گەرمیان لەدوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی زەیدیی
01:04PM - 2026-11-27 , بینین : 739


رادیۆی دەنگ

بەپێی بڕیارێکی حکومەتی عێراق، دەبێت تەواوی ئەو دەروازانە دابخرێن کە نافەرمین و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانپێدانراو نین، هاوکات لەداهاتوشدا پلانێک بۆ دەروازە فەرمییەکانیش دابنرێت.

دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: دۆخی گەرمیان و دەروازەکانی چی لێدێت؟

لەم راپۆرتە وردەکاریی بخوێنەوە.


ئەو دەروازانەی کە نافەرمین و دەکەونە زۆنی سەوزەوە چەندیان لە گەرمیانن؟

بەپێی بەدواداچونێکی رادیۆی دەنگ، لە سنوری زۆنی سەوزدا ۲ دەروازەی فەرمی هەن کە بریتین لە پەروێزخان و باشماخ، هاوکات ٤ دەروازەی نافەرمی هەن کە بریتین لە: پشتە، سەیران بەن، کێلێ و تەوێڵە 'شۆشمێ'.

گەرمیان دەروازەیەکی فەرمی و دەروازەیەکی نافەرمی تێدایە، کەبریتین لە پەروێزخان و پشتە.

دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەکەوێتە سنوری ئیدارەی گەرمیان و هاوسنورە لەگەڵ پارێزگای کرماشان لە ئێران و نزیکە لە قەسری شیرین و یەکێکە لە دەروازە بازرگانی و گومرگییە سەرەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئێران.

دەروازەی 'پشتە'ـش دەکەوێتە سنوری ناحیەی بەمۆ کە لەڕوی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە، بەڵام بەوپێیەی پێشتر لەسەر ئیدارەی گەرمیان بو و ئیدارەی دەروازەکەش لەلایەن گومرکی گەرمیانەوە بەڕێوەدەبرێت، بۆیە راستەوخۆ گرێدراوە بە ناوچەکەوە.

ئەم دەروازەیە لەلایەن عێراقەوە دانپێدانراو نییە و هەرێم سەربەخۆیانە هاوشێوەی دەروازە نافەرمییەکانی دیکە کردویەتییەوە، کە جگە لە بارهەڵگر، گەشتیاری پێدا هاتوچۆ ناکات.

دەروازەکەش بەگشتی بەهۆی سەختی رێگاکەیەوە لەچاو پەروێزخان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی تیایدا سنوردار بو و زۆرجاریش دادەخرا.

جگە لەمەش، دەروازەیەکی تر لەگەرمیان هەیە بەناوی تیلەکۆ. ئەم دەروازەیە یەکێتی ماوەیەک هەوڵی کردنەوەی دا و تەنانەت بینای بۆ ئیدارەکەیشی دروستکرد، بەڵام نەکرایەوە.


گەرمیان و دەستپێکی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی زەیدیی

ئێوارەی دوێنێ و بەدیاریکراویی کاتژمێر (٤꞉٤۰)، بڕیار درا کە دەروازە نافەرمییەکان دابخرێن و وەکو هەنگاوی یەکەم دەروازەی پشتە داخرا.

هەر لەساتی داخستنی دەروازەکەدا، فەرماندەیەکی باڵای پاسەوانی سنوری عێراق بۆ رادیۆی دەنگ وتی: لە بەغداوە فەرمان بە پاسەوانی سنور و هێزە عێراقییەکان کراوە کە لە هەرێمن، پێویستە تەواوی دەروازە نافەرمییەکان دابخرێن و دەروازە فەرمییەکانیش کۆنترۆڵ بکرێن، ئەویش بەبیانوی رێگریکردن لە قاچاخچێتی و کاری نایاسایی.

لەدوای داخستنی دەروازەی پشتەوە، بڕیار دراوە چەندین دەروازەی دیکەی نافەرمی دابخرێن، کە دوانیان لەسنوری زۆنی سەوزن و دوانیان لە سنوری زۆنی زەرد، واتا لەکۆی دەروازە نافەرمییەکان لە هەرێمدان ٤ دانەیان دادەخرێت.


هەنگاوی دواتر: دەروازە فەرمییەکان

بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراقی، بڕیارە لەدوای داخستنی دەروازە نافەرمییەکان، هەنگاو بۆ دەروازە فەرمییەکان بنرێت.

هەربەپێی ئەو سەرچاوەیە، حکومەتی عێراقی بڕیاریداوە لەدەروازەکاندا سیستەمی "ئەسیکۆدا" بەتەواوی و وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، کە یەکێک لەوانە پەروێزخانە.

بەڵام تائێستا هەردولایەنی عێراق و هەرێم نەگەیشتونەتە کڵێشەیەک لەمبارەیەوە، بڕیاریشە بۆ ئەم مەبەستە لە هەرێمەوە شاندی جیاواز سەردانی بەغدا بکات.

بەگشتیش واپێدەچێت دەروازەی پەروێزخان لەناو سێرەی حکومەتی عێراقیدا بێت، چونکە یەکێک لەو دەروازانەی کە نە ئاشکرا دەزگای هەواڵگری عێراقی لە راپۆرتێکیدا باسی لە چالاکبونی قاچاخچێتی نەوتی عێراقی تێداکردبو، دەروازەی پەروێزخان بو.

↑