له‌ گفتوگۆیه‌ك دا تاوتوێی چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى پێوه‌رى ئاو كرا

2022/03/31    151 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ (31/3/2022) یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌ى چاودێرییكردنى حكومه‌تى خۆجێی به‌ پاڵپشتى سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی، گفتوگۆیه‌كى ئه‌نجام دا بۆ تاوتوێكردنى كێشه‌ى پێوه‌رى ئاو و گه‌ڵاڵه‌كردنى چاره‌سه‌ره‌كان.
 
پێشتر یه‌كه‌كه‌ راپۆرتێكى وردی له‌باره‌ى كێشه‌كانى پێوه‌رى ئاوه‌وه‌ ئاماده‌كرد و بڵاویكرده‌وه‌، گفتوگۆكه‌شی بۆ خستنه‌ڕو و تاوتوێكردنی چاره‌سه‌ره‌كان بو.
 
له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌: رزگار محه‌مه‌د- پارله‌مانتار و ئه‌ندامى لیژنه‌ى شاره‌وانیه‌كانى پارله‌مانى كوردستان، نه‌وزاد حه‌مید- به‌ڕێوبه‌رى ئاوی ده‌وروبه‌رى گه‌رمیان، سامان ره‌حیم- به‌ڕێوبه‌رى ئاوی كه‌لار، عه‌بدولموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت- مامۆستاى زانكۆ و شاره‌زا له‌ بوارى سه‌رچاوه‌كانى ئاو، هونه‌ر عه‌لی- چالاكوان و گۆران محه‌مه‌د- هاوڵاتى و خاوه‌نكار، به‌شدار بون.
 
تیایدا به‌ وردی گفتوگۆ كرا له‌باره‌ى ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ى كه‌ ده‌شێت بگیرێته‌به‌ر بۆ كێشه‌ى پێوه‌رى ئاو.
 
به‌شدارانى كۆبونه‌وه‌كه‌ هاوڕابون له‌ باره‌ى گرنگیی و پێویستی بونى پێوه‌ر، به‌ڵام تێبینیان هه‌بو له‌باره‌ى شێوازى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌كه‌وه‌.
 
رزگار محه‌مه‌د، به‌ ته‌واوى دژى پرۆسه‌كه‌ بو كه‌ سپێردراوه‌ به‌ كه‌رتى تایبه‌ت. به‌هه‌مانشێوه‌ هونه‌ر عه‌لیش هاوڕابو له‌وه‌ى پرۆسه‌كه‌ سودی بۆ كۆمپانیاكان زۆرتره‌ تاوه‌كو حكومه‌ت. عه‌بدوموته‌ڵیب ره‌فعه‌ت-یش وتى: پرۆسه‌كه‌ راده‌ستكردنى كه‌رتى ئاوه‌ به‌ كه‌رتى تایبه‌ت.
 
له‌به‌رامبه‌ریشدا سامان ره‌حیم و نه‌وزاد حه‌مید، جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌وه‌ى رێكارێكى گونجاو و دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ى پاره‌ى ئاو و رێگریكردن له‌ به‌فیڕۆدان.
 
هه‌روه‌ك گۆران محه‌مه‌د، تێبینی هه‌بو له‌سه‌ر پێوه‌ره‌كان كه‌ به‌وته‌ى ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، كێشه‌ى زۆری تێدایه‌.
 
دو خاڵ كێشه‌ى سه‌ره‌كی پرۆسه‌ى به‌ستنى پێوه‌رى ئاون له‌ سنورى گه‌رمیان، یه‌كه‌میان نرخی پێوه‌ره‌كه‌ و دوه‌میشیان ئه‌و غه‌رامه‌ زۆره‌ى كه‌ده‌بێت هاوڵاتیان بیده‌ن له‌به‌ر نه‌به‌ستنى پێوه‌ره‌كه‌ له‌كاتى خۆی دا.
 
ئاماده‌بوانى كۆبونه‌وه‌كه‌، به‌ نزیكه‌یی هاوڕابون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى باشترین هه‌نگاوێك حكومه‌ت بینێت بۆ سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌كه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا، مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دو هه‌نگاوه‌.
 
بۆ خاڵی یه‌كه‌م چه‌ند پێشنیازێك كرا، له‌وانه‌: 
- حكومه‌ت خۆی خه‌رجی دابینكردنى پێوه‌ره‌كان بگرێته‌ ئه‌ستۆ به‌ ته‌واوى.
 
- حكومه‌ت خۆی خه‌رجی پێوه‌ره‌كان بگرێته‌ ئه‌ستۆ و له‌ داهاتودا مانگانه‌ به‌ به‌ڕه‌ پاره‌یه‌كى كه‌م كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنى پاره‌ى ئاودا له‌ هاوڵاتیان وه‌ربگیرێته‌وه‌،
 
- هه‌ر پێشنیازێكى تر كه‌ به‌ ئاراسته‌ى ئه‌وه‌ بچێت هاوڵاتى ناچار نه‌بێت له‌م دۆخه‌ داراییه‌ سه‌خته‌دا پێوه‌رى ئاو بكڕێت.
 
هه‌رچی خاڵی دوه‌میشه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ غه‌رامه‌ى نه‌به‌ستنى پێوه‌ر و بڕه‌كه‌ى بۆ هه‌ر یه‌ك مانگ (80) هه‌زار دیناره‌، چه‌ند پێشنیازێك كرا، له‌وانه‌ش:
 
- لێخۆشبونى ته‌واوه‌تى له‌ قه‌رزه‌كه‌.
 
- كه‌مكردنه‌وه‌ى وه‌كچۆن له‌گه‌ڵ قه‌رزه‌كانى ترى حكومه‌ت بڕیارى لێدراوه‌
 
- وه‌رگرتنی به‌شێوه‌ى قیستى مانگانه‌ى درێژخایه‌ن
 
- یاخود پشت به‌ستن به‌ شێوازی پێشوى وه‌رگرتنى پاره‌ى ئاو پێش داهاتنى پێوه‌ر.
 
هه‌روه‌ك له‌باره‌ى پرۆسه‌كه‌شه‌وه‌ به‌گشتى، چه‌ند بۆچون و پێشنیازێك تاوتوێ كرا.
 
به‌ڕێوبه‌رانى ئاوی ده‌روبه‌رى گه‌رمیان و كه‌لار، جه‌ختیان له‌وه‌كرده‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌بو ئه‌نجام بدرایه‌، به‌هۆی بونى به‌فیڕۆدانێكى زۆری ئاو له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ى سیسته‌مى پێشو نادادپه‌روه‌رانه‌ بوه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى مه‌تر پاره‌ى ئاوى وه‌رگرتوه‌، خانویه‌كى 300 مه‌تری ئه‌گه‌ر دو كه‌سى تێدا بژیایه‌، سێ ئه‌وه‌نده‌ى خانویه‌كى 100 مه‌تری كه‌ 10 كه‌سى تێدا بژیایه‌ پاره‌ى ئاوی بۆ هاتوه‌ته‌وه‌.
 
باسیان له‌وه‌شكرد: ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌م سیسته‌مه‌ نوێیه‌دا، هاوڵاتیان زۆر سه‌ردانیان ده‌كه‌ن و كێشه‌ و موعاناتیان هه‌یه‌.
 
عه‌بدولمه‌تڵیب ره‌فعه‌ت، مامۆستای زانكۆ، باسی له‌وه‌كرد: زۆرینه‌ى به‌فیڕۆدانه‌كانى ئاو له‌ زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كانه‌ كه‌ زۆربه‌یان پشت به‌ ئاوی ژێر زه‌وی ده‌به‌ستن، بۆیه‌ به‌ر له‌مه‌ ده‌بو حكومه‌ت بیری له‌وانه‌ بكردایه‌ته‌وه‌.
 
هونه‌ر عه‌لی، چالاكوان، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ نابێت پرۆسه‌كه‌ به‌ ته‌واوى راده‌ستى كه‌رتى تایبه‌ت بكرێت، به‌ڵكو ده‌توانرێت به‌ هاوبه‌شى ئه‌نجام بدرێت، له‌وه‌ى كۆمپانیا پێوه‌ره‌كان ببه‌ستێت، به‌ڵام حكومه‌ت خۆی پاره‌ى ئاو كۆبكاته‌وه‌، نه‌ك وه‌كو ئێستا كه‌ كۆمپانیا هه‌ردوكی ده‌كات.
 
بڕیاره‌ یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، پوخته‌ى ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ به‌ راپۆرتێك ئاراسته‌ى پارله‌مانى كوردستان و حكومه‌تى هه‌رێم بكات، به‌مه‌به‌ستى كار له‌سه‌ر كردنیان.
 
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، پرۆژه‌یه‌كى رادیۆی ده‌نگه‌ به‌ پاڵپشتی سنودقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED ئه‌مریكی، كارى چاودێریی حكومه‌ت و ئاماده‌كردنى راپۆرتى قوڵ و ئه‌نجامدانى چالاكی جۆراوجۆری وه‌كو: كۆبونه‌وه‌، گفتوگۆ، سیمینار و كۆنفرانس له‌سه‌ر كێشه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ حكومه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایی له‌ سنورى گه‌رمیان ئه‌نجام ده‌دات.
 
 

 

 

 

 



Radiodeng.net - 2022
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 3,885,378     ژمارەی میوان 17