دۆخی لاوان و گرنگیدانى حكومه‌ت به‌م توێژه‌ له‌ گه‌رمیان تاوتوێ ده‌كرێت

2023/09/26    591 جار بینراوە
 
رادیۆی ده‌نگ
 
له‌ گفتوگۆیه‌كدا، دۆخی لاوان له‌ گه‌رمیان و رۆڵی حكومه‌ت له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى لاوان گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا، به‌شداران هاوڕابون كه‌ پێویسته‌ ستراتیژ و به‌رنامه‌یه‌كى دورمه‌وداى حكومیی هه‌بێت بۆ ئه‌م پرسه‌.
 
یه‌كه‌ى چاودێری حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان سه‌ر به‌ رادیۆی ده‌نگ، له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كى رادیۆكه‌ به‌ پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی NED ئه‌مریكی، گفتوگۆیه‌كى رێكخست له‌نێوان ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوبه‌رى حكومیی و چالاكی مه‌ده‌نى له‌ گه‌رمیان، له‌باره‌ى دۆخی لاوان و رۆڵی حكومه‌ت له‌ باشكردنى دا.
 
له‌ گفتوگۆكه‌دا به‌شداران به‌ كورتى ئاماژه‌یان به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ گرفت و ئاله‌نگارییه‌كانى به‌رده‌م گه‌نجان دا، به‌ڵام به‌تایبه‌تى له‌باره‌ى پرسی بێكاری و به‌كارخستنى گه‌نجانه‌وه‌ قسه‌یان كرد كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین كێشه‌كانى ئێستاى گه‌نجان.
 
ئارام كه‌ریم، به‌ڕێوبه‌رى نوسینگه‌ى قه‌رزى بچوك له‌ گه‌رمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ یه‌كێك له‌ به‌رنامه‌كانى حكومه‌ت بۆ به‌كارخستنى گه‌نجان، پێدانى قه‌رزی بچوك بوه‌ پێیان، به‌ڵام دواى چه‌ند ساڵێك و له‌ سه‌ره‌تاى دروستبونى قه‌یرانى داراییه‌وه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ په‌كى كه‌وت و ئێستا وا جارێكى تر سه‌رپێخراوه‌ته‌وه‌.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: بونى ئه‌م قه‌رزه‌ رۆڵی زۆری هه‌بو له‌ بونیادنانى پیشه‌ له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ و به‌رێژه‌ى 70%ـى ئه‌و گه‌نجانه‌شى كه‌ قه‌رزه‌كه‌یان وه‌رگرتوه‌، به‌رده‌وامن له‌ پیشه‌كه‌یان.
 
دواتر قه‌یس سه‌عدوڵڵا، به‌ڕێوبه‌رى لاوانى گه‌رمیان، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا ئه‌وان خۆیان زۆرتر لایه‌نێكن كه‌ چالاكیی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هه‌ربۆیه‌ ره‌نگه‌ فریای ئه‌وه‌ نه‌كه‌ون به‌ ته‌واوى به‌ده‌م هه‌مو كێشه‌كانى گه‌نجانه‌وه‌ بچن، به‌تایبه‌تى كه‌ له‌وه‌ته‌ى قه‌یرانى دارایی دروستبوه‌، دۆخی فه‌رمانگه‌كه‌یان وه‌كو هه‌مو فه‌رمانگه‌كانى دیكه‌ خراپ و ناجێگیر بوه‌.
 
باسی له‌وه‌شكرد: نه‌بونى كارمه‌ندى پسپۆڕ، نه‌بونى بونیادی پێویست و پێداویستی و هه‌روه‌ها كه‌می و نه‌بونى بودجه‌ى به‌رده‌ستیان، هۆكاره‌ بۆ لاوازییان، سه‌رباری ئه‌وه‌ش نه‌بونى كۆنتاكت له‌نێوان داموده‌زگاكان وایكردوه‌ په‌رتبونێك هه‌بێت و ئیش و چالاكییه‌كانیش وه‌كپێویست جێگه‌ نه‌گرن و نه‌چنه‌ پێشه‌وه‌.
 
پاشان، نه‌به‌ز حه‌مید، به‌ڕێوبه‌رى سه‌نته‌رى چالاكی گه‌نجانى كه‌لار، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وان وه‌كو خۆیان سه‌ر به‌ رێكخراوی منداڵپارێزى كوردستانن كه‌ رێكخراوێكى ناحكومییه‌، كاره‌كانى ئه‌وان بریتییه‌ له‌ گه‌شه‌پێدان به‌ تواناكانى لاوان و به‌دیلی حكومه‌ت نین.
 
باسی له‌وه‌شكرد: له‌م ساڵانه‌ى دواییدا چ خۆیان و چ به‌ هاوكارى رێكخراوه‌ به‌خشه‌ره‌كانى دیكه‌، بره‌ویانداوه‌ به‌ پیشه‌كان و چه‌ندین خولیان كردوه‌ته‌وه‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى گه‌نجان بخه‌نه‌ سه‌ر كار و پیشه‌ی خۆیان.
 
دواتر زیاد فایه‌ق، رێكخه‌رى پرۆژه‌كانى گه‌رمیانى رێكخراوى هاوكاری ئه‌ڵمانى، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد رێكخراوه‌كه‌یان له‌ پێنج بواردا كارده‌كه‌ن، كه‌ یه‌كێكیان بوارى گه‌نجانه‌. رونیشیكرده‌وه‌ ئه‌وان به‌ هاوكاری گروپ و رێكخراو و سه‌نته‌ره‌كان، خولی جۆراوجۆری پیشه‌یی و هۆشیاری و چالاكی جۆراوجۆر بۆ خزمه‌تى گه‌نجان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
 
هه‌روه‌ك به‌شداران به‌ كۆی گشتى له‌وه‌دا هاوڕابون كه‌ پرسی گه‌نج و به‌كارخستنى گه‌نج، پرسێكى گرنگ و هه‌ستیاره‌، ئه‌مه‌ش فه‌رمانگه‌ و رێكخراوێك یان چه‌ند فه‌رمانگه‌ و رێكخراوێك به‌ته‌نیا ناتوانن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى پێویسته‌ هه‌بێت، بونى ستراتیژێكى دورمه‌وداى پته‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت دایبڕێژێت و تیایدا ئالیه‌تی نوێ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌كانى گه‌نجان و به‌تایبه‌تى پرسی بێكاریی و به‌كارخستنیان، بدۆزرێته‌وه‌.
 



Radiodeng.net - 2024
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 4,348,849     ژمارەی میوان 189