رادیۆی ده‌نگ
به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ژێرزه‌وی گه‌رمیان ده‌ڵێت لێدانى بیری نایاسایی له سنوره‌كه‌دا كه‌مبوه‌ته‌وه و دۆخی ئاوی ژێرزه‌ویش باشتر بوه، ئاماژه به‌وه‌شده‌كات رێنمایی نوێ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته‌كانى لێدانى بیری نایاسایی له ده‌رچوندان.
یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، به‌مه‌به‌ستى زانینی دۆخی ئاوی ژێرزه‌وی له گه‌رمیان، كۆبونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ: حامد جومعه- به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ژێرزه‌وی گه‌رمیان ئه‌نجامدا.
كۆبونه‌وه‌كه تایبه‌ت بو به تاوتوێكردنى دۆخی ئاوی ژێرزه‌وی ناوچه‌كه و رێكاره‌كانى پاراستنى، به‌پشت به‌ستن به‌و
راپۆرته‌ى كه ساڵی پار له مانگى ئه‌یلولدا یه‌كه‌ى چاودێری له‌سه‌ر ئه‌م كه‌رته بڵاویكرده‌وه.
به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ژێرزه‌وی گه‌رمیان، له‌باره‌ى ژمارەی بیرەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیانه‌وه وتى: له‌ئێستادا 1987 بیرى تۆماركراو و مۆڵه‌تپێدراو هه‌ن، ماوەی مانگێکیشە بیر کەم لێدەدرێت بەهۆی ئەوەی زەوییەکان پرۆژەی دیکەی جگه له كشتوكاڵیی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، به‌وپێیه‌ى پرۆژه كشتوكاڵیه‌كان ئاوی زیاتریان ده‌وێت.
دەشڵێت: ئامار و داتای بیری باخچە و مزگەوت و قوتابخانە و فەرمانگەکانمان لانییە، نوسراو کراوە بۆ هەریەکە لە شارەوانی کەلار و پەروەردەی گەرمیان و تائێستا ئاماره‌كه‌یان بۆ نه‌ناردوین.
له‌باره‌ى بیره نایاساییه‌كانیشه‌وه، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوی ژێرزه‌وی هێمای بۆ ئەوە كرد: "تائێستا ئاماری بیری نایاساییمان نییە و ئەمە یەکێکە لە کێشە گەورەکانمان، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانمان نزیکەی 2000 بیری نایاسایی بونى هەیە".
دەشڵێت: ئێستا بەشێوەیەکی زۆرباش رێگریمان لە هەڵکەندنی بیری نایاسایی ده‌كه‌ین، دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر ئامێردا گیراوە كه بۆ لێدانى بیری ئاو به‌كاردێن، به‌دواداچون و چاودێرییه‌كانیش توندوتۆڵ‌تر بون، به‌شێوه‌یه‌ك ئەگەر حەفارەیەک مۆڵەتی نەبێت ئەوا دەستی بەسەردادەگیرێت بۆ ماوەی 6 مانگ و غه‌رامه‌ش ده‌كرێت.
هێماش بۆ ئەوەدەکات: رێنمایی تازه بۆ رێگری له لێدانى بیری نایاسایی ده‌رچوه، به‌ڵام هێشتا په‌سه‌ند نه‌كراون، رێنماییه‌كان توندترن و خاوه‌نى ئۆتۆمبیل یان ئامێری لێدانى بیری نایاسایی وه‌كو یه‌ك و به‌قه‌د خاوه‌نى ئه‌و زه‌ویه‌ى بیره‌كه‌ى تێدا لێده‌درێت سزا ده‌درێن، له‌كاتێكدا پێشوتر ته‌نها خاوه‌نى ئۆتۆمبیل و ئامێره‌كان سزا ده‌دران.
لەبارەی بەمەرجکردنی دانانی پێوەری ئاو بۆ باخه‌كان كه زۆرینه‌ى ره‌هایان بێ پێوه‌رن، حامد جومعه، باسی لەوە کرد: دانانی پێوەری ئاو لە رێنماییەکاندا کراوە بە مەرج، بەڵام ئەوەی هەیە لە کاتی هەڵکەندنی بیردا هەتا هەڵکەندنی پەیوەندی بەئێمەوە هەیە کە شوێنی بۆ دیاری دەکەین، بەڵام چاودێرییکردنی بیرەکان کاری ئێمە نییە و دەبێت به‌ڕێوبه‌رایه‌تى کشتوکاڵ بیکات لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستكردندا کە دەچێتە سەر زەوییەکە بۆ زانینی زیادەڕوییەکانی سەری، بەپێی تەجاوزاتەکان بڕیاری نوێكردنه‌وه‌ى دەدات و یەکێک لە مه‌رجه‌كانیش ئەوەیە کە پێوەری داناوە یان نا.
لە بارەی بەڕێوەبردنێکی باش بۆ ئاوی ژێرزەوی و بەکارنەهێنانی لە پرۆژە پیشەسازییەکاندا، دەڵێت: کارگەكان نابێت ئاوی بیر بەکاربێنن، كه بیریان هەیە هی ئه‌وه‌یه ئەم بیرانە زو لێدراو‌ن، ئەبێ بەپێی یاسای ژمارە 4 بۆ رێگریکردن لە هەمو زیادەرەوییەکانی ئاو ئەو یاسایە پەیڕه‌و بکرێت، ئەمە زۆر کەم دەبێتەوە کە بەپێی یاساکە ئەوەی شمولی دەکات بمێنێتەوە ئەوەی رێنماییەکان شمولی ناکات لادەبرێت.
له‌باره‌ى باشتربونى دۆخی ئاوی ژێرزه‌وی و یه‌ده‌گی ئاوى ژێرزه‌وی ناوچه‌كه‌وه، به‌ڕێوبه‌رى بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی گەرمیان دەڵێت: بەهۆی زیادبونی رێژەی بارانبارینەوە ئاستی ئاوی بیر بەرزبوەتەوە، بەجۆرێک لە گەڕەکی شێروانە له كه‌لار پێشتر له 12 مه‌تردا ده‌گه‌شت به ئاو، ئێستا له 10 مه‌تردا ده‌گات به ئاو.