كه هێشتا گرێبه‌سته‌كانى پێشوى نێوان كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و هه‌رێمى كوردستان جێگاى مشتومڕه، وا دو گرێبه‌ستى تریش هاتنه سه‌ر خه‌رمانى ئه‌و گرێبه‌ستانه.
رۆژى 15ـى شوباتى 2022، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی دەرکرد و تیایدا یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007ـی هەرێمی کوردستانی بە
نادەستوری ناساند و هەڵیوەشانده‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌كخۆی ئه‌وكات رایگه‌یاند: "بەهۆی پێشێلکردنی بڕگە دەستورییەکانەوە".
رۆژى 30ـى كانونى دوه‌مى 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دادگای پێداچونه‌وه‌ى "تمیز" عێراق
بڕیارێکی ده‌ركردوه له‌باره‌ى ئه‌و گرێبەستانەی لە نێوان هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوتدا ئەنجام دراون و گرێبه‌سته‌كانى به یاسایی زانیوه و په‌سه‌ندی كردوه.
وەزارەتی نەوتی عێراقی: ئەو گرێبەستانە پێشێلکارییەکی زه‌قی یاسای عێراقە
له پاش راگه‌یاندنى هه‌ردو گرێبه‌سته تازه‌كه‌وه، تائێستا (كاتژمێر 5:00ـى دوانیوه‌ڕۆ)، حكومه‌تى عێراقی هیچ هه‌ڵوێستێكى له‌سه‌ر راگه‌یاندنى گرێبه‌سته‌كه رانه‌گه‌یاندوه.
به‌ڵام ئه‌م نیوه‌ڕۆیه وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراقی،
ره‌دكردنه‌وه‌ى خۆی بۆ گرێبه‌سته‌كان ده‌ربڕیوه و به پوچه‌ڵ هه‌ژمارى كردوه.
له راگه‌یه‌نراوێكى وه‌زاره‌ته‌كه‌دا هاتوه: ئەو گرێبەستانە پێشێلکارییەکی زه‌قی یاسای عێراقە، به‌مپێیه‌ش وەزارەتمان بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه له‌وه‌ى ئه‌و گرێبه‌ستانه پوچه‌ڵن.
ئه‌م هه‌ڵوێسته و هه‌ڵوێستى توندتریش له‌لایه‌ن حكومه‌ت و لایه‌نه عێراقییه‌كانه‌وه چاوه‌ڕوانكراوه، به‌وپێیه‌ى ئه‌وان وه‌كو ستراتیژ دژ به هه‌ر فراوانبونێكن له كه‌رتى نه‌وتی هه‌رێم، هاوكات وه‌كو ته‌كتیكیش ده‌شێت سودی لێببینن بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كانى بانگه‌شه‌یان له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ى زیاتری واده‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى بوه‌ته مایه‌ى پرسیار ئه‌وه‌یه: چۆن حكومه‌تى هه‌رێم په‌ناى بۆ ئه‌م هه‌نگاوه بردوه؟
به‌گوێره‌ى پێدراوه‌كان، حكومه‌تى هه‌رێم دڕدۆنگی ئه‌مریكای له عێراق به هه‌ل زانیوه بۆ هاویشتنى ئه‌م هه‌نگاوه. ئه‌وه زانراوه كه له كابینه‌كه‌ى ترامپدا هێزه شیعییه‌كان له‌نێو سێره دان، ئێستا كه ئه‌وان حاكمی فیعلی عێراقن، هیچ پشتیوانییه‌كیان له كابینه‌كه‌ى ترامپدا نییه. له‌به‌رامبه‌ریشدا بونى چه‌ند پشتیوان و دۆستێكى حكومه‌تى هه‌رێم "پارتى" له ئه‌مریكا و ئیداره‌كه‌ى، به هه‌ل زانراوه.
خاڵی زه‌قیش له‌م نێوانه‌دا، وه‌زیری كشتوكاڵی ئه‌مریكایه. مارك رولینز، كه سه‌رۆكی كۆمپانیای (HKN)ـه و یه‌كێكه له‌و كۆمپانیایانه‌ى گرێبه‌سته‌كه‌ى له‌گه‌ڵدا كراوه، هاوسه‌رى وه‌زیری كشتوكاڵی ئیداره‌كه‌ى ترامپ (
بروك رۆلینز)ـه.
وێنەیەکی مارک رۆلینزی سەرۆکی کۆمپانیای HKN و بروک رۆلینزی هاوسەری کە وەزیری کشتوکاڵی ئەمریکایە، لەگەڵ جوار مناڵەکەیان
به‌شێوه‌یه‌كى گشتیش ئاراسته‌ى حكومه‌تى ئه‌مریكا په‌یوه‌ست به دۆسیه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێمه‌وه، ئه‌وه‌یه كه پرۆسه‌ى نه‌وت له هه‌رێم به ته‌واوى ده‌ست به‌كاركردن
بكاته‌وه و هه‌نارده‌كردنى نه‌وتی هه‌رێمیش بۆ بازاڕه‌كانى جیهان ده‌ستپێبكاته‌وه، ئه‌مه‌ش چه‌ند جارێك له لێدوانى وته‌بێژ و به‌رپرسانى ئه‌مریكاوه
ده‌ربڕاوه.
