رادیۆی ده‌نگ
وه‌رزی نۆیه‌مى پێشبڕكێی رۆژنامه‌وانیی مافه‌كانى مرۆڤ به‌ڕێوه‌چو و سێ رۆژنامه‌نوس بون به براوه‌ى پێشبڕكێكه.
ئه‌مڕۆ له كه‌لار، مه‌راسیمی راگه‌یاندنى ده‌ره‌نجامى وه‌رزی نۆیه‌مى پێشبڕكێی رۆژنامه‌وانیی مافه‌كانى مرۆڤ به‌ڕێوه‌چو كه ساڵانه رادیۆی ده‌نگ به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED ئه‌نجامیده‌ده‌ن.
له‌مه‌راسیمه‌كه كه له دو به‌شى سه‌ره‌كی پێكهاتبون، له به‌شى یه‌كه‌میدا هه‌ریه‌كه له د. به‌رهه‌م خالید و م. ئاسۆ وه‌هاب، دو بابه‌تیان پێشكه‌شكرد، یه‌كه‌میان له‌باره‌ى "خوێندەواری میدیایی لە سەردەمی زیرەکی دەستکرددا"، بابه‌تى دوه‌میش تایبه‌ت بو به "گرەوەکانی بەردەم شپرزەیی زانیاری لەسەردەمی ژیری دەستکرد دا".
لهناوبڕى به‌شى یه‌كه‌م و دوه‌میشدا، هونه‌رمه‌ندى میوزیكژه‌ن: عومه‌رى ساز، گه‌شتێكى به سازهكهى به‌نێو ئاوازه جیاوازه كوردییه‌كاندا كرد.
پاشان له به‌شى دوه‌مدا مه‌راسیمى راگه‌یاندنى ده‌ره‌نجامه‌كان به‌ڕێوه‌چو، له بڕگه‌ى یه‌كه‌مدا ئازاد عوسمان- به‌ڕێوبه‌رى رادیۆی ده‌نگ، پوخته‌یه‌كى له ئامانجى پێشبڕكێكه و بنه‌ماكانى و هه‌روه‌ها به‌شدارییه‌كانى ئه‌م وه‌زه خسته‌ڕو، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه له‌م وه‌رزه‌دا 26 رۆژنامه‌نوس به‌شدارییان كردوه كه 16 راپۆرتی ڤیدیۆیی و 10 راپۆرتی نوسراو بون. ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو كه راپۆرته‌كان له‌لایه‌ن سێ رۆژنامه‌نوس و ئه‌كادیمییه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندیان بۆكراوه، كه پێكهاتبون له:
د. هێرش ره‌سوڵ- مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕی راگه‌یاندن.
م. ده‌شتى عه‌لی، مامۆستاى زانكی گه‌رمیان و پسپۆڕی راگه‌یاندن.
كاوه ئه‌حمه‌د، رۆژنامه‌نوس و راوێژكاریی میدیایی.
پاشان د. هێرش ره‌سوڵ، ئه‌ندامی لیژنه‌ى داوه‌ریی پێشبڕكێكه، پوخته‌یه‌كی له‌باره‌ى به‌شدارییه‌كان و شێوازه‌كانى یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى براوه‌كان خسته‌ڕو، پاشان هه‌ر سێ براوه‌ى پێشبڕكێكه ئاشكرا كرد كه پێكهاتبون له:
براوه‌ى یه‌كه‌م:
راپۆرتى: (هەموو شتێک دەربارەی کەیسی ناڵە سوپەر)، ئاماده‌كردنى رۆژنامه‌نوس: (زانیار به‌هادین)، له ماڵپه‌ڕى (سبه‌ى).
براوه‌ى دوه‌م:
راپۆرتى: (دوو بژاردە لەبەردەم ژنێكی كریستیاندا: یان كارتی نیشتیمانیی یان ئایینەكەت)، ئاماده‌كردنى رۆژنامه‌نوس: (عه‌مار عه‌زیز)، له ماڵپه‌ڕى (كه‌ركوكناو).
براوه‌ى سێیه‌م:
راپۆرتى: (باجی رەخنە لە هەرێم بەرزە)، ئاماده‌كردنى رۆژنامه‌نوس: (فه‌رمان سادق)، له ماڵپه‌ڕى (كه‌ركوكناو).
دواتر له راپۆرتێكى ڤیدیۆیی دا كه محه‌مه‌د مه‌حمود ئاماده‌ى كردبو، پوخته‌یه‌ك له باره‌ى ناوه‌ڕۆكی راپۆرته براوه‌كانه‌وه پێشكه‌شكرا، دواتر بانگهێشتى هه‌رسێ براوه‌كه كرا و خه‌ڵاتی تایبه‌تیان پێشكه‌شكرا.
له‌كۆتا به‌شی پێشبڕكێكه‌شدا خه‌ڵاتى رێزلێنان به لیژنه‌ى داوه‌ریی و به‌شدارانى مه‌راسیمه‌كه كرا.