مەراسیمی پێشبڕکێی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەچو

2023/12/15    597 جار بینراوە
 
رادیۆی دەنگ
 
ئەمڕۆ لە کەلار مەراسیمی وەرزی هەشتەمی پێشبڕکێی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەچو و سێ راپۆرت بون بە براوەی پێشبڕکێکە.
 
رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتیی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی NED ساڵانە پێشبڕکێی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدات، ئەمڕۆ مەراسیمی وەرزی هەشتەمی پێشبڕکێکە بەڕێوەچو.
 
مەراسیمەکە دابەشبو بەسەر ٣ تەوەردا، لە تەوەری یەکەمدا پانێڵێک بەڕێوەچو لەبارەی پرسی روماڵی مافەکانی مرۆڤ لە میدیای کوردی دا لە هەرێمی کوردستان، کە هەریەکە لە د. بەرهەم خالد- مامۆستای زانکۆ و م. ئەرسەلان رەحمان- توێژەری میدیایی، قسەیان لەسەر ئەو ئالەنگارییانە کرد کە لەم بوارەدا هەن. هەروەک ژمارەیەک لە بەشداران بە پرسیار و تێبینی بەشداریی گفتوگۆکەیان کرد.
 
لە تەوەری دوەمدا سیمینارێک پێشکەشکرا لەلایەن: سەردەشت عەزیز- شارەزای ئایتی، لەبارەی ئەو ئالەنگارییانەی لە روی ئاسایشی ئەلیکترۆنییەوە روبەڕوی رۆژنامەنوسان و هاوڵاتیان بە گشتی دەبێتەوە لەژێر رۆشنایی بەرەوپێشچونی ژیریی دەستکرد دا.
 
لەبەشی سێیەمدا دەرەنجامی وەرزی هەشتەمی پێشبڕکێی رۆژنامەوانی مافەکانی مرۆڤ راگەیەنرا.
 
لە پێشبڕکێی ئەمجارەدا، ٣٧ رۆژنامەنوس لە: هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، موسڵ، گەرمیان و سۆران بە ٣٧ راپۆرتی رۆژنامەوانیی لە دەزگای جیاوازی میدیایی بەشداریانکردبو، ٦٠٪ـی راپۆرتەکان ڤیدیۆیی و ٤٠٪ـی نوسراو بون، هەروەک ٦٣٪ـی بەشداران لەرەگەزی نێر بون و ٣٧٪ـیان لە رەگەزی مێ بون.
 
راپۆرتە بەشدارییەکانی پێشبڕکێکە لەلایەن هەریەکە لە: د. بەرهەم خالد، م. یاسین تەها و م. ئەرسەلان رەحمانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا، تیایدا بەپشتبەستن بەوەی راپۆرتەکان تاچەند پەیوەستن بە مافەکانی مرۆڤەوە و لە گۆشەنیگای نوێوە چارەسەری پرسی مافی مرۆڤیان کردوە و هەروەک بەشێوەی پیشەیی و هونەریی داڕێژراون، خاڵیان بە راپۆرتە بەشدارەکان دا و لەوەر ئەو بنەمایە ٣ راپۆرت دەستنیشانکران وەکو براوەی پێشبڕکێکە، کە پێکهاتبون لە:
 
پلەی یەکەم: رۆژنامەنوس (دیار جەمال) لە کەناڵی کوردستان٢٤، بە راپۆرتی: چیرۆکی محەمەد لە کفرییەوە هەتا مەنسورە.
 
پلەی دوەم: رۆژنامەنوس (ئالان نەجمەدین) لە ماڵپەڕی درەومیدیا، بە راپۆرتی: تارمایی درۆنەکان.
 
پلەی سێیەم: رۆژنامەنوس (عەمار عەزیز) لە ماڵپەڕی کەرکوکناو، بە راپۆرتی: چیرۆكی ئەو خۆشەویستییەی بەرگەی داعش و نۆ ساڵ دابڕانی گرت. 
 
دواتر لەلایەن هەریەکە لە: شیرین ئەمین، بورهان ئەحمەد و حەیدەر فازڵ، خەڵاتی براوەی پێشبڕکێکە درا بە هەرسێ براوەدا.


Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,349,643     ژمارەی میوان 619