ئاله‌نگاریی به‌رده‌م گرێبه‌سته‌كان
ره‌نگه سه‌ره‌كیترین ئاله‌نگاریی به‌رده‌م گرێبه‌سته‌كان، حكومه‌تى عێراقی بێت، به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر رێگاى دادگا ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگرێته‌به‌ر. به‌ڵام ئه‌وه‌ى تاڕاده‌یه‌ك حكومه‌تى هه‌رێمى ئه‌رخه‌یان كردوه، له روه یاساییه‌كه‌یه‌وه ئه‌و بڕیاره‌ى دادگاى پێداچونه‌وه‌ى عێراقه كه گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانى پێشوى هه‌رێمی به یاسایی ناساندبو، له روه سیاسیه‌كه‌شییه‌وه بونى پشتیوانییه له‌لایه‌ن ئیداره‌ى ئه‌مریكی بۆ ئه‌وان و له‌به‌رامبه‌ریشدا په‌سه‌ندنه‌بونى حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى سیاسی عێراقە لای ئه‌مریكا.
ئاله‌نگارییه‌كى تریش، خۆی له ئاله‌نگاریی ئه‌منیدا ده‌بینێته‌وه، چونكه ته‌نها له‌ماوه‌ى 2 ساڵ دا 9 جار به موشه‌ك هێرشكراوه‌ته سه‌ر كێڵگه‌ی گازی كۆرمۆر كه ده‌كه‌وێته خواروى قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ و به گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ى گازیی هه‌رێم داده‌نرێت، هه‌مو ئه‌و جارانه‌ش چه‌كداره شیعییه‌كان "حه‌شد" به ئه‌نجامدانى هێرشه‌كان تۆمه‌تبار
كراون.
بۆیە ترس لەوە هەیە کە هەمان ئەو گروپانە، ناڕەزایەتی و ترسیان لەم گرێبەست و پرۆژانە، بە هێرش گوزارشت لێبکەن.
ئاله‌نگارییه‌كى تر‌ى سه‌ره‌كییش، خودی كۆمپانیاكانن، چونكه پرۆژه‌كان وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت گه‌وره و زه‌به‌لاحن، به‌ڵام ئه‌و كۆمپانایایانه‌ى پێی هه‌ڵده‌ستن و گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵدا كراوه، كۆمپانیای ناوخۆیین و ئه‌زمونێكى ئه‌وتۆیان نییه. كۆمپانیای وێسترن زاگرۆس، پێشتر ته‌واوى كێڵگه‌ى گه‌رمیانى لابو، به‌ڵام نه‌یتوانى به‌ته‌واوى وه‌به‌رهێنانى تێدابكات هه‌تا ئه‌وه‌ى گازپرۆمی كرد به هاوبه‌ش و به‌شێك له پشكه‌كانى پێفرۆشت و ئێستاش هه‌ر گازپرۆم به فیعلی ئیداره‌ى كێڵگه‌كه ده‌دات.
هه‌رچی كۆمپانیای HKNیه، ئه‌ویش به‌هه‌مانشێوه خاوه‌نى پێشینه و توانایه‌كى ته‌كنیكی هێنده گه‌وره نییه، هه‌تا ساڵی رابردو ته‌نها له یه‌ك كێڵگه‌دا "سه‌رسه‌نگ" وه‌به‌رهێنانى كرد و دواتر كردی به دو كێڵگه "ئه‌تروش".
هاوكات هیچ كام له‌م دو كۆمپانیایه، وبه‌ره‌هێنانیان له بوارى گازدا نه‌كردوه كه ئه‌م سێ كێڵگه‌یه‌ى دوێنێ گرێبه‌سته‌كانیان راگه‌یه‌نرا، زۆرترینیان كێڵگه‌ى گازیین وه‌ك له‌وه‌ى نه‌وتى بن.
ره‌نگه هه‌ر ئه‌م هۆكاره ته‌كنیكیه‌ش بێت كه‌وایكردوه كۆمپانیای HKN له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ئۆنیكس هاوبه‌شێتییه‌ك به‌ناوى "میران ئێرنجی" پێكبێنێت بۆ ئیداره‌دانى ئه‌و كێڵگه نوێیه‌ى كه بڕیاره ده‌ست به وه‌به‌رهێنان بكه‌ن تیایدا.
له ئاستى ناوخۆییشدا، نه‌بونى شه‌فافیه‌تی پێویست و خراپ ئیداره‌دانى كه‌رتى نه‌وت و نه‌بونى روئیا و ستراتیژێكى نیشتمانى رون له‌وباره‌یه‌وه، هاوشان به‌وه‌ى ئه‌م كه‌رته هێنده‌ى تر "خێزانه سیاسییه‌كانى هه‌رێم" به‌هێز بكات، له‌و ئاله‌نگاریی و مه‌ترسییه دور و نزیكانه‌ن كه له‌م گرێبه‌سته‌وه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت.