به‌ڕێوبه‌رى نه‌وت و كانزاكانى گه‌رمیان: رێوشوێنى توند بۆ كاركردنه‌وه‌ى كارگه‌كانى چه‌و و لم دانراوه‌

2024/03/14    1010 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى نه‌وت و كانزاكانى گه‌رمیان، له‌باره‌ى مۆڵه‌تدانه‌وه‌ به‌ كاركردنى كارگه‌كانى چه‌و و لم له‌ سنوره‌كه‌دا ده‌ڵێت: رێوشوێنى زۆر توند دانراوه‌ بۆ دوباره‌ ده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و كارگانه‌ به‌كار، ده‌شڵێت: ئه‌مجاره‌ چاودێرییمان زیاتر ده‌بێت.
 
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچونكردن بۆ پرسی دوباره‌ رێگه‌دانه‌وه‌ به‌ كاركردنى كارگه‌كانى چه‌و و لم له‌ سنوره‌كه‌، كۆبونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ: یادگار فه‌تاح- به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى نه‌وت و كانزاكانى گه‌رمیان ئه‌نجام دا، كه‌ تیایدا به‌ وردی قسه‌وباس كرا له‌باره‌ى ئه‌و هۆكار و پاڵنه‌رانه‌ى بونه‌ هۆی ئه‌م بڕیاره‌، له‌گه‌ڵ باسكردنى ئه‌و ئاله‌نگاریی و مه‌ترسییانه‌ى له‌ دوباره‌ كاركردنه‌وه‌ى كارگه‌كانه‌وه‌ دروست بون.
 
یادگار فه‌تاح، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى نه‌وت و كانزاكانى گه‌رمیان، له‌ ده‌ستپێكی قسه‌كانى دا و له‌باره‌ى بڕیاری پێشویان بۆ داخستنى كارگه‌كانى چه‌و و لم، وتى: له‌ ماوى 2 ساڵى رابردودا كه‌ بڕیار درا به‌لابردنى كانه‌كانى چه‌و لم له‌ سه‌ر روبارى سیروان به‌مه‌به‌ستى بۆژانه‌وه‌ى روباره‌كه‌ بو گه‌ ئه‌مه‌ش له‌ دو رێگه‌وه‌ بو، به‌جۆرێك هه‌م بۆ كۆبونه‌وه‌لا كه‌ره‌سته‌ى خاوى پێویسته‌وه‌ بو كه‌ له‌ روباره‌كه‌دا نه‌مابو هه‌م بۆ بوژانه‌وه‌ى ژینگه‌ى روباره‌كه‌ بو.
 
وتیشى: له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین كۆبونه‌وه‌مان كردوه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌ر ئاستى ئیداره‌ى گه‌رمیان كه‌ دراسه‌ى ئه‌وه‌مان كردوه‌ چۆن ئه‌م كانانه‌ ده‌ست به‌كاربكه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌بو بڕیارێكى له‌وشێوه‌یه‌ بده‌ین و ده‌ست به‌كار بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ كاتى خۆى كه‌ بڕیارى داخستنى درا 3 خاڵى بنه‌ڕه‌تیى تیابو، یه‌كێك له‌وانه‌ ته‌نها كار به‌ كه‌ساره‌ بكرێت، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ هه‌مو ئالیاته‌كانى خاوه‌ن كانه‌كان لاببرێن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێگه‌ نه‌درێت مه‌واد له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ هاورده‌ بكرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركى یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان بو، به‌ڵام ئه‌وان به‌ ئه‌ركى خۆیان هه‌ڵنه‌ستان چ له‌ قایمقامیه‌ته‌كان و چ له‌ به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌كانیش كه‌ ئه‌وان باسیان له‌وه‌ده‌كرد مه‌واد گران ده‌بێت له‌ بازاڕدا.
 
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: واتا له‌ كۆى 3 خاڵ ئێمه‌ دوانیمان جێبه‌جێ نه‌كرد، مه‌وادیش ئه‌هاته‌ سنوره‌كه‌ به‌ نرخى گرانتریش، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى وایكرد خاوه‌ن كه‌ساره‌كان نه‌توانن وه‌كپێویست مه‌واد به‌رهه‌م بهێنن، چونكه‌ خواستى له‌سه‌ر نه‌بو وه‌كپێویست و خه‌ڵكیش متمانه‌یان به‌ مه‌وادى خاوه‌ن كه‌ساره‌كان نه‌بو.
 
ده‌شڵێت: له‌ ئێستادا هاوڵاتیان مه‌وادى كه‌ساره‌ به‌كارئه‌هێنن، به‌ڵام به‌ تێكه‌ڵى، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م روباره‌كه‌ پارێزراوبێت هه‌م مه‌وادى خاوه‌ن كه‌ساره‌كانیش سه‌رف ببێت و پێمان وابو پرۆسه‌ى تێكه‌ڵكردن سه‌ركه‌وتوه‌، بڕیارماندا كه‌ بكرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش 6 كه‌ساره‌ ناتوانێت پێداویستى سنوره‌كه‌ پڕبكاته‌وه‌، بۆیه‌ ئۆفه‌رێكمان هه‌بو بۆ خاوه‌ن كانه‌كان هه‌ركه‌سێك كه‌ساره‌ دابنێت ئه‌وه‌ بڕێك مه‌وادى سروشتى پێده‌ده‌ین، ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ساره‌ دابنه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێكى كه‌میان سودى لێ ئه‌بینن، چونكه‌ به‌شێكیان واز ئه‌هێنن و ناتوانن به‌رده‌وام بن.
 
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕوان ده‌كرێت چه‌ن خاوه‌ن غه‌ساله‌كان كه‌ساره‌ دابنێت؟ به‌ڕێوبه‌رى نه‌وت و كانزاكانى گه‌رمیان وتى: واى بۆ ده‌چین 10 بۆ 15 خاوه‌ن غه‌ساله‌ بیكه‌ن به‌ كه‌ساره‌ له‌ كۆى زیاتر له‌ 40 دانه‌، به‌ هه‌مو سنورى گه‌رمیانیشه‌وه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ كافیه‌ و پێداویستى سنوره‌كه‌ پڕده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌رچى تاوه‌كو ئێستا ته‌نها 1 كه‌س داواكارى پێشكه‌ش كردوه‌ بیكات به‌ كه‌ساره‌.
 
باسى له‌وه‌شكرد: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نوێنه‌رى یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان سه‌ردان ده‌كه‌ن و كه‌شفى بۆ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر كرابو به‌ كه‌ساره‌ ئه‌وكات دێته‌وه‌ لاى ئێمه‌ و مۆڵه‌تى پێده‌درێت، ئه‌گه‌رنا شتێك نه‌ماوه‌ به‌ ناوى مۆڵه‌تى غه‌ساله‌وه‌ و شتێكیش نه‌ماوه‌ به‌ ناوى كاركردنى كانه‌كانى چه‌و و لم له‌سه‌ر روباره‌كه‌.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: پێشتریش له‌ ساڵه‌كه‌ 6 بۆ 10 دۆنمان ئه‌دا به‌ غه‌ساله‌كان بۆ ئه‌وه‌ى مه‌وادى تیا ده‌ربهێنن، به‌ڵام ئێستا 2 و 3 و 5 دۆنمه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ مه‌وادى گونجاو هه‌بێت و دوربێت له‌ رێگاوبان و سنورى دارستان و روبارى سیروان و دار و ده‌وه‌ن، هه‌مو مه‌رجه‌كانى تیابو ئه‌وكات مۆڵه‌تى پێ ئه‌درێت.
 
هه‌ر خاوه‌ن كه‌ساره‌یه‌ك ده‌بێت مۆڵه‌تى فه‌رمى هه‌بێت، له‌ باره‌ى شێوازى رێكاره‌كان كه‌ چین بۆ ئه‌وه‌ى مۆڵه‌ت به‌ خاوه‌ن كه‌ساره‌یه‌ك بدرێت، یادگار فه‌تاح، ده‌شڵێت: لیژنه‌یه‌ك دروست كراوه‌ كه‌ كه‌شفه‌كى شوێنى بۆ ئه‌كات و نوێنه‌رى یه‌كه‌ ئیداریه‌كان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى تیایه‌ و سه‌ردان ئه‌كه‌ن چ به‌ هه‌ماهه‌نگى بێت چ سه‌ربه‌خۆ هه‌ر یه‌كه‌ و ئیشى خۆى ئه‌كات، دواتر دێته‌وه‌ لاى ئێمه‌ و فۆرمێكمان دروست كردوه‌ و پێویستى به ‌راى لایه‌نه‌كان ئه‌بێت به‌ نوسراو ئاراسته‌یان ده‌كه‌ین ئه‌وانیش كه‌شفى بۆ ئه‌كه‌ن و ره‌زامه‌ندى هه‌بو ئه‌وه‌ مۆڵه‌ت ئه‌درێت ئه‌گه‌ر لایه‌نێك ره‌زامه‌ند نه‌بێت ئه‌وه‌ مۆڵه‌ته‌كه‌ هه‌ڵده‌‌وه‌شێته‌وه‌ و دۆسیه‌كه‌ى داده‌خرێت.
 
وتیشى: دواتر لیژنه‌یه‌كى دیكه‌ دروست ئه‌كرێت له‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان هاوشێوه‌ی لیژنه‌كانى قایمقامیه‌ت نوێنه‌رى لایه‌نه‌كانى تیایه‌، ئه‌مانه‌ به‌ داواداچون ئه‌كه‌ن چ له‌ كاتى ده‌وام چ له‌ دواى ده‌وام، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى خاوه‌ن كارگه‌یه‌ك سه‌رپه‌رشتیارێكى هه‌یه‌ و به‌پێى نوسراوى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان سه‌ردانى كانه‌كان ئه‌كات و راپۆرتى خۆى ئه‌دات.
 
هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان لیژنه‌یه‌كمان هه‌یه‌ تایبه‌ته‌ و به‌ ناوى به‌دواداچونى كانه‌كانه‌‌وه‌، به‌رده‌وام له‌ كاردان و ده‌سه‌ڵاتیان پێدراوه‌ بۆ ئیجرائات كردن و ئۆتۆمبێلى تایبه‌تیان بۆ دابینكراوه‌، سه‌یرى سه‌رپێچیه‌كه‌ى ئه‌كه‌ین په‌یوه‌ندى به‌هه‌ر لایه‌نێك هه‌بێت ئه‌وه‌ ئاراسته‌ى ئه‌وان ئه‌كرێت.
 
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ زۆر قسه‌ى له‌سه‌ره‌ له‌لایه‌ن چالاكونانى بوارى ژینگه‌ و پسپۆرانى بوارى ژینگه‌ و هاوڵاتیانه‌وه،‌ كه‌مته‌رخه‌میه‌ له‌ ئیجرائاتكردن به‌رامبه‌ر به‌ خاوه‌ن كانه‌كان، به‌ڕێوبه‌رى نه‌وت و كانزاكانى گه‌رمیانیش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: ئیجرائاته‌كان هه‌مان ئالیه‌ته،‌ به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كى توندتر و تۆكمه‌تر، چونكه‌ هه‌مو وه‌زاره‌تێك یاسا و رێنمایى خۆى هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ر لایه‌نێك هه‌بێت ئه‌وه‌ ده‌توانن ئیجرائات بكه‌ن، چونكه‌ ئێمه‌ ته‌نها ده‌توانین ئه‌و سنوره‌ى كه‌ پێمان داوه‌ و پێى ئه‌فرۆشینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زیاده‌ڕه‌وى هه‌بێت ئیجرائاتى له‌گه‌ڵ بكه‌ین، له‌ كۆنوسه‌كه‌ش زۆر جه‌خت له‌وه‌كراوه‌ته‌وه‌ لایه‌نه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى یاسا و رێنماییه‌كان ئیجرائاتى خۆیان بكه‌ن و ئیداره‌ى گه‌رمیانیش جه‌ختى له‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌.
 
وتیشى: به‌پێى یاسایی رێكخستنه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنانى كانزایى كارده‌كه‌ین، قورسترین ئیجرائاتیش كه‌ له‌ یاساكه‌دا هاتوه‌ ئه‌گه‌ر 100 مه‌تر كه‌وادى هه‌ڵگرتبێته‌وه‌ به‌ نایاسایی ئه‌وه‌ 200 مه‌تر غه‌رامه‌ى بۆ ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت كۆنوسى وامان هاتوه‌ته‌ به‌رده‌ست كه‌ بڕى ئیجرائات و غه‌رامه‌كه‌ى 27 ملیۆن دینار بوه‌ و كردومانه‌.
 


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,349,487     ژمارەی میوان 463